عیماد عەلی : ئێستاش دەپرسین ـ بەشداریت لە حکومەت هەڵە نەبوو گۆران ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ ئەوەی لەیادی نەکەین و بەبیری خۆمان بێنینەوە . لەو کاتەدا کە گۆران رێککەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ پارتیدا کرد و بەو پێیە بە چەند وەزیرێک بەشداری کابینەی هەشتەمی حکومەتی کرد ، بە گفتوگۆ و نوسین و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکان .
وتمان : ئەم بەشداریە هەڵەیە و تا ئێستا زەمینە لەبار نیە بۆ بەشداری راستەقینە و کارا و گۆرینی سیستمی سیاسی و خزمەتکردنی خەڵک و پەرینەوە بۆ قۆناغێکی نوێ ، گۆرانخوازان نارازیبون لە راوبۆچونەکانمان و تەنانەت زۆرێکیان تورەش بوون . ئێمە راکانمان لە سەر کۆمەڵێک بنەمای سیاسی و واقعی ئەوسا و ئێستای کوردستان و وەزع و مامەڵەی حزبەکانی تر و بەتایبەتی پارتی بنیات نابوو، بەڵام برایانی گۆران لە خۆشیا گەشکەیان کردبوو وەک یەکێتی چۆن لە بەشداری کردنیان لە حکومەت بە ئامرازی رزگارکردنیان لە تەنگوچەڵەماکانیان دەزانی و وەک ئەوەی بەشداری گۆران لە حکومەت بەشە کێکەکەیان کەم دەکاتەوە خۆیان خستە گۆشەیەکی زۆر تەسکەوە لە بەشداری کردن لە حکومەتی سەلکە فراوان .
وتمان : تا ئێستا قۆناغی گۆرانکاری سەرەکی و بنەرەتی ژیانی سیاسی کوردستان ناهتۆتە ئاراوە و بە بەشداری وەزیرێک و دوان هیچ کاریگەریەکتان نابێت و ئەو دروشمەی شەو و رۆژ دوبارەی دەکەنەوە بواری هاتنەدی نامێنێت و، تەنانەت پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەلات پەکدەخەن و دەبنە شەریکە بەشی گەندەڵی و سەرجەم کەموکورتی و کارە نابەجێکانی دەسەڵاتی ئەوسا دەکەوێتە ئەستۆی ئێوەش، لە بەرامبەردا کۆمەڵێک شەخسی سەر بەخۆتان قازانج دەکات و بەس .
وتمان : کە تۆ هیچ جومگەیەکی سەرەکی دەسەڵاتت بەدەستەوە نەبێت کە توانای گۆرانکاریت پێ ببەخشێت چ گۆرانێک دەکەیت .
وتمان : بەشداریتان تەنها لە شکڵ و توێکڵدا دەبێت و هیچ قازانج بە میلەتەکە نابەخشن ، وتیان چوار ساڵی ئارامیمان دەوێت و دەتوانین زۆر شت بکەین .
وتمان : بەم هەنگاوە شەقێک لە پرۆسە درێژ خایەنە لەسەرخۆکەی گۆرانی سروشتی سیستمی سیاسی کوردستان دەدەن، وتیان نیوەی هەنگاوەکان دەبرین .
وتمان : دواتر هاوارتان لێ هەڵدەستێت کەس بە دادتانەوە نایەت ، وتیان ئێمە پشت بە جەماوەری خۆمان دەبەستین . وتمان بە وەزیر و دوو وەزیر زەمینەی گۆرانکاری ستراتیجی لە کوردستاندا دەمرێنن ، وتیان هیچ کارێک بە یەکجار بە یەک هەنگا و ناکرێت .
وتمان: با قۆناغی چەسپاندنی کاری ئۆپۆزسیۆن تۆکمەتر بێت و جەماوەر حوکم بکات و زۆرینە دروست بکەن و بە تەواوی لە قۆناغەکانی تر بیگۆرن ، وتیان بە راستی پێمان ناکرێت و جەماوەر و هەوادارنمان لێمان هەڵدەوەرێن .
وتمان : ئەم بەشداریە زەرەری لە قازانجی زیاترە ، وتیان مامەڵەی ئێمە لەگەڵ پارتیدا وەک یەکێتی نابێت و ناچینە ژێر رکێڤی پارتیەوە لە شوێنی خۆی دەیوەستێنین .
وتمان : یەکێتی زۆر هەوڵی دا سەرکەوتو نەبو لەبەر ئەوەی بارودۆخە بابەتیەکە لە کۆی گشتی هۆشیاری میلەت نەگەیشتبوە ئەو حاڵەتەی جەماوەر باشتر هەڵبژێرێت ، نەک بە پێ ی بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و حزبی . زۆرمان وت و وتیان و وەڵامیان بۆ هەموو وتمانێکیان هەبوو . بەڵام ئەمرۆ دەرکەوت کێ لەسەر راست بوو؟ ئەمرۆ دەرکەوت نە گۆرانکاری کرا ونەش سیستمەکە گۆرا و نەش پارتی لە کەلی شەیتان هاتە خوارێ . گرنگترین شت ئەوە بوو کە وتمان هەڵەکانی یەکێتی دووبارە دەکەنەوە و دەستمان دامێنتان با قۆناغی گۆرانکاری گشتی کورت بکەینەوە و بە هەڵەی ستراتیجی کاروانی گۆرانکاری نەوەستێنین ، بەڵام هاوار و قسەی ئێمە دادی نەدا و بەشداریان لە چوار ساڵی ئارامیان کرد و سەرجەم هەڵەکانی یەکێتیان دووبارە کردەوە و ، داخەکەم ئارامیەکە نەگەیشتە دوو ساڵی تەواو .. خوا چاکی کات !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت