Anwar-Qadir

ئەنوەر ڕەشید : بۆ ئەو هاوڕێ ئازیزانەی داوای درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیارە من دەمێکە خۆم لە پرسە سیاسیەکان بەدور ئەگرم بەهۆی دووری و کەم ئەزموونیم لە لایەک و نائومێدیشم لەو هەموو سیاسەتە چەوتەی لە هەرێم و لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێ ، بەڵام ئەم پرسە چارەنوسسازەی ئێستا واژی هەندێ هاوڕێ و هاوپیشەم هاندەرم بوون بۆ نووسینی ئەم سەرنجانەی کە ئومێدەوارم دڵگرانم نەکردبن و خۆشیان بتوانن بەرگری لە بۆچوونی خۆیان بکەن ، چونکە هەر هەنگاوێک لە مێژوودا تۆمار ئەبێ و خەمخۆریمان بۆ نەتەوەکەمان ئەرکی قورسی لە ئەستۆمان گرتووە ، منیش بە هەقی خۆمم زانیوە سەرنجەکانم بەم شێوەیە دەربڕم لەگەڵ رێزی تەواوم بۆ هەر ناوێک لەو ناوانە.
لەژێر داواکاریەکدا کە هەندێ بیرمەند و رۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندان لەپاڵ ئۆردویەک ناوی نەناسراودا واژویان کردووە و لەگەڵ ئەوەدان ماوەی درێژکراوەی سەرۆکی هەرێم تازە بکرێتەوە و ئەمەش بەلای منەوە ئاساییە و مافی هەرکەسێکە بەرگری لە رای خۆی بکات . لە لیستەکەدا هەندێ ناوی درەوشاوە هەن ، کە من هەندێک لەو هەندەش لە نزیکەوە ئەناسم و ئەوانیش دوو بەشن ، بەشێکیان واژوویان لەسەر داواکاریەک کردووە کە بە قەناعەتەوە بڕوای تەواویان پێیە و دەبێ رێز لە بۆچوونەکەیان بگیرێ بێ ئەوەی بکەوینە داوی پرسیاری یاسایی بوون و نەیاسایی داواکاریەکە ، بەشێکی تری ئەو بەڕێزانە لەوە دەچێ تەنیا واژوویان کردبێ و داواکاریەکەیان نەخوێندبێتەوە ، خۆ ئەگەر خوێندبێتیانەوە و واژوویان لەسەر کردبێ ئەوە جێی پرسیارە و ئەگەر نەشیان خوێندبێتەوە ئەوە ( عوزر لە قەباعەت خراپتر ) .
من لێرەدا واز لە مەسەلە یاساییەکە دەهێنم و تەنیا باس لە ناوەڕۆکی داواکاریەکە دەکەم کە هەر لە سەرەتاوە باس لە کاتە ناسکەکەی هەرێم دەکات ئەو دەستەواژە سواوەی و بە درێژایی مێژوو لە کاتی پێویستدا ئەکرێتەوە مانشێت و بۆ هەڵخەڵەتاندن ئەدرێ بەڕوماندا ، پاشان باس لە قەیرانە هەنوکەییەکانی هەرێم دەکات بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات ، کێ بەرپرسە لە قەیرانەکان و کێ ئەتوانێ چارەسەریان بکات و چۆن ؟. دەبوو لەجێی ئەوە باس لە سەروەری و دەستکەوتەکانی ئەو دەساڵە بکرایە کە جەنابی سەرۆک بەرزترین پۆستی هەرێمی هەبووە و بۆی دابین کردووین نەک قەیرانەکان .
ئەوەی لەو لیستەدا منی تووشی شۆک کردووە ، ئەو هەموو شانۆکار و گۆرانیبێژ و نووسەر و رۆشنبیرانەیە ، باشە ئەو سوپایەی شانۆکارانمان هەیە بۆچی هۆڵەکانمان چۆڵ و هۆڵن ؟. خۆ ئەوەندی ئەو شانۆکارانە بینەری شانۆمان هەبوایە ، ئەمە حاڵی شانۆکەمان نەئەبوو ، ئەی ئەم هەموو نووسەر و شاعیرە ئەگەر ئەخوێننەوە بۆچی ئەمە حاڵی کتێبی چاپکراوە . ئایا ئەمانە پرسیار نین و پێویستیان بە وەڵام نیە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت