obama-kastro

بورهان شێخ رەئوف : ئۆباماو کوباو ئێران .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باراک حوسین ئۆباما لە دایک بووى 4 / ئاب / 1961 چل و چوارەمین سەرۆکى وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکایە لە 20 / ینایرى / 2009 ەوە یەکەم سەرۆکە کە کە لە ڕەگەزى ڕەش پێست و ئەفریقیە بچێتە ناو کۆشکى سپیەوە بە دروشمى گۆرانەوە ، کە هەر بەڕاستى توانى گۆڕانى گەورەش ئەنجام بدات و ببیتە ئیلهام بۆ زۆر بزوتنەوەى تر بەو ناوەوە لەهەندێ شوێنى تریش لەوانە هەرێمى کوردستانیش ئەوەش دواى خەبات و تێکۆشانێکى زۆرى ڕەش پێستان هات لە ئەمریکا لە پێناوى یەکسانى و بەرابەرى لە نێوان هەموو ڕەنگ و ئتنیکە جیاوازەکاند کە ڕەش پێست لەو وڵاتەدا وەکو هاووڵاتى پلە دوو تەماشا دەکرا بۆیە کاتێک کە ئۆباما وەکو سەرۆک دەست بەکاربوو لە ئاهەنگەکەدا زۆریک لەو چالاکوانانە لە خۆشیا گریان کە بەرهەمى خەباتەکەیان چنیەوە ڕەش وسپى پێست یەکسانبوون لە مافەکاندا لوتکەى دەستەڵاتى وڵاتەکەیان وەرگرت .
بۆیە هەر لە یەکەم ساڵى فەرمانڕەواییەکەدا خەڵاتى نۆبڵى بۆ ئاشتى وەرگرت لە پێناو هەوڵ و کۆششەکانى لە پێناو بەهێزکردنى دبلۆماسیەتى نێو دەوڵەتى و هاوکارى لە نێوان گەلاندا ، ئەمانە و لە پێشتریش سێ خول ئەندامى ئەنجومەنى پیران بووە لە ( 1997 _ 2004 ) . پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە ناوبراو دەرچووى کۆلیجى کۆلۆمبیا یە لەزانکۆى کۆلۆمبیا و کولیجى مافەکان لە زانکۆى هارفارد ، هەروەها یەکێکە لەو کەسە کەمە ئەفریقیانەى کە سەر نووسەرى گۆڤارى هارفاردى یاسایى بووە هەروەها گەلێک چالاکى کۆمەڵایەتى هەبووە لە ولایەتى شیکاغۆ پێش ئەوەى بڕوانامەى پارێزەرى وەربگرێت و دواتر وەکو ڕاوێژکارى یاسایى و مامۆستاى یاسا کارى کردووە لە کۆلیجى مافى زانکۆى شیکاغۆ .
ئیستەش وا لە خولى دووەمى سەرۆکایەتیەکەیدا بەردەوامەو زۆر هەنگاوى گەورەى بۆ پێشەوە ناوە لە سەر ئاستى ناوخۆى وڵاتەکەى کە لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنى پێدابوون لەوانە ، ئابوورى ئەم وولاتە زلهێزەى تاڕادەیەکى باش بەرەو پێشەوە برد ،ڕێژەیەکى باش بێکارى کەمکردەوە . هەنگاوێکى زۆر مەزن بیمەى تەندروستى لە ئەمریکادا بردە پێشەوە لە ڕێگەى بەرنامەى obama care plan) (. گەشەیەکى زۆرباشى بە کەرتى تایبەتى ئەمریکادا ، بە پلانێکى زۆر ورد فەرمانگەى کۆچبەرانى ئەمریکاى ڕێکخستەوە لە بێسەرەبەرى ڕزگارى کرد .
لەڕووى سیاسەتى دەرەوش زۆر دەستکەوتى مەزنى بۆ ئەو وڵاتە تۆمار کرد لەوانە گەورە تیرۆرستى جییهانى ئوسامە بن لادن بە سزاى ڕەواى خۆى گەیشت ، هەروەها زیندانى بەدناوى گۆنتینامۆ داخرا .
ئەمانە و زۆرێک لە گرژى و ئاڵۆزیەکانى نێوان ئەمریکاو وڵاتانى جیهانى لەڕێگەى دیالۆگ و دانوسانەوە چارەسەرکرد کە کەمێک بە کورتى لە سەریان دەوەستم ئەوانیش ئێران و کوبا ن .
سەرەتا ئێران کەلە ساڵى 1979 و دواى ڕوخانى ڕژێمى شاو شۆڕشى گەلانى ئێران دواى بە بارمتە گرتنى هەموو کارمەندو دیبلۆماتکارانى ئەمریکا لە تاران ئیتر وا بۆ زیاتر لە 36 ساڵە پەیوەندیەکانیان بڕاوەو ئەوان ئێران ئەمریکا بە شەیتانى گەورە ناودەبەن و لەسەر هەرچى شوێنى بڵند و دیار هەبوو لەو وڵاتەدا نوسرابو مەرگ بۆ ئەمریکا ئەمانیش حکومەتى ئێرانیان بە مارقە و شتى خرابتر ناوزەد دەکرد بۆیە ئۆباما توانى کۆتایى بەو جەنگە ساردە بینێت ولە وتاریکیدا هەرلە پاش واژۆ کردنى ڕێکەوتنەکە بڵێت ئەمە نیشانەى ڕاست و دروستى و تواناى دیبلۆماسیەتى ئەمریکایە و دەتوانێت ئاسۆى نوێ بکاتەوەو گۆڕانکارى ڕاستەقینەو گرنگ بخوڵقێنێ کە ئەمریکاو جیهانیش بەرەوە بارودۆخێکى ئارامتر بەرن ، ئەمانەشى بە چەند وتەیەکى سەرۆکى پێشووترى ئەمریکا جۆن کەنەدى پشتڕاستکردەوە کە وتبووى نابێت دان وسان بکەین بە پاڵنەرى ترسەوە هەرگیز ، نابێت لە دان وسانیش بترسین .
لە هەمان کاتدا ئۆباما دڵنیایى دەداتە هاوپەیمانە ئیستراتیجیەکەى لە ناوچەکەدا ئیسرائیل کە دەستبەردارى نابێت و پابەندە بەپارستنى ئاسایش و بەرژەوندیەکانى و پێشتریش لە کۆبونەوە لوتکەى نێوان خۆى و سەرکردەکانى کەنداو هەمان دڵنیایى بۆیان دووپاتکردەوە کە بەم ڕێکەوتنە کۆتایى بە بەرنامەى چەکى ئەتۆمى ئێران دێت و تەنها لایەنى سلمى وزانستیەکەى دەمێنێتەوە .
لەلایەکى ترەوە داڕێژەرانى بڕیار لە ئەمریکا پێیان وایە ئێران هەژموونو دەستەڵاتێکى زۆرى بەسەر کێشە ئاڵۆزو هەڵپسێراوەکانى ناوچەکەدا هەیە چ لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و ئەفغانستان و شەڕى لە ناوبردنى تیرۆر و ململانێ ى لە مێژینەى عەرەب و ئیسرائیل ، بۆیە بۆ پاراستنى ئاسایشى نەتەوایەتى ئەمریکا پێویستە دەرگاکانى دان وسان و دیالۆگ لە گەڵ ئێراندا بە کراوەیى بهێڵرێتەوەو بۆ چارەسەرکرنى ئەو کێشانە کە دابڕان و دوورە پەرێزى هیچ ئەنجامێکى وایان نەدا بە دەستەوە جگە لە ئاژاوەو ناسەقامگیرى هەڕەشە لە بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و جیهانیش .
جگە لەوەى کە گەمارۆکان ئێرانیان ناچار کرد بێتە سەر مێزى دانو سان و بەمەرج وداخوازیەکانى وڵاتانى ( 5 + 1 ) قایل بێت .
یەکێکى تر لە و کێشەو گرژیانە پەیوەندیە کانى نێوان ئەمریکا و کوبایە کە بۆ نیو سەدە زیاترە بەو شێوە درێژەى هەیە ئەویش لە سەردەمى ئۆبامادا کۆتایى بەو بەستەڵەکە هێنراو بووە یەکێکى تر لە سەروەریەکانى ئۆباما کە لە مێژوودا بۆى تۆمار بکرێت وکە چۆن بە ژووى نەیارەکانى ووڵاتەکەیدا کرایەوەو کێشە هەڵپسێراوەکانى بە مەنزڵ گەیاند و دواجاریش دەستى ئاشتبونەوە ڕێکەوتن بۆ کوریاى باکوریش درێژ بکات .
بەڵام لە دوییدا ڕاستیەک هەیە نابێت فەرامۆشى بکەم هەڵوێستى ئۆباما یە بەرامبەر بە عێراق و لەویشدا کوردستان کە نەک کێشەکانى چارەسەر نەکرد بەڵکو بە پەلە پەل سوپاى ئەمریکا ى لە عێراق کێشایەوە و بوارى ڕەخساند بۆ ئەوەى وڵاتانى ناوچەکە بە ئارەزوى خۆیان دەست بخەنە ناو کاروبارەکانیەوەو ئەو دۆخەى لى َ بەرهەم بێت کە دەیبینین و وڵاتى لە تونێلێکى تاریکدا جێهێشت کە دەرچوون لێ ى ئاسان نیە و عێراق کەس نازانێت وەسفى بە چى بکات و خوێنى لێدەچۆڕێت و جەنابیشیان پێ لەسەر یەکپارچەیى خاکەکە ى دادەگرن ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت