عـــــەتـــــا قـــەرەداخــــی : نامەیەکی کراوە لە مەولانا خالیدی نەقشبەندیەوە بۆ بەرپرسان و سەرۆک حیزبەکانی کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە رێگاى ئەو کەسانەوە کە هەست بە ئازارەکانی مەولاناى ئاوارەى دەستی دووبەرکی دەکەن .
ئەگەر چی هیچتان شایەنی ئەوە نین کە من نامەتان بۆ بنووسم، بەڵا چیبکەم نیگەرانیم بۆ میللەتەکەم ناچارى کردم ئەم نامە کورتەیەتان بۆ بنووسم و ئەوەتان بیر بخەمەوە کە ئایا دەزانن بۆچی میرنشینە کوردەکان بە میرنشینی بابانیشەوە هەرەسیان هێنا؟ ئایا دەزانن بۆچی دەسەڵاتدارییەکەى شێخ مەحمودی نەوەى شێخ مارى نۆدێ هەرەسی هێنا؟ ئایا دەزانن بۆچى سەرجەم بزووتنەوەکانی کورد لە رابردوودا دووچارى شکستبوون و هەرەسیان هێنا؟ بێگومان ئاشکرایە هۆکارى سەرەکی هەموو ئەو شکستانە ناکۆکی ناوخۆبووە. هۆى سەرەکی ئەو ناکۆکیانەش ملنەدانی میرو شێخ و ئاغاو بەرپرسەکان بووە بۆ یەکترى . هەربەکە ویستوویەتی ئەویتر لەناو ببات و بسڕێتەوە بە ئومێدی ئەوەى کە خۆى شوێنی ئەویش بگرێتەوە، بەڵام سەرئەنجام هەموویان یەک بەدواى یەکدا هەرەسیان هێناوە . دیارە ئەگەر میرو بەرپرسە کوردەکان هەست و هوشیارى نەتەوەییان هەبووایە ، ئەگەر تواناى ئەوەیان هەبووایە لە برى دژایەتیکردنی یەکترى یەکیانبگرتایە، ئەگەر عەقڵی ئەوەیان هەبووایە لەبرى ملکەچی و کڕنووش بردن بۆ عەجەم و تورکی رۆمی دەستیان بخستایەتە ناو دەستی یەکترەوەو لەبرى بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی جوتیارو شوان و هەژارى و رەنجدەرى وڵاتەکەیان و رزاندنی جەماوەر لەژێر بێگاردا دەستگیرۆیی و پشتگیرى جەماوەرى وڵاتەکەى خۆیانیان بکردایە ، ئەوە نەک هەر نەدەڕوخان و لەناو نەدەچوون بەڵکو پەرەیان دەسەندو دەشبوون بە دەوڵەت، لەبارێکی وەهاشدا عەجەم و تورکی رۆمی جورئەتی ئەوەیان نەدەکرد بەوجۆرە دەستبکێشنە ناو وڵاتی کوردانەوە.
ئەى بەرپرسانی سەرجەم حیزبەکانی کوردستان ، ئێوەش تاکو ئێستا بەهەمان عەقڵی بچووکی ئاغاو بەگ و میرەکانی کورد کاردەکەن و کاتێ خۆتان و بەرپرسانی خوارەوەى حیزبەکانتان و کادیرو لایەنگرانتان دەدوێن و جەوهەرو ماهیەتیان دەردەکەوێت، ئاشکرا دەبێت کە چەند رووتکراوەو داماڵراون لە هەموو هەست و هوشیارییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی. لەپاڵ ئەوەى کە گۆرانی بە باڵای بەرژەوەندیە تایبەتیە حیزبی و کەسیەکانی خۆتان دەڵێن ، بە ئاشکراش دیارە چۆن هەر دەستەو کۆمەڵێکتان وەکو سەردەمی میرنشینەکان ملکەچ و گوێڕایەڵی عەجەمی نوێ و تورکى عوسمانی نوێن.
کاتێ مرۆڤــــ گوێی لە گفتارتان دەبێت، کاتێ کردارتان دەبینێت ، کاتێ بیرکردنەوەتان تێدەگات ئەوسا باش دەزانێت ئێوە نەک بەشێک لە رابردو و ئێستاى میللەتتان کوشتووە بەڵکو ئایندەشتان خستۆتە بەردەم مەترسیەوەو ئەگەر بەم عەقڵە خێلەکی و میرئاساییەى رابردوو کاربکەن و بەم شێوە سەقەتەى ئێستاتان بیربکەنەوە ئەوە ئایندەى کوردستان دەکەنە هاوشێوەى چارەنووسی ئەو میرنشینانەى کە میرەکانیان لەوە بچوکتربوون هەنگاو بەرەو ئایندە بنێن. هەڵەو خۆپەرستى و ئەڵقە لەگوێی ئەوان بۆ بێگانە کوردی کردە هەتیووە بێباوکەکەى جیهان و کەوتە پەراوێزى مێژووەوە ، ئێوەش بەمکارانەى ئێستاتان ، بەم عەقڵە بچووکەى ئێستاتان، بەم هەموو رق و کینەوە کە چاوی کوێرکردوون، بەو هەموو گرێی هەست بەکەمیکردنەوە کە لە حەقیقەتی بچووکی خۆیشتان زیاتر بچووکی کردوونەتەوە ، ئەو هەلەى لە ئەنجامی هەڵە یەک لە دواى یەکەکانی سەدام حسێن بۆ کورد رەخسا بۆ ئەوەى ئەگەر سەرکردەو حیزب و بزووتنەوەى خاوەن عەقڵ و بەرنامەو ستراتیژو کەسێتی و ئیرادەی هەبووایە دەیتوانی بوونی خۆى بسەلمێنێت و شکستى میرو ئاغاو بەگە گەمژەو خۆپەرستەکانی رابردوو پڕبکاتەوەو گەلی کوردى هەتیو و بێکەسی سەر ئەم گۆى زەوییە بگەیەنێـە ئاستێک خۆى خاوەنی راستەقینەى خۆى بێت ، بەڵام بەداخەوە ئێوەش بەم کارانەى لە ماوەى دەسەڵاتـداریتاندا کردتان و تاکو ئێستاش بەردەوامن، ئەوەتان سەلماند کە ئێوەش کوڕی شەرعی باوکە شکستخواردووەکانی رابردوون ، کوڕى ئاغاو بەگ و میرە خۆپەرست و ئاسۆ تەنک و ملکەچەکانی رابردوون . بەڵام هێشتا کات بەبەرییەوە ماوە ئەگەر بتانەوێت و بوێرى ئەوەتان هەبێت لە بەر تاڤگەى بیرى نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردایەتی پێشکەوتنخوازانەدا بە جوانی خۆتان بشۆن و رۆح و جەستەتان خاوێن بکەنەوەو دەستنوێژى یەکتر قبوڵکردن و یەکێتی و یەکبوون بگرن ، ئەوا دەشێ ئەمەى هەمانە لە دەستمان نەچێت، بە پێچەوانەشەوە هەرچیەک رووبدات ئێوە دەیان ئەوەندەى میرە خۆپەرستەکانی رابردووى کورد روو زەردى مێژوو دەبن. جارێکی تر بیرتان دەخەمەوە یەکتر قبوڵکردن و یەکێتی و یەکبوون هەڵبژێرن بۆ ئەوەى ریسواو رووزەردى بەردەم میللەتەکەتان نەبن .

مەولانا خالیدی نەقشبەندی – شام – 7ى رەمەزان-1241

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت