24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەدئەمین گەناویى : حکومەتی میلیشیایی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کە باسی حکومەت کردن یان دەسەڵاتداری کردن دەکرێت ، پێویستە دوو شت یان جیاوازی لەیەک جیابکرێتەوە :
1- حکومەت کردن یان دەسەڵاتداری کردن لەسەر بنەمای دامەزراوەی دەوڵەت(state) . لەو وڵاتانەی کە فکری سیاسی ، فەرهەنگی سیاسی ، دیموکراسی و هۆشیاری و بەرپرسیاریەتی سیاسی و نیشتمانی هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵک و وڵات ، سیاسەت ، فەلسەفە وە ئایدیای حکومەتداران و دەسەڵاتداران لە لە بچوکترین دامەزراوە تا گەورەترین دامەزراوەی دەوڵەتی ڕەنگ دەداتەوە لە هەموو کایەکانی ئابوری ، سیاسی ، فەرهەنگی ، کۆمەڵایەتی وە پەیوەندیە دبلوماسی و جیهانیەکان بەلام دامەزراوەکانى دەولەتى لە وەلاتانى دیمکرات نا بنە ملکى هیچ حیزب و گروپێکى سیاسى و کۆ مە لا یەتى وەک لە وەلاتا نى دیکتا تۆرو حکومەتە میلشیا ییەکان .
2 – حکومەتداری کردن یان دەسەڵاتداری کردن لەسەر بنەمای دەوڵەتی لاواز ، واتە دامەزراوە دەوڵەتیەکان بەکاردێن بۆ چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتداران و دەبنە موڵکی دەسەڵاتداران وەکو لەوڵاتە دیکتاتۆرەکانی جیهانی سێ هەم دەبینرێت . هەروەها حکومەتداری کردن لەسەر بنەمای هەندێ دامەزراوە کە بەناو دەوڵەتین بەڵام لە راستیدا بونیان نیە وەکو دەسەڵاتی تازەی میلیشیاکان کە ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبوندان لەوڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی .
جگە لەم دوو حاڵەتەی سەرەوە ، دەسەڵاتی خێڵ و قەبیلەش هەیە کە هیچ بنەمایەکی دەوڵەتیان نیە ، کە لەڕێگەی هەندێ عورف و عادەتی تقلیدیەوە دەسەڵاتی خێل و عەشیرەتی پیادە ئەکرئ کە کەڵک لە هەژاری ، نەخوێندەواری ، ناهۆشیاری وە عورف و تقالیدی کۆنی خێڵەکی و کۆمەڵایەتی وەردەگرێت .
هەروەکو لە وتارەکانی پێشودا باسمان کرد ، دەسەڵاتی خێل و قەبیلەیی لە زۆر ڕووەوە مرۆیی ترو بەرپرس تر بوون بۆ خەڵک بەبەراورد لەگەڵ دەسەڵات و حکومەتە میلیشیا تازە پەیدابووەکان.
دەتوانین بنەما یان پایە هەرە سەرەکیەکانی حکومەت و دەسەڵاتی میلیشیایی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە.
1- هەڵوەشاندنەوەی و گەندەڵکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی وڵات وە قۆرخ کردنی کایەکانی ئابوری و دارایی و بەکارهێنانیان بۆ بەستنەوەی خەڵک بە خۆی .
2- لەتکردن و دابران و هەڵوەشانی هەموو دیاردەیەک و بنەمایەکی ئابوری ، کۆمەڵایەتی ، فەرهەنگی وە مرۆیی کە رەهەندی نیشتمانى و نە تەوەیی هە بئ وە هەرەها پارچە پارچەکردنى کۆمەڵگا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گروپ و دەسەلاتى میلیشیایی .
3- لەناوبردنی هەموو یاساو ڕێسایەک و کۆنترۆڵکردنی بواری دادوەری بۆ خزمەتی خۆی وە لەبری یا ساو داد بەکارهێنانی ئەم عورف و عادەتە تەقلیدیانە کە لە ناو کۆمەڵا باوە ، هەتا لە ناو ئەم عورف و عادەتە تەقلیدیانەش میلیشیا سوود لەمانە وەرئەگری کە تەنها لەبەرژەوەندی خۆیەتى .
4- پشت بەستن بەهێزی دەرەکی بۆ پارێزگاری ئاسایش و مانەوەی خۆی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی ، وە رۆڵ بینین وەکو مرتەزەقەیەکی هەمیشەیی . دەسەلاتە میلیشیاییەکان هیچ بنە ما یەکى ئابورى ، نەتەوەیی وە نیشتیمانى نیە ، لە بەر ئەوە 100% پشت بە وەلاتان و هێزە دەرەکیە کان ئە بەستن بۆ مانەوەى خۆیان ، وتەکانى حسن نصرللاى لوبنانى رابەرى گروپى وە دەسەلاتى میلیشیاى حزب اللە لە 25-7-2015 کەوا ئیران تاکە سەرچاوەى داراییانە ، واتە ئیران 100% سەرچاوەى داراییان بۆ فەراهەم ئەکات ، بەڵگەى زیندو وە تازەیە بۆ راستى ئەم دەربرینەو بابەتەى ئێمە .*
5- بەکارهێنانی ئەکادیمی فەل و موزەیە فى بێ فکرو بێ ویژدان لەگەڵ بەناو قەڵەم بەدەستی هەراجکراو بۆ داپۆشینى درۆو ساختە و تاوانەکانى دەسەلات و حکومەتى میلیشیا .
ئەم گروپە میلیشیایانەی کە لەسەر ئەم بنەمایانەی سەرەوە دەسەڵاتداری و حکومەتی میلیشیایی پیادە دەکەن لەرووی کاراکتەری کەسایەتیەوە بریتین لە کەسانی فاشل ، تەمبەل ،تاوانکار ، ساختەچی ، بەرژەوەندچی ، گەندەڵ ، بەلاش خۆر ، تالانچى ، مرتەزیقە وە بە یەک ووشە ئەوباش …. چونکە ئەم کەسانە تەنها دەتوانن لە ژینگەی دەسەڵاتی میلیشیایی بێ یاساو لێ پرسینەوە درێژە بەژیانی تاوانکارانەی خۆیان بدەن ، وە هەرگیز ناتوانن لەناو سستەم و کۆمەڵگایەکی دیموکرات و ئاساییدا یەک ڕۆژ نەک هەر بەردەوام بن لەدەسەڵات و حکومەتی میلیشیایی ، بەڵکو هەتا توانن لە ناو کۆمەلدا ژیانێکی ئا سایی و ئازادیان هەبێ ، چونکە هەر کاتێ یاسا ، سستەمێکی سیاسی وە کۆمەڵگایەتى ئاسایی هەبێت لەسەر بنەمای نیشتمانی ، بەرژەوەندی گشتی ، خەڵک وە داد ، شوێنی ئەوانە زیندان و دادگاکانی لێ پرسینەوە دەبێ . هەر لەبەر ئەمەشە دەسەڵاتە میلیشیاو حکومەتە میلیشیاکان هەموو بنەماو دیاردەیەکی نیشتمانی وێران دەکەن تا ڕۆژی لێ پرسینەوە و حیساب دورتر بکەونەوە . وە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان هەر هەوڵێکى دیموکراتى وە نیشتیمانى پوچەڵ بکەنەوە کە بە ئاراستەی ئاسایش و ژیانێکی ئاسایی بێ ، چونکە دەسەڵاتی میلیشیایی تەنهاو تەنها لەئاژاوەو گێرە شێۆێنیا دەتوانێت درێژە بەتەمەنی خۆى بدات ، نمونەی زیندوو بۆ ئەمە ، گروپە میلیشیا و دەسەڵات و حکومەتە میلیشیاکانن لە ئەفغانستان و عێراق و سوریاو یەمەن و لیبیاو لوبنان و … هتد.
تایبەتمەندی دەسەڵاتی حکومەتی میلیشیایی بریتیە لە لاوازی و نەهێشتنی هەموو فەرهەنگێکی مرۆیی ،یەکتر قبوڵکردن ، لێ بوردەیی ، بە دیاردەکردنی هەموو لایەنەکانی توندوتیژی ، نەزانی ، گومراکردن وە هەروەها میلیتاریزمە کردن و میلسشیا کردنى کۆمەڵگا . ئەنجامی ئەم دەسەڵاتە میلیشیایانە دابرانی کۆمەڵگایە لە رەوتی شارستانی ، ئینسانى وە هەموو پێشکەوتنێک و تکاملێکی ئابوری ، فەرهەنگى وە مەدەنی لەگەل گەرانەوەی کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگا هەرە سەرەتاییەکان بەهۆی هەژاری ، نەزانى وە ستەمەوە ، بەڵکو هەتا خراپتر لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان ، چونکە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان و خێڵەکاندا تا ئەندازەیەک هەستی ژیانی هاوبەش هەبووە لەگەڵ سەرچاوەى سروشتی بۆ ئا بورىو مانەوە لە ژیان بێ سەرشۆرکردن بۆ کەس ، بەڵام وەکو باسمانکرد میلیشیا هەر بۆ خۆی سەرچاوەکانی سروشتی و ئابوری وێران ئەکا لەرێی گەندەڵی و قۆرخکاریەوە ، وە هە موو تواناکانى ولات دەخرێنە خزمەتی گروپ و حکومەتی میلیشیایی تا بتوانن لەڕێی ئابوری و بژێویەوە سەر بە زۆرینە شۆر بکەن.
بەڵگەش بۆ ئەمە لە هەموو ئەو شوێنانەی حکومەت و دەسەڵاتی میلیشیا هەیە هیچ بەرهەمێکی پیشەسازی و کشتوکاڵی نیە ، ئەوەى کە هەشە میلیشیاو حکومەتی میلیشیا خاوەنداری دەکات تا دواجار بۆ خزمەتی میلیشیا بەکاربێ نەک خەڵک .
ئەگەر ڕەوتی روداوەکان وەکو ئێستا بەردەوام بن ، گەلێ شوێنی تریش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتکردنی میلیشیاکان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی .
بلاو بونەوەى بیرى توندرەوى ، چارەسەر نە بوونى کێشە نە تەوەیی و ئا ینیى و مەزهەبیەکان ، کەڵەکە بوونى گرفتەکانى ئابوورى ، سیاسى وە کۆمەلایەتى ، دواکەوتوی و لاوازى بیرو فەرهەنگى سیاسى و ئینسانى و دیموکراتى لە ناوچە کە زەمینەوە ژینگەیەکى شیاویان دروست کردوە بۆ گەشە ، دەسەلات وە حکومەتى میلیشیاکان . گروپە میلیشیا تاوان کارەکانیش لاى خۆیانەوە ئیستیغلالى کێشەکان ، وە گرفتەکان ئەکەن وەک کالایەکى بازرگانى بۆ سودى خۆیان لە ژێر هەندێ ناوو دروشمى ساختەو فریودەرانەدا .
ئێستا ، دەسەڵات و حکومەتی میلیشیاکان دەرگای دۆزەخ و تراجیدیایان کرۆتەوە ، وە ئەکەنەوە بۆ گەلان و خەلکى هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئایندەیەکی دوور کە ناتوانرێت پێشبینی بکرێ تا کەی ؟
لەسەر بنەمای خوێندنەوەی مێژوویی بۆ دەسەڵاتەکان ، دەتوانین بڵێین دەسەڵات و حکومەتە میلیشیایە کانى سەردەم لەهەموو رویەکەوە تراجیدی ترین دەسەڵاتی مرۆڤایەتین لە مێژوودا.
پرسیاری بابەت ئەوەیە گەلان و کەسانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیایی و حکومەتی میلیشیایی چی بکەن بۆ گێڕانەوەی رەوتی ژیان بەهەموو رەهەندەکانیەوە بۆ ئاراستەی رەوتی ئاسایی و تەکاملی مێژویی و مرۆیی ؟
هیوادارم هەموان بەشداربن لەوەڵامی پرسیاردا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت