Abubakir-Caf-7

ئەبوبەکر جاف : میکرۆ فاشیزم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فاشیزم لە کەلـلەی سەرو لە ناو ڕەفتارو ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەو ڕۆحی ھەمووماندایە .
گوتارێک ھەیە ، ئـەم گوتارە ھەمیشە کاری داتاشین و دروستکردنی دوژمنی واقعی و وەھمیشە . ئـەم گوتارە لە دونیای ئـێمەدا بەر مەبنای ستراکتورێکی میتافیزیکی و مۆراڵی بیناکراوە . ئـەم گوتارە ھەمیشە لە ناو پرۆسەی وەرگێرانی تەرکیزی ئـەکتەرو مێگەل بۆ سەر دوژمنی وەھمی و ئـەویتر ، ئـەوەی لە بیردەچێتەوە یاخود بڵێین خەیاڵی ئـاسودە دەکرێت کە ئـەو ھێزەی ئـەم تێیدا ئـەندام و لایەنگیرو دۆستە ، خۆی پڕە لە فاشیزم و ستەمکاری . کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ھەمیشە کاریان دەبێت بەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەرھەمھێنەری ستەمکاری و تۆتالیتاریزمن ، کەسانێکی زۆر بەو وەھمە پڕ شادی و خۆشییە گۆش دەکەن کە ئـەمانە تەنیا لە ناو پرۆسەو گوتاری بەرگریدان ، لە کاتێکدا ئـەمانیش پڕن لە ماکینەو ئـارەزووی بەرھەمھێنانی ستەمکاری و فاشیزم . دیارە قودرەت و تواناو سیحری دەسەڵات لای تەواوی ھێزەکان بە دەسەڵات و ئـۆپۆزسیۆنەوە ، گەمەکەرێکی گەورەو فریودەرن تا جەماوەریا بگەیەنن بەو بڕواو ئـیمانەی کە ئـەمان ھەمیشە قوربانین ، دیارە لە زۆر شوێن و جیگەشدا خودی خۆیان لە ناو تەقسێکی پڕ وەھمی شادومانیدا دەبن بە بەشێک لە بەرھەمھێنەری فاشیزم . واتە فاشیزمێکی نەرم و شاراوەی وەھا ، کە بووە بە نەریتێک ، کە ئـەم گەمەکەرە بکەرە سەرەکییانە خۆشیان پێی مەستن . فاشیزم لە کەللەی سەرماندایە ، لە ڕەفتارو ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەماندایە ، لە ناو پەیوەندییە ئـینسانییەکانماندایە ، فاشیزم لە مەکتەبی سیاسییەکانماندایە ، لە ئـەنجومەنی سەرکردایەتی و مەڵبەندو لق و ناوچەو ڕێکخراو شانەو شانەی سەرەکییەکەماندایە ، گردی زەرگەتە پڕە لە فاشیزم بە فۆرمی جیاواز ، فاشیزمی پیرمام و مەسیف سەلاحەدین و قەڵاچوالان . لە شکڵبەندی و پۆلبەندی و چینبەندییەکانی ھەرەمی ھیراکیانەی حزب و دەزگاکانماندایە . لە ھەرەمی فۆرمبەندی کەسی یەکەم و دووەمی و سێیەمی حزبدایە . فاشیزم لە پەراوێزخستنی سۆرانییەکاندایە لە ناو پارتیدا تا ئـەو ئـاستەی زۆرینەی ئـەندام پەرلەمانەکانی پارتی سەر بە ھەرێم و ناوچەیەکی تایبەتن . فاشیزم دەسەڵات و ھەیمەنەی ھابیتوسی ھەڵەبجەیی ناو حزبە ئـیسلامییەکانماندایە . وەک باسمانکرد ، وەختێک ئـەم میکرۆ فاشیزمانە لە بیر دەبرێنەوە کە ھەمیشە تەرکیزو چاوی جەماوەری ھێزێکی دیارێکراو دەخرێتە سەر ھێزی دوژمن و نەیار . پرۆسێسیوسی دروستکردن و خولقاندنی ئـەویتری دوژمن ، نەیار، دەسەڵات … کاری یەکەم و سەرەکی لە بیربردنەوەی کوتاری فاشیستیانەی خۆمانەیە . شۆڕشی میشێل فوکۆ لەوێدایە کە پئـی وتین دەسەڵات تەنیاو تەنیا لای دەزگا دەوڵەتییەکان نین ، دەسەڵات بونیادێکی چینایەتی و پرۆتۆکۆلی و بەخشین و وەرگرتن نییە ، بەڵکو دەسەڵات تۆڕێکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە ھەڵدەقوڵێت دەسەڵات لە مزگەوت و کۆمپانیاو کارگەو قوتابخانەو پەیوەندی نێوان مامۆستاو قوتابی . واتە دەسەڵات بە ئـیمانانسی لە ناو بچوکترین پنتەکانی گردبوونەوەو کۆبوونەوەکاندایە . بەو واتایەی دەسەڵاتیش لە ھەرکوێ ھەبێت ” کە لە ھەموو شوێنێک ھەیە ” بەرگری وبەرھەڵستکاریش لەوێ ھەیە .
بەڵام حەماقەت و جەھلی ێیدۆلۆژیای دونیای ئـێمە وا تێگەیەنراوە ، کە دەسەڵات تەنیا لای یەکێتی و پارتییە . چەمکی ” Pouvoir ” ی فەرەنسی بۆ ھیچ زمانێک وەرناگێڕدرێت ، چەمکی دەسەڵات بەو تێگەیشتنەی فوکو لە ناو ئـیرادەو ئـیرادەو ویستی کردارنوانندندایە . تەنانەت مردووەکانیشمان لە پاش مەرگیان دەسبەرداری مومارەسەکردن و پراتیککردنی دەسەڵات و فاشیزم نەبوون . فاشیزمی مردووەکانیشمان لە پراتیکدا بوونی ھەیە . لێرە ، لە دونیای ئـێمەدا بە ئـەنقەست و بە جەھل بێت ، بە گوتارو میکانیزمی ئـیدۆلۆژی بێت یان بە گەمەی خێڵەکی و قەبەلیانەی ھێزەکانمان ، بەردەوام ھەوڵی دورخستنەوەی تەرکیزمان دراوە لەسەر فاشیزمی ماڵی خۆمان . فاشیزمی ناو ھەیکەل و ڕێکخستەکانی گروپە ئـیسلامییەکان بە ناوی دەرنەچوون لە دەسەڵاتی ئـەمیرو ئـەمینداری گشتی پەردەو ماسکێکی موقەدەسیانەی ئـەمرو نەھی بە بەرگداکراوە ، بە بیانوو بەھانەی دەرنەچوون لە ئـەمری وەلی ئـەمرو ئـەمیر ، جەوھەرێکی مۆراڵی بەخشراوە بە ھەر ناڕەزایی و دەرچوونێک لە بەرپرسی شانەو ناوچەو مەڵبەندو لق و سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی … ھەر ئـەم بونیادو سیراکتورە ئـاینییە بە فۆرمی جیاواز نەڵام بە ھەمان جەوھەر گواستراوەتەوە بۆ پارتە چەپ و ناوەڕاست و ڕاست و ناسیۆنالیست و سۆسیالدیموکراتەکانیشمان . دوالیزمەکانی حەڕام و حەڵاڵ بوون بە دوالیزمی نیشتمانپەروەری و خیانەت ، دوالیزمی دڵسۆزی و نا دڵسۆزی ، دوالیزمی ھەڤاڵبەندی و نا – ھەڤاڵبەندی …
دەبێت ئـەوەمان لا ڕوون بێت دەسەڵات تەنیا لای ئـەو ھێزانە نین دەوڵەت یان حکومەت پێک دێنن ، بەڵکو لای ھێخەکانی ئـۆپۆزسیۆنیشە ، فاشێزمی سلێمانی ، فاشیزمی بادینانی ، فاشیزمی ھەولێری ، فاشیزمی گەرمیانی ، فاشیزمی زاراوەی سۆرانی و زاراوەی کرمانجی … فاشیزمی میدیاو ڕاگەیاندن ، فاشیزمی سلێمانییەکانی ناو گۆڕان و یەکێتی، فاشیزمی بادینی و کرمانجییەکانی ناو پارتی ، فاشیزمی ھەورامی و ھەڵەبجەیی ناو ھێزە ئـیسلامییەکان …
فاشیزمی پەروەردە ، فاشیزمی دکتۆرەکانمان و سیستەمی تەندروستیمان . فاشیزمی میگەل و جەماوەری بەشەرەف ، فاشیزمی ڕوناکبیران و ڕۆشنبیریمان . فاشیزم ھێڵێکی ھەڵگەڕاوەی ھەھاتنە لە ناو ڕووتەختێکی ئـیمانانسی ژیاندا کە لەسەر مەرگ خولگەی بەستووە . لە کوێ ئـینسان و پەیوەندییە ئـینسانییەکان ھەبن لەوێ فاشیزم ھەیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت