Putin-obama

شەریف هەژاری : گەمەی ئەمریکا و ڕوسیا لە سوریا چی لێدێت ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕوونە ناوچەکە لە هەموو لایەکەوە لەگەڵ جەنگ و کشتوبڕدا یەکانگیر بووە . دووبەرە هەیە : ڕووسیا کە پشتیوانی مانەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە بەم شێوەیەی ئێستا و پشتیوانی ئەجێنداکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا ، واتە : لە سوریا بەشار ئەسەد بمێنێتەوە ، عێراق هەر حوکمی ناوەندی شیعەبێ و یەک وولات بێ ، حیزبوڵاش دەوڵەتی سێبەر بن لە لوبنان و حوسیەکانیش هەرچۆن ئێران ئەیەوێ لە یەمەنەوە ڕووەو سنورەکانی سعودییە ئاراستەیان کات ، پرسیارەکە ئەوەیە : ئایا ڕوسیا لە درێژ ماوەدا ئەتوانێت پشتیوانی لە ئەجێنداکانی ئێران بکات لە ناوچەکەدا !؟ کامانەن ئەو هۆکارانەی کە ڕێگرن لەم ئەجێندایانە !؟ ئەگەری زیاتر لە ستراتیژ بۆ کام بەرەیە : ئەمریکا یان ڕووسیا و چۆن !؟
پێموایە : ئەمریکا هێندە بە خاوی لە داعشی ئەدا ، ئەیویست بیانکاتە دیفاکتۆ ، کە بە دیفاکتۆکردنیشیان تەواو سودمەندبوو بۆ ئەوەی پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی خۆی جێ بە جێ بکا ، ئەمریکا تا ڕادەیەک توانی یاری داعش چ لە عێراق و چ لە سوریا بە قازانجی ستراتیژی خۆی بهێڵێتەوە ، واتە داعش لە سوریا زۆرینەی ناوچەکانی ئەسەدی لە ژێر دەست دایە ، ئەسەدیش هاوپەیمانی ڕوسیایە و دژ بە داعشە ، کەوابوو هاوکێشەکە هەر بۆ ئەمریکایە ، لە عێراقیش داعش زیاتر حکومەتی ناوەندی پڕوکاندووە و وایکرد بۆ یەکەمجار کورد بتوانێ بە ناوچە مێژوویەکانی خۆی شادبێتەوە . کەوابوو ئەم فاکتانە یارمەتیدەر ئەبن بۆ گۆڕانی نەخشەی ناوچەکە لە ستراتیژ دا ، ئەوەی گرنگە ئەتوانین بەم خاڵانەی خوارەوە بەرواردێک لە نێوان بەرەی ئەمریکا و ڕوسیا بکەین و مەنتیقییانە دونیابینیمان بەرەی سەرکەوتوو شەن و کەو بکا :
1 – ئەمریکا لە تەواوی ڕووەکانی ” ئابوری ، سیاسی ، تەکنەلۆژیی و سەربازی ” لە ڕوسیا بەهێزترە و ، ئەمریکا لە زۆرینەی وولاتانی جیهان و خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان خاوەن هێزە و هێزی ڕوێنراوی هەیە .
2 – هاوپەیمانەکانی ئەمریکا زۆر لە هاوپەیمانەکانی ڕوسیا بەهێزتر و کاریگەرترن ، بە جۆرێک کە هێندەی زەوی و ئاسمان جیاوازییەکە فراوانە ، بۆ نموونە : لە پرۆسەی بەگژداچوونەوەی داعش و زۆر بواری دۆزگەلێکی دیکەی جیهاندا ، ئەوا ئەم وولاتانە پشتیوانی ئەمریکان ، ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ‘ بەریتانیا ، ئەڵمانیا ، فەرەنسا و ئەوانی تر ‘، هەروەها لە ئەفریقا تا دەگات بە ئوسترالیا ، لە ئاسیاش زۆرێک ووڵات لە سیاسەتی ئەمریکاوە نزیکن و هاوپەیمانن لە هەندێ بوار دا ، وەک ‘ یابان ، هیندستان ، پاکستان ‘، زیاتر لە مانەش لە ناو خودی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا ، ئەمریکا هاوپەیمانی زۆر کاریگەر و بەهێزی هەیە هەر لەو پەڕەوە کە ئیسرائیلە هەتا تورکیا و عەرەبستانی سعودی ، ئەمە جگە لە وولاتانی عەرەبی دەولەمەند بە نەوتی سەر کەنداوی عەرەب .
بەڵام هاوپەیمانەکانی ڕووسیا ووڵاتگەلێکن کە وەختە بەتەواوی لەسەر نەخشە دەسڕێنەوە ، وەک سوریا کە لە سەدا %١٥ ی بەدەست ئەسەدی هاوپەیمانی ڕووسەوە ماوە ، شیعەکانی عێراقیش لەژێر کاریگەری ئێران و شیعەگەرایی دا مەیلیان بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕووسیا دا هەیە ، بەڵام عێراقیش لەوەتەی داعش دروست بووە گەر لەسەر نەخشەش بە یەکگرتوو و یەک وولات ناوی بهێنرێت ئەوا لە ڕووی زانستیشەوە هەلەیە ، چونکە دەوڵەتەکەی داعش بووەتە دیفاکتۆ لە بەشێکی گرنگی خۆرئاوا و ناوەڕاست و باکوری عێراق دا ، هەرێمی کوردستانی عێراقیش حسابێکی ئەوتۆ بۆ عێراق ناکا ، وولاتێکی تر کە هاوپەیمانی ڕووسە ، ئێرانە . ئێران زۆرێک لە ئابوری خۆی لەدەست داوە بەهۆی هاوکاری بزاوتە شیعەگەراکان لە سوریا و یەمەن و لوبنان دا ، هەروەها دەوڵەتێکی دیکتاتۆری مەزهەبی فارسیستە کە گەلەکەی بەتەواوی بەدەستییەوە دەناڵێنن ، کەوابوو ئەم شەڕەی کە ڕووسیا ئەیکات شەڕی بەرگرییکردنیەتی لە هاوپەیمانە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکانی کە خۆیان لە ئەسەد و ئێران و عێراقی شیعە دا دەبینێتەوە ، پرسیار ئەوەیە: ئایا ڕوسیا ئەتوانێت ئەو لە %١٥ یەی خاکی سوریا کەبەدەست ئەسەدەوەیە ئەوا لە %٨٥ ـەکەی دیکەی بۆبگێڕیتەوە !؟ لە کاتێکا جگە لە داعش ئەوا بەشێکی ئەو خاکە بەدەست ئۆپۆزسیۆنی سوریاوەیە !! ئایا ڕوسیا ئەتوانێت عێراق لە دابەشبوون بپارێزێت کە ئێستا وەک دیفاکتۆ دابەشبووە !؟
ڕوسیا کە زانی هێزەکانی سەر بە ئێرانی هاوپەیمانی لە دوو ساڵی ڕابردووەوە شکستیان هێناوە ، ئەوا ناچار خودی خۆی هاتە ناو شەڕەکە، ئێران هاوپەیمانی ‘ سیاسیی ، ئابوری و سەربازی ‘ حووسییەکانی یەمەن بووە و هەیە کەچی هاوپەیمانانی عەرەبی سەر بە ئەمریکا حووسیەکانیان تەنگەتاو کردووە ، ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە شەڕی بۆ ئەسەد کرد کەچی ئەسەد ئێستا لە %٨٥ ی خاکەکەی لەدەست داوە ، ئێران عێراقی کردە ترانزێتی سەرەکی خۆی و وەک داگیرگەی خۆی لەقەڵەمی دەدا کەچی ئێستا تەنها باشور و بەغدا بەدەست دەوڵەتە لاوازە بێ سەروبەرەکەی عێراقی شیعەی سەر بە ئێرانە !!
کەوابوو: بە شیکارکردنی سیاسییانە و خستنەکاری بیرکردنەوەی لۆژیکیانە ئەوا ئەستەمە ڕوسیا بتوانێت پارێزگاری مانەوەی دەسەڵاتی ئەسەد و یەکگرتووی سوریا و عێراق بکات تا کاتێکی دور ! ئەم بەرگرییەی ڕووس کە لە ئەسەد و یەکگرتووی خاکی عێراق ئەیەوێت بیکا و لە سوریا بە هێرشی ئاسمانی دەستی پێ کردووە ، ئەوا بەرگرییە لە مانەوەی ڕژێمی ئێران ، چونکە بە هەڵوەشانەوەی عێراق و کەوتنی ئەسەد ئەوا لە ستراتیژدا کاریگەری نەمانی هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ئێران وا ئەکات خودی ئێران ” بەرگەی تەکانی دیموکراسیی و خاپوربوونی ئەجێندا دەرەکییەکانیی و گۆڕانی نەخشەی ناوچەکە ” نەگرێت و ئێرانیشی بەر ئەکەوێ ، کە دەسەڵاتی ئێران نەما ئەوکات سنورەکانی ڕووسیا بە هێزگەلی نا – هاوپەیمانی ڕوس دەتەنرێت و لە ماوە دور دا ئەگەرێکی مەنتیقییانە ئەبێ کە شەپۆلی دیموکراسیی ڕاستەقینە و فرەحیزبیش بگاتە ناو خاکی ڕووسیا .
کەوابوو بەرگری ڕووسیا لە ئەسەد و ئێران بۆ حاڵی ستراتیژی دەسەڵاتی تاکڕەوی خودی پۆتین و سیستمە خۆسەپێنییەکەیەتی، لۆژیک و نا – هاوسەنگی هێزەکانیش پێمان ئەڵێ ڕووس یارییەکی دۆڕاو ئەکا و ئێستا زۆر درەنگە کە ڕووس هاتووەتە مەیدانەکەوە و ، بە ڕوسیا ‘ئەسەد و عێراق و ئێران ‘ تازە ناپارێزرێ !!
گرنگە کورد بزانێ چۆن یارییەکی سەرەکی بکا و گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکا ، دەبێت حیزبە کوردییەکانی گشت بەشەکان هاوکار و هاریکاری ‘ ئابوری و سیاسی و تەنانەت سەربازیی ‘ یەکتریش بن ، نابێ هێزە کوردییەکان چی دیکە سود لەم دەرفەتە زێڕینانە نەبینن و ، ئێران و تورکیا هەڵیان سوڕێنن ، چونکە ئەم دەرفەتانە هەندێ جار لە سەدەیەک دا یەک جار هەڵ دەکەوێت !!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت