111.2899 Barzani 7

شێرزاد شێخانی : با ئەم چانسەش بدەینە پارتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر لەدوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان چەندجارێک سەردانی کاک نەوشیروانم کرد بۆ راوێژو بیروڕاگۆڕینەوە .. ئەوسا زۆرم پێخۆش بوو ، گۆڕان و یەکێتی لەیەکتر نزیکببنەوە ، زۆریشم پێ سەیربو یەکێتی لەگەڵ حزبێک هاوپەیمانی ستراتیژ بێت ، کە پەنجا ساڵ لەسەنگەری دژ بەیەکبون ، هەزاران کەسیان لەیەکتر کوشت ، لەفیکری سیاسیشەوە بەقەدەر مەسافەی نێوان ئەرزو ئاسمان لەیەکتر دووربن ، کەچی هەر ئەو یەکێتیە لەگەل بزوتنەوەیەکی هاوسەنگەرو هاوبیرو هاوشەهیدو ، هاو بەرنامەی سیاسیش دور بکەوێتەوە ، جارجار بگەوێتە دژایەتیکردنیشی . بۆیە لەو قۆناغە هەستیارەدا زۆرم حەزدەکرد گۆران و یەکێتی بەلیستێکی هاوبەش دابەزنە هەڵبژاردنەکانەوە ، بەڵام حەزی من نەهاتەدی ، یەکێتیش بەهەڵە گەورەکەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی باجە قورسەکەیدا ، توشی شکستێکی گەورەی هەلبژاردن بوو .
هەرلەو سۆنگەشەوە لەگەڵ ئەوەدا نەبوم بزوتنەوەی گۆران بچێتە ناو حکومەتەوە . کاتێکیش کاک نەوشیروان راویژی بە زۆریک رۆشنبیرو نوسەران کردو ، پرسی بەمنیش کرد. زۆر بەراشکاوانە پێموت کەوا من پێمباشنیە بچنە ناو حکومەتەوە ، مانەوەیان لەناو پەرلەماندا زۆر باشترە ، هەم ئەتوانن لەوێ پەرلەمانەکە ئەکتیف بکەن و رۆڵی لەچاودێری حکومەت کاریگەرتر بکەن ، هەمیش پێموابو بەشداریکردنیان لەحکومەتێک بە سەرۆکایەتی پارتیەوە هیچ لەوە وەزعەکە ناگۆرێت و ، دڵنیاشبوم پارتی و سەرۆکی حکومەتەکەی رێگا نادەن بەهیچ شێوەیەک حزبەکانی ئۆپۆسزیۆن چاکسازییەکی ئەوتۆ لەناو وەزارەتەکاندا بکەن . بە تایبەتیش ئەم چاکسازیانە بکەنە دەسکەوتێکی خۆیان و پارتی پێ سەغڵەتو ریسوا بکەن لەبەر چاوی جەماوەر .
لەهەمانکاتیشداپێموابوو ئەگەر حزبەکانی ئۆپۆسزیۆن 90% کورسیەکانی پەرلەمانیش بێنن ، پارتی ئامادە نیە دەسەڵاتەکانی رادەستیان بکات .. ئەمەش ئێستا زۆر بەئاشکرا دەرکەوتووە لەکێشەو قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمدا .
ئەوەتا پارتی لەپێناو پۆستەکەی بارزانیدا ئامادەیە شەڕی براکوژیش زیندوکاتەوە ، ئەگەرنا هەرێم بگەرێنێتەوە دۆخی دووئیدرەی جیاوازی سلێمانی و هەولێرەوە .
ساڵێک لەمەوبەر وتارێکم بەعەرەبی لە رۆژنامەی سەباحی عیراقیدا بڵاو کردەوەو بەناوی ” هەرێمی بابان ” تیایدا باسم لەوەکردبوو کەوا سلێمانی بەپێی دەستوری عیراق مافی ئەوەی هەیە هەرێمێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ ، ئەگەر گۆڕان و یەکێتی لەیەکتر نزیکببنەوەو ناکۆکیەکانیان بدەنە لایەکەوە ئەتوانن نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی لەناوچەکەدا دامەزرێنن ، پێشم وابوو ئەگەر ئەم هەرێمە بێتە دروستبون بەماوەیەکی کەم ئەبێتە هاوتای هەرێمێکی سەرکەوتوی وڵاتانى ئەوروپا ، چونکە سیاسیەکانی گۆران و یەکێتی زۆر دڵسۆزترو بەپەرۆشترن بۆ میللەتەکەی خۆیان لەپارتی و سەرکردەکانی کە لەهەزارەی سێیەمدا بە عەقڵیەتی پادشا دیکتاتۆرەکانی سەدەکانی ناوەراست سیاسەت ئەکەن .
مانگێک پێش ئێستاش هەمان بیرۆکەم خستەڕو بەوتارێک لە ژێر ناوی ” دو ئیدارەیی باشترین چارەسەرە ” بەڵام دوای تەنها یەک رۆژ لەبڵاوبونەوەی وتارەکەم سەرۆکی هەریم بەیاننامەیەکی دەرکردو تیایدا منی بەخائین وەسفکرد ، نوسەرێکی هاوپیشەمی بەخۆفرۆش .. تۆمەتەکەی من هاندانی دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بوو .
ئێستاش ، کە پارتی نزیک بۆتەوە لەدڵنیابون لەوەی حزبەکانی کوردستان ئامادەی سازش نین لەسەر مەسەلەی پۆستی سەرۆکایەتی بۆ مەسعود بارزانی و ، بەهیچ شێوەیەکیش قبوڵیان نیە بۆ ویلایەتێکی تر خۆی هەڵبژێرێتەوە ، کەوتونەتە هەوڵی لەتکردنی هەرێم ، ئێستا ئەوانیش بانگەشەی دووئیدارەیی ئەکەن دوای ئەوەی یەقین بون لەوەی لایەنەکان بەجیددی کار ئەکەن بۆ لادانی مەسعود بارزانی لەسەرۆکایەتی کە ئەوەش لای ئەوان کوفرێکی گەورەیەو لەکەبائیرەکانیشە .
وتەبیژی حزبەکەیان و چنار سەعدی ئەندام سەردکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندیەکانیان و نوسەرەکانی دەربارو بەکرێگیراوەکانیشیان کەوتونەتە قسەکردن لەسەر دوو ئیدارەیی ، هەقوایە جەنابی سەرۆکی هەرێم پێش هەمو کەسی موحاسەبەی کادیر و سەرکردەی حزبەکەی خۆی بکات ئینجا بێتە سەر تەخوینکردنی ئێمەومانان .
بەهەرحال تازە مەسەلەی دووئیدارەو جیابونەوەی سلێمانی وەکو ( لاوازترین ئیمان ) لەهزری زۆربەمان جێگیربووە ، بەتابەتیش کەوا پارتی و سەرۆکەکەی بەجیددی هەوڵئەدەن دیکتاتۆریەتی حیزبی خۆیان وەکو حیزبی قائید بچەسپێنن سەرۆکایەتی هەرێمیش تا هەتا لەناو بنەماڵەی بارزانیدا بهێڵنەوە کە ئەمەش هیچ جیاوازی لەرژێمە پادشایەتیەى دواکەوتوەکاندا نیە .
بەر لەوەی ئەم هەنگاوەی دوئیدارەیی وەکو ژەهرخواردن پەنای بۆ بەرین پێم باشە دوا فرسەت بدەینە پارتی بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەوان بەرژەوەندی میللەت لەبەرچاو ئەگرن لەم شەڕەی ئیستایاندا لەسەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم یاخود بەرژەوەندی خۆیان ئەخەنە سەروی بەرژەوەندی میللەتەوە ؟.
لە 23 حوزەیراندا کاتێک چوارلایەنەکە هەوڵیاندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی بکرێت ، پارتی و سەرکردەکانی هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمان شکست بێنێت .. هەڕەشەو گوڕەشە لەلایەک ، هەوڵی کڕینی ویژدان و هەڵویست بەپارەو ئیمتیازات ، هانابردن بۆ کۆتاکان ، هەرچی وەسیلەیەک هەبوو بەکاریان هێنا بۆ پەکخستنی دانیشتنەکە ، بەڵام دادی نەدان لە ئاکامدا بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد ، بەمەش چوار لایەنەکە سەرکەوتنیان بەدەستهێناو توانیان ئیرادەی میللەت و یاسا بچەسپێنن و لەبەرچاوی هەمو دونیاش سەلماندیان ، کە ئەوان پاریزگاریان لەیاساو ئیرادەی پەرلەمانکرد ، شکستو ریسوابوونیش بەشی پارتی و فراکسیۆنەکەی کەوت .
ئەگەر هاتو دانیشتنە چاوەروانکراوەکانی داهاتوی پێنج حزبەکە نەگەیشتنە سازان و رێکەوتن نەکرا بە شێوەیەک هەمو لایەک رازی بن ، کاتێک پارتی سوربوو لەسەر هەڵوێستەکانی ئێستای ، من پێشنیار دەکەم چوار لایەنەکە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن و هەوڵەکانیان رابگرن ، بابزانین پارتی ئەتوانێت چی بکات و چۆن ئەتوانێ دانیشتنی پەرلەمان سازبکات و بریاری درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکەکەیان دەربکات . خۆ ئەگەر جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە 38 کورسیەکەی پارتی و دە کورسیەکەی کۆتاکان بتوانێت دانیشتنی پەرلەمان بەرێوە ببات ، ئەوسا خۆیان ڕوورەشی دونیاو قیامەت ئەکەن و ، بۆ هەموو دونیاو خەڵکی کوردستانیش ئیسپات ئەکەن ، کە ئەوان حزبێکی دیکتاتۆری فاشیزمن و بەزۆری زۆردارەکی هاتونەتە سەردەسەلات و بەخوێنیش نەبێت دەسەڵاتەکەیان بەجێ ناهێڵن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت