Barzani-.-Pchuk

محەمەد ساڵەیی : من و کاک مەسعود بارزانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەلای منەوە وشەی کاک زۆر گەورەترە لە سەرۆک بۆیە من لێرەدا بەکارم هێناوە ، چونکە بوون بەسەرۆکی گەلێک گرنگە بەڵام مرۆڤ بە بێ ڕیا کاکی نەتەوەیەک بێت ئەمە زۆر مەزنایەتییە و لە هەموو جێیەکی دونیادا دووبارە نابێتەوە !!

 ئەم پەیڤە واتە کاک لەبنەچەوە لە سەردەشتییەتەوە چاوگی گرتووە ، چونکە کاک ، باوە ، پیر و مام هەموویان پلەی ئاینین و بەر لە ئیسلام بە کار هاتوون و تا ئێستاش ماون . هەروەکو پیرەمەگروون ، باوەشاسوار ، پیرمام ، باوە گوڕگوڕ ، پیرشالیار ، باوە نوور ، پیری قەرەچێوار ، باوە مەحموو .. هتد . زۆرن ئەوانەی وا تێدەگەن کاک بۆ برا گەورە بە کار دێت ، بەڵام لە راستیدا بۆ گەورەیی بە کار دێت . لە هیران شێخەکانیان بە ماڵی کاکی هیران ناو دەهێنن .  هەتا نهاش زۆر ماڵبات هەن منداڵەکانیان ، باوکیان بە کاک بانگدەکەن . تەنانەت من خۆم گوێبیست بوومە لەو گەرمییانەی خۆمان  ,یەکە ژنیان بە کاک ناوبردووە .

بۆ یەکەمین جار ناوی کاک مەسعودم لەو سلۆگانانەوە بەر گوێ کەوت ، کە خەڵکی لە رۆژگاری حوکمی زاتیدا دەیانوتەوە ، هەروەها دایکم ئەهتی کردبوو گەر کوڕێکی ببێت بە ناوی یەک لە کوڕەکانی مەلای مستەفای بارزانی بکات . ئەوە بوو خواو راستان لەسەرەتای حەفتاکاندا برایەکی مووزەرد و چاوشینمان بوو ، زۆر پێی دڵخۆش بووین ، دایکم وتی :

– ئەم کوڕەم زۆر جوانە ناوی دەنێم مەسعود ، چونکە دەڵێن مەخسود جوانترین کوڕی مەلا مستەفایە  !

ئەو خۆشییەی مەسعودی برا بۆی هێناین زۆری نە خایاند ، چونکە هەر بە ساڵە وەخت بووە چۆلەکەی بەهەشت ، هەروەکو ئەو ژنانەی بۆ سەرەخۆشی دەهاتنە لای دایکم وەسفیان دەکرد !

لە ئاهەنگەکەی سەرەتای حەفتاکاندا حەشاماتی هەموو کەرکوک لە ناوشوان ئامادە بوون ، ئەوەی کە دواتر بە ئاهەنگەکەی حەسسار ناسرا . تا رۆژی ئەمڕۆش ئاپۆرەی وا مەزنم نەدیوە . دەرزی هەڵدرابا نەدەکەوتە سەر زەوی . بە دەیان منداڵ لە ماڵباتیان دەپچران و بزر دەبوون و ناویان لە بڵند گۆکانەوە دەخوێندرانەوە . گۆرانی عارەبی و کوردی لێدەدران و لە گشت لاوە دیلان و هەڵپەڕکێ بوو. دنگی دەهۆڵو زورنا هەموو خەڵکی بە خرۆش هێنا بوو .

ئا لەو دەمەدا لە ناکاو عالەمەکە بەیەکدا هات و بووە هەرا ، وتییان کاک مەسعود بارزانی هات ، ئێمەش زرک و سووک دڕمان بە خەڵکەکەدا و بە هەناسکە بڕکێ تێمان تەقاند بۆ بینینی کاک مەسعود ، کاتێک نزیک بووینەوە هەلیکۆپتەرێکی سەربازی زەبەلاح نیشتبووەوە پەروانەکەی هێشتا هەردەسووڕایەوە . مەردوومەکە وتییان ئێستا کاک مەسعود لەگەڵ لوقمانی برای لەم هەلیکۆپتەرە دابەزین . ئەوجا نازانم وا بوو یان نا ؟ !

لە ساڵی ١٩٩٥ دا بەرێز کاک سیداد بەڕێوەبەری مەکتەبی کاک مەسعود ، زۆر منەی منی کردبوو لە دەزگای گوڵان . پێی وتبوون کەوا کاک مەسعود دەیەوێت بمبینێت و رۆژی بینینەکەشیان دەست نیشان کردبوو ، بەڵام ئەو برادەرانەی دەزگاکە بە هەر مەبەستێک بێت کردبوویانە ژێر لێوەوەو پێیان رانەگەیاندم . لەبەرئەوەی من ماڵم لە شەقڵاوە بوو پاشی چەند رۆژێک لەلایەن مەسئولێکی عەسکەری هەمەوەند کە لە خاڵوانی هونەرمەند ئەحمەد سالار بوو پێم وترا ، بەڵام تازە درەنگ کەوت ، تورک وتەنی دەمیر تاوندە  ، واتە دەبێت ئاسن لە کاتی خۆیدا بکوترێت .

تەنها لە دوورەوە کاک مەسعودم بینیوە ، بەڵام لە نزیکەوە خوێندومەتەوەو لێی ورد بوومەتەوە . سەرەتای نەوەدەکان زۆر لا پێیان وا بوو ، مرۆڤێکی کارامە نییەو هاتۆتە سەر سینی حازری بابی . بەڵام پیاو هەق بڵیت بۆ خۆشی جوامێرێکی کردەیەو شیاوە وەکو سەرکردەیەکی مۆدێرن پارتی نوێ بکاتەوەو ركەبەڕکێی حیزبەکانی دی بکات ، ئەو پارتییەی لە زگ بوو ببێتە بەشێک لە مێژووی خەباتی لەبیرکراو  .

قسە دەبێژێت ئەوجا دەیبێژێت ، لە هەموو تەمەنیدا جەماوەرەکەی خۆی بە شیعاراتی گەورە گۆش نە کردووە تاوەکو ئێستا پەنجەی گازاندەو تۆمەت بە چاویدا بکەن . ماڵی بارزانی بە گشتی خاوەنی مەدرەسەی ( کردار نەک گوفتار ) ن ، ئەم نەریتە لە بارزانی نەمرەوە بۆیان ماوەتەوەو کاری پێدەکەن . لە دیدی من بە سۆنگەی ئەم خاڵە سەرەکییەوە بوو ، توانییان بەڕە لەژێر پێی ئەوانی دی دەربهێنن !

ئەم وتانەی من مەسینە ، حەوجۆش ، ئافتابە  هەڵگریی نین ، وەکو نەیارەکانی پارتی دەیڵێنەوە .  من لە ژیانمدا هەر رەخنەگر بوومە ، نە زوڕناژەن و نە شاباشچی کەس بوومە ، هەموو خەڵکی کوردستان دەزانن من یەکەم کەس بووم بە ئاشکرا رەخنەم لە هەموو سەرکردەکانی کورد گرت بە کاک مەسعودیشەوە . ئێستاش هەر لەسەر هەمان ڕێچکەی خۆمم ، بەڵام پێم باشترە وەکو سەرۆک بمێنێتەوە چونکە بۆتە چەتر بۆ هەموان .

 ئەوەتا لایەنەکانی دی ناتوانن سەرۆکێک بۆ حیزبەکەی خۆیان هەڵبژێرن چجای ئەوەی بۆ کوردستان  مرۆڤێکی وا دانێن لە دونیای جەنجاڵی ئەمڕۆدا گەلی کورد روو سوور بکات . بە هەزار ناڵەی عەلی تا دکتۆر فوئادیان بۆ سەرۆک کۆماریی دەست نیشان کرد ، کەچی هەر خۆیان دەستەو نزا وەستاون و لە یەزدان دەپاڕێنەوە لە کاراکانیدا سەرکەوتوو نەبێت ، نە بادا ئەستێرەی بگەشێتەوەو داشی بەسەریاندا زاڵ بێت !!

گەلی ئەمریکا بێ گوێدانە دەستووری وڵات ، بۆ جاری سێیەم رۆزفڵتیان هەڵبژاردەوە چونکە جەنگی جیهانی دووەم لەدەرگایانیدا بوو، بۆیە لە ئەم رۆژگارە ناهەموارەی کوردستان کە لە گشت لاوە وەکو شێرەو شەپاڵ بە کورد دەوەڕن ، مانەوەی کاک مەسعود کارێکی ژیرانەیە ، هەروەها وڵاتانی رۆژئاواش ئامادەنین جڵەوی کوردستان بدەنە دەست کەسانێک کە لە هونەری ئیدارەدا شکست خواردوو بن و توانای بەڕێوەبردنیان لاواز بێت .

بەڵام بە هزری من لا نەگرانی مانەوەی بارزانی ، دووربینانە تێدەفکرن . سوور دەزانن ناوچەکە بۆنی گۆڕانکاریی لێدێت ، دەشێت کوردستان لە پێشە رۆژێکی نزیکدا سەربەخۆ بێ ، بۆیە خوازیار نین لەسەر دەستی ئەو بێ و ببێتە پاڵەوانێکی مێژوویی و چرای هەموان کز بکات . وایان پێ باشترە هەرچی زووترە کاک مەسعود چەشنی کارمەندێک خانە نشین بێت و کۆتایی بە ژینی سیاسی خۆی بهێنێت ، واتە هەموو کوشتەی مشتەی ناوهەمانەکەن !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت