جیهاد موحەمەد : بۆچی پارتی ، هێندە پێدادەگرێت لەسەر رێکەوتن لەگەڵ حیزبەکانی تردا ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا بە هەڵوەشاندنەوەی < بەشێک > لە رێکەوتنە نووسراو و نە نووسراوەکان ، خەڵکی کوردستان هیچ قازانجێک دەکەن ؟

ئەم دوو پرسیارە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانی سەرقاڵکردووە ، هەوڵئەدام لەم بابەتەدا بە گوێرەی بیرکردنەوەی خۆم وەڵامیان بدەمەوە .

پارتی دیمکوراتی کوردستان / عێراق ، وەک حیزبێکی بەهێز و یەكێک لە لایەنە گرنگەکانی رێکەوتنە حیزبییەکان و پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان ، کە خاوەنی ٣٨ کورسی پەرلەمانن ، پێداگرییان لەسەر ئەجندای خۆیان و بەردەوامی رێکەوتنییان لەگەڵ حیزبەکانی کوردستاندا ئەوەیە ، کە ئەم حیزبە زۆر قازانجیان لەم رێکەوتنە و حوکمەتی بنکە فراوان کردووە .

 بەڵام ئەوە چەند مانگێکە چوار حیزبی شەریکی پارتی دەیانەوێت < بەشێک > لە رێکەوتنەکان هەڵبوەشێننەوە ، کە لەوانەیە ئەم ناکۆکییە بگاتە ئەوەی ، کە حکومەتە بنکە فراوانەکەش هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەستپێبکات ، یان ئەگەر لە رووی یاسایی و دەستوریەوە بۆی هەبێت لەوانەیە مەسعود بارزانی باری نا ئاسایی رابگەیەنێت .

بۆچی پارتی لە رێکەوتن لەگەڵ حیزبەکانی تردا قازانجی زیاتری کردووە و هەروەها لە پێکهینانی حکومەتی بنکە فراوانیشدا ئەم قازانجەی زیاتر بووە ؟

یەکەم / ئەم حیزبە ، حیزبێکی بنەماڵەییە و بنەماڵەی بارزانیەکان و کوڕ و نەوەکانی مەلا مستەفای بارزان دەستڕۆشتووی بە‌هێزی ئەم حیزبەن ، ئەم حیزبە بە جۆرێک سیاسەتدەکەن و قسە لەسەر مەسەلە نەتەوەیی و حوکمڕانیی کورد دەکەن ، کە بە بێ کەسانی دیاری ئەم بنەماڵەیە وەک خودی مەسعود بارزنی بە هیچ جۆرێک نەتەوەی کورد ناتوانێت هەنگاوبنێت بۆ پێشەوە ، هەرچی شتێکی باشکرابێت لە مێژووی نەتەوەی کوردا ، ئەگەر ئەم بنەماڵەیە ئاگادریشی نەبووبێتن ، یان تیاییدا هاوبەشییشیان نەکردبێت هەر دەبێت بوترێت ، کە لە سایەیی سەری ئەمانەوە بووە ئەو کارە باشانە . ئەم بیکردنەوەیەش پێویستی بە رێکەوتن هەیە لەگەڵ حیزبەکانی تردا ، خۆ ئەگەر رێنەکەوتنێک دروستنەبوو ئەوە دەیخەنە خانەی خیانەتکردن و ناپاکییەوە دەرهەق بە گەلی کورد .

دووەم / سیاسەتی ئەم حیزبە هەژموونگەراییە، هەر لە شۆڕشی ئەیلول و گوڵان و راپەرینی ساڵی ١٩٠١ەو تا دەگاتە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٠٢ و هەموو هەڵبژاردنەکانی تر و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حوکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان ، بەردەوام ئەم حیزبە هەوڵی هەژموونی خۆی داوە و بۆشی چۆتە سەر ، جا ئەگەر بە ئاشتیی بووبێت یان بە شەڕ و پێکدادان ، بەڵام ئەگەر بە رێکەوتن بێت ئەوە باشترە بۆیان ، بۆیە بەردەوام هەر لایەنێک ناکۆ بوو لەگەڵ ئەو رێکەوتنانەدا تەخوین دەکرێت لە لایەن ئەم حیزبەوە .

سێیەم / بە هۆکاری شەراکەتە ستراتیجیەتەکەیان لەگەڵ یەکیتیدا ، توانییان دەسەڵاتێکی تەواوی حیزبەکەیان داسەپێنن بەسەر کوردستاندا ، ئەم دەسەڵات و داگیرکارییەش بووە هۆی ناسینی پارتی وەک دەمسپی و دەمڕاستی گەلی کورد لە لای دۆست و دووژمنانی گەلی کورد. بەردەوامی لەم کوێخایەتییەدا رێکەوتنی گەرەکە .

چوارەم / ئەم دەسەڵاتە گەوەر و هەژموونە بەهێزەی ئەم حیزبە ، بوو بە هۆی قازانجکردنێکی زۆر لە فرۆشتنی نەوت ، چ بە ئاشکرا، چ بە قاچاخ . دیسان لە رێگەی دامەزراندنی دامودەزگای گومەرگەوە هەر لە ساڵی ١٩٩١ەوە ئەم حیزبە بوو بە خاوەنی ملیارەها دۆلار ، جگە لەوەی ئەندامانی بنەماڵی بارزانی و خودی مەسعود بارزانی دەوڵەمەندیەکەیان هێندە گەورەیە ، کە هەندێک جار دەخرێنە ریزی دەوڵمەندەکانی جیهانەوە . بەردەوامی ئەم دەوڵەمەندییەش پێویستی بە رێکەوتن هەیە ، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت لە کوردستاندا قسەی لەسەر بکات .

پێنج / ئەم حیزبە بۆ پشتیوانی خۆیان توانیان ١١ کورسی بە ناوی کورسییەکانی کۆتا بدەن بە مەسیحیەکان و کلدانی و ئەرمەنیەکان و تورکمانەکان ، کە لە راستیدا رەنگە ئەم گروپە بچوکانە بە هەموویان نەتوانن ٣ کورسی بەدەست بهێنن ئەگەر بە هەڵبژاردن کرا ، ئیتر ئەمە بووە بە قەرزێک بەسەر ئەم گروپانەوە ، بۆیە ئەگەر ئەم حیزبە بڵێت ، حوشتر دەفڕێت ، ئەوانیش دەستدەدەن بە گەردنیایندا و بە مسیح سوێند دەخۆن ، کە ڕاستە حوشتر دەفڕێت . ئەمەش بووە بە پاڵپشت و قازانجیکی زۆر بۆ ئەم حیزبە و بنەماڵەی بارزانییەکان و مەسعود بارزانی ، ئەم کورسیی کۆتایانە پێویستی بە رێکەوتن هەیە ، بۆ ئەوەی کەس ناکۆک نەبێت لەگەڵیدا .

شەشەم / ئەو گرێبەسەتی لەگەڵ تورکیادا ئەنجامیان داوە ، کە بۆ پەنجا ساڵ نەوتی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بفرۆشن ، بە بێ ئەوەی حساب بۆ هیچ حیزبێکی کوردستان بکەن ، ئەمەش بووە بە رێکەوتنێکی سیاسیی توندوتۆڵ لەگەڵ حیزبی ئاکەپە و خودی ئۆدۆغاندا . بەردەوامی ئەم رێکەوتنە گوماناوییە ، پێویستی بە بەردەوامی رێکەوتن هەیە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستاندا .

وەک  لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا ، کە ئەوە ماوەی چەند مانگێکە چوار حیزبی کوردستان ناکۆکن لەگەڵ ئەو رێکەوتنانەی لەگەڵ پارتیدا کراون و ، داوای هەڵوەشاندنەوەی هەندێکییان دەکەن ، وەک : هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دەنگ نەدان بۆ کاندیکردنەوەی مەسعود بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم ، لە سەر بەرمەبنای نایاسیی و نا دەستوریی ئەم کاندیدەی پارتیی .

پرسیاریی جددی ئەوەیە ، ئایا بە هەڵوەشاندنەوەی < بەشێک > لەو رێکەوتنانە هیچ لە ژیانی خەڵکی گشتی کوردستان دەگۆڕێت ؟ ئایا قەیرانە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی و کولتووریی و پەروەردەیی و تەندەروستییەکان ، کە تاقەتییان لەبەر خەڵک بڕیوە بە هەڵوەشاندنەوەی <بەشێک > لەو رێکەوتنانە دەگۆڕرێت و ، باری ژیانی خەڵکی سوکتر دەبێت ؟ ئایا کێشەی نەتەوەیی کورد ، کە کێشەیەکی میللییە بە هەڵوەشاندنەوەی < بەشێک > لەو رێکەوتنانە دەگۆرێت ؟ یان پێویستە < سەرەجەمی > ئەم رێکەوتنانە هەڵبوەشێتەوە بۆ ئەوەی بە راستیی خودی خەڵکی کوردستان خۆی ببێت بە خاوەنی دەسەڵاتی خۆی و پەرلەمان نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت نەک حیزبەکان . واتە گۆڕانکارییەکی ریشەیی نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی < بەشێک > لە رێکەوتنە حیزبییەکان .

بە رای من هەتا سەرجەمی هەموو رێکەوتنەکان هەڵنەوەشێتەوە سیستمی حکومڕانی لە کوردستاندا نەکرێت بە سیستمێکی مەدەنی و کولتووری دیمکراتیی فەراهەمنەکرێت ، دادپەروەری نەچەسپێت، سەروەری یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ نەبێت ، یەکسانی ژن و پیاو نەیەتە ئاراوە، ئازادییەکان هەموویان بەرفراوان نەکرێن بۆ هەموو خەڵک وەک یەک . بە هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە رێکەوتنەکانی نووسراو یان نەنووسراو یان بە هەموارکردنەوەی هەندێک لە یاساکان سوودێکی ئەوتۆی نابێت بۆ خەڵکی کوردستان .

کورتەیەک لەو رێکەوتنانەی نێوان حیزبەکانی کوردستان ، نووسراو یان نەنووسراو ، تا هەنووکە ئەمانەی لای خۆاروەیە :

* دابەشکردنی پۆستەکانی کوردستان و عێراق .

* نووسینەوەی دەستوور بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان و بیرکردنەوەی خۆیان نەک کەسانی شارەزا و پسپۆر لە بواری سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا .

* شاردنەوەی پێوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی ئقلیمییدا .

* باسکردن و زەقکردنەوەی گەندەڵیەکان ، بەڵام بەو مەرجەی هیچ گەندەڵیەک نەدرێت بە دادگا و لێپرسینەوەی لەسەر نەکرێت .

* ئەجندایەک ، کە خەڵکی بێدەنگ بکەن پێیی ئەویش بە ناوی ئەوەی ئەزموونەکە لە دەستنەچێت .

* دابەشکردن و خۆڕادەستکردنی خۆیان بە هێزە دەرەکییەکانی وەک ئێران و تورکیا و بێ ئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان .

* موزایەدەی سیاسیی لە بەرامبەر یەکتریدا ، لێرەشەوە خۆڵکردنە چاوی خەڵکییەوە کە ئەم حیزبانە هەموو شتێکیان لە یەکتری ناچێت و جیاوازییان هەیە .

* بە حیزبییکردنی پەرلەمان و هەموو دەسەڵاتەکانی تر .

* داپۆشین و شاردنەوەی ئەو تیرۆرانەی ، کە لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە کراوە و دەکرێت .

* داپلۆسین و پەلاماردانی خۆپیشاندەران .

* بەرەڵاکردن و وازهێنان لە بازاڕەکانی کوردستان .

* وازهێنان لە کشتوکاڵی کوردستان و پڕکردنی بازار لە کەلوپەل و خواردن و خواردەنەوەی بیانیی بەسەرچوو و نا تەندروست .

* کردنی مینبەری مزگەوتەکان بە مینبەری سوکایەتیکردن و پەلاماردانی خەڵکانی ئازادیخواز و کەسانی رۆشنبیر .

* دزین و فرۆشتنی نەوت بە ئاشکرا و بە بەرچاوی هەموو خەڵکەوە .

* لێدان لە دیموکراتیەت و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکانی خەڵک .

* بیرنەکەوتنەوەی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان ، تەنهان لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا نەبێت .

* خراپی و نالەباری پەروەردە و فێرگەکان .

* گوێنەدان بە تەندروستی گشتی و پیسکردنی ژینگە .

* سیستمی حوکمڕانی بە ئارەزووی خۆیان و لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبییدا بێت ، کەی ویستیان ، هەر جارەو بە جۆرێک ناوی دەبەن ، جارێک بە سیستمی پەرلەمانی ، جارێک بە سیستمی سەرۆکایەتی ، جارێکیش بە سیستمی تێکەڵ .

* لە دەڤەری زەردا جگە لە پارتی هیچ هێزێک نەبێت خۆی بە خاوەنی ئەم دەڤەرە بزانێت .

* لە دەڤەری سەوزدا جگە لە یەکێتی هیچ هێزێک نەبێت خۆی بە خاوەنی ئەم دەڤەرە بزانێت .

* کردنی هێزی پێشمەرگە بە هێزی میلیشیایی و هێزی پارتی و یەکێتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت