Shino-Muhamad-1

شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من ـ کۆتایی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئینسان ئەوەنەى سڵ لە وتنى ڕاستى ئەکاتەوە ئەوەنە شەرم لە لە درۆ ناکات ، مرۆڤەکان ئەڵێن ئەخلاقى مرۆڤ لەکرداریەتى نەک ڕوخسارى ، کەچى ساڵانە لەبرى ئەوەى پێشبڕکێ بۆ شائەخلاق بکەن ، پێشبڕکێ بۆ شاجوان ئەکەن ؟ گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشبڕکێ لە نێوان شاجوان و شائەخلاقەکان بکرێت بەڕاى من ئەوکات شاجوانەکان گرەوەکە لە شائەخلاقەکان ئەبنەوە ؟ ڕەنگە کەسانێک نکۆڵى لەوە بکەن کە لە نێوان شاجوان و شائەخلاقدا ، شاجوان هەڵئەبژێرن، ئەم جۆرە کەسانە بێ ئەوەى هەست بەخۆیان بکەن ڕۆژانە و سات لەدواى سات لە برى شائەخلاقەکان شاجوانەکان هەڵئەبژێرن و دەنگیان پێ ئەدەن ، چونکە بۆ هەر چەشنە بڕیارێک و هەڵوێستێک ، بۆ هەر جۆرە کارێک تەنیا سەیرى دەرەوەى مرۆڤ ئەکەن . دەرەوەى مرۆڤ ، لە هەر شتێکى ترى دونیا ترسناکترە ، دەرەوەى مرۆڤ وەک وێنەیەکى زۆر بە نرخ و گرانبەهایە ، ناوەوەشى وەک لاپەڕەیەکى ڕەش و بێبەهایە کە هیچ کەسێک ئامادە نیە تەنانەت سەیریشى بکات ، هەڵەى هەر گەورەى ئینسان ئەوەیە بە پارەى وێنە جوانەکەى دەرەوە وێنە ناشرین و بێبەهاکەى ژوورەوە ئەکڕێت ، وێنە تاریکەکان ئەو وێنانەى خاوەنەکانیان ئەزانن گەر بیخەنە مەزادخانەوە هیچ کەسێک ئامادەنابێت سەودایەکى ژیانیان لەگەڵ بکات ، بۆیە پەڕە تاریک و ڕەشەکە لە پشتى لاپەڕەیەکى ساف و ناسک حەشار ئەدەن ، لە مەزادخانەى ژیانیش تەنیا بەشە جوان و ئەفسوناویەکە نمایش ئەکەن .
مرۆڤى گەورە ، ئەى مرۆڤى گەورە ؟ گەیشتن بە پلەى مرۆڤى گەورە وەک بەدەست هێنانى بڕوانامە نیە کە تیایدا ئینسانەکان پێویستیان بە چەندین ساڵ خوێندن بێـت تا بڕوانامەکە بەدەست دێنن ، ئەکرێت مناڵێک یا کەسێکى نەخوێندەوار ببێتە نمونەى هەرە باڵاى ئینسانە گەورەکان . تۆ ئەگەر مرۆڤێکى گەورە بیت هەرگیز لەسەر ئەساسى پارە و سامان خەڵک هەڵناسەنگێنیت ، مرۆڤى گەورە هیچ کاتێک بە کەسانى خاوەن سامان ناڵێت دەوڵەمەند ، ئەوانەى دەوڵەمەندن ئەوانەن کە خەڵکێکى زۆریان هەیە خۆشیان بوێت ، نەک ئەوانەى خاوەن پارەیەکى زۆرن ، بۆیە ئەبێت ئێمەى مرۆڤ بەو کەسانە بڵێین دەوڵەمەند کە زۆرترین کەس خۆشیان ئەوێت ، نەک ئەوانەى زۆرترین پارەیان هەیە ، خراپترین جۆرى هەژارى ئەوە نیە هیچ سامانێکت نەبێت ، بەڵکو ئەوەیە هیچ کەسێک متمانەى پێت نەبێت ، کاتێکیش باسى دەوڵەمەندى کرا لەبرى سامان ئەبێت خەیاڵمان بۆ ئاستى خۆشەویستى بچێت . مرۆڤى ئاسایى بەردەوام لە نێوان پارە و خۆشەویستى پارە هەڵئەبژێرێت ، بەڵام مرۆڤى مەزن خۆشەویستى هەڵئەبژێرێت ، خۆشەویستى تاکە سامانە کۆن و ناشرین نابێت ، ئەکرێت هەر شتێکى دونیا ڕۆژێک لە ڕۆژان یا ساتێک لە ساتەکانى ژیان لەبەر چاوى ئینسان کۆن و ناحەز بێت ، بەڵام خۆشەویستى هەرگیز کۆن نابێت ، مرۆڤى گەورە هەموو سامانێکى دونیا لە خۆشەویستیدا ئەبینێتەوە ، بۆ هەر شتێک بڕوانێت بە چاوى خۆشەویستیەوە سەیرى ئەکات ، چاوەکانى مرۆڤى گەورە تیشکی خۆشەویستى تیایە کاتێک سەیرى هەر دیمەنێک ئەکات ڕاستەوخۆ بارگاوى ئەکات بە خۆشەویستى و جوانى .
جوانترین سیفاتى مرۆڤى گەورە ئەوەیە هەرگیز ناتوانێت بەدیار جەستە سوتاوەکانى مرۆڤ و بونەوەرانى تر دابنیشێت ، ناکرێت کەسێک بەدیار جەستە سوتاوەکانى گەردون دابنیشێت و هاوکاتیش پێى بوترێ مرۆڤى گەورە ، ئینسانى گەورە کاتێک یارمەتى ئەوانى تر ئەدات زیاتر لەوان هەست بە ئارامى و خۆشى ئەکات ، تەنیا مرۆڤە گەورەکان ئەوانەى گەیشتونەتە ترۆپکى گەورەیى بە یارمەتیدانى ئەوانى تر بەختەوەر ئەبن ، ئینسانى گەورە کاتێک کەسێک دڵخۆش ئەکات زیاتر لە کەسى بەرامبەر هەست بە ئاسودەیی ئەکات و چێژ وەرئەگرێ . وە بەردەوام بەشێک لە کاتى خۆى تەرخان ئەکات بۆ دروستکردنى کارگەى بەختیارى و شادى بۆ ئەوانى تر ، مرۆڤى گەورە هەمیشە کارگەیەکى دروست کردنى بەختەوەرى هەیە ، ئەم کارگەیە ئەرکى بەخشینى بەختەوەریە بە خەڵک نەک خۆى ، چونکە ئینسانى گەورە ئەوەندەى بەوە بەختەوەر ئەبێت خەڵک شاد بکات ئەوەندە بە شادکردنى خۆى بەختیار نابێت .
ئینسانى مەزن کاتێک ئەخوێنێتەوە تەنیا بۆ خۆى ناخوێنێتەوە ، بەڵکو لەکاتى خوێندنەوەدا خەیاڵى بۆ ئەوە ئەچێت ئاخۆ چۆن بتوانێت ئەوەى ئەزبەرى کردوە پێشکەشى زۆرترین کەسى بکات ، واتە تەنیا بۆ خۆى ناخوێنێتەوە ، بەڵکو لەکاتى خوێندنەوەشدا خەیاڵى لاى ئەوەیە ئاخۆ چۆن بتوانێت ئەو مەعریفەیەى بەدەستى هێناوە بیبەخشێتە کەسانى تر ، ئەو کەسانەى تەنیا بۆ خۆیان ئەخوێننەوە خوێنەر نین ، ئەوانە یا کەسانێکن کە ئیرەیی بە مەعریفە ئەبەن یا کەسانێکى ترسنۆکن و لەپێناو ڕاکردن لە ئاگردا ئەخوێننەوە ، وە بەردەوامیش لەبەرامبەر هەموو جەستە سوتاوەکانى دونیا و گەردوون بێدەنگ و ڕەنگن، کە ئەمەش ڕێک پێچەوانەى ئینسانە گەورەکانە ، مرۆڤى مەزن هیچ کات لەژیانیدا ناتوانێـت بەرامبەر جەستە سوتاوەکانى خەڵک دابنیشێت و بێدەنگ بێت . بەر لەوەى بشمرێت ئەبێتە ئەندام لە ڕێکخراوێکى جەستەبەخشان بۆ ئەوەى لەدواى مردنیشیدا وەک پاڵەوانێکى ئەفسانەیی خەڵک لە مردن ڕزگار بکات . بەردەوامیش پرسیارى هەیە، ئەوەى دوو مرۆڤ لەیەکتر جیا ئەکاتەوە جۆرى پرسیارەکانیانە ، یاخود چەندایەتى و چۆنیەتى پرسیارەکانیانە، مرۆڤە باڵاکان بەردەوام پرسیارى گەورەیان هەیە ، ئیدى گرینگ نیە ئاخۆ وەڵامى پرسیارەکە بوونى هەیە یا نا، ئەوەى گرینگە ئەوەیە هەمیشە ئەوان پرسیاریان هەیە ، چونکە هەرکەسێک لە پرسیارکردن کەوت لەمرۆڤ بوونیش ئەکەوێت . ناکرێت پێناسەى مرۆڤ بوون بەسەر کەسێکدا بسەپێنرێت کە هیچ کات پرسیارى لە هیچ شتێک نەکردوە .

کۆتایی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت