111.2899 Barzani 7

ئاکۆ برایم : پارتى خەڵک گەوج دەکات یان دەیەوێت خۆى لەگێلى بدات ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆمەڵێک دۆست و لایەنگرى پارتى زۆر بەجدییەوە رەخنەى ئەوە لەخۆپیشاندەران دەگرن کە بۆچى تەنها بارەگاکانى پارتى دەکەنە ئامانج ؟ لەکاتێکدا لایەنەکانى دیکەش لەحکومەتدا بەشدارن و ئەوانیش کەم یان زۆر لەم قەیرانە پشکیان هەیە .
بێگومان لەکوردستان حزب بەسەر حکومەتدا زاڵە ، مەسعود بارزانى و نیچیر وەک سەرۆکى حزب مامەڵە و رەفتار دەکەن ، نەک وەک حکومەت ، ئەوەتا قەلادزێ خەڵتانى خوێن کراوە ، کەچى پارتى دەڵێت : دەستدرێژى بۆسەربارەگاى پارتى هێڵى سوورە .
ئەى باشە خەڵک لەم قەیران و بێ موچەیەدا چى بکات ؟

کێ گوێ لەخەمى دەگرێت ؟

ئایا بەرپرسى یەکەمى وڵات مەسعود بارزانى نى یە ؟

ئایا سەرۆکى حکومەت نێچیر نى یە ؟ ئایا تەواویى پارە و داهاتى وڵات لەژێر دەستى ئەواندا نى یە ؟

ئایا تەواوى جومگەکانى دەسەڵات لەبن دەستى پارتیدا نى یە ؟

ئایا 42 و قەیرانى وڵات لەئەستۆى ئەواندا نى یە ؟ ئەى کوا بەرنامە ؟ کوا پلان بۆ چاککردنیان ؟

یان نێچیر ئاسا بەو قسەیە خۆیانى لێ بێ خەم دەکەن کەدەڵێت : ( خۆپشاندان دەکرێت ، لەشارى سلێمانیش دەبێت و تەنها بۆماوەى سێ رۆژ دەبێت ، ئیدى رەوشەکە ئاسایى دەبێتەوە ) کە ئەمە ئەو پەڕى بێ خەمى بێ دەربەستى حکومەت دەردەخات کە بمانەوێت یان نا حوکمڕانى و دەسەڵات و بودجە لاى پارتى یە .
لەهەروڵاتێک بوایە ئێستا تەواوى کاربەدەستانى حکومەت ، لەسەر ئەو هەموو قەیرانە ، لەسەر ئەوەى کە لەبەرامبەر داواکارى مافى وڵاتیان بەفیشەک وەڵام ئەدرێنەوە ، ئێستا حکومەت هەڵوەشابۆوە ، کەچى لاى خۆمان زۆر بێ خەمن ، لەناو جەرگەى ئەو بارگرژى و قەیرانانەدا ، حکومەت و پەرلەمان ، لەبرى ئەوەى هۆشدارى بدەن بە پارتى و مەسعودبارزانى ، کە ئیدى جامەکە پڕ بووە ، خەڵک لەتەحەمولیا نەماوە ، کەچى زۆر بێ باکانە لەبرى ئەوەى بڵێن دەى سەرۆک ئیدى کاتى ئۆغرکردنتە ، خەڵک وردە وردە لێت ئەتەکێتەوە و ، دەنگى ناڕەزایى لەدژت بەرزدەبێتەوە .، تا ڕەوشەکە خراپتر نەبووە ، خوێنى زیاتر نەرژاوە ، کورسى چۆڵ بکە ، کەچى ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە کە سەرۆک دەسەڵاتى فراوان بێت ، ماوەى سەرۆکایەتى بۆ درێژ بکەنەوە ، سەرۆکیش ئەگەر بەراستى نوێنەرى میللەتەو خۆى بە خەمخۆرى خەڵک دەزانێت ، بەتەنگ داواکارى خەڵکەوە دێت ، کێشەکانیان بۆچارەسەر بکات ، یان گەر ئەوەى پێناکرێت ، کورسى چۆڵ بکات ، لەبەر ئەوەى حکومەت هیچ نیەتێکى بۆ چاکسازى و باشترکردنى باروگوزەرانى خەڵک نى یە ، ئەم بارودۆخە تادێت بەرەو خراپى دەڕوات ، جا بۆئەوەى هەمان فیلمى تونس و لیبیا و میسر، چەند بارە نەبێتەوە ، تا کات و دەرفەت ماوە ، بیرێک لەحاڵى میللەت و خۆتان بکەنەوە .
بەوە دڵى خۆتان خۆش مەکەن کە خۆپیشاندان و راپەرینەکان لەسنورى دەسەڵاتى پارتى و زۆنى زەردەوە دوورن ، ئەگەر بشکرێت بەو شێوەیە توندو تیژ نابێت ، نا نەخێر ئەوەیان خۆ خەڵەتاندنە ، چونکە یەکەم : مەسعودبارزانى ونێچیر و بەرپرسى یەکەمى ئەم هەرێمەن ، هەرلە جەلەولاوە بگرە تا زاخۆ ئەوان لە هەموو کێشەو گرفتێکى خەڵک بەرپرسن و ، ئەبێت بەزووترین کات بەدەنگیانەوە بێن .
دووەم : زۆر دڵنیابن کە رەوشەکە بەو جۆرە نامێنتەوە بەرەو خراپى دەڕوات ، ئەگەر وەک پێشتر پشتگوێ بخرێت ، ئەوە زۆر بەسانایى پریشکەکەى ئەگاتە هەولێر و بادینان ، ئەودەمەش کۆنتڕۆلکردنى زۆر ئەستەمە و لەدەست دەرئەچێت . لەوانەش هەمووى ناخۆشتر تا هەنوکە حکومەت و دەسەڵات هیچ خەمێکیان بۆ ئەوپرسە نى یە و تا ئێستا نەمانبیست کە دەسەڵات باس لە چارەسەرکردن و ، بەتەنگەوەهاتنى ئەو گرفتە بکات و ، لەگەڵ نوێنەرى خوپیشاندەراندا کۆببێتەوە ، بەڵێنى چارەسەرى بدات .. داواى میللەت زۆر رەوایەو مافى خۆیانەو کارێکى نەکردە نییە ، داواى سەرەتاترین مافى خۆى دەکات ، ئەخوازێت مووچە نەکرێتە کارتێکى سیاسى و فشارو ، کورسیەکەى سەرۆک نەبێتە هۆى نغرۆبوون و لەناوچوونى ئەزمونى چەندین ساڵە ، گەر خوانەکردە ئەوە روویدا ، ئەوا بەپلەى یەکەم لەپێش هەمووشت ئەوان واتە حکومەت و پارتى زەرەرمەندى یەکەم دەبن ، چونکە ئێمە هیچمان نى یە لەدەستى بدەین ، جگەلەو سێ چوار موچەیەى لایانە .
پاساوى نەبوونى پارە و خاڵى بوونى بانکەکان درۆیەکەو لەخۆیان زیاتر کەس باوەڕى پێناکات ، ئاخر ماناى چى یە ، چەندین مانگە نەوت لەلایەن هەرێمەوە دەفرۆشرێت و رۆژانە لەنێوان 500- 600 هەزار بەرمیلە ، کەچى هیچى دیار نى یە ، لەوەش ناخۆشتر جەنابى ئاشتى هەورامى مژدەى ئەوەمان دەداتێ کە حکومەت قەرزدارە و ئەبێت پارەى کۆمپانیاکان بدات . ئاخر گەر ئەوە گاڵتە کردن و گەوجاندنى خەڵک نەبێت چى یە ؟ بۆیە هەقى خۆیەتى کە خەڵکیش بایکۆتى دەوام بکات و خۆپشاندان و مانگرتن ئەنجام بدات ، لەپێناوى مافى خۆیدا هەموو شتێک بکات . کەسیش بۆى نى یە لۆمەیان بکات و لەبەرامبەر هەر پەرچەکردارێکدا رەخنەیان لێبگرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت