mala-Shwan

لوقمان غەفوور : پیاوی ئاینی مەبەنە ناو میدیاوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک میدیا نەیزانی پەیامی چییە بۆ وەرگرەکانی ، جا ئەو وەرگرە بینەر یان خوێنەر یان بیستەر بێت ، تووشی دەیان هەڵەی میدیای ئەبێت .
میدیای کوردی تا ئەوکاتەی مەلا مەزهەرەکان بکات بەپاڵەوان ، بەئاستەنگ دەتوانێت لەو ئەرگیومێنتە توندانە رزگاری بێت کە رۆژانە نەک لەنێوان مەلا مەزهەر و پێشکەشکار ، بەڵکو لەنێو ئەرگیومێنتە توندەکانی شرۆڤەکارانی حزبەکانیشەوە بەرگوێی بینەر و خوێنەر و گوێگر دەکەوێت و دەیانەوێت زانیاریان لێوە وەرگرن .
کاتێک ئەرگیومێنتە توندەکەی نێوان مەلا مەزهەر و پێشکەشکاری بەرنامەی دووجار بیرکەرەوە – م بینی ، نەک دوو جار ، بەڵکو سەد جار بیرم کردەوە، کە چۆن سیاسییەکان گوێ ناگرن ، میدیاکارانیش گوێ ناگرن و پەیڤ و لێکدانەوەی دەرەوەی خۆیان نابێتە بابەتێک بۆ دیالۆگ .
من پێشتریش بەزۆر میدیاکاری هاورێ و دۆستەکانم لەکەناڵی ئێن ئار تی و گەلی کوردستان و کەی ئێن ئێن و کەناڵی رادیۆکانیش وتووە ، تکایە پیاوی ئاینی بە توندڕەو میانڕەوییانەوە مەهێننە سەر مینبەری رادیۆ و شاشەی تی ڤی بۆ هیچ گفتوگۆیەک ، چونکە ئێمە لەکۆمەڵگەیەکدا دەژین ئەمانە کاریگەری گەورەیان هەیە و دەتوانن کۆمەڵگە بجوڵێنن ، ئەمانە مینبەرێکی گەورەی مزگەوتیان لەبەردەستیانە ، سەرەڕای مینبەرەکەی خۆیان ، میدیاکارانیش مینبەرێکی تریان بۆ دەکەنەوە ، ئەم جاڕدانە بۆ ئاین -یش لەرێگەی پیاوانی ئاینی بەهاوکاری میدیا دواجار ئیفلیجی میدیای لێدەکەوێتەوە ، پیاوی ئاینی نابێت بخرێتە بەردەم فۆکسی میدیا ، ئەم جۆرە تێڕوانینە تەنیا لەعەقڵی میدیای عەرەبیدا هەیە و کورد کۆپی دەکاتەوە ، ئیدی کۆتا ئەوەیە کە چەندین جارە دەیبینین و گوێ بیستی دەبین .
بۆ ئەوەی میدیاکاری کورد کەمێک بیری تیژ تر بڕوات پێویستە رۆژانە بۆ چەند خولەکێک لەمیدیای ئەمریکایی و ئەوروپی بڕوانێت ، تائێستا نەمبینیووە کەناڵێکی وەک سی ئێن ئێن یان فۆکس نیوز یان ئێف ئێکس قەشە و پیاوێکی ئاینی بێننە سەر تیڤی یان رادیۆ ، راڤەی سیایەتی ئەمریکا و یاسا و رێسای نوێ و مافی ڤیتۆی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و ئابووری و کەلتور و ژیانی کۆمەڵایەتی ئەمریکا بکات ، ئەوەی گوێ بیستی دەبم و دەیبینم زیاتر لەمیدیادا سیناتۆر و وتەبێژی رەسمی شوێنەکان و راڤەکار و سیاسەتمەدارەکانن دەبنە پاڵەوانی میدیا ، نەک پیاوی ئاینی ، چونکە ئەگەر پیاوی ئاینی دڵنیا بوو لەوەی کە دەبێتە بەشێک لەهەڵسوڕاو و راڤەکاری سیاسی و ئابووری و کلتوری و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک ، ئەوا ئاراستەی تەوژمی قسەکردنی خۆی لێ تێکدەچێت و وا دەزانێت هەموو خەڵک لەوەوە ئیلهام وەردەگرن و بەقسەی دەکەن و خۆی لەسەروو ئەندامانی کۆمەڵگەوە دەبینێت، وەک چۆن لەناو مزگەوتەکاندا خەڵک لەسەروو خۆیانییەوە دەبینن .
دوا قسەم ئەوەیە ئەگەر لەدوێنی و ئەمڕۆدا پاڵەوان و شرۆڤەکارەکانی میدیای کوردی ، پیاوی ئاینی و مەلا بێت ئەوا بەدڵنیایی بەم جۆرە تێڕوانینەوە سبەینێ سیاستمەدار و سیاسەتی وڵاتیش دەکەوێتە دەست مەلا و پیاوانی ئاینی ، ئەوکات هیچ هێزێک ناتوانێت دین نەک لەدەوڵەت بەڵکو لەژیانی کۆمەڵایەتی و پەرەوەردەیش جیابکاتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت