عیماد عەلی : کام ئەولەویات گرنگە بۆ گەلی کوردستان ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم کاتەدا کە خەڵک بە دەستی بێ موچەیی و نالەباری رەوشەکە و نەبونی بژێوی ژیانی رۆژانەوە دەناڵێنێت و ، فەراهەم نەبونی هیچ پێویستیەکی سەرەتای ژیانێکی سادەی بۆتە مۆتەکەی بارودۆخی گشتی خەڵکی کوردستان و ، وا دەبینین ، هەر یەکە و لای خۆیەوە بە پێی بەرژەوەندیە تەسکەکانی مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکاندا دەکات و ئەولەویەت دانێت .
با بزانین ، شەری داعش ، هاوپەیمانێتیە چوارقۆڵیەکەی روسیا و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان و هاوپەیمانێتیە کۆنەکەی ئەمریکا ، قەیرانی پێگەی سەرۆکی هەرێم، نەبونی موچە و قەیرانی دارایی ، کامەیان ئەولەویاتی خەڵکی کوردستانە و کامیان ئەولەویەتی شەخسە دەسەڵاتدار و حزبەکانە .
بێ زیادەرۆیی ، بێگومان حزبێکی دەسەڵاتداری وەک پارتی ئەولەویەتی گوێنەدانە بەوەی بۆ گەل ئەولەویەتە ؛ واتە نەبونی موچە و قەیرانی دارایی، لای ئەو هیچ گرنگیەکی نیە ، تاوەکو بۆی بچێتە سەر و بە ئاگر و ئاسن حوکمی خۆی رایی بکات و، کەس نەوێرێت نوقە بکات . بۆ ئەو لایەنەکانی تریش گرنگ بەرژەوەندیە تایبەتیە حزبیەکانە پێش هەموو شتێک ، سەرەرای ئەوەی لەگەڵ ئەوانەشدا تێکەڵیەکیان لە نێوان بەرژەوەندی تایبەت و بەرژەوەندیە گشتیەکانی گەلی کوردستاندا کردووە ، کە تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێکیان نەهاویشتوە کە جیاکاری نێوان ئەو بەرژەوەندیە بکات و ئەولەویاتی خەڵک لە پێش بخەن . ئەگینا دەپرسم ، مەعقولە کۆبونەوەیەکی چارەنوسسازی چەند قۆڵ قۆڵێنە لەبەر خاتری غیابی کەسێک دوابخەیت و باس لە ئەولەویەتی وا بکەیت ، بە روونی دەریبخەیت ، کە هیچ لەحزەیەک بیرت لە وەزعی گەلی کوردستان نەکردبێتەوە، وەک ئەوەی نا بات دیبێت نە باران . مەعقولە قوت و نان و بژێوی منداڵانی کوردستان بۆ ململانێەکی سیاسی حزبی تەسک بەکار بێنیت و مێشیش میوانت نەبێت .
ئەگەر پێشتر گومانێک هەبوبێت ئەوا ئەمرۆ لای هەمولایەک ئاشکرا بوو ، کە پارە هەیە و بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی سەرۆکی هەرێم بەکار دێت . بۆ خەڵک روون بوەوە، کە ئەم دەسەڵاتە بە هیچ شێوەیەک مل بۆ داخوازی و پێویستیەکانی خەڵک نادات و ئەو چەواشەکاریانەی کە بۆ دەمکوت کردنی خەڵک بەکاردێت چ مەرامێکی سیاسی لە پشتیەوەیە ، ئەگینا نەبونی پارە و داهات بۆتە وەرەقەیەکی دۆراوی دەسەڵات و پارتی کە بە تاق و تەنها دەستی بەسەر قوتی خەڵکدا گرتووە و ، جارناجارێک خێرو سەدەقە بەوانی تر دەکات و خۆی لە ئەولەویاتی خەڵک بێ باک کردووە .
چارەسەری ئەم قەیرانانە بە بونی فیرعەون و زوڵم و زۆرداری و دیکتاتۆریەت بە چی دەکرێت ، بە خۆپیشاندان یان مانگرتن یان هەڵوێستی شۆرشگیرانەی توند کە هەموو کیانی دەسەڵات و بە تایبەتی ملهوری پارتی بلەرزێنێت و لەق بکرێت و ، رەفتارێک بکرێت کە لە دونیادا دەنگ بداتەوە ، تاوەکو هیچ لایەنێک جارێکی تر جورئەتی ئەوە نەکات وەک ئاغا کۆنەکەی شۆرشە کۆنەکە خەڵک بچەوسێنێتەوە بۆ کورسیەکی ئاغایەک . تا دوێنی منەتی بەوە نەبوو، تەنانەت دەیوت ئەو کورسیە فەرز کراوە بەسەریدا ، بەڵام لەم خولەدا هەموو شتێک درا لەمەحەک و چاوەشەکاری بۆ هەموو لایەک تەنانەت هەواداران و ئەندام و کادرانی پارتیش ئاشکرابوو .
ئەگەر ئەم قەیرانە هەمەجۆرانەش چارەسەربن ، دەبێت باش بزانین کە تاوەکو پارتی و دەسەڵاتی ئیستا بەم شێوەیە بێت و بەم جۆر بیربکەنەوە ، هەمیشە رارایی و نیگەرانی بەشی خەڵکی کوردستان دەبێت . بۆیە تاوەکو هەوڵ و تەقەلای هەموو لایەک بەو ئاراستەدا نەبێت کە پارتی لە عەرشی عاج بهێنێتە خوارەوە ئەم قەیرانانە بەرۆکی خەڵکی کوردستان بەرنادات و ، پاشەکشە لە سەرجەم بوارەکاندا دەکرێت و ، شکستی هەمیشەیی چارەنوسی پرسی کورد دەبێت . وەک ئێستا دەیبینین بە چی گەیشتوین ، کە لە خۆبادان بە داواکردنی سەربەخۆیی بۆ کوردستان بێ هیچ بنەمایەک گەیشتینە مەحاڵبونی سەربەخۆیی و پارانەوە لە ناەوەندی عیراق و سەرجەم وڵاتان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بەهانای ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی کوردستانەوە بێن و ، لە قەیرانەکانی رزگاری کەن کە بەرژەوەندخوازی شەخسی و حزبی و نەفامی و نەزانین دروستی کردون ، بۆیە تاکە چارەسەر ، خۆ ئامادەکردن و یەکگرتویی خەڵکە بۆ لەناوبردنی هۆکاری سەرەکی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان و ، بە وەلا خستنی لایەنی ملهور دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت ، بە ئالیەتی دیموکراسی بێت ، یان ئەگەر ئەو رێگەیەش گیرا ئەوا راپەرین و شۆرش تاکە بژاردەیە کە بۆ خەڵک دەمێنێتەو ، ئەگینا زاڵبونی زیاتری دەوروبەر بەسەر کوردستان و ، لەناوچونی ئەزمونەکە ئەگەری هەرە بەهێزی دوارۆژی بارودۆخە نالەبارەکەی کوردستان دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت