mansour-barzani

جیهاد موحەمەد : حەقیقەتی کێشە سیاسییەکەی ئێستای کوردستان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی دووەم /
(( حەقیقەت بە ڕووتییەوە وەک خۆی دەبینرێت ، بەڵام کاتێک پۆشاکێکی لەبەر دەکرێت بە ناوی ئەتەکێتی قسەکردن ، یان ئادابی قسەکردن ، یان زۆر جار بە ناوی قسەی سیاسییانە و دیبلۆماسیانە ، ئیتر حەقیقەت وەک خۆی نامێنێت و دەشێونێرێت . هەڵبەت هەریەک لە ئەتەکێت و ئاداب و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە شوێنی خۆیدا گرنگ و بە بایەخە، بە مەرجێک وەک ئاماژەم پێدا حەقیقەت نەشێوێنێت .
بۆیە با بە ڕووتی قسە بکەین تا حەقیقەت پیشان بدەین ، بەڵام مەرجیش نییە ئەمەی من دەیڵێم هەموو حەقیقەت بێت ، بۆیە من ئامادەم بۆ دیالۆگ و قسەکردن لەسەر رای خۆم ، هیچ رایەکی دژ بە راکەی خۆم رەتناکەمەوە تەنها ئەوەی بە حەقیقەتی دەزانم لە راکەی خۆمدا بەرگری لێدەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەوە .))

هەڵەکانی پارتی و سیاسەتە فێڵاویی و بێمتمانەییەکانی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتریدا
* پارتی و سەرۆکەکەیان ، هەڵەیەکی گەورەیان دەرهەق بە خۆیان و میللەتی کوردیش کردوە و دەشیکەن . هەڵەکەشیان ئەوە بووە هەر لە سەرەتاوە ئەوەندەی سەرقاڵی خۆ دەوڵەمەندکردن و خۆسەپاندن و لوتبەرزیی بوون بەسەر خەڵکی کوردستاندا وەک حیزبێکی گەورەی کوردستان دەیەکێکی ئەوە ئاوڕیان لە خەڵکی کوردستان نەداوەتەوە .
لای پارتی و سەرۆکەکەیان تەنها یەک شت گرنگ بووە لایان ئەویش جار جار راگەیاندن لەسەر ئەوەی کە پارتی و ئەم سەرۆکەیان پێ لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دادەگرن ، ئەمەش لای ئەوان باشترین میکانیزم بووە بۆ ئەوەی کە هەموو کێشە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و کولتوورییەکانی کوردستانی پێ کپ بکەن و خەڵکی پێ بێدەنگ بکەن ، لە راستیشدا پارتی لەم مەسەلەیەدا زیرەک بوون ، چونکە میللەتی کورد میللەتێکە بە شێوەیەکی عاتیفانە بیری لە دەوڵەتی کوردی کردۆتەوە ، وەک تۆڵەیەک لە نەتەوەکانی عەرەبیی و تورکیی و فارسیی بیری لەوە کردۆتەوە کە دەوڵەتی هەبێت ، نەک وەک مافێکی رەوای خۆی ، نەک وەک ئەوەی کە دەوڵەتی کوردی میکانیزمێکی بەهێزە هەر هیچ نەبێت بۆ ئەوەی کە جینۆساید نەکرێت . بۆیە پارتی بەم پێداگرتنەی لەسەر دەوڵەتی کوردی توانیوێتی سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ، دیسان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی حیزبەکانی رۆژهەڵات ، کە زیاتر بەلای پارتیدا دایدەتاشن و لەگەڵ ئەم حیزبەدان ، ( بەڵگەشم لەسەر ئەوەی کە ئەم حیزبە وەک میکانزیمێکی بەهێز بۆ کۆکردنەوەی حەشامات لەدەوری خۆی باس لە دەوڵەتی کوردی دەکات ، ئەوەیە کە لە سەرەتای دورستبوونەوەی دەوڵەتی عێراقدا ، ئەم حیزبە نەک باسی دەوڵەتی کوردیان نەدەکرد ماف و سیستمی فیدراڵیەتیشیان بە زیاد دەزانی بۆ گەلی کورد و هەر لەسەر ئەجندا سیاسییە کۆنەکەی خۆیان داوای تۆتۆنۆمییان دەکرد بۆ گەلی کورد ).
بەڵام پارتی لەوەدا زیرەک نەبوون کە یەکێتی و گۆران و حیزبە ئیسلامیەکان لە کاتێکی تایبەتدا دەتوانن ئەم میکانیزمەی پارتی ( میکانیزمی مانەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی و بەکارهێنانی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ) لەبار بەرن بە ناوی یاسا و سەروەریی یاسا و دیمکوراتیتەوە وەک ئەوەیان لە ٢٣ی حوزەیراندا کرد . پارتی لەوەدا زیرەک نەبوون کە دەوڵەتی کوردی ئەگەر بە فیعلیش رابگەیەنرێت قەرەبووی بێ موچەیی و بێ کارەبایی و پەروەردەی خراپ و تەندروستی خراپ ناکاتەوە بۆ خەڵک، لە کاتێکدا کە سەرۆکی حوکومەت لە پارتییە و زۆربەی وەزارەتەکان و دامەزراوە هەستیارەکان بە دەست پارتیەوەیە .
* پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژیەکەیاندا ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ) وازیان لە باری کۆمەڵایەتیی و کولتووریی کۆمەڵگای کوردی هێنا و خەریکی دابەشکردنی پۆست و قۆرخکردنی هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی و درێژەدان بە حوکمڕانییەکەیان بوون . چۆڵکردنی ئەم دوو بوارە گرنگ و بە بایەخ و هەستیارەی کۆمەڵگا و بەجێهێشتنی بۆ حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان ، یەجگار باری کۆمەڵایەتی و کولتووری دواخست و لەباریبرد . جار جارێک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لێدوانەکانی هەندێک لە سەرکردەکانیان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیان دژی حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان و بە دینیکردنی هەموو کۆمەڵگا و کولتووری هەموو کۆمەڵگا دەوەستانەوە ، بەڵام پارتی نەک هەر ئەمەی نەدەکرد بەڵکو هەرچ جارێک قسەیەکی باشبکرایە کە بۆنی دژایەتی و رخنگرتنی لێبهاتایە دژی بە دینیکردنی هەموو کۆمەڵگا و سەپاندنی کولتووری دینی بەسەر کۆمەڵگادا ، مەلاکان بە ناوی ( یەکێتی زانایان ) دەگەیشتنە لای مەسعود بارزانی و سکاڵایان تۆمار دەکرد و دەیانوت قوربان تۆ کوری مەلا مستەفای بارزانی ئەوەتا لە پەرلەماندا باسی وشەی (جێندەر ) دەکرێت ، ئەمە هێنانی کولتوورێکی رۆژئاواییە و بێ رەوشتی لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست دەکات ، مەسعود بارزانی بۆ موجامەلی ئەم هێزانە لایەنداری دکردن و هەرچیان بویستایە بۆی دەکردن ، ئەمە کارێکی کرد کە بەرەی مەدەنیەت و بەرەی چەپ و لیبراڵەکان زۆر لە پارتی و ئەم سەرۆکە نیگەران بن . کاتێکیش کۆمەڵ و یەکگرتوو زانیان کە رەگیان بە تەواوەتی داکوتاوە لە ناو کۆمەڵگادا و کۆمەڵگایان کردووە بە کۆمەڵگایەکی دینی دەستیان خستە ناو دەستی بزووتنەوەی گۆران و یەکێتییەوە دژی پارتی و مەسعود بارزانی ، تۆڵەی ئەوەیان لەم حیزبە کردەوە کە چەندین جار لە زاخۆ و بادیناندا پەلامار دراون و بارەگاکانیان سوتێراوە و ئەندامانیان لێ زیندانی کراوە . کەواتە پارتی لێرەشدا سیاسەتێکی زیرەکانەی نەکرد بۆ خۆی و بۆ میللەتی کورد .
* پارتی هەر لەسەرەتای راپەڕین و هەڵبژاردنی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ەوە کەوتە دژایەتی یەکێتی نیشتیمانی ، هەرچەندە ئەم دژایەتیکردنە بە رێکەوتن (سازان) کۆتایی هات و ئەم دوو حیزبە لەسەر حسابی دیموکراتیەت و لەسەر حسابی مافی تاک و کۆمەڵگای کوردی پۆستەکانیان وەک یەک لە ناو خۆیاندا دابەشکرد و حوکومەتیان پێکهێنا . بەڵام ئەم دوو حیزبە چونکە لەسەر بنەمای دژایەتییکردنی یەکتری دامەزرابوون ، ماکی ئەم دژایەتیکردنەش لە سەرەتای دروستبوونی شۆڕشی گەلی کوردەوە و لە ململانێی نێوان مەلامستەفا وەک سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسیی و برایم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی تا ئێستاش بەردەوامە ، هەر ئەم ململانێیەش کە سلێمانچێتی و هەولێرچێتی دروستکردووە ، چونکە سلێمانی بەردەوام چەقی ئەو هێزە سیاسییە بووە کە هیچ کات دانی خێری نەناوە بە بنەماڵەی بارزانی و پارتیدا ، بادینان و لەم دواینەشدا هەولێر بوون بە چەقی هێزی پارتی و بنەماڵەی بارزانیەکان . ئەم بێمتامانەییە ، ئەم بێ بڕوابوونە بە یەکتری ، چەندین جار سەری هەڵداوە و شەری راگەیاندنی لێکەوتۆتەوە و لە دواجاریشدا لەسەر داهاتی زۆر و زەوەندی برایم خەلیل کە پارتی دەستی بەسەردا گرتبوو لە ساڵی ١٩٩٤دا شەڕێکی نەگریسیان دروستکرد و دەیان و سەدان کوردیان بە کوشتدا و سەدان ماڵ و خێزان ئاوارە بوون و سەدان خانو ماڵ و موڵک و باخ و باخات داگیرکران لە لایەن هێزەکانی ئەم دوو حیزبەوە . هیچ کات پارتی دیموکراتی کوردستان نەرمی نەنوواندووە و بەعەقڵ کاری نەکردوە بۆ هێورکردنەوە و سڕینەوەی ئەم برینە قوڵەی کردویانەتە جەستەی هەموو گەلی کورد . هەمیشە بنەماڵەی بارزانی بە گومان بوون لە هەموو حیزبێکی کوردستانی . بۆ نوموونە :
کاتێک گۆران دروستبوو ، لێکدانەوەی پارتی لەسەر گومانەکەی خۆیان وابوو کە ئەمە فێڵی نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفایە ، لە کاتێکدا کە مام جەلال گەورەترین سازشی لەگەڵ پارتیدا کرد و کوردستانی بۆ بەجێهێشتن و چووە سەر گۆڕەکەی مەلا مستەفا و لە هەموو خەبات و دژایەتیکردنێکی ئەم بنەماڵەیە پەشیمان بووەوە. پارتی بە جۆرێک دژایەتی گۆرانیان کردووە ، کە بەردەوام کادرەکانیان لە بچوکترین رێنەکەوتندا لەگەڵ گۆراندا ، هێرشی زۆر تووندیان دەکردە سەر نەوشیروان مستەفا، هەمیشە بە خوێنڕێژ و خائین ناویان دەبرد .
پارتی هەر لەسەرەتای دروستبوونی هێزی سیاسی پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلانەوە ، کەوتنە دژایەتی ئەم هێزە و بە هێزکیان دادەنا کە جێگە بەمان لەق دەکات و میراتگریی مەسەلەی کورد و دەوڵەتی کوردی لە دەست ئەم بنەماڵەیە دەردەهێنێت . هەموو چاودێرانی سیاسیی دەڵێن، پارتی چەند رقی لە دووژمنانی گەلی کوردە دە هێندە زیاتر رقی لە پەکەکە و عەبدوڵا ئوجەلانە .
پارتی لە بەرخۆدانی کوردەکانی رۆژئاوا و دروستبوونی پەیەدەدا کەوتەنەوە دژایەتی و سەنگەر لێدان دژیان . ئەم دژایەتیکردنە گەیشتە ئەو ئاستەی کە خەندەق لێبدەن لە نێوان سنوری بادینان و رۆژاوادا ، بۆ ئەوەی هیچ کەس و هیچ یارمەتییەک لە باشورەوە نەگاتە دەستی پەیەدە و کوردەکانی رۆژئاوا .
ئەمانە هەووی کۆمەڵە فاکتەرێكن کە پارتیان خستە نێو بازنەیەکی داخراوەوە ، ئەم بازنە داخروە لە ٢٣ی حوزەیراندا هێندەی تر بەرتەسک بووەوە .
پارتی لەم قەیرانە قوڵەیاندا ، لە جیاتی ئەوەی بە عەقڵ بیربکەنەوە ، لە جیاتی ئەوەی نەرمی بنوێنن بەرامبەر بە حیزبە هاوپەیمانەکانی خۆیان و ئەو حیزبانەی لەگەڵیاندا حوکومەتی بنکە فراوانیان دروستکردووە ، کەچی تەنها یەک قسەیان هەیە و هیچی تر : مەسعود بارزانی دەبێت بۆ چوار ساڵی تر سەرۆکی هەرێم بێت بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە . بە هەموو بیرکردنەوەی خۆیان و دۆستەکانیان ئەگەر گوێیان لە دۆستەکانیان گرتبێت ، لەم دویانەدا هاتنە سەر ئەوەی ئەم چوار ساڵە بکەن بە دوو ساڵ و ئێستا داوای ئەوە دەکەن کە مەسعود بارزانی بۆ ماوەی دوو ساڵی تر بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە سەرۆکی هەرێم بێت . لە کاتێکدا خۆشیان و هەموو چاودێرانی سیاسیی و دەوڵەتانی دەوروبەر و ئەمەریکاش دەزانن کە ئەمە خۆ سەپاندنە پارتی دەیکات .
هەموو ئەم خاڵە نەگەتیفانەی من باسی دەکەم لەسەر پارتی لە حیزبەکانی تریشدا هەیە ، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر ، جگە لەوەش حیزبەکانی تر ئامادەن بۆ گفتوگۆ ، هەر بۆ نموونە هەموویان لەم کێشەیەی دواییدا لەسەر درێژکردنەوەی ولایەتەکەی مەسعود بارزانی پرۆژەیان هەیە ، بەڵام پارتی وەک ئامژەم پێدا یەک قسەی هەیە و هیچی تر .
* گەورەترین کێشەی پارتی ، رێکەوتنێتی لەگەڵ تورکیا و ئۆردۆغان و حیزبەکەی ئۆردۆغان ، بە جۆرێک ئەم رێکەوتنە ژێر بە ژێر دروستکراوە ، کە هیچ کەس و هیچ حیزبێکی تر لە کوردستاندا ئاگاداری نییە ، ئەو هەموو کۆبوونەوەیەی نێچیرڤان بارزانی و خودی مەسعود بارزانی لەگەڵ ئۆردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغڵۆدا هیچ هێزێکی سیاسیی و پەرلەمانیش ئاگاداری نییە و نازانرێت لە نێوانیاندا چی دەگوزەریت . سەیر لەوەدایە ئەم حیزبە و سەرۆکەکەیان و نیچیرڤان بارزانیش ئەم رێکەوتنەیان کردووە بە منەت بەسەر هەموو گەلی کوردەوە ، وەک ئەوەی تورکیا نەتەوە یەکگرتووکان بێت و دانی بە مەسەلەی کورد و دەوڵەتی کوردیدا نابێت . لە کاتێکدا بە ئاشکرا تورکیا و ئۆردۆغان دژایەتی کورد دەکات و پشتیوانی داعش دەکات دژی کورد و هێرشی ناڕەوا و دڕندانە دەکاتە سەر پەکەکە و خەڵکی سڤیلی کوردستانی باشور .
ئەم خوێندنەوەیەی من کە زیاتر پارتی گرتەوە و باسی کارە نەگەتیڤەکانی پارتیم کرد ، بە هیچ جۆرێک لە لایەندارێتیمەوە نییە بۆ هیچ حیزب و هێزێکی سیاسی لە کوردستاندا ، چونکە هەموو حیزبەکان بە لای منەوە یەک جیهانبینیان هەیە بەرامبەر بە مەسەلەی دیموکراتیەت و ئازادیی و مافی مرۆڤ و بە سێکۆلارکردنی دەستور ، ئەم یەک جیهانبینیە گەورەترین زیانی لە خەڵکی کوردستان داوە و بەردەوام خەڵکی کوردستانی بۆ دواوە گەڕانۆتەوە . بەڵام پارتی لە هەموو حیزبەکانی تر زیاتر حیزبێکی خۆسەپێن و تەقلیدیی و باوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت