5-‌Partaka

عیماد عەلی : ئایا حزبی راستەقینە لەکوردستانی باشووردا هەیە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر کەسێک مەعریفەی زیاد بوو ئازاری زیاتر دەبێت . بە لایەکی ترەوە ، هۆشیاری هاوتەریبی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی راستەقینەی ژیانی مرۆڤە . واتە بە زانیاری زیاتر ئاڵۆزیی لە بیرکردنەوە فراوانتر و قوڵتر دەبێت و ، پێشرەوی و هەڵکشانی توانای عەقڵیی نوخبە بۆ راکێشانی خەڵک لە پێناو بەدیهێنانی ئامانج گەلێک لە رێگەی روونتر و راسترەوە باڵاتر دەبێت . بۆیە ئەگەر لە زەمانێکدا کۆمەڵێک خەڵک لە روبەرێکی جوگرافی و لە نێو پێکهاتەیەکدا کە بەرژەوەندی ژیانیی هاوبەشی دوور لە ئامانجی دورمەودا کۆی کردبنەوە ، ئەوا لە قۆناغەکانی دواتری پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤدا ، گەیشتینە ئەو رادەیەی کە حزب دوور لە هەر ئینتمایەکی جوگرافی و خێڵەکی و عەشیرەتی و خزمایەتی و ناسیاوی ، کۆکەرەوەی خەڵکانێک بێت کە عەقڵیەتیان بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوتر پەریبێتەوە و ، پەنایان بۆ بیر و فەلسفە و ئایدیۆلۆجیا بردبێت ، ئەوا ئێمەی گەلی کوردستانی ئەگەر لە رۆژگارێکی کورت مەودادا رێکخستنێکی پێشکەوتنخوازمان هەبوبێت ، لەم کاتەدا ئێمەی خەڵکی کوردستانی باشور بێ بەشین لەو جۆرە حزبە پێشکەوتنخوازانە .
لەو روانگەوە دەتوانم بڵێم : ئەگەر حزب رێکخراوێکی مەدەنی هەڵگری بیرو فکرو فەلسەفەیەکی ئاراستەکراوی یەک نەسەق و هەڵگری پەیامی پیشکەوتنخوازی بێت ، نەک کۆکردنەوەی کۆمەڵێک خەڵکی نێو گردبونەوەی هەمەجۆری کۆمەڵایەتی لە چەشنی خێڵ و عەشیرەت و ، کۆمەڵێک ئەڵقەی هەمەرەنگی رۆشنبیری و سیاسی ، بە سەرکردایەتی خەڵکانێک کە دەتوانن ئەو جەماوەرە یان لە قەوارەیەکی سیاسی دیاریکراو دا وەک ژمارەیەک مونتەمی کۆ بکەنەوە و رابەرایەتیان بکەن ، یان وەزعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری کوردستان ئیستغلال بکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەوانەی بە ئەندام و لایەنگر و کادرانی خۆیان لە قەڵەم بدەن ، ئەگینا حزب وەک رێکخراوێکی مەدەنی سیاسی خاوەن بنەمایەکی فکری فەلسەفی و خاوەن رێبازێک بن و بە ریرەوێکی دیاریکراوی ئایدیۆلۆجیدا تێپەرن کە خەڵک بە باوەربون بەو بنەمایانە بچنە ریزیانەوە ، لەم کاتەدا هیچ جۆرە حزبێکی لەم جۆرە لە کوردستاندا بونی نیە .
نەک هەر کلتوری کوردستان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە دوور لە گردبونەوە کۆمەڵایەتیەکان ، حزبێک دروست بێت وەک رێکخراوێکی مەدەنی پێشکەوتنخواز بن و پێشەنگی قافڵەی ژیانی خەڵکی کوردستان بن و ، هاوکار لەگەڵ رێکخراوە مەدەنیە جۆراوجۆرەکانی تری کوردستان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن ، بەڵکو نەبونی پرەنسیپی زانستیانە و پێشکوتنخوازانە ، هەمیشە خۆی بەسەر حزبەکاندا سەپاندوە . بەڵام ئەوەی دەبینرێت لە بەناو حزبەکاندا لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری خودی و بابەتی ، لەسەر ئەرزی واقیع خۆیان لەگەڵ واقعی کۆمەڵایەتیدا گونجاندوە ، ئەمانیش جگە لە کۆکردنەوەی عەشیرەت و خێڵ و بنەماڵە و کۆمەڵێک هاورێ و هاوتەمەن و برادەر هیچ سیفەتێکی حزبیان تێدا نابینرێت .
بۆیە ، ئەگەر بە پێناسە راستەقینەکەی حزب هەڵسەنگاندی بارودۆخی حزبەکانی کوردستان بکەین ، دەبێت بڵێین : کوردستان خاڵیە لە حزبی راستەقینە و پێویستمان بە جۆرە حزبێک هەیە لە سەر بنەمای راستەقینەی حزب وەک رێکخراوێکی مەدەنی پێشکەوتنخواز بنیات نرابێت . ئەمەش کاتێکی زۆر و هەوڵ و تەقەلا و ئیرادە و هیمەتی نەوەی نوێ و دوور لە حەرەسە کۆنەکانی ، دەیەوێت ، کە دوور بن لە نەخۆشیەکانی نەوەی کۆن و نەهێڵن تێکەڵیان بن . بە وردەکاری و هیلاکبون و هاوکاری و عەقڵی مۆدێرن لە دوارۆژێکی کورتدا دەتوانن جێگەیان پێ لەق بکەن و زاڵبن و کوردستان بگەیەننە قۆناغێکی نوێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت