kompiter-.

هەورامان عەلی : ئافاتی تەکنەلۆژیا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرن ئەوانەی لە دنیایی ئەمرۆدا بەدەست تەنیایی و گۆشەگیری و خراپی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانیانەوە دەناڵێنن . زۆرن ئەوانەی باسی خراپی بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان دەکەن لە ژیانی رۆژانەماندا. زۆرن ئەوانەی پێیان وایە تەلەفۆن و کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت هوکاری نەمان و کالبونەوەی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانمانن . لایەنگرانی ئەم تێگەیشتنە پێیان وایە ، ئالودەبونی مرۆڤ بەم ئامێرانەوە جیهانێکی خەیالی بۆ دروست دەکرێت کە دورە لە دنیایی واقع و کێشەکانیەوە!
بەلام ئەم جۆرە تێگەیشتنە بچوککردنەوەی کێشەکەیە و تەماشاکردنێکی روکەشانەیە کە نامانگەیەنێتە ریشە و هۆکاری سەرەکی کێشەکە . کێشەی دابران و تەنیایی کە ئەمرۆ بەرۆکی زۆربەمانی گرتووە هۆکارەکەی هەرچیەك بێت ئەو ئامێرە زیرەکانە نیە! بەلکە ئەم دابران و تەنیاییە ، دەرەنجامێکی ئاسایی ئەو ژیانەیە کە لەم دارستانە کۆنکرێتیەدا خۆمان دروستمان کردووە .
 سروشتی ئێمەی مرۆڤ وایە ، لە بنەرەتەوە بونەوەرێکی کۆمەلایەتین ، بەلام رژێمی سیاسی _ ئابوری و بەرێوەبردنی کۆمەلگە ، لە هەموو وردەکاریەکانیدا وەك تاکێکی دابراو کێبرکێکەر و خاوەن ئاوەزی خۆپەرست و ترسێنراو پێناسە و وێنامان دەکات! لە چوارچێوەی رژێمی ئێستادا ، کە لە خەو هەلدەستین تا لە پەلوپۆ دەکەوین بە شوێن کار و داهاتا رادەکەین ، کاتمان نیە لەگەل ئازیزانمان بدوێن ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بازنەی پەیوەندیەکانمان بچوکتر و بچوکتر دەبێتەوە . پارە بە جۆرێك ناخی بۆگەن کردوین ، کاتمان نەماوە بۆ خۆشەویستی و پێکەنین! لە دنیایی ئەمرۆدا هێندە دەنگی فیشەک و بۆمبەکان دەبیستین ، دەبینین ، هێندە گوێمان لە ئاوازی باڵندەکان نابێت! تەماشاکەن بە کوێ گەیشتوین ، دوکەڵی کارخانەکان و بەرزی تاوەرەکان جوانی خۆرنشینی ئێواران و تریفەی مانگە شەوی لێ ونکردوین .
ئێمە دیل و زیندانی زیندانێکین کە خۆمان بونیاتمان ناوە و هەر خۆشمان پاسەوان و زیندانەوانیەکەی دەکێشین ! هەموو پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانمان لەسەر بناغەی قازانج و بەرژەوەندی بونیات نراوە ، زۆرجار وەك بونەوەرێکی ترسێنراو لەبەردەم یاسا و رێسا ئابوری و سیاسیەکاندا چۆکمان داداوە و هەست دەکەین روداوەکان لە سەروی دەسەلاتی ئێمەوەن وەك تاکی کۆمەلگا ! هەر بۆیە کاتێك ئامێرە زیرەکەکان دەتوانن کەمێك لەم بۆشاییە دەرونی و کۆمەلایەتیەمان بۆ پرکەنەوە ، بە کەمترین کات هۆگریان دەبین . کە دەچینە ناو ئەو جیهانە خەیالیەی ئامێرە زیرەکەکان بۆمان فەراهەم دەکەن ، لەپر هەموو سنورەکان ، دیوارەکان ، سەرکوت و قەدەغەکراوەکان ، تاپۆو یاساغەکان نامێنن ! ئێمە لەوێ ئەگەرچی بە خەیالیش بێت ، بۆ چەند ساتێك لەگەل ئەو واقعیەتە بەرەو روو دەبینەوە کە دیوار و سنور و رێگریەکانی نێوانمان نەماون و بە ئازادانە هەلسوکەوت دەکەین و بێ ترس دەگەرێن بۆ کوێ خەیالمان بیخوازێت .
 ئەوە ئەو جیاوازیەیە لە نێوان ئەو جیهانە خەیالیە و دنیایی واقعدا ،کە پالمان پێوە دەنێت باوەش بە شاشەی کۆمپیوتەر و تەلەفۆنەکانماندا بکەین و ئەو پەنجەرەیە دانەخەین کە ئەنتەرنێت بەروی جیهان و مرۆڤەکانی تردا کردویەتەوە ، ئەم حەزە سەرکوتکراوەیە ، ئامێرە زیرەکەکان بۆمان فەراهەم دەکەن و وامان لێدەکەن مرۆڤەکەی پەنامان بیرچێتەوە ونەبینین و فەرامۆشی بکەین! لە ناوەراستی سەدەی نۆزدەدا ، مارکس گەورە بیریاری و کۆمەلناس دوای شیکردنەوەی رژێمی ئابوری کۆمەلایەتی سەرمایەداری سەردەمی خۆیی ، بەو سەرەنجامە گەیشت کە ” سەرمایەداری لە درێژەی گەشەی خۆیدا مرۆڤ لە خۆیی بێگانە و نامۆ دەکات” ئەمرۆ ئەم راستیە لە ژیانی تاک بە تاکی ئێمەدا بە رۆشنترین شیوە رەنگیداوەتەوە . کاتێك ژیانی ئاسایمان ، پر نەبوو لە راکەراك بە شوێن پاروەنانێکدا ، کاتێك شتێك نەما ناوی سنوری ولاتەکان بێت ، کاتێك ئازادی تاك تا ئەو رادەیە پیرۆز و پارێزراو بوو ، مرۆڤ ناچار نەبوو درۆ لەگەل خۆیی و دەورو بەروو کۆمەلگەکەیدا بکات ، کاتێك خۆشگوزەرانی تاك مەرجی بەختەوەری کۆمەلگە بوو ، وە کاتێك ئامانجی بەرهەم هێنان و پیشەسازی وەلامدانەوە بە پێداویستیە بنەرەتیەکانی مرۆڤ بوو ، نەک قازانج و سود و کەلەکەی سەرمایە ….. بێگومان ئەوکات مرۆڤ پێویستی بەوە نیە ئارەزوە دەرونیەکانی خۆیی لە پشت شاشەی ئامێرە زیرەکەکان و جیهانە خەیالیەکەیەوە خالی بکاتەوە . ئێمەی مرۆڤ لە تواناماندا هەیە کۆمەلگایەك بونیاد بنێین کە پایەکانی لەسەر بناخەی هاوکاری و پێکەوە ژیان و ئاشتی لەگەل خۆمان و لەگەل باقی بونەوەرەکان دامەزرابێت ، لەسەر رێزگرتن لە سروشت ، دامەزرابێت . لەو کۆمەلگە واقعیەدا ئاوەز و بیرکردنەوە و لەشمان ئامادەی گەورەی پەیوەندیە کۆمەلایەتیە گەرمو گورەکانی هەیە ، تەنیا لە ژیان و کۆمەلگەیەکی لەو بابەتەدایە پیویستمان بە شاشەی ئامیرە زیرەکەکان نیە تا ئارەزوەکانمانی تێدا خالی کەینەوە .

 بیرۆکەی ئەم بابەتە لە وتارێکی عەرەبیەوە وەرگیراوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت