mansour-barzani

شێرزاد شێخانی : ئەگەر ئۆپۆسزیۆن بردیەوە پارتی رازییە بە دەسەڵاتی فراوانی سەرۆک ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەقسەی سەرکردەکانی پارتی بێت کێشەی مانەوەی کاک مەسعود بارزانی کۆتایی پێهاتوەو ، هەر چوار حزبەکە رازی بونە بەوەی دو ساڵیتر لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوەو ، ئێستا کێشە لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی داهاتوی هەرێمە نەوەک مانەوەی کاک مەسعود لەپۆستەکەیدا.
ئەو برادەرانە پێمان ناڵێن کەی و چۆن و لەکوی و بۆچی ئەو چوار حزبە رازی بونە بەدرێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم ؟ چۆن چۆنیش بەدەسەڵاتە رەهاکانیەوە رازی بونە کەوا نزیکەی چوار مانگە شەڕی گشتلایەنەی لەسەر ئەکەن بۆ ئەوەی پارتی ناچار بکەن دەسەڵاتەکانی سەرۆک کەمبکرێتەوە.
ئەگەر بەقسەی پارتی بێت , ئێستا هیچ کێشەیەک لەئارادانیە . ئەسڵەن پێویست نە بە دانیشتنی پێنجقۆڵی ئەکات ، نەباسی هەڵبژاردنی پێشوەختەش ، چونکە کێشەکە بەدڵی پارتی چارەسەرکراو چایچی وەرە تاخمێک چا بینە بۆ ئەو چوار حزبە جوانەی بەدڵی ئێمە ماوەی سەرۆکیان درێژکردەوە!.
بە قسەی عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بێت کە هەفتانەمەی ( باس) بڵاوی کردۆتەوە ” رای حزبەکەی وایە دەبێت پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک و دەسەڵاتەکانی لەدەستوردا یەکلابکرێتەوە.
راشیگەیاند ” ئەنجومەنی شورا کەدەزگایەکی شەرعی کوردستانە ، بریاری داوە بارزانی بۆ دو ساڵی دیکە بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە بەردەوام بێت ، کەوابێت ئەو پرسە کۆتایی هاتوەو پێویستە هەمو لایەنەکان دۆخی ئێستای کوردستان لەبەرچاو بگرن “.
عەلی عەونی راشیگەیاندوە ” پارتی ئامادەی هەڵبژاردن بوەو هەر لە سەرەتاەوە بارزانی بەرێکارە یاساییەکان داوای هەڵبژاردنی کردوەو کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردن دیارەو ( مەسعود بارزانی) یە ، هەڵبژاردنی سەرۆکیش لەدەرەوەی پەرلەمان بێت و ناکرێت سەرۆکیکی بێ دەسەڵات بێت “.
ئەم دێرەی ئەخیری لێدوانەکەی کە دەڵێت : ناکرێت سەرۆکێکی بێ دەسەڵات بێت ” جێگای سەرنج وپرسیارێکی گەورەیە .
ئایا پارتی ئامادەیە ئەم دەسەڵاتە زۆرو زەوەندە بداتە سەرۆکێکی هەرێم کە لە یەکێتی یا گۆڕان یا هەر حزبێکی تری ئۆپۆسزیۆن بێت ؟.
ئایا پارتی ئامادەیە مامەڵە لەگەل سەرۆکێکی ئاوا دەسەڵات رەهادا بکات ؟.
چارەنوسی ئەو حکومەتانە چی لێدێت کە پارتی بەرێوەیان دەبات و سەرۆک لەئۆپۆسوزیۆن بێت ؟.
ئێستا مەسعود بارزانی بەفیعلی سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە ، بەم هەمو دەسەڵاتەشیەوە وەکو مەرجەعی باڵای دەستەی جێبەجێکردن هەڵسوکەوت ئەکات، ئایا پارتی ئامادەیە حکومەتەکەی بخاتە ژێردەستی سەرۆکێکی نەیار ی خۆیەوە ؟.
ئێستا بە واقیع پارتی ئامادە نیە دو سێ پۆستی بەرێوەبەری ناحیە بداتە ئەو حزبانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بەشداریان کردو چەند کورسیەکیان بردەوە ، چۆن ئامادە ئەبێت پۆستی سەرۆکی هەرێم کە باڵاترین پۆستە بیداتە ئۆپۆسزیۆن ؟ ئەمە خەیاڵێکی پڵاوە و خەونێکە تا رۆژی قییامەت نایەتەدی .
ئەمجارەیان چوار حزبی سەرەکی کە 60 کورسی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە لەدژی تاکڕەویی پارتی وەستاونەتەوە ، بۆ مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆکیش زۆر بە جیددی کاری بۆ ئەکەن و ، ئەمەش جاری جاران نیە ئەم حزبانە بەپۆستی بێدەسەڵات و جێگری کارتۆنی رازی بن ، ئێستا هەمو لایەک چاوی کراوەتەوەو کار بۆ بەرژەوەندی خۆی و میللەتەکەی ئەکات و ، کەسیان ئامادە نین لە پێناو بەرامبەرەکەیان سازش بکەنو خۆیان بخەنە بەر نەعرەتەی بنکە جەماوەریەکانیەوە.
ئەو یار یەی تا ئێستا پارتی ئەیکرد رەنگە هەمو حزبەکانیش درکیان بەئامانجەکانی کردبێت ، بەڵام بۆ موجامەلەو ترسی تێکدانی وەزعە هەرچونێک بێت لەگەڵ پارتیا بەناوی دانوستانەوە درێژە بە وەزعەکە ئەدەن بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم درێژکردنە بەزیانی میللەت تەواو ئەبێت ، چونکە ئیستا بە فیعلی کێشەی سەرۆکایەتی وەکو چەکێک بەکار ئەهێنرێت بۆ فشار خستنە سەر حزبەکان لەلایەن جەماوەرەوە ، بە راشکاوانەتر بڵێم قوتی میللەتیش تێکەڵ بەم کێشەیە کراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت