Anwar-Qadir

ئەنوەر قادر ڕەشید : پێشنیازێکی سازاناوی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆبوونەوەیەک یان باشتر بڵێین ئەزنیفێکی سیاسی چوارقۆڵی کرا لە نێوان هەر چوار یاریزانەکە ، ئەم ئەزنیفە لەوانە نیە کە تا ئێستا بینیومانە ، ئێمە بیستوومانە یەکێک لەم یاریزانانە یان دوو شەریکیان ئەیبەنەوە ، بەڵام لەم ئەزنیفە سیاسیە هەموو یاریکەران و هەموو دانیشتوانی چایخانەکەش دۆڕاون و تەنیا براوە ئەو برادەرەیە کە خاڵی بردنەوەکان ئەنوسێ و پێی ئەوترێ تەرەفی پێنجەم .
ئاخر یاریزانە ئازیزەکان ئەگەر تەنگەشەی سەرۆکایەتی هەرێم یاسایی بوایە ، وەک خۆتان بانگەشەی بۆ ئەکەن ، ئەبوو دووساڵ لەمەوبەر یەکلایی بکرایەتەوە ، بەڵام ئێستاش لە لایەک باس لە یاسا و لە لایەکی ترەوە سازانی سیاسی لەبارەی ئەو پرسەوە شانۆگەریەکی گاڵتەجاڕیە و تەنیا و تەنیا مامەڵەیەکی بازرگانی کاتیە بۆ دەسکەوت و دەسەڵاتێکی کارتۆنیی زیاتر .
باسکردنی یاسا لە هەرێمێکی کەڵەگاییدا نوکتەیەکی رەشە ، یاسایەک پارێزگاری لە بکوژانی گەنجانی نیشتمانەکەم بکات و یاسایەک جاش و پیاوکوژان و دوژمنانی نەتەوەکەمی لەپاڵدا حەسابنەوە و گەندەڵکار و دزانی سامانی نەتەوەییمان لە سایەیدا دەسەڵاتدار بن ، ئەوە کام یاسایە؟ ئەو یاسایەی باوکێک ئەخاتە زیندانەوە کە قوتوویوک شیر بۆ مناڵە برسیەکەی ئەدزێ ؟ تکایە باس لە یاسا مەکەن، دانیشن و لە نێوان خۆتاندا رێکەون ، ئێوە بۆ پرسی سەرۆکایەتی کۆدەبنەوە و سەرۆکیش هەر لەجێی خۆیەتی و وەک جاران بە کارەکانی خۆی هەڵدەستێ، ئێوەش بەم کۆبونەوانە سەرێشەتان بۆ هەموومان دروست کردووە و دەرفەتتان بۆ کادرە سیاسیە دەمپیسەکانی حیزب رەخسانووە بە قسەی هەلەق و مەلەق و کاسەلێسی دەسکەوتی زیاتر بەدەست بهێنن .
من دڵنیام ئەو پرسە بە ئێوە ئەنجام نادرێ و بۆ ئەوەی زیاتر شەرمەزاری ئەو میللەتە نەبن و ئابڕوی خۆشتان بپارێزن ، کۆبوونەوەکانتان درێژە پێ بدەن و بیکەن بە چوارساڵ جارێک و با سەرۆکیش هەر لە پۆستەکەی خۆیدا بمێنێتەوە و چوارساڵ جارێک لێتان بپرسێ ، ئەرێ گەیشتن بە چی؟
هەرێمێک هەر لە بنەڕەتدا بە سازان و دابەشکردنی سامان و دەسەڵات بنیاد نرابێت تازە بە ئێوە چارەسەر ناکرێت ، هەرێمێکی لەو جۆرە چاکسازی تیا ناکرێ ، بەڵکو ئەبێ لە سفرەوە بنیاد بنرێتەوە و ئەو بنیادنانەوەیەش لە توانای ئێوەدا نیە چونکە خۆتان بەشێکن لەو پاشاگەردانیە و ئەوی بتوانێ گۆڕانکاری بکات و مێژوو بنوسێتەوە تەنیا و تەنیا شەقامە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت