111.2899 Barzani 7

شێرزاد شێخانی : دۆزەخی زەرد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هاورێیەکم ئەندامی سەرکردایەتیە پێی وتم : کەوا لەیەکێک لە کۆبونەوەکانی ئەمدواییەی پارتی و یەکێتیدا ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی پینج جارەی هەرێم و ئەندازیارە نازدارەکەی پێشکەوتنی هەرێم و ، نمونە بەناو جوانەکەی ناو سەرکردایەتی پارتی ، گلەییەکی زۆری لەبرادەرانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد بوو سەبارەت بەداڵدەدانی ئەو نوسەرو رۆژنامەنوسانەی نەیاری پارتین یاخود لەدژی پارتی بابەت ئەنوسن ، ناوی منیشیی بە تەحدید هێنابو کەوا چۆن ئەم پیاوەتان داڵدە داوە .
بارزانی و کۆیلەکانی بیریان چۆتەوە کەوا زۆنی سەوز هەمیشە زۆنی ئازادیخوازان بوە ، هەرواش ئەمێنێتەوە ، زۆنی زەردیش دۆزەخێکە بۆ هەمو ئەو کەسانەی وەکو شیڤان ئازاد بیر ئەکەنەوە یا هەوڵی گۆڕانیک ئەدەن لەم سیستەمە دیکتاتۆرەی ئەمرۆ باڵی بەسەر هەولێرەکەمدا کێشاوە.
لەدوای خیانەتە تڕریخیەکەی مەسعود بەرزانی خۆم و خێزانم ئاوارەی سلێمانی بوین ، جارجار خەسوم بەرەحمەت بێت ئەهات بۆ سەردانمان ، ژنیکی نەخوێندەواری عەشایەر بوو ، بەڵام هەمو جاری بۆی ئەگێڕاینەوە کەوا لەدوای دەرچونی لەئاخیر سەیتەری پارتیەکانەوە هەستی بەسازگاری هەواکەی زۆنی سەوز ئەکرد ، بەڵێ تەنانەت هەواکەشمان جیاوازە لەوان .
برواتان بێت ئەو کچە خنجیلانەی فەیسبوک ( نمە نەریمان ) ئەگەر لەهەولێربوایە ئەویشیان بەو تەمەنە چوار ساڵییەوە دەستگییر ئەکردو ئەیانخستە ناو زیندانەکانی پاراستنەوە ، ئەگینا باوک و دایکیان رەوانەی زیندانەکانی ئاکرێ ئەکرد ، خۆ سیخورەکانی سەدامیش کاتی خۆی هەمیشە بەدوای مناڵانی قوتابخانەکانەوە بون بۆ دەستنیشانکردنی هەڵویستی باوک و دایکیان ، ئەم بەچکە بەعسیانەی هەولێریش کە ئێستا زۆربەیان پلەی راوێژکار و بەرێوەبەری گشتیان هەیە لەوانەوە ئەم دەرسانە فێر بون .
سەرۆکی حکومەت و جیگری سەرۆکی پارتی ئەیویست لەو گلەییانەی بەرامبەر داڵدەدانی ئێمەومانان وەک ئەوەی بیەوێت یەکێتیش پارتی ئاسا نەیارەکانی خۆیان تەسلیم بکاتەوە ، چۆن ساڵانی حەفتاکان مەلا مستەفای باپیری سلێمان موعینی و هاورێکانی لە سەرکردایەتی شۆرشی رزگاریخوازی کوردستانی رۆژهەلاتی تەسلیم بە ئێران کردو لەوێ لەسێدارەدران ، مەسعود بەرزانیش لەوی کەمتر نەکرد کاتێک پەرلەمانی کوردستانی خستە ژێر پۆستاڵەکانی بەعسەوەو ، بەم دواییانەش فەرمانیدا بە دەرکردنی هەر کەسێک کە بە حوکمی ئەوانەوە رازی نەبێت ، هەر بۆیەش سەیتەرەکانی سەردەمی براکۆژییان هێنایەوەو سەگیشیان بەردایە پەرلەمانتارەکانمان ، ئەی ئەگەر نەیارە سەرسەختەکانیان دەست بکەوێت ئەبێ چییان لێبکەن .
جوزیف غۆبلزی وەزیری راگەیاندنى رژێمی نازی هیتلەری دەیوت ” هەر کە گوێم لەوشەی رۆشنبیر ئەبێت ، دەست بۆ دەمانچەکەم ئەبەم “. پارتیش کە دوژمنی بابەکوشتەی سەقافەت و کلتوورە ، بەهەمان شێوە گەورەترین دوژمنی خاوەن قەڵەمەکان و لەناویشیاندا خاوەن هەڵویستەکانە .. بۆیە هێلکەبارانکردنی مامۆستایەکی زانکۆی وەکو دکتۆر کەمالی سەید قادر ، رێک دەربڕی ئەو کلتور و شکستی ئەخلاقی سەرانی پارتییە نەوەک حەیابردنی ئەم دکتۆرە بەرێزە.
کۆشتنی سەردەشت عوسمانیش ، کوشتنی هەمو بنەمایەکی دیموکراسییە کە بە زوڵم و بوهتانەوە پارتی لکاندویەتی بەناوی حزبەکەیەوە . کۆچکردنی بەلێشاوی ئەمرۆی گەنجانی هەولێریش خاڵێکی رەشە بەنیوچاوانی پێنج حوکومەتەکانی نیچیرڤان و پارتەکەوی و بۆ دە ساڵی حوکمی ناڕەوای مامەکەشیەوە .
شارەکەی من ئەمڕۆ غەرقی فرمێسکی دایک و باوکی ئازادیخوازانە ، بەر لەوەی خەڵتانی خوێن بکرێتەوە ئەبێت دەیانو سەدان و هەزاران شیڤانی چاونەترسی تر بێنە دەنگ ..
شاعیری گەورەی عەرەب موتەنەبی ئەفەرموی : ئەگەر بەدەست مردندا چارت نەبێت ، شەرمو شورەییە بە ترسنۆکی بمریت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت