دکتۆر سەمەد ئەحمەد : سایکۆلۆژیاى دیکتاتۆرەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیکتاتۆرەکان ئەگەرجى بەڕۆح و جەستە وەکو هەر بنیادەمێکى تر وان ، بەڵام لەڕوى بیرکردنەوەو سایکۆلۆژیاو رەفتار و مامەڵەدا لەگەڵ خۆیان و دەوروبەریاندا لەهەر مرۆڤێکى ئاسایی جیاوازترن ..
دیکتاتۆرەکان لەڕووى پێکهاتەو بونیادەوە لەمرۆڤى تر جیاواز نین ، بەڵام سروشتى ژیان و ئایندەو چارەنووس و تەنانەت شێوەو شوێنى مردنیشیان لە مرۆڤى ئاسایی جیاواز ترە ، کەمێکیان نەبێت ، زۆرینەیان بەشێوەیەکى ئاسایی و بەمەرگى خوا نامرن و لەزێدو نیشتمانى خۆشیاندا نانێژرێن ..
دیکتاتۆر ئەو کەسەیە کە نەک هەر لەدەوروبەر ، بەڵکو نەخۆشى نەگەیشتووە . بەمانایەکى دى ، دیکتاتۆر بەتەواوى ماناوە کەسێکى لەخۆنامۆیە . لەخۆنامۆبوونیش بەپێى زانستى سایکۆلۆژیا نەخۆشییەو دەبێت چارەسەر بکرێت ، نەک حوکمڕانى بکات ..
دیکتاتۆرەکان وادەزانن کە کەسانێکى خۆشەویست و رێزدارو خانەدانن ، بەڵام لەلاى زۆرینەى زۆرى خەڵکى کەسانێکى بێزراوو گرگن و بودەڵەن ..
دیکتاتۆر وادەزانێت کەسێکى زۆر فامیدەو تێگەیشتوو پێگەیشتووە ، نازانێت کە ئەمە وەهمە .. ئەو ئالودەیە بە هەڵبزڕکانى تێفکرین و تێگەیشتن.. هەرگیز ناتوانێت بەشێوەیەکى راست و دروست لە شتەکان تێبگات ، هەرواش ناتوانێت لێکدانەوەیەکى دروستى بۆ خۆیی و بۆ دەوروبەرى هەبێت ..
دیکتاتۆر وادەزانێت کەسێکى زاناو دانایە ، بۆیە لەسەر هەموو بابەتێک ماف بەخۆى دەدات کە راى هەبێت .. رایەکانیشى راستەوخۆ دەبن بەیاساو دەستورو جۆرێک لەپیرۆزى دروست دەکەن . بەڵام ئەو ئەوەندە زانا نییە کە تێبگات نازانێت ، وادەزانێت دەزانێت ، کەچى هیچ نازانێت.!
دیکتاتۆر وادەزانێت کەسێکى زۆر ئازاو بەجەرگ و قارەمانە ، بۆسەلماندنى ئەمانە هەمیشە باسى شۆڕشگێڕى و رابردووى خۆى دەکات.. ئەمە لەکاتێکدا کە زۆرینەى هەرە زۆرى دیکتاتۆرەکان یان بەکودەتا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست .. کودەتاش نەک هیچ شەهامەت و شکۆیەک بەدەست ناهێنێت ، بەڵکو لەڕوى یاساییەوە دەبێت دادگایی بکرێت ، نەک گوێڕایەڵى و حوکمڕانى . یان کەشێکى دیموکراسییان قۆستۆتەوەو لەڕێگەى هەڵبژاردنى شەرعى یان تەزویرەوە لەسەر کورسى دەسەڵات دانیشتوون ، بەڵام دواجار لەپێش هەرشتێکدا کەشى دیموکرسییان لەناو بردووە .. واتا تەنها لەدژایەتى و دوژمنیایەتى دیموکراسیدا ئازاو بەتواناو تێکۆشەرن .. بەپێچەوانەوە لەبەرامبەر ناڕەزایی و خۆپیشاندان و دەنگى حەقخوازانەى خەڵکیدا زۆر ترسنۆک و بودەڵەن ..
دیکتاتۆرەکان هەمیشە هەوڵدەدەن روخسارو سیماى خۆیان وانیشان بدەن کە زۆر نیان و دەلال و ئێسک سوکن.. لەئارایشتکردن و خۆڕازاندنەوەشدا زیادەڕەوى و چەواشەکارییەکى لەڕادەبەدەر دەکەن. بەڵام لەڕاستیدا دیکتاتۆرەکان لەجوانیدا عەشتەبایان پێنییەو شەنگ لەڕوو بڕاون.
لەنووسینى تریشدا ئاماژەم پێکردووە کە دیکتاتۆرەکان هەرچەندە جوان بن رێک لەو بوکە ناشرینە دەچن کە دەیانەوێت بەئارایشتى زۆر روخسارى ناشرینى خۆیان جوان بکەن.. بەڵام ئاشکرایە کە هەموو بوکێک ئاریشت دەکرێت ، لێ هەموویان شەنگ نین..
دیکتاتۆرەکان ئەگەرچى هەرچى دامودەزگاى راگەیاندن و ئەمنى و سەربازى خۆیان هەیە دەخەنەگەڕ بۆئەوەى بیسەلمێنن کە کەسانێکى ئازاو بەهەیبەت و خاوەن شکۆن ، بەڵام لەبەرامبەر نووسینى ( بڕوخێ) ى سەر دیوارێک ، یان دروشمێکى ئازادیخوازانە ، یان بەیاننامەیەکى ناڕەزاییدا سەرتاپایان دێتە لەرزەو تەواوى دامودەزگاکانیان دەکەونە ئامادەباشییەوە .. لەم نێوەندەشدا هەتا بنووسى سەر دیوارەکە دەستگیردەکەن ، کە لەڕوانگەى ئەوانەوە تاوانبارە ، سەدان کەسى بێتاوان و بێئاگا لەو نووسینە دەستگیردەکەن ، زیندانى دەکەن ، لەسێدارەى دەدەن..
بەکورتى بڵێین: دیکتاتۆرەکان ئەگەرچى دەیانەوێت ئەوە بسەلمێنن کە کەسانێکى میهرەبان و لەخۆبردوون ، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەمە بکەن.. چونکە ئەوان لەتێفکرین و رەفتارى رۆژانەیاندا لەگەل دەوروبەرەو لەگەل کۆمەڵگەدا زۆر دڵڕەق و بێبەزەیین.. سڵ لەهیچ کوشتو بڕو وێرانکارییەک ناکەنەوە . ئەوەى لەم نێوەندەدا جێگەى تێڕامانە ئەوەیە کەهەمیشە بیانووى نابەجێیە بێبناغەى خاڵى لەویژدان و عەقڵى مرۆیی ، بۆتاوان و کردە نەشیاوەکانیان دەهێننەوە .. لەمەش ئەستەمتر ئەوەیە کە زۆرجار ئەم کوشتوبڕە وەک نیشتمانپەروەرى و ئازایەتى و شەهامەت بەخەڵکى دەفرۆشنەوە . زۆرجار ئەم حاڵە درێژدەبێتەوە تادەگاتە دۆخێکى ئێجگار ترسناک ، ئەویش ئەوەیە کەلەڕوى سایکۆلۆژییەوە دیکتاتۆر هەربەڕاستى وادەزانێت کە کارێکى زۆر باش و پیرۆزى ئەنجام داوە ، لەهەست و نەستى بەشێک لەجەماوەریشدا ئەم بێدادییە دەبێت بەدادى کۆمەڵایەتى و سیاسى و یاسایی و وەک دیفاکتۆیەک قبوڵى دەکەن .. ئەم حاڵە درێژدەبێتەوە هەتا ئەوکاتەى کە هۆشیارى جەماوەر پێدەگات و ئیرادە دەنوێنن بۆ گۆڕینى دیکتاتۆر . جارجارەش دیکتاتۆرەکان کاتێک خوێندنگەیەک ، یان نەخۆشخانەیەک دروستدەکەن ، یان رێگەوبانێک جاکدەکەن ، یان بەبڕیارێک بڕێک ئاوو کارەبا بۆ هاوڵاتییان زیاد دەکەن .. هەموو ئەمانە وەکو مەکرەمەو بەخشش و خێرخوازى و میهرەبانى بۆخۆیان تۆمار دەکەن و هەمیشە وەکو منەت بەخەڵکى دەفرۆشنەوە .. بناغەى ئەم تێفکرینەش رەگێکى فکرى و ئایدیۆلۆژى و سایکۆلۆژى هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان هەر بەڕاستى وادەزانن کە لەوڵاتدا خاوەنى هەموو شتێکن و خەڵکیش بەتاک و هەموو دەستەو گروپەکانییەوە خاوەنى هیچ نین ، بەڵکو سروشت و پێکهاتەیەکى مێگەلییان هەیە .. دەبێت قوربانیی بن بۆ شکۆو دەسەڵاتى مەزنى دیکتاتۆر . لەم ڕێگەیەوە دیکتاتۆرەکان دەیانەوێت بەخەڵکى بڵێن : ئێمە بۆ ئێوە لەهەر کەسێک زیاتر دڵسۆزو خۆنەویست و بەخشندەین ، لەڕاستیدا لەهەر کەسێک خۆپەرست و چروک و چاوچنۆک ترن . چونکە خۆدەوڵەمەندکردنى لەڕادەبەدەرى دیکتاتۆرەکان و کەڵەکەکردنى سامانى بێشومارو بەفیڕۆدانى سەروەت و گەنجینەى وڵات لەپێناو مانەوەى خۆیاندا.. دروستکردنى دەیان کۆشک و تەلارو ڤێلاى جۆراوجۆر لەناوخۆو دەرەوەى وڵات ، باشترین بەڵگەیە لەسەر خۆپەرستى و چروکى و چاوچنۆکى دیکتاتۆرەکان .
خاڵێکى تر کەلەسەر سایکۆلۆژیاى دیکتاتۆرەکاندا رەگێکى قوڵى هەیە ئەوەیە کە ئەوان هەمیشە بانگەشەى نیشتمانپەروەرى و فیداکارى لێدەدەن.
نیشتمان لەلاى دیکتاتۆرەکان جێگایەک نییە بۆ دابینکردنى ئاسایش و پێکەوەژیانى ئازادانەى تاکەکان ، دەستەو گروپەکان ، هێزە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان.. بەڵکو ئاسایشى نیشتمان یەکسانە بە پاراستنى سەرومال و دەسەڵاتى رەهاى دیکتاتۆر .. هەرکاتێک ئەم ئاسایشە کەوتە مەترسییەوە ، ئەوەى هیچ بایەخێکى نامێنێت ، ئاسایشى نیشتمان و پاراستنى سەروماڵ و دابینکردنى ئازادییە بۆ هاوڵاتییان. نەک هەر ئەمە بەڵکو دیکتاتۆرەکان کاتێک بەهۆى شۆڕش و راپەڕینى جەماوەرییەوە لەنیشتمان وەدەردەنرێن ، ئەوا ئەوان بەهەموو هێزى خۆیانەوە هەوڵدەدەن نیشتمان بکەن بەسوتماک.. نەک هەر مرۆڤەکان بەڵکو بەئاوو خاک و داروبەردو جادەوبان و کارگەو کۆمپانیاکانەوە لەناوبەرن و نغرۆو کاولى بکەن .. بێفەڕى و خیانەتى دیکتاتۆرەکان لەبەرامبەر نیشتماندا لەهەرکاتێک زیاتر لەکاتى لێسەندنەوەى دەسەڵاتدا دەردەکەوێت کەچەند بێبەزەیین و رقیان لە نیشتمانە بەهەموو پێکهاتەکانییەوە.
لەپەراوێزى ئەم چەند دێڕدا دەمەوێت بڵێم: دیکتاتۆرەکان لەگرتنەدەستى دەسەڵات و تەمەنى حوکمڕانییاندا هەمیشە مژدەى دروستکردنى بەهەشت لە نیشتماندا بەخەڵکى دەدەن ، بەڵام مێژووى دیکتاتۆرەکان ئەوەى ئاشکراکردووە کە ئەوان جگە لەدۆزەخێک هیچی تریان دروست نەکردووە.

تێبینی / وێنەکە لەسەرخواستی ئێمەیە ، لەبەر ئەوەی بارزانی وابڕوات هەمان ڕێگا دەگرێت ، کەسەدام و هاوشێوە دیکتاتۆرەکانی جیهان پیایدا ڕۆیشتن . چارەنوسی لەوان باشتر نابێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت