Shino-Muhemed

شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من ، بەشى ( 21 ) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر کەسێک لاسایی کەسێکى ترى کردەوە یەکسەر هەم خۆى هەم ئەو لەدەست ئەدات ؟ مرۆڤى عاقڵ هیچ کات کار بۆ ئەوە ناکات ببێتە ئەو کەسە ئەفسوناویە کە لە ناخى خۆیدا وێناى کێشاوە ، تەواوى ئینسانەکانى دونیا جیاوازن لەیەکترى هیچ کەسێک وەک ئەوى تر نیە ، ئەو کەسانەى هەوڵ ئەدەن لاسایى کەسانى تر بکەنەوە ماناى وایە بایی ئەوەندە هێز و وزەیان نیە کە کەسایەتیێکى جوان و بەهێز بۆخۆیان دروست بکەن . بۆیە بەر لەوەى بیر لەوە بکەیتەوە ببیتە کەسێکى تر ئەبێت سەرەتا خۆت بکوژیت ؟

ئەوانەى خاڵین لە هەموو بەها ئینسانیەکان ڕۆژانە مێشکى مرۆڤە پاکەکانیان پڕکردوە بە وانەى ئینسانى ، لەو سەر زەمینەى ئێمە مرۆڤ لەسەر جیاوازى ڕەنگى پێستى ، ڕەنگى قژى ، ڕوخسارى، ئاینى ، نەتەوەى ، ئیهانە ئەکرێت و دۆزەخى ئاسمانى بۆ ئەهێننە سەر زەوى ، پاکترین مرۆڤ بە دەستى پیسترین ئەچەوسێتەوە ، بێتاوانەکان بەدەستى تاوانبارەکان ئەخرێنە زیندان ، ئاهو ناڵەى دایکێکى جەرگ سوتاو ئەچێتە ئاسمان ، هاوکاتیش پێکەنین و خۆشى کەسانێک ئەچێتە ئاسمان کە دەستیان سورە بە خوێنى هەزاران کەسى بێتاوان ، ئەو حەیوانەى ناوى مرۆڤە دەمێکە چۆتە سەر شەمەندەفەرێکى بێ شوفێر ، زۆرینەیان خۆیانداوەتە ژێر ڕەحمەتى ئەو شەمەندەفەرە بێ شوفێرە ، لە هەموو تەمەنیاندا بۆ یەکجاریش بێت وشەى ( نا ) بەکار ناهێنن ، زۆر کەس ئەژیت و ئەمرێت بێ ئەوەى لە هەموو تەمەنیدا وتبێتى ( نا ) هەمیشە هەموو شتێکى بە قودرەدێکى گەورەترو باڵاتر لە دەسەڵاتى خۆى وێناکردوە ، هەموو ماڵوێرانى و قوڕبەسەریەکانى ژیانى بەستۆتەوە لە هێزێکى میتافیزیکى کە لەسەروى خۆیەوە ئاڕاستەى ئەکات ، بەردەوام ئەوە ئەڵێت و دووبارە ئەکاتەوە کە گوێى لێبوە یا خوێندویەتیەوە ، هەندێک لە ئێمە ئەمرێت بێ ئەوەى ڕۆژێک لە ڕۆژان خاوەن یەک ڕستە یا بڕیارى خۆى بوبێت ، یا توانیبێتى لە یەک شوێندا ئەو هەڵوێستەى هەبێت کە لە ناخیدا پەنگى داوەتەوە ، ئینسانى ئەو سەردەمە وەک ماسیێکى مردوو وایە لەناو دەریا ، بێباکانە لەناو دەریا خەوتوە بێ ئەوەى بیر لەوە بکاتەوە ئاخۆ شەپۆڵە توڕەکانى دەریا بۆ کوێى ئەبەن ، بێباکى ئێستا پتر لەهەر نەخۆشیەکى دونیا بەسەر مرۆڤەکاندا بڵاوبۆتەوە ، بێباکى لە ژیان، لە خۆشەویستى ، لە عەشق ، لە هاوڕێیەتى ، لە دایک ، لە خوێندنەوە ، لە بڕیار ، لە هەڵوێست ، لە بوێرى ، لە نوسین ، لە ڕێز ، لە سۆز ، نەخۆشى بێباکى بۆتە نەخۆشیێکى ترسناک و بەسەر دەرونى هەموو کەسێکدا کەم تا زۆر بڵاو بۆتەوە ، ئەم نەخۆشیەش ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زیاتر و زیاتر ئەبێت ، گەر بێت و ئەم بێباکیە بەم شێوە ترسناکەى ئێستا تەشەنە بکات ، ڕەنگە لە ئایندەدا شتێک نەمێنێت بەناوى ڕێز ، ڕەنگە دواى چەند سەد ساڵێکى تر سۆز و بەزەیی ببێتە ئەفسانە ؟ بێباکى لە خۆشەویستى ، عەشق ، دایک ، هاوڕێیەتى، سۆز ، واى لێدێت تەواوى ئینسانەکانى سەر زەوى وەک ڕۆبۆتە بەرمەجەکراوەکان بەو ئەرکە هەڵئەستن کە پێیان سپێردراوە ، نەخۆشى بە ڕۆبۆت بوون ، ئەو نەخۆشیەیە وا لە مرۆڤ ئەکات هەموو شتێک بێت تەنیا خۆى نەبێت ، هەروەکچۆن هەندێک ئینسان ئەتوانن ببنە هەموو شتێک تەنیا ناتوانن ببنە مرۆڤ ؟ نەخۆشى بە ڕۆبۆت بوونیش ئاوایە ، مرۆڤ دائەماڵێت لە هەموو جوانیەکانى ژیان ، لە هەموو ئەو پڕەنسیبانەى هێشتا مانایەکى جوانیان تێدا ماوە . ئەوەى هەموو شتێکى بێماناکردوە بێمانایى ئەو شتانە نیە کە مرۆڤ بە بێمانایان ئەزانێت ، بەڵکو بێمانایى خودى مرۆڤە، هەموو شتێکى سەر ئەم زەمینە وەک جەستەیەکى بێگیان وایە ، ئەوە ئینسانە بەرگى جوانى یا ناشرینیان بەبەردا ئەکات ، لە هەموو ئەمانە ناشرینتر ڤایرۆسى بە ڕۆبۆت بوون و بێباک بوونە لە ناخى مرۆڤ ، ئەو ڤایرۆسەى لەناوەوە ئەیهاڕێت بێئەوەى هەستى پێبکات .
بێباکى نەخۆشیە ترسناکەکەى سەردەمى ئێستایە ، ئەو نەخۆشیەى کەم کەس هەستى پێ ئەکەن و پەى پێ ئەبەن ، تەنیا ئەو کەسانە هەست بەو نەخۆشیە ئەکەن کە خۆیان هەڵگرى ڤایرۆسى نەخۆشیەکە نین ، ئەوەى ترسناکە ئەوەیە ئەو کەسانەى تووشى نەخۆشى بێباکى نەبوونە ئێستا بوونەتە بونەوەرى نامۆ و نەخۆش لەبەر چاوى نەخۆشەکاندا ؟ ئەوانەى تووشى نەخۆشى بێباکى بوونە پێیان وایە هەموو ئەو کەسانە نەخۆشن کە تووشى نەخۆشى بێباکى نەبوونە ؟ دیسانەوە پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئاخۆ کەسە نەخۆشەکان لە ناخەوە هەست بە نەخۆشى خۆیان ناکەن ، یاخود لە ئیرەییە کە ئەیانەوێ هەموو مرۆڤە ساخلەمەکانى دونیا تووشى هەمان ڤایرۆسى ئەوان بێت .
ئێستا ڕەنگە پرسیارى ئەوە بکرێت ئاخۆ بۆ من زۆرتر باسى لایەنە ناشرینەکانى مرۆڤ ئەکەم ، ڕەنگە بپرسن کە پێویستە بڕێکیش بەدواى هەموو ئەو جوانیانە بکەوم کە ئینسان دروستى کردوون ، ئەم هاوکێشەیە لاى من وەک نەخۆشەکانن کاتێک ئەڕۆن بۆ لاى دکتۆر ، دکتۆرەکان سەرەتا تەنیا نەخۆشیەکە دەستنیشان ئەکەن دواتر کار ئەکەن بۆ چاککردنەوەى نەخۆشەکە ، چونکە دکتۆر ناتوانێت هیچ نەخۆشێک چارەسەر بکات بێ ئەوەى سەرەتا نەخۆشیەکە نەدۆزێتەوە و جۆرى نەخۆشیەکەیان دیارى نەکات ، جگە لەمەش تەنیا مرۆڤە نەخۆشەکان پێویستیان بە بیمارستان و دەرمان هەیە ، ئاخر ئێوە قەت بینیوتانە کەسێکى ساغلەم بچێت بۆ دکتۆر و دەرمان وەربگرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت