111.2899 Barzani 7

عیماد عەلی : پارتی بە ناوی پەرلەمانیەوە داوای سیستمی سەرۆکایەتی دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

با بە لۆجیکی و بەشێوەیەکی قەناعەتهێن و بە بەڵگەوە ، خوێندنەوەی زانستیانە بۆ جۆری سیستمی داواکراو لەلایەن پارتیەوە ، دیارە بە شێوەیەکی چەواشەکاری و رەفتاری پۆپۆلیستی و ترس لە کزبونی جەماوەرێتی لە مامەڵەکردنیەوە بە پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتەکانی بکەین و ، لەوێشدا باسی ئەم بێنە و بەردە بکەین کە لایەنەکان هەر یەکە و بەمەرامی تایبەتی خۆی ، هەوڵی بۆ دەدات و جەخت لەسەر راست و دروستی راو بۆچونی خۆی دەکاتەوە .
ئەوەی لای پارتی دیمورکراتی کوردستان دەردەکەوێت کە هەموو نیازی لە سیتمێکی سەرۆکایەتی چر دەکاتەوە ، بێ ئەوەی بیدرکێنی و شەرم لە ئەوە دەکات کە بەراشکاوی بڵێت : خەڵکینە من سیستمی سەرۆکایەتی بە باش دەزانم بۆ حوکمداری لەکوردستان لەبەر ئەو هۆیانەی کە دیاری دەکات ، کە چی پیداگری لە سیستمی ناوەخن و ناورۆک و دەسەڵات سەرۆکایەتی بە ناوی پەرلەمانیەوە دەکات ، بێ ئەوەی ئەو نیازەی رابگەیەنێت . با بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە بە شێوەیەکی هاوکێشەیی لێکیبدەینەوە .
پارتی باس لەوە دەکات کە جەخت لە سیستمی پەرلەمانی دەکاتەوە و سەرۆکی هەرێم لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێرێت و بەوە ناوزەدی دەکات کە ئەمە دیموکراسی ترە و خەڵک راستەوخۆ سەرۆکی خۆی دیاری دەکات . باشە با وابێت ، دەپرسین ، بەو دەسەڵاتانەی سەرۆکی هەرێم هەیەتی ، ئەگەر گۆڕانیشی بەسەردا بێت ، سەرۆکی هەرێم لەلایەن کێوە چاودێری بکرێت و لە لایەن چ دەزگایەکەوە بەرپرسیارەتی و رەفتارەکانی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و میوانداری بکرێت و هەڵەکانی دیاربکرێن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت ، ئەگەر لەلایەن پەرلەمانەوە بێت کە باڵاترین دەزگایە ئەوە بۆی هەیە کە ئامادەبونی رەتبکاتەوە و ئیدعای ئەوە بکات کە بەهەمان شێوەی پەرلەمان خەڵک ئەوی هەڵبژاردووە و خەڵک دەتوانێت لێپیچینەوەی لەگەڵدا بکات و ، لەوکاتەشدا پەرلەمان بۆی نیە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و ، لەوێشدا حەقی خۆیەتی ، ئەمەش وا فەرز دەکات کە تەنها سەرۆکی هەرێم لە لایەن خەڵکەوە چاودێری بکرێت و هەر چوار ساڵ جارێک بە هەڵبژاردن هەڵسەنگێنرێت وئەگەر خەڵک بە باشی بزانن هەڵیبژیرنەوە یان بە باش نەزانرا رەتیبکەنەوە ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا کرۆکی سیستمی سەرۆکایەتیە و بۆ دوخول یان سێ زیاتر نابێت . بەڵام ئەگەر لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت ، بە تەنها دەزگای شەرعی پەرلەمانە کە دەتوانێت لێیبپرسێتەوە ، ئەمەش کرۆکی سیستمی پەرلەمانیە و ، دەسەلاتەکانی هەرچیەک بێت ، لێپێچینەوە لە هەڵەکانی دەکرێت و دەستخۆشیش لە کارە راست و رەواکانی دەکرێت . بۆیە بە ناوی سیستمی پەرلەمانیەوە ناکرێت لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژاردن بۆ سەرۆکێک بکرێت کە دەسەڵاتەکانی فراوان بن و تەنها تەشریفاتی نەبن . بۆیە دەبێت یەکێک لە سیستمەکانی سەرۆکایەتی یان پەرلەمانی بۆ سەرۆکێکی خاوەن جێ و شوێنی تەشریفاتی ، یان سیستمێکی پەرلەمانی بۆ سەرۆکێکی خاوەن دەسەڵاتی دیاریکراو هەڵبژێرین . بۆیە ، دەبێت پارتی بێ شەرم یەکێکیان هەڵبژێرێت . ئەگینا هیچ سیستمێکی سیاسی نیە کە ناوی پەرلەمانی بێت و بە ئالیەت و میکانیزمی سەرۆکایەتیەوە و بە دەسەڵاتی فراوانەوە لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێرێت . ئەوە سیستمی سەرۆکایەتیە بەو شێوەیە دادەمەزرێت .
بۆیە هاوکێشەکە بەم جۆرەیە ، سیستمی سەرۆکایەتی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فراوانە لە لایەن خەڵکەوە هەڵدبژێرێت و تەنها خەڵک لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکات، یان سەرۆکێکی خاوەن دەسەڵات لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت و پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکات ، یان سەرۆکێکی پەرلەمانی تەشریفاتیە و هیچ لێپرسینەوەیەکی نیە ، ئەمەش ئەگەر لەلایەن خەڵکیشەوە هەڵبژێرێت و تەنها ئەرکەکانی تەشریفاتی بێت، هیچ زەرەرێکی بۆ سیستمەکە نابێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت