عیماد عەلی : ئەگەر بە یاسا هاتویت بە یاساش دەرۆیت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرێز مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، لەکۆبونەوەی لەگەڵ لایەنەکان دەڵێت : بە کودەتا نەهاتوم تا بە کودەتا برۆم . لەم سەردەمەدا هەموو کەس لەگەڵ ئەوەدایە کە هیچ بەرپرسێک بە کودەتا نەروات و ، هەر لە بنەرەتدا باوی کودەتا و شۆرشی عەسکەری و دەرکردن و راماڵین و سرینەوەی بەرامبەر نەماوە .
بەڵی ئەگەر دوو خولی یەکەمی سەرۆکایەتی بە یاسایی لەقەڵەم بدرێت و هیچ خەوشێکی لەسەر نەبێت بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ی ژمارە 1 ساڵی 2005 ، بەڵام درێژکردنەوەی دووساڵی پاش دووخولەکە و بە پێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 ی رێکەوتنامەی نێوان یەکێتی و پارتی ، قسەی زۆر هەڵدەگرێت و دەتوانرێت بە یاساش رەتبکرێتەوە . بەهەر حاڵ ئەگەر قسەش لەسەر ئەوە نەکەین و لەبەر خاتری خاترداران و بارودۆخی تایبەتی کوردستان بە یاسایی لەقەڵەم بدرێت ، لەبەر ئەوەی ماوەکەی بەسەرچووە ، ئەی بەچ پێوەرێکی یاسایی ئێستا سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە ، ئەگەر ئەم یاسایەش بوارێکی بۆ دووبارە بونەوەی کاک مەسعود بارزانی بهێشتایەتەوە و نەنوسرایە یارای دووبارە بونەوەی نیە ، دەکرا چەند قسەیەک هەڵبگرێت .
دەبێت بە شێوەیەکی لۆجیکی گفتوگۆی ئەم یاسایە بکرێت ، ئەگەر یاسای ژمارە 19 ی ساڵی 2013 یاسایەکی یاساییە و لەچوارچێوەی یاسای باوەرپێکراو و لەسەر بنەمای دیموکراسی و هۆکاری زەرورەتی دەرچواندنی راست و دروستی یاسایی حسابی بۆ کرابێت ، دەبێت دان بە یاسایی بونیدا بنێیت و ، دەبێت بە پێی برگەکانی کاروباری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم رایی بکەیت و باوەرت بەسەرجەم برگەکانی بێت ، ئەگەر بە نا یاسایی لەقەڵەم بدرێت ، ئەوە دەبێت لە پیش چاوی خەڵک بڵێیت ئەم دوو ساڵەی سەرۆکایەتی هەرێم بە پێی هەر یاسا و عورف و عادەتێک یاسایی نیە ، یان ئەو برگە تایبەتەی کاری پێ ناکەین یان بە یاسا ئەم یاسایە رەت دەکەینەوە . ئەگینا کەس هەوڵی کودەتای نەداوە و کەس دژایەتی شەخسی لەگەڵ کاک مەسعود دا نیە ، بەڵکو لە کاتی هەنگاونانی سەرەتایی بۆ دامەزراندنی هەر قەوارەیەکی سیاسی ، ئەگەر لەسەر بنەمای یاسایی بنیات نەنرێت ، وەک هەر بینایەکی فشەڵ بەرگەی نەرمە بایەکیش ناگرێت . بۆیە دەبێت خودی کاک مەسعود پشتگیری راستەوخۆی بە یاسایی کردنی بەرێوەچونی کاروباری هەرێم بکات و هیچ بەرژەوەندیەک لەبەر چاو نەگرێت و کاردانەوەی تاکەکسی بخاتە .
ئەگەر لە هەنگاوەکانی لایەنەکانی تر جۆرە رەنگوبۆیەکی سیاسی لەمەر جێبەجێکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە تایبەتی کرابێت و ، خرابێتە خانەی ململانێی حزب و کەسایەتیە سیاسیەکانەوە و گەنجانە و بە نەزانی و، لەبەرچاونەگرتنی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەل کەسایەتی سەرکردایەتی سیاسی پەروەردەی رۆژهەڵاتی لەبەرچاو نەگیرابێت ، دەبێت خودی کاک مەسعود گەورەیی و یاسا ناسی و باوەربون بە کارە یاساییەکان بۆ سەرجەم گەلی کوردستاندەربخات و ، چەمکی پشتبەستن بە هێزی یاسا بۆ هەمو لایەن و کەسایەتێکی کوردستان و تەنانەت هاوڵاتی ئاسیی بسەلمێنێت . بۆیە وەک ئەو هەواڵانەی کە لە کۆبونەوە ی حزبەکان دزەیان کردوە ، زۆر شت لە هەڵوێستی کاک مەسعود دەخوێندرێتەوە کە پەیوەندی بە یاسایی و نا یاسایی رەفتارەکان نیە بەقەد ئەوەی پەیوەندی بە خودی خۆی و رەفتاری لایەنەکانی ترەوە هەیە، ئەگینا بۆ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر پەرلەمان و لایەنەکان سەبریان هەبوایە تا 20ی ئاب بەخۆی ئەم پرسەی چارەسەر دەکرد و ئەم مارجانەی نەدەبوو . بۆیە دەڵێین ئەگەرپرسێک کە پەیوەندی بە دوارۆژی میلەتێکەوە هەبێت و تەنانەت ئەگەر لایەنی بەرامبەر هەڵەی کردبێت ، نابێت لە پێناو عورفێکی شەخسی وبە کاردانەوە یان تۆڵە کردنەوە پرسی گشتی کوردستان بخەیتە مەترسیەوە و ، هەنگاو و بیرکردنەوەت لەسەر بەرژەوەدیە باڵاکانی کوردستان بکەوێتەوە .
بۆیە دەڵێم ، دانیشتنی سەرکردایەتی سیاسی باڵای کوردستان و رەوینەوەی هەڵوێستە گرژەکان و هێورکردنەوەی باری سایکۆلۆجی سەرکردەکە و تاکەکەسە کاریگەرەکان وەزعەکە ئاسایی دەبێتەوە و نیوەی پرسەکە چارەسەر دەکات و خەڵک لە دڵە راوکێ رزگاری دەبێت . ئەگینا هەنگاوەکانی پەرلەمان ئەگەر هەڵەشەیی و نەرم ونیان نەبون و باری دەرونی و سایکۆلۆجی کەسیان لەبەر چاو نەگرت بە تایبەتی کاک مەسعود ، بەڵام لە کرۆکدا یاسیی بوون و هیچ تانەیەکی یاساییان لەسەر نادرێت و هیچ پەڵەیەکیشیان لەسەر نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت