Goran-2

ئەبوبەکر جاف : لە بارەی دەسەڵات و بەرگرییەوە ، چۆن بزوتنەوەی گۆڕان تێپەڕێنین ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پێناو بەرگریی گەریلاییدا

1
گۆڕان كاری بووبوو بە دێوكردنی دەسەڵاتی سیاسی و بە پیشەسازی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی وێنەگەلێك لەسەر دەسەڵات ، كە جگە لە خولقاندنی دۆزەخی دەسەڵات كارێكی دیكەی نییە . دەسەڵات لە هەر كوێیەك بێت دزو شەوكوتیی و جەردەیی و تاڵانیی و ڕاوتوت و ئینسانكوشتن و تەواوی كارەساتەكان لەوێیە . بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێمە ، دەسەڵات هۆكارو تاوانبارێ یەكەم و كۆتایی نەهامەتیی و بەدبەختییەكانی ئێمەیە . دەسەڵات ئەو دەجالەیە بە كوشتن و لە ڕیشەدەرهێنانی تەواوی نەهامەتیی و كێشەكانی دونیای ئێمە لە نێوان شەو و ڕۆژێكدا چارەسەر دەبێت .

2
هەژاریی و كڵۆڵیی ئەدەبیاتی گۆڕان لەو شوێنەدا جێگەی بەزەیی و بەدبەختیی بوو كە دیدگاو گۆشەنیگایەكی قوڵی فكری لە پشت تێگەیشتنیانەوە نەبوو بۆ دەسەڵات . تەفسیریی گۆڕان بۆ دەسەڵات سەر بە میراتی ماركسیزمی شۆڕشگێڕیی بوو . بزوتنەوەی گۆڕان و تەفسیرو شیكردنەوەو ڕەخنەی نە لە ناو فەلسەفەی كلاسێكدابوو ، نە لە ناو تەفسیرێكی ڕەخنەیی سەر بە میراتی پۆست مۆدێرنیتێ . گۆڕان بزوتنەوەیەكی سروشت شۆڕشگێڕی ماركسیستیانەی سەر بە قوتابخانەی شۆڕشگێڕیی و ئەقڵیی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی سەر بە شاخ بوو . هەمیشە گۆڕانكاری لەسەڕەوەو لەوێشەوە شۆڕكردنەوەو دابەزاندنی بۆ خوارەوە . تێگەیشتن و تەفسیركردنی دەسەڵات وەك سەری مارەكە تەنیا سەر بە میراتێكی تەفسیركردن و تیۆریزەكردنی شۆڕشگێڕییانەو شەڕیی بەرەیی و یەكلاكەرەوەیە . بەڵام دیارە ڕێكخستن و ئاراستەکردنی كەس و هێزی توڕەو ناڕازیی لە ناو دیسكورس و جەنگی بەرەیی و سەراپاگیردا جگە لە شكست دەرئەنجامێكی دیكەی نییە

3
گۆڕان لە ناو ماكینەو پیشەسازیی بە دێوكردن و دێواندنی دەسەڵاتدا چی بەرهەمهێنا ؟ وێنەیەكی ناشیرین و بە دێوكراو و بە دۆزەخییكراوی دەسەڵات كە توشی دەرئەنجامێكی كردین هەر كەس و گوتارو هێزێك بچێتە دەسەڵات و دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست بە ناچاریی و بە حەتمیی و بە جەبر دزو گەندەڵ و ڕاوڕووتكەرو شەوكوتە . هەر لێرەوە بەشداریی خۆیان لە بەڕێوەبردنی حكومەت و وڵات و دامودەزگاكانی خزینرایەوە ناو هەمان وێنەو هەمان دەرئەنجام كە خولقێنەری یەكەم و كۆتایی هەر خۆیان بوون . واتە ئەتمۆسفێرو كەش و فەزایەكی سروتیی و مۆراڵیی وایان بەرهەمهێنا ، كە خۆشیان مەحكوم دەكات بە هەمان لۆژیكی بەرهەمهێنانەوەی دونیای یەكێتی و پارتی

4

بەڵام دەبێت لەوە دڵنیا بین گۆڕان زیاترو باشتری پێ نەدەكرا . چون ئەكتەرو بكەرەكانی گۆڕان هەمان ئەكتەرو بكەری ناو مێژووی چەندین دەیەی یەكێتی و پارتین . واتە ئەكتێكی سیاسی نەخولقێنرا كە سەر بە هەمان ڕیشەو ژینیالۆژیای یەكێتی و پارتی نەبێت . كاڵفامیی و هەژاری تێڕوانینی خەڵكانێكی زۆر بوو لەوەی چاوەڕوانی ” شتێكی جیاواز ” لە كۆمەڵە ئەكتەرێك بكرێت كە بە سەرمایەو بە زمان و بە شەرعییەتی بەردەوامیی و مانەوەو كوڕی شەرعی هەمان میراتی یەكێتیی و پارتیی بوون . زاڵبوونی تەقس و فەزایەكی هاشوهوش و هەراو هوریا نەیدەهێشت فكر و فەلسەفەی سیاسی قسە بكات . قسەیەكی جیاوازی فكریی و فەلسەفیش مەحكوم بوو بە لایەنگیریی و دۆستایەتی دەسەڵاتی سیاسیی یەكێتیی و پارتی . بەشداریكردنی گۆڕان لە دانوستان و گفتۆگۆكاندا بە ئەكتەری كۆنی شۆڕشگێڕیی وەك ( عومەری سەیید عەلیی و جەلال جەوهەر و  … هتد ) لە ڕویی سۆسیۆلۆژیاوە زۆر شتمان پێ دەڵێت . شتگەلێك كە دەبوو فكر وردی بكردایەتەوە .

5

مێژووی هیچ گردبوونەوەو كۆبوونەوەیەكی بەشەری پێمان ناڵێت دەسەلات بوونی نەبووە . لای ئەنترۆپۆلۆژیاو ئەنترۆپۆلۆگەكان ئەوە گومان هەڵناگرێت كە نە دەسەڵات و فۆرمەكانی دەسەڵات دەسەبەرداریی كۆمیونێتیی و گردبوونەوویەكی مرۆتی بووە ، وە نە هیچ گردبوونەوەو پێكەوە ژیانی مرۆیی و مرۆڤەكان بێ جۆرێك لە جۆرەكانی دەسەڵات بوو . چ دەسەڵاتێكی نوسراو بە یاسایاییكراویی ناو مۆدێرنیتێ یاخود فۆرمەكانی دەسەڵاتی نەنوسراو و زارەكی دونیای پێش مۆدێرن وپێش مێژوو . ئەگەر چی سەرچاوەو سەرمایەو شەرعییەت و میكانیزمی كاركردنی دەسەڵات بە پێی هەلومەرج و كۆنتێكست سڕوشتی تایەبتییان هەبووە .

6

دەسەڵات بە ئیماناسیی و بە ئۆنتۆلۆژیی هەیەو ئامادەیی ڕەهای هەیە . بەڵام كڵۆڵیی و تەنگەنەفەسیی و هەژاریی فكریی و فەلسەفیی گۆڕان لە ناو گەمەو جەبریی ئەقڵیی شۆڕشگێڕیی كوردیدا پەی بە دەسەڵات نەدەبرد ، كە دەكرێت بەرگریی و بەرهەڵستییەكان بە ئیماناسیی و ئۆنتۆلۆژییانە بدۆزێتەوەو خواردنییان پێ بدات . دەسەڵات لە فەلسەفەی كلاسیكیشدا لە ئەفلاتوونەوە تا پەیدابوونی كۆمەڵگەی دیسپلینیی و كۆمەڵگەی كۆنترۆڵیش لە فۆرمە شوانكارەیی و تیۆلۆژییەكەشیدا ، لە سەدەی نۆزدەو بیست و ئێستاشدا هەرگیز وێنەیەكی ئیبلیسیی و شەیتانی لە خۆ نەگرتبوو . دەسەڵات بە ئیماناسیی و لە ناو سەیرورەیەكی ڕەهادا بوونی هەیەو بوونی بەردەوام دەبێت ، ئەوەی دەگۆڕێت فۆرمی دەركەوتن و مانێڤستبوونی دەسەڵاتە لە كۆنتێكستێكی جیاوازدا . دەسەڵاتی دونیای ئێستا لە ناو تەكنیك و تەكنۆلۆژییادا فۆرمیی دەركەوتنی جیاوازە ، دەسەڵاتی ناو مۆدێرنیتێ و سەدەی دەركەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتیی هاوڵاتیی فۆرمی دەركەوتن و كاركردنییان جیاوازە .

7

پێش دەركەوتنی گۆڕان لێرەو لەوێ دەسەڵات و بەرگریی و بەرهەڵستكاریی فۆرم و مانێڤستبوونی دیكەی هەبوو . دونیای پێش جیابوونەوەی گۆڕان ، دەسەڵات لە ناو پرۆسێسیوسەكانی پەرشبوون و دابەشبوون و كەرتبوون و تەنانەت بەركەوتن و بەرگری باشتریشدا بوو . بەرگرییەكان لە شوێن و جوگرافیایی جیاوازدا زیاتر ” گەریلایی” بوو . ئەكتەرو بكەری جیاوازو ئەكتی سیاسی جیاواز لە دەركەوتن و بڵاوەكردندا بوون . بەرگرییەكان لە بری ئەوەی بەرەیی و بەركەوتنی توندو ڕەق و زبرو تیژ بم ، ئیماناسیترو گەمەكەری باشتر بوون . بەشێوەیەك بەرگریی و بەرهەڵستكارییەكان خەریكی بەرگریبوون ، فۆرمی دەركەوتنی بەرگریی و بەرهەڵستكاریی لە ناو پارتەكانی دەسەڵاتی سیاسی ئێمەشدا فۆرمیولە دەبوو . لە ناو یەكێتی و پارتێدا پەراوێزبوو كەنارنشینەكان خەریكی جەنگیی گەریلایی و لێدان و خۆشاردنەوە بوون بە شێوەیەك خۆیان جیا دەكردەوەو ئەكت و ئەكسیۆنی جیاوازیان دەنواند . دەركەوتنی گۆڕان ئەم پەراوێز و پەراوێز نشینانەی خستەوە باوەشی دەسەڵاتە هەژموونكەرو مەركەزییەكان . شەڕەكە بەشێوەیەك لێكەوتەو دەرئەنجامی لێكەوتەوە ، پەراوێزبووەكانی ناو پارتەكانی دەسەڵات لە ناو پرۆسێسیوسەكانی جەنگی مان و نەمانی هێزە سیاسییەكەدا جەنگ و شەڕە بچوك و گەریلاییەكانی خۆیان كردە قوربانیی و دوایان خست .

8

ئێمە دەزانین و بینیمان و ئەزموونی ئەوەمان كرد كە ئەكتی سیاسییانەی ئۆپۆزسیۆن و هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسیی ئێمە سەر بە هەمان میرات و سروشت و ئەكتەرو جەبری هێزە كلاسیكیی و شۆرشگێڕییركانی دونیای خۆمانە . ئێستا سەروبەندی دەركەوتنی نیگەرانیی و دڕدۆنگیی و یەئسێكە كە گۆڕان گوناهباریی یەكەم و سەرەكییە لەوەی ” ئومێدو هیوایەكی ساختەی ” بەخشی بە چەند نەوویەكی نائومێد كە چاوەڕوانی ئەكت و ئەكسیۆنی سیاسیی گەورەی لێدەكرا . نا ئومێدیی و سەرگەردانیی و بێ شوانیی و بێ خاوەنیی ئەم جارەی لەشكرێكی گەورەی پەراوێز بوو دەچێتەوە ناو هیزێكی ئیرتیكاسیی و خۆخۆڕو ڕووكردنە خۆ كە دۆخێكی سۆسێۆ – سایكۆلۆژیی نامۆبوونی خولقاندووە كە دەبێت ببنەوە بە قوربانی دانیشتن و ئیمان نەهێنان بە هیچ ئەكتێكی دیكە و هیچ هئزێكی دیكە كە كەر بەڵێنێك بۆ گۆڕان و گۆڕانكاریی بدات و بییەوێت بەڵێنی دونیایەكی باشترمان بداتێ . نا ئومێدی ئەمجارە لە بری بەرگریی و بەرهەڵستیی هەڵهاتن و دانیشتن و نوستن و خۆ گێلكردن و بێباكیی هەڵبهارد . واتە دۆخێكی ئیرتیكاسیی و پاسێڤ كە چانسی خەون بینینیش نەما .

9

گۆڕان و دورئەنجامەكانی كردەو ئەكتی سیاسییانەی گۆڕان بە مانای زاڵبوونی هێزی ئیرتیكاسیی و پاسیڤ دێت . بەڵام وەك فوكۆ دەڵێت : دەسەڵات لەسەرەوە نییەو لە خوارەوەیە ، لە كوێش دەسەڵات هەبوو لەوێ بە ئیماناسیی بەرگریی هەیە . بەمشێوەیە بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەو بەرهەڵستكاریی لە ئاستێكی ئۆنتۆلۆژیی و ئیماناسدا نە دەمرێت و نە ئاوا دەبێت . ئەوەی مردو ئاوا بوو فۆرمێكی ئەزموونكردنی ئومێدێك بوو بە نائومێدی كە خراپتر گەڕاندێنییەوە پنتێك كە دەبێت شێوازو فۆرمی دیكەی بەرگری سەر ڕێگە بخەین . شەڕو جەنگیی گەریلایی و لێدان و جێهێشتن و بڵاوبوونەوەو پەرتبوون و شوێنگۆڕكێ و نا مەلموسیی و ناكۆنكرێتی هێزی بەرگریی … واتەبە شێوەیەك كە بەرگری تەنیاو تەنیا لە پێناو بەرگرییدا بێت نەك بەدەستهێنان و گرتنەدەستی دەسەڵات و خولیاو كەڵكەڵەی دەسەڵات . دەبێت بەرگرییەكانمان لە هەناو لە ناوخۆدا بێت . كارەساتە گەورەكەی گۆڕان ئەوەبوو كە بەرگریی و بەرهەڵستكاریی هێنایە دەرەوە . هەرهاتنەو دەرەوەو لە دەرەوەبوونێكیش دەركەوتن و كۆنكرێت بوون و شوناسوەرگرتن و نواندن و نوێنەرایەتیكردنێكە ، كە هەر زۆڕ بە زوویی دەدۆڕێین و ڕام دەكرێین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت