Newshirwan-Barzani

جیهاد محەمەد : حەقیقەتی کێشە سیاسییەکەی ئێستای کوردستان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی یەکەم /
حەقیقەت بە ڕووتییەوە وەک خۆی دەبینرێت ، بەڵام کاتێک پۆشاکێکی لەبەر دەکرێت بە ناوی ئەتەکێتی قسەکردن ، یان ئادابی قسەکردن ، یان زۆر جار بە ناوی قسەی سیاسییانە و دیبلۆماسیانە ، ئیتر حەقیقەت وەک خۆی نامێنێت و دەشێونێرێت . هەڵبەت هەریەک لە ئەتەکێت و ئاداب و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە شوێنی خۆیدا گرنگ و بە بایەخە ، بە مەرجێک وەک ئاماژەم پێدا حەقیقەت نەشێوێنێت .
بۆیە با بە ڕووتی قسە بکەین تا حەقیقەت پیشان بدەین ، بەڵام مەرجیش نییە ئەمەی من دەیڵێم هەموو حەقیقەت بێت ، بۆیە من ئامادەم بۆ دیالۆگ و قسەکردن لەسەر رای خۆم ، هیچ رایەکی دژ بە راکەی خۆم رەتناکەمەوە تەنها ئەوەی بە حەقیقەتی دەزانم لە راکەی خۆمدا بەرگری لێدەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەوە .
1 – بۆچی پارتی و سەرۆکی هەرێم ، تا ٢٣ ی حوزەیران نەکەوتنە خۆیان و پێیان دانەگرت لەسەر درێژکردنەوەی ولایەتی مەسعود بارزانی بە هەموو دەسەڵاتکانیەوە ؟
بۆچی لە یەکەمجاردا دەیانوت دەبێت بۆ چوار ساڵی تر ولایەتەکەی درێژبکرێتەوە و ئێستا هاتوونەتە سەر ئەوەی کە داوای درێژکردنەوەی دوو ساڵی بۆ دەکەن ؟
وەڵام:
* بە بڕوای من پارتی و سەرۆکی هەرێم ، لە خۆشباوەڕییانەوە بوو بەوەی کە حیزبەکەیان حیزبێکی سەرەکییە لە کوردستاندا ، حیزبی دایکە و هەموو حیزبەکانی تر لەم حیزبەوە لە دایکبوون و فێربوون ، ئەم خۆشباوەڕیە و ٣٨ کورسی خۆیان و ١١ کورسی کۆتای مەسیحیی و ئەرمەنیی و تورکمانەکان کە هەر لە سەرەتاوە بە سیاسەتی پارتی دانراوە بۆ بەکارهێنانی لە رۆژانی تەنگانەیاندا ، وایلێکردن کە خۆشباوەڕییەکی تەواویان بەوە هەبێت کە هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر بە پارتی و سەرۆکەکەیان بڵێت ، نا . ئەم حیزبە و بنەماڵەی بارزانی بە هیچ جۆرێک بیریان لە نا نەکردبووەوە بۆیە لە ٢٣ی حوزەیراندا تووشی شۆک بوون .
* ماوەی درێژخایەنی ١٠ ساڵی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و وەک سەرۆکی پارتی ، جۆرێک لە پەیوەندی دیبلۆماسیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەم کەسایەتیە سیاسییە و ئەم حیزبە دروستکردبوو ، کە سەری ڕەش بوو بە وێستگەیەکی سیاسیی گەورە و کەسە تایبەتە دەسترۆشتووەکانی وڵاتان لە بەغدا و تاران و ئەنقەرە و قەتر و وڵاتانی تری عەرەبیەوە تا دەگاتە ئەمریکا وەک گەورەترین زلهێزی دنیا سەردانی ئەم وێستگە سیاسییان دەکرد ، یان بە تەلەفوون و پەیوەندیەکانی تۆری ئینتەرنێت و پەیەوەندی ژێر بە ژێر لەگەڵ ئەم ویستگە سیاسییەدا پەیوەندیان هەبوو ، ئەم پەیوەندییە چڕ و پڕانە ، سەفەرەکانی مەسعود بارزانی بۆ ئەم وڵاتانە ، هەندێک باسوخواسی ناو ژورە تاریکەکان لەگەڵ ئەنقەرە و قەتەر و لای مەلیک حسەین و بەعەسیەکان و کەسە دیارەکانی سونەی عێراقی و ئەو وڵاتانە، هەستێکی لای مەسعود بارزانی دروستکرد ، کە ئەگەر مەسعود بارزانی و پارتی نەبێت ئەوە کوردستان ئەم کوردستانەی ئێستا نامێنێت و ئەم ئەزموونە گرێدراوەوە بەوانەوە .
* قسەوباسەکانی مەسعود بارزانی لەسەر دەوڵەتی کوردی بە تایبەتی لە کاتە پێویستەکاندا بەرامبەر بە عێراق یان بەرامبەر بە ئێران یان باسکردنی لەگەڵ ئەمەریکیەکان و ئۆردۆغاندا ئەمانە هەمووی ئەو خۆشباوەڕییەی لای پارتیەکان و جەماوەری پارتی دروستکردبوو ، کە تەنها خودی مەسعود بارزانی دەتوانێت دەوڵەتی کوردی رابەگەیەنێت . ئەمە لە کاتێکدا کە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و باسکردن لە دەوڵەتی کوردی لە لایەن مەسعود بارزانییەوە هیچ کات ئۆکەی بۆ نەدەکرا لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆران و حیزبە ئیسلامییەکانەوە ، هەروەها وازهێنانی پارتی کرێکارانی کوردستا ( پەکەکە ) لە دەوڵەتی کوردی و گۆڕینی ئەجندای سیاسییان بۆ دیموکراتی گەلان ، ئەمەش کارێکی وایکرد کە هەموو جەماوەر و ئەو حیزبانەی کە هەموو کێشەکانی کورد دەبەستنەوە بە نەبوونی دەوڵەتی کوردیەوە ، بوونی دەوڵەتی کوردی بە چارەسەری هەموو کێشەی کورد دادەنین ، ئەمانە بوون بە لایەنداریی مەسعود بارزانی و حیزبەکەی ، ئەم لایەندارێتیەش جارێکی تر ئاستی خۆشباوەڕی لای سەرۆکی پارتی و حیزبەکەی بەرزترکردەوە ، کە تاقە حیزبی بەهێزن لە کوردستاندا .
* ئەم خۆشباوەڕییەی پارتی بە خۆی و سەرۆکەکەی لە کاتی هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق / سوریا (داعش ) بە تەواوەتی بە دەموچاویانەوە دیاربوو . ئەم حیزبە و سەرۆکەکەیان وا بیریان دەکردەوە، کە ئەمە شەڕێکی نەبڕواوەی نێوان سونە و شیعەیە و بەم هۆکارەش عێراق دابەشدەکرێت و لەم دابەشکردنەشدا مەسعود بارزانی وەک سەرۆکێکی بوێر دەوڵەتی کوردی رادەگەیەنێت .

هەر بۆیە مەسعود بارزانی لە ماوەی درێژکردنەوەی سەرۆکایەتیەکەیدا بۆ دوو ساڵ لە لایەن پەرلەمانی کابینەی حەوتەوە ، نەک هەر داوای ئەوەی نەدەکرد کە جارێکی تر سەرۆکایەتیەکەی بۆ درێژبکرێتەوە بەڵكو دوو جار رایگەیاندووە کە لەو ئاسانتر نییە بۆ ئەوەی کورسیەکەی چۆڵبکات بۆ کەسێکی تر . بەڵام داعش ئەم خەونەی مەسعود بارزانی تێکشاکاند ، بە پەلاماردانی کوردستان . لە لایکی تر مەسعود بارزانی و پارتی زیرەک نەبوون لەوەی ، کە ئەمەریکا و ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە داعش دەکەن ، بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای خۆیانە ، لەو ئەجندایەدا ئەوەی بوونی نەبێت دەوڵەتی کوردی و خەونی مەسعود بارزانییە ، کە دەمێکە خەون بەوەوە دەبینێت کە کارێکی مێژوویی گەورە تۆماربکات بۆ خۆی و بۆ بنەماڵەکەی و لەسەر دەستی ئەواندا دەوڵەتی کوردی رابگەیەنرێت .
* نزیکبوونەوەی نەوشیراوان مستەفا لە سەری ڕەش و مەسعود بارزانی ، کە جارێک لەو جارانە ئەوەندە موجامەلەی نەوشیروان مستەفای کردووە و ئەوەندە جێگەی بروای بووە پێی وتووە کە با مەلەفی کێشەی عێراق و وکوردستان لای ئەو بێت و ئەو سەرۆکاریی بکات ، ئەم نزیکبوونەوەیە و راگەیاندنی نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای دامەزراندنی حکومەتی بنکە فراواندا ، کە ئەم چوار ساڵە چوار ساڵی ئارام دەبێت ، ئەمەش هۆکارێک بوو کە مەسعود بارزانی پشتیلێبکاتەوە و هیچ ترسێکی لەم بزووتنەوەیە نەبێت و رۆژێک لە رۆژان بەرامبەر بەم سەرۆکە نەڵێت نا . تانانەت پێدانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئارامی شێخ موحەمەد لەو خۆشباوەڕییەیانەوە بوو بەم بزووتنەوەیە ، بەڵام وا دیارە نەوشیروان مستەفا زیرەکانە گورزی خۆی وەشاند لە لایەک لە مەسعود بارزانی و پارتی لە لایەکیتریش خۆ نزیککردنەوەی لە یەکێتی نیشتیمانی .
* پارە و پول و دەوڵەمەندیە گەورەکەی مەسعود بارزانی و پارتی هۆکارێکی ترە ، کە ئەم حیزبە و سەرۆکەکەیان لە کاتی تەنگانەدا بەکاریبهێنن وەک میکانیزمێک بۆ خۆ رزگارکردن لە قەیرانەکانیان .
* داواکردنی ئێستای پارتی و خودی سەرۆکەکەیان بۆ درێژکردنەوەی دوو ساڵی تر تەنها بۆ ئەوەیە کە مەسعود بارزانی لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بەڵکو بتوانێت دەوڵەتی کوردی رابگەیەنێت ، چونکە مەسعود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی بە هیچ جۆرێک رازی نین کە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە لایەن هیچ سەرۆکێکی ترەوە بێت جگە لە خۆیان . خۆیان بە میراتگری مەسەلەی کورد دەزانن بۆیە نایانەوێت ئەو میراتییە بە هیچ کەسێکی تر بدەن .
* کیشەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی و لاوازبوونی یەکیتی دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال ، کە بووە هۆکاری ئەوەی ئەم حیزبە زیاتر لە پارتی نیزکبێتەوە و هەرچی پارتی بیڵێت نەڵێن نا ، تا گەیشتە ئەوەی لە سەردەمی ئۆپۆزسوێنبوونی بزووتنەوەی گۆران و هەردوو حیزبی ئیسلامی کۆمەڵ و یەکگرتوودا پەرلەمان و فراکسوێنی پارتی و یەکێتی بریاربدەن کە دوو ساڵی تر ولایەتی مەسعود بارزانی بەردەوامبێت لە سەرکایەتی هەرێمدا ، ئەمەش فاکتەرێکی تر بوو کە وای لە پارتی و سەرۆکەکەیانکرد ، کە بڕوا نەکەن رۆژێک لە رۆژان یەکیتی بەرامبەر بە پارتی بوەستێتەوە و بڵین نا .

بەشی دووەم : هەڵەکانی پارتی و سیاسەتە فێڵاویی و بێمتمانەییەکانی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتریدا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت