Muhamad-H-M-Barzani

عیماد عەلی : بۆچی هەرلایەک لە پارتی نزیک بێتەوە جەماوەرەکەی لەدەست دەدات ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو پرسیارەی دەبێت خودی پارتی پێش لایەنەکانی تر وەڵامی بداتەوە ، ئەوەیە ، ئایا بۆچی هەر کەس و لایەنێک لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە خۆی بە پاڵەوانی کوردستان دەزانێت و بەو هەموو توانا و مێژووەوە بە هەر شێوەیەک بووە ، نزیک بێتەوە ، رێژەیەکی باش لە جەماوەرەکەی لەدەست دەدات ؟
ئەمە وا لە چاودێران دەکات لە زۆر لاوە شیکاری زانستیانەی بۆ بکەن و ، راست و دروستی هۆکاری بڤەیی پارتی لە پەیوەندیەکانی لە گەڵ لایەنەکانی تر بدۆزنەوە . ئەمەش زیاتر وا دەردەکەویت کە بیەوێت ، لە فەرزکردنی بەرژەوەندیە تەسکەکەی خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەر و جێبەجێ کردنی ئەجێندا تایبەتیەکەی و ئامانجەکانی خۆی لە رێگەی ئەوانی ترەوە جێبەجێ بکات و ، ئەو ئىنجامەش بۆ هەموو لایەک دەربخەن ، کە هەمیشە هەوڵی بەردەوامی پارتی ئەوەیە ، کە خۆی باڵا بێت و لە هەموو لایەک براگەورە بێت ، بۆیە لە دەرئەنجامدا بەو شێوەیە لە بەرژەوەندی بەرامبەرەکەی دەدات ، ئەمەش هۆکاری سەرەکی زەرەرمەندی هەر لایەنێکە کەلە پەیوەندی و نزیکبونەوەی لەگەڵ پارتیدا بەردەوام بێت و ، نزمبونەوەی ئاستی جەماوەرێتیی لێدەکەوێتەوە و بەرژەوەندیە حزبی و سیاسیەکانی لەدەستدەدات .
مێژووی پارتی لە مامەڵە کردنی لەگەڵ پرسی کورد و کوردستاندا ، وا خۆی دەنوێنێت ، کە هەمیشە وا دەزانێت تا ئێستاش تاکە حزبە و واقعی کوردستان وەک شۆرشی ئەیلولە و سەرجەم لایەنەکانی تر لە منداڵدانی ئەو هاتونەتە دونیاوە و ئەو باوک و برا گەورەیە و ئەوانی تر لای ئەو ریزبەندیەکی بۆ کردون و ، دەبێت ئەوانی تر وەک باوک وکور لە پارتی بروانن و داواکاریەکانی وەک فەرمانی عەسکەری جێبەجێ بکەن، سەرەرای ئەوەی ئێستا و دوور لە گزی و فرت وفێل و ساختەی هەڵبژاردن ، بە ژمارەی دەنگدان پارتی نوێنەری کەمینەیە .
لە کوردستاندا ، بارودۆخی سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان گۆڕاوە و هەمیشە گۆران و پێشکەوتن باڵی بەسەر کوردستاندا کیشاوە و ، ئەمەش وا پێویست دەکات کە پارتی پێش لایەنەکانی تر ، بە رێگەیەکی زانستیانە ئەم هەموو گۆرانکاریە گشتیانە بخوێنێتەوە و ، لە مامەڵە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکانی تردا لەبەرچاو بگرێت و ، سەرجەم هەنگاوەکانی لەسەر ئەم گۆرانکاریە گشتیە تازانەدا بنیات بنێت . ئەمە لە لایەک ، لەلایەکی ترەوە زۆر پێویستە لە خوێندنەوەی بارودۆخی کوردستان تەنانەت مامەڵە و سیاسەتی خۆی لەگەڵ خەڵکیشدا مەیسەر بکات، نەک هەمیشە هەموو لایەک بە تابع وخۆی بە مەتبوع تەماشا بکات و بزانێت .
لەو روانگەشەوە، دەبێت پارتی بە خۆی هۆکاری سڵکردنەوەی خەڵک و تەماشاکردنیان بۆ ئەم حزبە وەک لایەنێکی ساختەچی لە هەڵبژاردن و رەفتار نادیموگراسی و موحافکار و تەنها بنەماڵەیی و ناوچەگەری بدۆزێتەوە و ، سکەی سیاسی خۆی راستەرێ بکات . بۆیە ، لەم قۆناغە و لەمەش بەدواوە، سەرجەم حزبەکان لە نزیکبونەوەیان لەگەڵ پارتی زۆر سڵ دەکەنەوە و لەوبارەوە بە وریاییەوە هەنگاودەنێن ، بۆ ئەوەی جەماورێتی خۆیان لەدەست نەدەن . ئەمەش سونەتی ژیانە کە دەبێت گۆرانکاری رووبدات و گونجاو لەگەڵ سەردەم و گۆرانکاریەکان جێگەی ناگونجاو دگرێتەوە ، هەرچەند کاتەکەی دوا بکەوێت .

سەرچاوەی وێنە – باس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت