عیماد عەلی : سازانی یاسایی لە هیچ شوێنێکی دونیادا نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی تۆزێک لە ناوەرۆکی سازان ورد بێتەوە بۆی روون دەبێتەوە کە سازان پێش هەموو شتێک دانوستان و تەنازولی لایەن و کەسایەتیەکانە بەرامبەر یەکتر ، واتە سازان گەیشتن بە دەرئەنجامی قەناعەتپێکردنی سەرجەم لایەنەکانە ئەگەر لەسەر حەق بن یا نا ، بە دانوستان ، ئەمەش هیچ حەقێکی یاسایی تیدا نیە و هەر وەک مامەڵەی کرین و فروشتنی کاڵایەک لێدێت و لەسەر حسابی یاسایە . بۆیە بە هیچ شێوەیەک سازان بە یاسا ناگونجێنرێت بەڵکو بە پێیشێلکردنی یاسا و ناوەرۆکەکەی لەبەر خاتری لایەنی ناحەق مەیسەر دەبێت . بۆیە بۆ زۆر بابەتی گرنگ و فرەهەند و پەیوەست بە بەرژەوەندی خەڵکەوە ، بەهیچ شێوەیەک ناکرێت سازش لەسەر بەشێکی بکرێت یان لەسەر بۆچون و حەقێک بکرێت بۆ ئەوی تری بەرامبەر ، ئەگەر ناوەخنی سازانیش لێک بدرێتەوە ئەویش جگە لە سازش و لێکنزیکبونەوە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و پاراستنی بەرژەوەندی هەمەچشنی دانوستانکار هیچ شتێکی تر ناگەیەنێت ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هیچ پەیوەندیەکی بە یاسا و ئەحکام و رێوشوێنە یاساییەکانەوە نیەکە حەق لە لای یەکێکە لە هەر پرسێکی جێی جیاوازی نەک لای هەمووان . لەم بەینەشدا دەتوانرێت سازان بە سوڵحێکی کۆمەڵایەتی لە کێشەیەکی عەشایەری بشوبهێنرێت کە پێش دادگا بگەنە ئەنجام و لێکحاڵیبون و رازیبون .
لە پرسێکی کتومت یاسایی وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی هەریمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی و سیستمی سیاسی لە کوردستاندا ، جگە لە بابەتێکی یاسایی رووت و فرە رەهەند ناتوانرێت ناوی هیچ شتێکی تری لێبنرێت . ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت بە رێگە عەشایەریەکەی و دوور لە یاسای رەق و تەق چارەسەر بۆ پرسەکە بدۆزنەوە و سەرجەم لایەنەکان بە حەقانی و ناحەقانیەکەوە رازیکەن ، ئەوە سازان خۆی فەرز دەکات بەسەر یاسادا نەک لەگەڵ یاسادا بگونجێنرێت . لە یاسادا شوێنێکی ناوەراست نیە ، تۆمەتبار یان بێ تاوانە یان تاوانبارە . بۆیە یاسا لە پرسی سەرۆکایەتی یان حەق بە پارتی دەدات لە راوبۆچون و هەڵوێستی و داواکانی یان بە چوار لایەنەکەی تر ، کە لە بۆچون و هەڵوێستەکانیان سەت وهەشتا پلە پێچەوانەی یەکترن و ، لایەنی تر وەک خەڵکی خێرخواز دەیەوێت بەو شێوە عەشایەریە نیزیکیان بکاتەوە . بۆیە باشتر وایە ، یان سازان دوور لە ناو و ناوەرۆکی یاسا بە ئەنجام بگەیەنن و ناوی یاسا لەکەدار نەکەن یان یاسا وەکو خۆی جێبەجی بکەن .
ئەم بۆچونانەش دەربارەی سازان و پشت بێبەستنی وەنەبێت تەنها لە کوردستاندا هەبێت و لە شوێنەکانی تر بێ یاسایی نەکرابێت ، ئەوە عیراقە بە پێی حیاوازیە ئیتنی و رەگەزیەکان لە روخانی سەدامەوە تاوەکو دوێنێ لەسەر سازان و لێکنزیکبونەوە و ریککەوتنی دەرەوەی یاسا کارەکان و بەرێوەچون و بە رێکخستنی شەکلی بە یاساوە گرێدراوە ، ئەگینا زۆرینە و کەمینە و یاسا رۆڵی یەکلاکەرەوە لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرێکوێرە و ئاڵۆزیەکاندا دەبینێت و مافی هەموان دابین دەکات بێ زوڵم و ناحەقی لە هیچ لایەن و کەسێک و ، لەوێشدا دەستور مەرجەعی سەرەکی یاسا و تەفسیری یاسا و بریارەکانە . بەڵام سازان ئەگەر لایەنەکان بگەیەنێتە یەک بۆ ماوەیەک لە دواجاردا هەر دەبێت یاسا خۆی فەرز بکات بەسەریدا چەند کاتەکەش دوا بکەوێت ، بەڵام ئەو دەردانە سەلبیەی لە سازاندا دەبینرێت هەمیشە گەل باجەکەی دەدات .
بۆیە ئەگەر بە راشکاوی لە پرسی ئەمرۆی سەرۆکایەتی هەرێم براونین وا بە باشتر دەبینرێت ، کە یاسایەک ئەمرۆ خۆی فەرز بکات و ، لایەنێک یان چەند لایەنێک باجی بدەن باشترە کە سازان خۆی فەرز بکات و لە دواجاردا گەل باجەکەی بدات ، ئەمە ئەگەر یاساکە لە بەرژەوەندی پارتی و بۆچون و ویستەکانی کەوتەوە ، یان بۆ لایەنەکانی تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت