Nuri-Bexalli-1

نوری بێخاڵی : دیسان لە بارەی کۆچەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تۆ لە گیرفانی ئومێدی خۆتەوە ، گاڵتە بە گیرفانی خاڵی لە ئومێدی خەڵکی دیکە مەکە .. لە چاوی جانتای گەشبینی خۆتەوە ، لەناو جانتای سیخناخ بە ڕەشبینی ئەوانی دیکەدا مەگەڕێ .. لە ژماردنی نوقڵی خۆشبەختی ناو توێشووی خۆتەوە ، بە هەڵەدا دەچیت گوێزی هیوا لە توێشووی ئەوانی دی بدۆزیتەوە .
هەموومان ، بەتایبەتی ئەوانەی کەمتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی فشارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ، ئەوانەی کەم و زۆر لە نیعمەت و ئیمتیازی نیشتمان بەرخوردن .. ئەوانەی ( خەمی مووچەی سەری مانگ ، کرێی خانوو ، خەرجی ڕۆژانەی منداڵ ، خەرجی تەدارەکی جەژن و جلوبەرگ و پێداویستیی قوتابخانە ، خەرجی چارەسەریی نەخۆشکەوتن ، دەرفەتی گەشت و گەڕان و… هتد ) یان نییە ، دەتوانن لە میانی بەلاغەتی زماندا ، بەهەشتێک لە خەون و هیوا و ئومێد بۆ بەرامبەرەکانمان دروست بکەین . بە هاتنەدی خەونێک بیانبەستینەوە ، کە خۆیشمان دڵنیا نین دیتە دی .. بە هیوایەک گرێیان بدەین ، کە خودی خۆمان لێی بە گومانین .. بە ئومێدێکەوە دەرگیریان بکەین ، کە لە بنەڕەتدا لە ناخی خۆماندا چرۆ و شکۆفەی نەکردووە !
بۆیە گرفتی مرۆڤ کە کۆچ دەکات ، تەنێ نەبوونی گیرفانێکی گەرم و دانە ڕۆژی نەبڕاوەی کار و وەزیفە نییە ، بەڵکو دەبێ لە بنەڕەتدا خەمی گەورەی مرۆڤ ، دڵنیایی دەروونی و ئارامی ڕۆحی و هەستکردن بێت بەوەی لە ئاییندەدا وەک مرۆڤ شکۆمەندییەکەی ناکەوێتە بەردەم هەڕەشە ، ڕۆڵە و نەوەکانی دواڕۆژێکی ئارام لە باری سەقامگیری ژیان و دڵنیایی گوزەران چاوەڕوانیان دەکات . ئاخر خەونی مرۆڤی ڕاستەقینە ، دەستگرتنە بە مرۆڤبوونی خۆی و بەرگری کردن لە بوون و بەهای مرۆڤبوونی ئەوانی دیکە و هەستکردن بە ئازارەکانیان .
غەریبی کوشندە ، تەنیا گیرسانەوە نییە لە سەرزەمینێکی جوگرافی و کولتووریی جیاواز لە ژینگەی منداڵی و زێدی خۆت .. نامۆیی ترسناک ، بە تەنیا ئاوارەیی و پەناهەندەیی ناو کۆمەڵگایەکی نا ئاشنا نییە ، بەڵکو غوربەتی هەرە کوشندە ئەوەیە ، لە نیشتمانی خۆتدا هەست بە غەریبی بکەیت .. نامۆیی بکوژی مرۆڤ ئەوەیە ، لە سەرزەمین و زێدی خۆی هەست بکات نامۆیی کرمێی دەکات . لەم ڕوانگەیەوە ، ئەوەی لە دۆخیکی ئاوادا هەست بەو غوربەتەی بەشێکی زۆر و توێژێکی دیاری کۆمەڵگا نەکات ، درک بەو نامۆییە ڕۆحی و دەروونییە نەکات ، کە خەریکە ئیرادە و خەونی تاک بە تاکی مرۆڤەکانی دەوروبەری دەهاڕێ ، دەبێ گومان لە هەستی مرۆیی خۆی بکات ، گومان لە ڕوانگە و تێڕوانینی خۆی بکات دەربارەی چەمکی مرۆڤ و بوون و بەهاکانی ، گومان لە تێگەیشتنی بکات بۆ چییەتی و ماهیەتی هاووڵاتیبوون .
لەم گۆشەنیگایەوە ، ئەوەی بە ناوی نیشتماپەروەری و نەتەوەیی بوونەوە بەبێ جیاوازی ، هەموو ئەوانە قەرزدار دەکاتەوە کە کۆچ دەکەن ، هێشتا نە لە مانای هەردوو چەمکی مرۆڤ – نیشتمان گەیشتووە ، نە لە سروشتی پەیوەندیی ئەو دوو چەمکە و ئەو ڕایەڵانە گەیشتووە و تێدەگات ، کە ئەو دوو چەمکە بە یەکەوە دەبەستنەوە . وەک چۆن دوور و نزیک حەرفێک لە چەمکی هاووڵاتیبوون و بەها و بنەماکانی بەڵەد نییە و نازانێ ئینتما شتێک نییە خۆڕسک ، بەڵکو ئینتما لە توێی پرۆسەیەکی درێژخایەنی پەروەردەیی و کولتووری ، لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکەی بەرهەم دێت، کە لە سایەیدا مرۆڤ وەک تاک ، وەک هاووڵاتی هەست بەوە بکات ، کە بەشێکە لەو سەرزەمینە جوگرافی و ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییە ، بەمەش ئیرادەگەرانە دەکەوێتە بەردەم ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ئاستی کۆمەڵگا و نیشتمانەکەی .
ڕوونتر بڵێین ، کاتێک مرۆڤ وەک تاک، هەست بەوە بکات خاوەنی مافە ، ئەوا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەست بە بوونی ئەرک دەکات و خۆی لە بەرپرسیارێتی نادزێتەوە ، بەو پێیەی هاووڵاتیبوون ، وەک یەکی تاکەکانە لەبەردەم ماف و ئەرکەکاندا !
وەک لە وتارێکی پێشووتر دەربارەی پاڵنەر و هۆکارەکانی کۆچکردن ، هەر لەم گۆڤارە خنجیلانەیەدا ئاماژەم پێی دابوو . دووبارەی دەکەمەوە ، کەوا منیش دڵنیام و دەزانم هەموو ئەوانەی دەڕۆن بێکار نین ، وەک چۆن ئەوەش دەزانم ، کە بڕێکی زۆری پارە خەرج دەکەن ، تا کاروانەکەیان دەگەیەننە هەواری مەبەست ، ئەو بەهەشتەی خەونی پێوە دەبینن ، کە لە بنەڕەتیشدا بەهەشتێک نییە ساز و ئامادە .. بەهەشتێک نییە وەک فەرشی سووری چنراو لەبەر پێیاندا ڕاخرابیت و شاهانە بەسەریدا تێپەڕن . بەوپێیەی بەدەر لە گۆڕینی ژینگەی ژیان و سەختیی ڕاهاتن لەگەڵ کولتووری نوێ ، بیرەوەریش دەیانهاڕێ و ڕووبەڕووبوونەوە و بەریەککەوتن لەگەڵ واقیعی نوێ ، دوور نییە تووشی دەیان نەخۆشی و گرێی دەروونی خۆخواردنەوەیان بکات . لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و بە چاوپۆشین لەو ڕاستییەی ، کە کۆچ و گواستنەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ، مافێکی سەرەتایی و سروشتی مرۆڤەکانە . دەبێ ئەوەش بزانین ، کە پارە بریتی نییە لە شکۆمەندی ، کار بە تەنیا زامنکەری دڵنیایی مرۆڤبوون نییە ، بەتایبەتی لە سەرزەمینێکی کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی وەک ڕۆژهەڵات ، کوردستانیش وەک بەشێکی ئەو جوگرافیا بەڵا لێدراوە ، کە هێشتا ( چەقۆی جەوری سیاسی ، شمشێری ستەمی کۆمەڵایەتی ، ژەهری وەعز و تەلقینی ئایینی ، کۆت و بەندی ژەنگاوی ناو پەیوەندیی کۆمەڵایەتی ) لێرە و لەوێ ، ڕۆژانە مرۆڤ لە بوون و بەهاکەی دادەماڵن . هێشتا بەرتەسککردنەوەی ئازادییە کەسی و گشتییەکان، بێدادی ، نایەکسانی ، گەندەڵی ، وەک یەک نەبوونی مرۆڤەکان لەبەردەم یاسا و هەل و بوارەکانی کار و ژیان ، دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆسەر کەمینەیەکی کەمی دەسەڵاتدار و تێر و پڕ و زۆرینەیەکی بەدبەخت و ئاتاج بە ژیانێکی سادەی شەرافەتمەندانە . هەموو ئەوانە سیما و ئەدگارە هەرە دیار و زەقەکانی ناو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتین و تا ئێستا کەم و زۆر ، سایە و سێبەری سەر سەر و مل و مێشکی کۆمەڵگا و مرۆڤەکانین ، ئیتر چ وەک تاک ، یان گرووپ !
لەم دیگایەوە ، ئەو میکانیزم و ڕێگاچارانەی دەتوانن بارە لاسەنگەکە ڕاست بکەنەوە . واتە سەرلەنوێ مرۆڤ و نیشتمان ئاشت بکەنەوە ، ببنە لەمپەر لەبەردەم لێشاوی کۆچ و شەپۆلی سەرهەڵگرتنی خەڵک ، مرۆڤەکانی وڵات بە خەونێکی ڕاستەقینە و هیوایەکی بەرجەستە و ئومێدێکی خوازراو ببەستنەوە ، بە جۆرێک کە بە گەشبینییەوە بڕواننە ئاییندە و بە چاوێکی ڕۆشنبینەوە سەیری ئاسۆی دواڕۆژی ڕۆڵە و نەوەکانیان بکەن . بریتین لە ریفۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی ، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و قۆرخکاری ، ڕەخساندنی زەمینە و هەلی وەک یەکی کار و ژیان لەبەردەم مرۆڤەکان ، یەکسان کردنەوەی تاکەکان لەبەردەم یاسا و ئەرک و مافەکاندا ، دەستبەرداربوون لە دابەشکردنی کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی لەسەر بنەمای خانەدانی و دەسەڵاتدارێتی و وەجاخزادەیی . بە کوردی و بە کورتی ، سەروەربوونی چەمکی هاووڵاتیی ڕاستەقینە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت