ئەبوبەکر جاف : بەربەریزم بە ڕوخسارێکی مەدەنییەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بارەی ئـێستای دونیای سیاسی کوردییەوە .
ئـەوەی ڕوو دەدات ، زۆر بە ڕوون و ئـاشکرایی
پێمان دەڵێت : ئـەو بنەمایانەی دونیاو ژیانی سیاسی ئـێمەی لە سەر بیناکراوە ، لە باشترین حاڵەتدا ھودنەیەکی وەقتی نەک تەنیا ھێزە سیاسییەکانمانە ، بەڵکو دۆخێکی وەقتی پێکەوە ھەڵکردنی ھێزە کۆمەڵایەتییەکانیشمانە .
زۆر سەخت و قورسە تێی بگەین لەوەی ئـیشکالی ستراکتوری و بونیادی لە زەینە و زھنییەتی ڕۆحی و سیاسی ئـێمەدا تەحەکوم بە تەواوی کردە سیاسی و غەیرە سیاسییەکانمانەوە دەکات . کارەسات لەوەدایە ھێزێک لە ھێزێکی دیکە باشتر ببینی ، ئـەمە لە کاتێکدا تەواوی ھێزو بکەرو کارێکتەرە سیاسییەکانمان لە منداڵدانی یەک کولتورو ئـەقڵییەتەوە ھاتونەتە دەرەوە ئـەویش ” ئـەقڵییەت و زھنییەتتو کولتوری شۆڕش و شۆڕشگێڕی کوردی “.
ئـەوەی دەبێت لێپرسینەوەی لێ بکرێت و دادگایی بکرێت لە ئـاستێکی فکری و مۆرالیدا ئـەو میرات و ئـەقڵییەتە شۆڕشگێڕییەو ئـارەزووکردنی جەماوەرو مێگەلە بۆ فاشیزم و ستەمکاری شۆڕش و شۆڕشگێڕی . شۆڕش گەر ماڵی نەکرێتەوەو دەستەمۆ نەکرێت ، لە ڕۆپسپێر و ژاکۆپییەکان باشتر بەرھەم ناھێنێت . ئـەو سیاسیەی ئـێستا بانگەشەی پەیامبەرێتی و ڕزگارکردن و عەدالەتمان پێ دەدات ، دەیان ڕۆپسپێر لە ھەناویدا نوستووە . مومکین نییە سیاسییەک سێ چارەکی تەمەنی لە ناو میرات و ئـەقلییەت و زھنییەتی شۆڕشگێرانەو مۆراڵی شۆڕشگێڕیدا بەسەر بردبێت ئـێستا ببێت بە موحەمەدی مەھدی . درێژبوونەوەو ئـیدامەوەرگرتن و شەرعییەت وەرگرتنی کۆمەڵێک دەزگایی دەستوریی و یاسایی و حزبی … دەستی شاراوەی ئـەقڵییەت و زھنییەتی شاخ و شاخاویتەکانی لە پشتە . شاخاویبوون ھێزێکی ھێندە کەشف و ئـاشکرا نییە تا بە کۆنکرێتێ دیاری بکەین و مەحکومی بکەین ، سروشتی ھێزو سروشتی یاساکان و گەمەی ھێزەکان بە شێوەیەک نھێنی و گوتاریی و نا کۆنکرێتی و داپۆشراون ، تەنیا گوتارو نەریتێکی فکری ڕەخنەیی و ڕەخنەی فکری دەتوانێت دیاگنۆستیکی بکات و ڕەخنەشی بکات . کایەو دیسپلینێک ، کە زیاترو زیاتر کاری بە نھێنیکردن و شاردنەوەو داپۆشینی ئـەم گوتارە فاشیزم و بەربەرییەتە بێت میدیایە ، میدیایەک لە ناو فەزای مارکیتینگ و بازاڕگەرمکردن و بازاڕخۆشکردن و مێگەل پەرستنیدا ، کاری شاردنەوەو شەرعییەت دانە بەو زھنییەت و ئـۆتۆرێتییە شاخاویی و فاشیستەدا .
ترسناکترین فۆرمی بەردەوامی و شەرعییەتی خۆ نوێکردنەوە و پەلکێشانی ئـەقڵییەتی سیاسیانەی شاخ و کێوی ئـێمە ، مانێڤستبوون و دەرکەوتنێتی لە سەر بنەمای یاسایی . ھێزەکان لە پەیوەندی پراتیکیانەو گەمەو خەیاڵی ھەیمەنەکردن زیاتر ھیچ نین ، دونیای ئـێستای ئـێمەو ئـێستای دونیای ئـێمە دواھەمین وەشاندنی تیری کێویانەو شاخییانەی خۆیەتی لە ڕێگەی یاساکان و گەمەو ماسکە یاساییەکانییەوە . پەلکێشکردن و ڕاکێشانی نەفەس و ئـەقڵییەتی شۆڕشگێڕی و قەبەلییانەی ئـێمە بۆ ناو یاساو دەزگا مەدەنییەکان ، دواھەمین چانس و ھەوڵێتی تا نەمرێت و لەسەرە مەرگیشدا بێت ئـیدامەو شەرعییەت بە خۆی بدات .
ئـەم دۆخە مەترسیدارترین و ترسناکترین دۆخی ڕۆحی و بەربەریەت و فاشیزمی ئـەقڵییەت و زھنییەتی شاخ و کێویبوونە . چون ھێزێک لە دوا ساتەکانی مان و نەمانیدا بۆ بەردەوامبوونی ھەموو شتێک ڕەوا دەکات ، ڕەوایی بە ھەموو ئـامرازو میکانیزمێکی بەریەککەوتن و شەڕانگیزی دەدات لە پێناو مانەوەی یاخود لە پێناو بەردەوامیدان و شەرعییەتی تارماییەکانی . وێرانبوون و ترسێکی ھەرە گەورەی دونیای ئـێمە بەشداری و پشکداری نەوەی دووەم و سێیەمی شۆڕشگێڕان و میرات و ئـەقڵییەتی شۆڕشگێڕییە لە بەردەوامیدانێکی شاراوەو نھێنێ گوتارو نەریتی شاخاوی ئـەقڵییەتی سیاسی ئـێمە . واتە ھێزو تواناو قودرەتی شاخاوییەکانی ئـێمە تا ئـەو ئـاستە فریودەرو ئـەفسوناوییە کە ، بتوانێت نەوەیەک یان زیاتر لە نەوەیەک بئـاڵێنێت ، بخزێنێتە ناو گەمەو شەڕەکانی خۆیەوە بەڵام بە فۆرمی نوێ و ماسکی نوێ بەڵام جەوھەر و ڕۆحییەتێکی بەربەرییانە . ئـەمە لە کاتێکدا ئـەم نەوەی پۆست شاخاوی و پۆست شۆڕشگێڕانە بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی لە گەڵ شۆڕشی چەکداریدا نەبووە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت