turkey-isis-cartoon

 شەریف هەژاری : ئامانجەکانی تورک لە هێرشەکانییدا بۆ سەر قەندیل .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1 – ئامانجی ستراتیژ و سەرەکیی : ڕێگەگرتنە لەوەی هێژموونی پەیەدە لە ئەگەری تەواو لاوازبوونی داعش دا بگاتە سەر دەریای ناوەڕاست ، بەمەش سنوری تورکیا هیچی نامێنێتەوە لەگەڵ سوریادا بەڵکو هەموو سنورەکەی هاوسێ ئەبێت لەگەڵ دەسەڵاتی کوردانی خۆراوا دا کە پەیەدە پارتی هێژموونداریانە. هەر بۆیە تورک خوێندنەوەیەکی زۆر ستراتیژیی -جیۆپۆلەتیکی بۆ مەسەلە کردووە ، چونکە بە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئەمریکا و کردنەوەی بنکەی ئەنجەرلیک بۆ داپلۆسینی داعش ئەوا ئەتوانێت ئەو ئامانجەی بێنیتەدیی و ناوچەی ئارام لە سوریادا دروست بکا و خودی ناوچە ئارامەکەش خۆراوای کوردستان ئەکاتە دوو بەشەوە. تورک زانیبووی گەر پێشڕەوی کورد بەردەوام بێت لە خۆراوا دا ئەوا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە تورکیا ناتوانێت کاریگەری راستەوخۆی لە ڕووداوەکانی سوریای دوای ئەسەد دا هەبێ ، چونکە سنوری هاوبەشی لەگەڵ عەرەبە سونەکانی سوریا و تورکمانەکانی ناو سوریا دا نەدەما . لێدانی پەکەکەش لە قەندیل سەرەتای لێدانی هاوکاریی و هاریکارییە بۆ پەیەدە ، چونکە لێدانی پەکەکە ڕێگری لە چوونی هاوکاریی گەریلایی بۆ پەیەدە ئەکات .

2 – لێدان لە ئامانجی گشتیی کورد : لە ڕێی هێرش بۆ قەندیل ، تورک ئەیەوێت پەیوەندییەکانیانی پارتە کوردییەکان بەتەواوی تێک بدات و هەروەها، شکۆی هەرێمی کوردستانیش بشکێنێت کە بووەتە ناوەندی هێزە کوردییەکانی دیکەی گشت بەشەکان . بۆیە وەک پێشتر ئاماژەم پێدابوو : باشترین چارەسەر ئەوەیە کە تەواوی پارتە کوردیەکان یەکگرتووبن ، کە ئەمە تاڕادەیەک بۆ کورد قورسە ، چونکە مێژووی کورد خۆخۆریی خاپوری کردووە نەک بە توانایی دوژمنەکان .

3 – ئامانجی حیزبیی : پاش ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان بڕی پێویستی دەنگی پەرلەمانی نەهێنا بۆ پێکهێنانی حکوومەت ، ئەوا لە ڕێی لێدانی پەکەکەوە ئەیەوێت دەنگی تورکە نەژادپەرستەکان بۆ خۆی ببات لە ئەگەری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دا ، یان لانی کەم ئەیەوێت یەکێک لە پارتە شۆڤێنییەکانی تورک قایل بکات کە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ دا سازبکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت . هەروەها بەم ئاڵۆزییانە ئەیەوێت دەنگی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کەم بکاتەوە چونکە دەست دەکات بە گرتن و کوشتوبری ئەندامەکانیان لە ژێر ناوی ئەوەی کە هەدەپە پشتیوانی پەکەکە ئەکات و ئەم گرتن و کووشتارەش بە دژایەتی تیرۆر لە قەڵەم دەدات  ‘ کە تورک پەکەکە بە تیرۆریست ئەناسێنن !!’.

4 – چارەسەر ئەوەیە حکوومەتی هەرێم بە جدی کار بکات ئەم جەنگە بووەستێنیت و پەکەکەش کاردانەوە نەنوێنن چونکە  ‘ لە رووی کاتەوە  ‘ چ بۆ داهاتووی خۆراوای کوردستان و چ بۆ ئەگەری هەڵبژاردنی نوێ لە تورکیا ئەوا لە قازانجی پەکەکە دا نابێت کە ئێستا جەنگی پارتیزانی داست پێ بکەنەوە  . گرنگە هێزەکانی باشور کە پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا دا هەیە ببنە نێوندگرێکی پراکتیکیی و پێشموایە گەر هەوڵی جدی بۆ بدەن ئەوا ئەو کارە ئەستەم نابێت ، چونکە پێویستە هەموومان نەتەوەییانە کاربکەین تا حیزبییانە ، ئەبێت قۆناغی خۆخۆریی لە میژووماندا تێ پەڕێنین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت