ئاریان ڕەشید : گوزەر بەرەو دیموکراسی لەسەر دەستی هێزە نادیموکراسیەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئەمڕۆدا پرسی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگاو ڕێکخستن و دامەزراندنی دەزگاو دامەزراوە حکومیەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی و پێکهێنانی حکومەتی دامەزراو لەسەر بنەڕەتی ڕەوایەتی جەماوەر ، بوەتە پرسێکی گرنگ و جەوهەری لەسەرجەم کۆمەڵگاکانی جیهان . گەشەکردنی ڕەوتی (لیبراڵ- دیموکراسی) و هەڵکشانی تەوژمی تاکگەرایی (individualism) لە کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا و پەرەسەندنی ڕوانگە مرۆڤگەراییەکان (humanism) و کاریگەری ئەم دیدگایە لەسەر بە جیهانی بوونی مافەکانی مرۆڤ و سەیرکردنی مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت ، وەرچەرخانی سەرجەم سیستمی دەوڵەتانی جیهانی بەرەو دیموکراسی کردۆتە پێداویستیەکی حەتمی .
بەستێنە فیکریەکان و ئارگومێنتە فەلسەفیەکان پرسی بە دیموکراسیبوونیان کردۆتە حەقیقەتێکی زانستی و ڕاستیەکی بان مێژوویی ، بەو پێ یەی مرۆڤایەتی لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی خۆیدا بەرەو دیموکراسی هەنگاو هەڵدەگرێت و گوزەر بەرەو دیموکراسی لە پرۆسەی کامڵبوونی کۆمەڵگادا مەیسەر دەبێت . ئەم بەستێنە فیکریەش بووە بنەمای ئاراستەکردنی سەرجەم کۆمەڵگاکانی جیهان بەرەو دیموکراسی و خوڵقاندنی ئەو دونیابینی یە لای گەلانی جیهان کە پرۆسەی ( بە دیموکراسیبوون ) پرۆسەیەکی ناچاریەو پێویستە سەرجەم دەوڵەتانی جیهان کار بۆ جێگیرکردن پیادە کردنی بکەن .
ئەم ڕەوتی بەدیموکراسیبوونەش بە شێوەیەکی یەکدەست و یەکسان و بەڕێوە نەچوو ، هەرچەندە خۆرئاوایەکان خۆیان لە پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسی بەئاکام گەیشتن ، بەڵام ئەم پرۆسەیە لە ووڵاتانی خۆرهەڵات و هەندێ ووڵاتانی ئەمریکای لاتین و ووڵاتانی ئەفریقا ڕووبەڕووی ئاستەنگی قورس بووەوە . بەمەش پرۆسەی گوزەر سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا یاخود لە هەندێ ووڵات ماوەیەکی درێژی خایاند . بێگومان هۆکارەکەشی بۆ ناسازی و نالەباری دۆخی کۆمەڵایەتی وکولتوری و سیاسی و ئابووری دەگەڕێتەوە لەو ووڵاتانەدا ، کە بەگشتی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی سست و لاواز کرد .
لە دوای پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣) وە هەوڵەکان بۆ بونیادنانی عێراقێکی دیموکراسی تا ئێستا بەئاکام نەگەیشتوە ، دیموکراتیزەکردنی سیستمی فەرمانڕەوایی و گوزەری ڕاستەقینە بەرەو دیموکراسی ، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و بەربەستی قورس و سەخت بوەتەوە ، کە سەرەنجام هیواو ئومێدەکانیان بە گەیشتن دیموکراسی لاواز کردوە . لە عێراقدا لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیەوە ململانێ و کێشمەکێشێکی مەزهەبی قووڵ سەریهەڵدا و عێراق بەسەر دوو مەزهەبی دژ بەیەکی (شیعەو سوونە) دابەش بوو ، کە سەرەڕای جیاوازی قووڵی نێوانیان ، هەردووکیان بە بنەماو بنەڕەتەکانی دیموکراسی ناکۆک و نەیار بوون ، بەمەش پرۆسەی گوزەر شکستی هێنا و گەشتن بە دیموکراسی ڕاستەقینە دووچاری بەربەستی قووڵ بووەوە . بەڵام دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان جیاواز بوو ، هەرێمی کوردستان چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوری یەوە چ لە ئاستی ئابووری و سیاسیشەوە جیاوازی بنەڕەتی و قووڵی لەگەڵ کۆمەڵگای (عێراقی- عەرەبی) هەبوو . دەکرێت بووترێت زەمینەی گوزەر بەرەو دیموکراسی لە هەریمی کوردستان لەبارتر بوو لە چاو ئەو بەشەی عێراق کە زۆرینەی عەرەب فەرمانڕوایی دەکرد ، دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیش بۆ پرۆسەی گوزەر سازو ئامادە بوو ، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش پرۆسەی گوزەر سەرکەوتنی بەدەست نەهێناو پرسی دیموکراتیزەکردن دووچاری شکست و داڕمانی قووڵ هات .
پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوە نیە کە بۆچی کۆمەڵگای ئێمە لە پرۆسەی بەدیموکراسیبوون شکستی هێنا ؟ یاخود قسە کردن نیە لەسەر ئەو ئاستەنگ و ڕێگریانەی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنیان دووچاری وەستان کردوەو بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی گوزەر . هەرچەندە ئەو پرسە پرسێکی زۆر گرنگ و هەستیارەو شایانی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونە ، بەڵام ئەم بابەتە قسەی زۆری لەبارەوە کراوە ، لە ئێستادا باشتر وایە خۆمان سەرقاڵی قسەکردن لەسەر ئەو ڕێگاو میکانیزمانە بکەین کە پرۆسەی گوزەر و بەدیموکراسیبوون ئاسان و شیاو دەکەن .
گریمانەی سەرەکی ئێمە لێرەدا پشت بەو بیرۆکەیە دەبەستێ کە پرسی گوزەر بەرەو دیموکراسی بە دوو ڕێگای سەرەکی دێتە ئەنجام ، لە یەکەمیاندا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر دەستی هێزەکانی بەشدار لە پرۆسەی فەرمانڕەوایی و پارتە سیاسیەکان بەدی دێت ، بەو گریمانەیەی ئەو هێزانە لە بنەڕەتدا هێزی دیموکراسین و پرۆسەی بەدیموکراسیبوون لەسەر دەستی ئەوان و لە ڕێگای گرتنەبەری سیاسەتێکی گشگیر و هەمەلایەن ڕووەو دیموکراتیزەکردنی سەرجەم دامودەزگاکانی کۆمەڵگا ڕوودەدات . لە کاتێکدا ڕێگای دووەم باس لە پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسی دەکات لە ڕێگای ئەو هێزانەی خۆیان دیموکراسی نین و هەڵگری خەسڵەت و ئاکاری نادیموکراسین ، بەڵام ئامادەیی و بوونی ئەوان لە پانتایی سیاسی و بەشداری کردنیان لە گەمەیەکی سیاسی بۆ گەشتنە دەسەڵات و جیاوازی ئەوان لە بیرو بۆچوون سەبارەت بە پرسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان پرسی گوزەر بەرەو دیموکراسی ئاسان و مومکین دەکات .
ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە هێزەکانی بەشدار لە پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان هیزگەلی نادیموکراسین ، ئەو هێزانە خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی فراوان و گشتگیر نین بە ئاراستەی دیموکراتیزەکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و ئەنجامدانی گوزەرێکی ڕاستەقینە بەرەو دیموکراسی . پارتە سیاسیەکان لە ئێستادا قورسایی گەورەیان لە پانتایی سیاسی هەرێمدا هەیەو کۆنترۆڵی سەرجەم کایەو ڕوانگە جیاوازەکانی کۆمەڵگایان کردووە ، بەم پێیەش ڕۆڵ و پێگەی ئەوان لە پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسی کاریگەرە . بەڵام کاتێک ئەوان لە ناخی خۆیاندا هەڵگری خەسڵەتی نادیموکراسی بن و پڕۆژەی بە دیموکرسی کردنی کۆمەڵگاو دەوڵەت لە ئەجێندایاندا نەبێت ، ئەوا پرۆسەی گوزەر لەسەر دەستی ئەوان نامومکین و نەشیاوە . بۆیە لێرەدا ناچار دەبین باس لە شێوازی دووەمی دیموکراتیزەبوون بکەین ، ئەو شێوازەی گوزەر کە ڕاستەوخۆ لەسەر دەستی هێزە سیاسیەکان بە ئەنجام ناگات ، هەرچەندە ئامادەیی و کارا بوونی هێزە سیاسیەکان سەرچاوەو بنەڕەتی ئەم گوزەرەن بەڵام ئەم گوزەرە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕوودەدات ، واتە لە دەرەوەی ئیرادەی هێزە سیاسیەکان دەخەمڵێت و دواتر کاریگەری لەسەر هێزەکان دروست دەکات و جارێکی تر لە ڕێگەی ئەوانەوە کاریگەری لەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگا پێکدەهێنێت .
ئەگەر لە باری یەکەمدا “دیموکراسی بوونی” ‌‌هێزە سیاسیەکان بنەمای سەرەکی پرسی گۆڕان بەرەو دیموکراسی بێت لە ڕێگای کاریگەری ئەو هێزە سیاسیانە لە پرۆسەی فەرمانڕەوایی و هەوڵەکانیان بۆ دیموکراتیزەکردنی دەزگاو دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەت و کۆمەڵگا ، ئەوا لە باری دووەمدا واتا لە دۆخی نائامادەیی بنەمای دیموکراسی لە ناوخۆی هێزە سیاسیەکان و نائاشنایی و پابەند نەبوونی پارتە سیاسیەکان بە پرەنسیپ و بنەماکانی دیموکراسی ، دیموکراسی لە دەرەوەی ئیرادەی پارتە سیاسیەکان سەرهەڵدەدات و زەمینەسازی بۆ دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات لە پانتایی کاری سیاسیدا لە دایک دەبێت ، دواتریش ئەم دۆخە کاریگەری بۆسەر هێزە سیاسیەکان دروست دەکات و دیموکراتیزەکردنی پارتە سیاسیەکانی لێ دەکەوێتەوە . بێگومان ئەم دۆخەش کاتێک مومکین و شیاوە کە زەمینەی ئازادی سیاسی و هەڵبژاردنی گشتی لە ئارادا بێت و ڕەوایەتی جەماوەر بنەمای پێکهێنانی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی بێت . ئەم بیرۆکەیە پشت بەو گریمانەیە دەبەستێت کە پرۆسەی گوزەر لە دەرئەنجامی شیاو بوونی دۆخی بابەتی مومکین دەبێت ، بەو مانایەی لەبار بوونی دۆخی بابەتی کۆمەڵگا لە ڕووی ئازادی سیاسی و مافی دەنگدانی گشتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و خەباتی پارلەمانی بنەمای دیموکراسی دەچەسپێنێت و هێزە سیاسیەکان ناچار دەکات ڕووەو دیموکراسی هەنگاو هەڵگرن . بێگومان ئەم شێوازە لە گوزەر بە پێی تێپەڕبوونی کات و بەردەوامی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی و ئامادەیی هیزو لایەنە سیاسیەکان لە پانتایی سیاسەت و بەردەوامیان لەسەر ململانێیەکی سیاسی هێمنانە بەدیدێت ، واتا پرۆسەیەکی هەنگاو بەهەنگاو دەبێت ، بە پێچەوانەی شێوازی یەکەم (بەدیموکراسیبوون لەسەر دەستی هێزە سیاسیە دیموکراسیەکان) ، کە پرۆسەیەکی خێراو ڕاستەوخۆیە .
هێزە سیاسیەکانی کوردستان سەرباری ئەوەی خۆیان وەکو هێزگەلی دیموکراسی نمایش دەکەن و وەکو هەڵگری پەیامی دیموکراسی و بەدیهێنەری پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا لە خۆیان دەڕوانن ، بەڵام لە جەوهەردا هێزگەلی نادیموکراسین و لە بواری پراکتیکدا لە خزمەتی ستەمکاری و دەسەڵاتخوازیدان ، هەر بۆیەش پرۆژەی بە دیموکراسی کردنی دەسەڵات لەسەر دەستی ئەمان نامومکین و مەحاڵە . بۆیە لێرەوە هیچ هیوایەک بە گوزەر بەرەو دیموکراسی لەسەر دەستی ئەم هێزانەدا بەدی ناکرێت . ئەم بیرۆکەیەش لەسەر ئەو گریمانە گشتی یە دادەمەزرێت کە ئەگەر هێزێک لە ناوخۆی خۆیدا نادیموکراسی بێت ، ناتوانێت لە پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات و پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسیدا هاوکار و یارمەتیدەر بێت ، بەم مانایەش پرۆسەی گوزەر هیچ کات لەسەر دەستی ئەم هێزانە بەدی نایەت . لێرەشەوە شێوازی دووەمی گوزەر وەکو تاکە میکانیزمی شیاو لە پرۆسەی بەدیموکراسیبووندا پشتی پێ دەبەسترێت .
ئەم بۆچوونەش پشت بەو گریمانەیە دەبەستێت کە ئازادی سیاسی و مافی دەنگدانی گشتی ، بوار لەبەردەم هیزە جیاوازەکان دەڕەخسێنن کە گوزارشت لە خواست و ڕوانگەکانی خۆیان بکەن و خۆیان لە پانتایی سیاسی هەرێمدا وەکو هێزی سیاسی خاوەن جەماوەر و خاوەن هزر بخەنە ڕوو . ئەم دۆخەش دەرگا لەسەر پلوراڵیزمی سیاسی واڵا دەکات و لە بەدیهێنانی جۆرێک لە فرەیی لە بواری سیاسیدا یارمەتیدەر دەبێت ، بەمەش زەمینەی سەرهەڵدانی پارتی سیاسی جیاواز و دەرکەوتنی هزر و بیروبۆچوونی جیاواز و دژ بەیەک لە ئارادا دەبێت . کاتێکیش مافی دەنگدانی گشتی ، بوار لەبەردەم هەر یەک لەم هێزە جیاوازانە فەراهەم دەکات کار بۆ بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر بکەن تا لە ڕێیەوە بگەنە دەسەڵات ، ئەوا ڕەوایەتی جەماوەر دەبێتە بنەمای پێکهێنانی حکومەت ، ئەم دۆخەش جۆرێک لە کولتورو داب و نەریت دەخوڵقێنێت کە دەتوانین بە نەریتی دیموکراسی ناوزەدی بکەین . لەم گریمانەیەشەوە دیموکراسی دەرەنجامی ئازادی سیاسی و مافی دەنگدانی گشتی یە ، واتا دیموکراسی بەرئەنجامی دۆخی بابەتی و زەمینەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایە و لە واقیعی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی یەوە سەرچاوە دەگرێت . لەبەردەوامی ئەم دۆخەشدا کولتوری دیموکراسی کە زادەی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئازادی سیاسی یە کاریگەری لە سەر هێزە سیاسیەکان دروستدەکات ، ئەمەش وا دەکات بە تێپەڕبوونی کات هیزە سیاسیەکان خۆیان لەگەڵ نەریت و کولتوری دیموکراسی ڕابهێنن و ملکەچی یاساو ڕیساو پرەنسیپەکانی نەرێتی دیموکراسی بن .
بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم بابەتەش لە واقیعی سیاسی هەرێمی کوردستاندا ، بەم جۆرە ئەنجام گیری دەکەین کە هەر یەک لە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، پارتی دیموکراتی کوردستان ، بزووتنەوەی گۆڕان ، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، کۆمەڵی ئیسلامی و هێزە سیاسیەکانی تر) هێزی نادیموکراسین بەڕێژەو بڕی جیاواز، هیچیان هەڵگری پرۆژەیەکی فراوانی دیموکراسی نین کە لە خزمەتی پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگادا بێت ، بەمەش پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگاو پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسی ڕاستەقینە لەسەر دەستی ئەم هیزو گروپانە بەدی نایەت . تەنانەت ئەگەر هیزێکیش زیاتر دیموکراسی بێت و زیاتر بە پرەنسیپ و ڕێساکانی دیموکراسی کاریگەر بێت ، ئەوا هێشتا ناتوانێت پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا و پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسی بەدی بهێنیت ، ئەمەش بەهۆکاری ئەو شێوازەی فەرمانڕەوایی کە لە هەرێمدا پیادە دەکرێت و تیایدا هیچ هێزێک ناتوانێت بەشێوەیەکی گشتگیر کار لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەو ئەجێندا سیاسیەکانی خۆی بکات . بەمەش پرسی دیموکراتیزەکردن لەسەر دەستی هێزە سیاسیەکان نامومکین دەبێت . لێرەشەوە فەزای سیاسی دەبێتە زەمینەی لەباری لەدایک بوونی دیموکراسی ، بەو مانایەی کاتێک ئازادی سیاسی بوار دەداتە هزرو بیرە جیاوازەکان گوزارشت لە خۆیان بکەن ئەوا دۆخەکە شیاو دەبێت بۆ سەرهەڵدانی پارتی سیاسی جیاواز ، لەوپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی ڕاست ، لە هیزی ناسیونالیستیەوە تا هێزی ئایینی و نا نەتەوەیی . هەر وەک چۆن حیزبی شیوعی و حیزبی کۆمۆنیست ئازادن لە مومارەسەکردنی کارو چالاکی سیاسی بەهەمان شێوە بوار لەبەردەم پارت و ڕەوتە ئایینیەکانیشدا ئاوەڵایە کاری سیاسی ئەنجام بدەن ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی ، گوزارشت لە بیروباوەڕی ئایینی ئیسلام دەکەن لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا و ئازادانە کارو چالاکی ئەنجام دەدەن . دەرەنجامی ئەم دۆخەش کەشێکی سیاسی دێتە ئارا کە تیایدا فرەیی لە بواری سیاسیدا بوار لەبەردەم ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی دەڕەخسێنیت ، کاتێکیش ئەم ململانێ و کێشمەکێشە لە فەزایەکی سیاسی کراوەدا و لە ڕێگای هەڵبژاردنی گشتی یەوە خۆی بەتاڵ دەکاتەوە ، ئەوا بەدەستهێنانی ڕەوایەتی جەماوەر دەبێتە کاری سەرەکی هێزە سیاسیەکان . قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەبێتە هۆی هاتنە ئارای دەسەڵاتێکی سەرچاوە گرتوو لە ڕەوایەتی جەماوەرو پەیدابوونی هێزگەلی ئۆپۆزسیۆنی کاراو چالاک . بێگومان تا ئیستا لە پرۆسی سیاسی هەرێمی کوردستاندا ئەم دۆخە بەم شێوازە نەهاتوەتە دی –بەدەر لەو چوار ساڵەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ، ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی کارایان دەگێڕا- ، هەر بۆیەش پرسی گوزەر بەرەو دیموکراسی بەشێوەیەکی فیعلی بەدی نەهاتوە . گریمانەی سەرەکیش لێرەدا ئەوەیە کە سازانی نیشتمانی و حکومەتی بنکە فراوان و هەر شتێکی تر لەم بابەتە (هێزە سیاسیە جیاوازەکان پێکەوە بەشداری دەسەڵات دەکەن و هیچ هیزێکی ئۆپۆزسیۆن لە ئارادا نابێت) پرسی گوزەر بەرەو دیموکراسی سست و لاواز دەکات و ئەگەری گەیشتن بە دیموکراسی ڕاستەقینە هەرەس پێدێنێ . بە پێچەوانەوەش قبوڵکردنی دەرەنجامەکانی دەنگدان و پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەنگەکانی خەڵک و بوار ڕەخساندن و زەمینەسازی بۆ لەدایک بوونی ئۆپۆزسیۆنی کاراو چالاک بنەماکانی دیموکراسی جێگیر و پتەو دەکات . هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ دووبارە بوونەوەی ئەم دۆخەش پرسی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و خەباتی ئۆپۆزسیۆنی دەبێتە کولتور ، ئەم شیوازەش لە کولتورو نەریتی سیاسی کاریگەری لەسەر هێزە سیاسیەکان پێکدەهێنێت و بە تێپەڕبوونی کات ئەو هێزانە لە هێزی نادیموکراسی و نەیارەوە بۆ هێزی دیموکراسی دەگۆڕێن و بە کولتوری سیاسی باو کاریگەرو بارگاوی دەبن . کاتێکیش ئەم دۆخە بەدیهات ئەوا جارێکی تر لە ڕێگەی هێزە سیاسیەکانەوە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا لە دۆخی بەردەوامیدا دەبێت . بەو مانایەی کاتێک کولتوری سیاسی باو بەو شێوەیە دەبێت ، ئەوا ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر یەکێتی وپارتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو هێزەکانی تر دروست دەکات خۆیان لەگەڵ کولتوری دیموکراسی ڕابهێنن و دیموکراسی لە ناوخۆی خۆیان پەیڕەو بکەن ، بەمەش ئەوان دەبنە هێزگەلی دیموکراسی و لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن .
پوختە (هێزە سیاسیەکانی هەرێم لە توانایاندا نیە پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسی بەئەنجام بگەیەنن ، ئەمەش بەهۆی نائامادەیی ڕۆحی دیموکراسی لە هەناوی ئەو هیزانە بەشێوەیەکی گشتی ، تەنانەت گەر هێزێکی وەکو “بزووتنەوەی گۆڕان” بیەوێ ئەم ئەرکە ئەنجام بدات بەو پێیەی لە هێزەکانی تر زیاتر بارگاویە بە کولتور و نەرێتی دیموکراسی ، ئەوا سەرەنجام هەرەس دێنێ چوونکە لە لایەن هێزەکانی ترەوە پشتگیری ناکرێت و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت . لێرەوە گریمانەی سەرەکی ئەوە دەبێت کە پرۆسەی گوزەر لە دەرەنجامی ئامادەیی دۆخی سیاسی هەرێم و لەباری کەشی بابەتی بە ئاکام دەگات ، لەو ڕوانگەیەوە کە ئازادی سیاسی و مافی دەنگدانی گشتی بوار بۆ فرەیی سیاسی دەڕەخسێنێت ، ئەم کەشەش خۆی لەخۆیدا دیموکراسی دەخەمڵێنێت . دواتریش بەردەوامی ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر هێزە سیاسیەکان دروست دەکات و ناچاری قبووڵکردنی نەریت و کولتوری دیموکراسیان دەکات ، لە ڕێگای ئەو هێزانەشەوە جارێکی تر پرۆسەی گوزەر بەرەو دیموکراسی بە ئاکام دەگات .)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت