عیماد عەلی : کە ناتوانن مەردانە پرسێک یەکلایی بکەنەوە بۆچی خەڵک سەرقاڵ دەکەن ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە بۆ چەند مانگێک دەچێت ئەم لایەنانە خەڵکیان بە پرسێک مەشغول کردووە کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەران و دوارۆژیەوە هەیە ، بێ ئەوەی لایەنێکیان بتوانێت خاڵ بخاتە سەر پیتەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ و راشکاوانە هەنگاوی راست بنێت و ناوەخنی مسەلەکە بۆ خەڵک شیبکاتەوە ، لەبەر ئەوەی هیچ کەس و لایەنێکیان باوەر و متمانەی بەوی تر نیە .
ئەوەی لێرەو لەوێ باس دەکرێت تەنها تێکەڵبونی بەرژەوەندیە شەخسیەکان و ململانێ تەسکەکانە ، کە لە رێگەی خاڵە لاوازەکانەوە بە یەکتری دەفرۆشنەوە و لەکاتی وەرگرتنی گرەنتی قازانجی بچوک نوتقیان دەبرێت ، ئەگینا دەکرێت لەسەر سەردانینەکردن هەڵوێستی نیشتمانی دەرببرێت .
ئەوە دەبینین لەم رۆژەدا کە هەر چوار لایەن باسی کۆتایی هاتنی ولایەتی بارزانی دەکەن و دەڵێن لە بیستی هەشت ماوەکەی بە هیچ شێوەیک درێژ ناکرێتەوە و یاسایی نیە گەر باسی مانەوەی بارزانی بکرێت ، تەنانەت ناکۆکی لەسەر کلمە چۆڵبون ( خلو) ی ئەو پێگەیە هەیە و هەر لایەنەو بە پێی راوبۆچون قازانجی خۆی شیدەکاتەوە ، نەک بە شێوەیەکی یاسایی و هیچ مەرجەعێکیش نیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکان لە تەفسیری هەر یاسا و بریارێکی پەرلەماندا پەنای بۆ بەرن . وا لە کۆتایی ویلایەتی بارزانی نزیک دەبینەوە ، بەڵام سیناریۆکان هیچیان لە قازانجی خەڵک و سەروەری یاسا و دوارۆژی میلەتدا نیە و ، جگە لە قوڵبونی ناکۆکی هیچی تر بەدوای خۆیدا ناهێنێت . ئەو رێگایانە چین کە پەرلەمان دیگرێتە بەر جگە لە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم .
یان ئەوەتا بە پشتبەستن بە رێککەوتنی حزبی و سیاسی بێ هیچ کلۆجێکی یاسایی ماوەی بارزانی درێژ بکرێتەوە ، بۆ هەرچەند بێت، لەوانەش سیناریۆی درێژکردنەوەی شەست رۆژە بۆ ئەوەی پرسەکە لەم ماوەیەدا یەکلایی بکرێتەوە و بگەنە سازان ئەگەرێکی بەهێزە ، بەڵام پرسیارەکە لەوێدایە بە پشت بەستن بە هیچ یاسایەک درێژکردنەوەی بارزانی ناگرێتەوە ، ئەگەر فێل لەخۆمان نەکەین ، ئەی چۆن کارەکە مەیسەر دەکەن ، ئەوە ، یان ملکەچی تەفسیرەکەی پارتی دەبن کە دوای بیستی هەشت سەرۆکی هەرێم بە تەواوی دەسەڵاتیەوە دەمێنێتەوە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا برگەکەی یارای دوبارە خۆکاندید کردنەوەی بە پێچەوانەوە رایی دەکات و هەیبەت و سەروەری یاسا دەخاتە ژێر سەت پرسیارەوە . یان بە سەرۆکی کاربەرێکەر دەژمێرێت و ئەویش نازانرێت پشت بە کام یاسا و برگەیەک ببسەترێت ، یان یاسایەک وەک ئەڵتەرناتیڤی ئەوەی 30 ی حوزەیرانی 2013 ی دەردەکرێت و ئەمەش رەتکردنەوەی یاسا بە یاسا دەگرێتەوە کە ناکرێت پەیرەو بکرێت ، یان پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە و بریاری هەڵبژاردنی پیشوەخت دەدرێت ، سەرەرای داواکردنی سەرزارەکی پارتی بەڵام پێش هەمولایەک رازێ نابێت لەبەر ئەوەی هیچ لە بەرژەوەندی نیە لەم کاتەدا کە جەماوەرێتی کەیشتۆتە سەر سفر ، یان کاروباری هەرێم لە سەرجەم رووەکانیەوە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و لە بۆشاییەکی یاسایی سەرسورهێنەردا دەژین .
ئەوەی پێویستە بوترێت ئەم هەموو بێنە و بەردە و خەڵک مەشغول کردن وغافڵ کردنە جگە لە هەڵخەڵەتاندنی خەڵک هیچ شتێکی قازنجبەخشی تێدا نادۆزرێتەوە ئەگەر بەم شێوەیە کۆتایی بێت ، ئەم گفتوگۆ و ململانێ و سەرلەیەکبەردانە هیچ شتێک نابەخشێت بە خەڵک و ، نە مەعاشی فەرمانبەران دابین دەکات نەش وەزعی ئابووری و سیاسی کوردستان چارەسەر دەکات و نەش شەری داعشمان لەکۆڵ دەکاتەوە و نەش قەناعەت بە گەنجانمان دەکات کوردستان جێنەهێڵن ، بەلکو هانیان دەدات نەک هەر کۆچ بکەن بەڵکو وایان لێدەکات باورەیان بە هیچ شتێک لە کوردستان نەمێنێت . بۆ خەڵکیش دەردەکوێت کە ئەم هەموو سەرقاڵ کردنە بە ناوی جیاجیا و زۆرەوە جگە لە ناکۆکی حزبی و شەخسی هیچ شتێکی تیدا نادۆزیتەوە . بۆیە تازووە ئەوەی لە جوعبەتانە بۆ ئاسایی بونەوەی کوردستان بە هەر شێوەیەک بێت تەنانەت بە نا یاساییش بێت کە دواجار پەنای بۆدەبەن خاڵی کەن و ، ئارامی بپاریزن و خەڵکەکە لەوەزیاتر بێ هیوا مەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت