Nuri-Bexalli-1

نوری بێخاڵی : لە بارەی نووسین و خۆكوشتنەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕامبۆ دەڵێ  : ژیان لە شوێنێكی دیكەیە . كەواتە هەمیشە ئەگەرێك لە بەردەم مرۆڤدا هەیە ، كە بە شوێن دۆزینەوەی ژیانێكی دیكەدا بگەڕێ . ژیانێك لە زەمەن و سەرزەمینێكی دیكەدا .. ژیانێك ڕەنگە لە دیدی ئەودا وەك ئێرە سیخناخ نەبێت لە تارمایی بێهوودەبوون و تاریكیی ڕەشبینیدا . بۆیە بەم پێودانگە بێت ، خۆكوشتن كردەیەكە لە نێوان ڕەوایی و ناڕەواییدا ، كە ئەوەش پەیوەستە بە هەلومەرجی ئەو شوێنكاتەی مرۆڤی تێدا دەژیێت و ئەو پاڵنەرانەی زەمینەسازی ئەنجامدانی ئەو كردەیەن . ئەگەرچی ناتوانین بە شێوەیەكی ڕەها ڕەوایی بە خۆكوشتن بدەین ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ ناكەین كەس نەبووبێت و كەسێك نەبێت لە چركەساتێكدا بیری بەلای خۆكوشتندا نەچووبێت . لەبیریشمان نەچێت ، بەو پێیەی خۆكوشتن هەڵاتنە لە دەست بێهوودەیی و ڕاكردن بەرەو نادیار . واتە ئەو كەسەی بە هەر هۆیەكەوە بێت بیر لە خۆشتن دەكاتەوە ، دڵنیا نییە سەر بە كوێ و چ چارەنووسێكدا دەكات . بۆیە بڕیارەكەی بارتەقای دڵەڕاوكێ ، پڕیشە لە ترس . دڵەڕاوكێ و ترسێك دواجار بە بوێری كۆتایی دیت. واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆكوشتن زیاتر بوێرییە، تا ترس و سەرشێتی !
زۆرجار لە پەیوەست بە دیاردەی خۆکوشتن ، باس لە جیهانی نموونەیی دەکرێ ، ئەوەی کە بکەر ( خۆکوژ) بە خەونییەوە خۆی دەکوژێ ، وەلێ لە ڕاستیدا شتێك نییە بە ناوی جیهانی نموونەیی . ئەوەی پێی دەگوترێت بەهەشتی ئەوێ و دۆزەخی ئێرە ، ئیدی لە ڕوانگەی یەقینی ئایینییەوە بێت ، یان فانتازیای ئەدەبی ، هیچ نییە جگە لە خۆخەڵەتاندنی مرۆڤ . ئاخر ئەگەر چارەنووسی مرۆڤ ئەوەبێت بەبێ ویستی خۆی و لەسەر هەڵەی كەسێكی تر فڕێدرابێتە دۆزەخی ئێرە، ئەوە ئیتر بەهەشتیك نییە چاوەڕوانی بێت ، كە لە ڕێگای پاكبوونەوە لە گوناە و تاوان ، باوەشی بۆ بكاتەوە !
مرۆڤ هەمیشە پاساوێكی بۆ خۆكوشتن هەیە ، ئیدی ئەو پاساوە هەرچییەك بێت . لەوانەیە زۆرجار پاساوەكە خودی بێت و كەمتر پەیوەندی بە دەرەوەی خۆی و دونیا و ژیانەوە هەبێت . لەوانەیە لە بنەڕەتدا مەیلی مرۆڤ بێت بۆ ئەزموونكردنێكی دیكە ، بۆ سەركێشی ! ئەگەر ڕێك بكەوێت دوای خۆكوشتن ئەو كەسە ببینیتەوە و لێی بپرسی ، كێ ناڵی پەشیمان نییە لەو ئەزموون كردنە ؟ یاخود كێ ناڵێ خۆی بۆ خۆكوشتن و هەلاتنیكی دیكە ئامادە ناكات ؟ واتە لە دۆزەخێكەوە بۆ یەكێكی دیكە .. بۆیە كێ دەڵێ جیهانەكەی دیكە نموونەییە ؟!
نە ئەدەب و نە هیچ شتێكی دیكە ناتوانن خزمەتی ڕاستەقینەی مرۆڤ بكەن ، ئەگەر خودی مرۆڤ خۆی ، نەگاتە ئەو یەقینەی ، كە پێویستە بەبێ ڕایەڵ و نێوەندگیر خزمەتی خۆی و دەوروبەری( واتە مرۆڤبوون! ) بكات . دەشێ ئەدەب و هەر شتێكی دیكە هۆكار بن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ، بەڵام دواجار ئەوە خودی مرۆڤە ، كە تا چەند و بە بڕوایەكی كۆنكرێتی ، ئامادەیی خزمەتكردنی خۆی تێدایە .
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە ، كە بەشێكی زۆری ئەدەب ، تەنێ چیرۆكی برین و گوناهو تاوانەكانی مرۆڤ ، بە وێناكردنی لە قاڵبێكی هونەری و فانتازی و گواستنەوەی لە توێی زمانێكی جادوبازدا، دەگێڕێتەوە . بەو مانایەش بێت و ئەگەر زێدەڕۆییمان نەكردبێت ، دەڵێین ئەدەب تاوانبارێكی گەورەیە ! ئەو تاوانەشی لە میانی خەیاڵ و فەنتازیا و زمانەوە ، بەناوی جوانكردنی ژیان و دونیا دەكات .
واتە ئەدەب بەشی خۆی لە بەرهەمەێنانەوەی برین لە زاكیرەی مرۆڤایەتیدا بەرپرسیارە . بەو پێیەی جگە لە گێڕانەوەی حیكایەتی برینەكان و فرۆشتنەوەیان وەك پەند و وەعز بە خوێنەر، كەمترین سكێچ و فیگەری ئومێدبەخش بەرهەم دێنێت. كەواتە دیسان ئەوە مرۆڤە ( ئەدیب) تاوان دەكات ، تاوانێك ناوی دەنێ ( ئەدەب! ) . ڕەنگە ئەم ڕایە بۆ زۆرێك مایەی گاڵتە پێكردن بێت ، وەلێ كاتێ جەدەلەكە لە ئاستی دەق و پەیامە ئاشكراكەیدا بەرەو قووڵایی و جەدەلێكی فیكری – فەلسەفی دەرباز دەبەین ، لەوانەیە باشتر باری سەرنجمان بۆ ئەو پرسە بگۆڕێ .
ئەوە ڕێك ئەو گیروگازەیە كە دەمانەوێ بە شێوەیەكی دیكە و لە ئاستێكی دیكەی قووڵتری مانادا قسەی لەسەر بكەین .
سەیركەن ، زۆربەی ئەو تێكستە ئەدەبیانەی خوێندوومانەتەوە و دەیانخوێنینەوە ، وێدەچێ زێدەتر بە ئامانجی ڕەواندنەوەی تەمی ڕەشبینی خوێنەر نووسرابن . زۆربەیان بە ڕاستەوخۆ ، یان ناڕاستەوخۆ دەیانەوێ پێمان بڵێن ، كە دەیانەوێ پەلی مرۆڤ بگرن بۆ ئەوەی لە بێهوودەیی قورتاری بكەن . لە كاتێكدا زۆربەی ئەو كارە ئەدەبیانە لە فۆڕم و ئاستێكی دیكەدا ، ڕەشبینی و نائومێدی لە زەینی ، یان ڕوونتر بڵێم لە كۆنەستی مرۆڤدا نەخش دەكەن . بۆیە ڕەنگە بەلاتانەوە سەیر بێت ، كە بڵێم من زێدەتر ئەدەبی ڕەشبین و بێهوودە و نائومێدكەر ، بە فریادڕەسی مرۆڤ دەزانم . ئەدەبێك كەڵكەڵەی گومان و ڕاڕایی بخاتە سەری مرۆڤ . گومان لە بەرامبەر چییەتی و ماهییەتی مرۆڤ خۆی ..
گومان لە چەندێتی و چۆنێتی ویستی مرۆڤ بۆ بێداركردنەوەی هێزی شەیتانی و فریشتەبی ناوەوەی ..
گومان لە چەندێتی و چۆنیتی مەیلی مرۆڤ بۆ پەیوەست بوون بە ژیان – مەرگدۆستی ! ئەدەبێك مرۆڤ سواری سەری گەڕان و هەڵاتن ، تا ئاستی خۆكوشتن بكات .
بە مانایەكی دیكە ، ئەدەبێك ئامانجی لە جوانكردنی ژیان ، هاندانی مرۆڤ بێت بۆ ڕاكردن لەو ژیانە و پووچییەكانی ، بە شوێن دۆزینەوە و گەیشتن بەو ژیانەی ، ڕامبۆ گووتەنی ( لێرە نییە ) و ڕەنگە لە هیچ شوێنكات و سەرزەمینیكی دیكەی دەرەوەی ئێرەش نەبێت !

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت