24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەدئەمین گەناویى : حکومەتی شەقام .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرهەڵدانی هەر قەیران و گرفتێک وە رووداوێک نەک هەر ئەمانگێڕێتەوە بۆ پاشخان و هۆکارەکان کە لە رابردودا جا رابردوی دوور بێ یان نزیک روویان داوەو بونەتە دەرهاویشتەی قەیران و رووداو ، بەڵکو دەبێت وە پێویستە ئەو هۆکارو ئامرازانەش پەیدا بکرێن کە دەبنە چارەسەرى قەیران ئەمەش پەیوەندە بە ئەزمون و خلاقیەتى فکریەوە ( رووداوەکان راستیەکان ئاشکرا ئەکەن / ڕۆژنامەی ڕۆژنامە 3-11-2011 ) .
بینین و پەیداکردنی ئامرازو هۆکارەکانی چارەسەر پێوەرە بۆ گەشەو توانای فکری ئەم بوارەی قەیرانەکە تێیدا سەری هەڵداوە جا ئەم بوارە کە قەیرانی تیایە چ کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، یاسایی، یان سیاسی بێت .
بۆ ئەوەی بابەتەکە فراوانتر نەبێ پێویستە یەکسەر بێینە سەر باسی قەیرانەکانى ئەمرۆى ولات بەتایبەت قەیرانى ئابوری و سیاسی کە لەم 24 ساڵەی رابردوو لەم بەشە جوگرافیەی ئێمە کە ئێستا پێی دەڵێن هەرێمی کوردستان بوونی هەیە .
هەر لەدروستبونی یەکەم پەرلەمانی کوردستان ، هەرێم خۆی لەقەیرانی ئابوری و سیاسی دا بینیەوە کە بەشی زۆری هۆکارەکانی پەیوەندی بەدەرەوە بوو وە بەشێکی تری پەیوەندی بە عەقڵیەتی میلیشیایی وە دواکەوتوویی و هەژاری فکری و فەرهەنگى سیاسی کورد خۆیەوە بوو.
ئەمجار شەڕی ناوخۆو پاشان روخانی بەعس و حاجزبونی وە شکستى عەقڵی سیاسی کوردی بۆ کەڵک وەرگرتن لەم هەلە مێژوویە بۆ دیاریکردنی سنوری کوردستان و دامەزراندنی قەوارەی سیاسی کوردستان، تا دەگاتە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق بە بەشداری کورد ( دەنگدان بە دەستوری عێراق لە 2005 ) دەست بردنی فەرمانڕەوایانی هەرێم بۆ دۆسیەی نەوت و بازرگانی و قاچاخ کردن پێوەی بۆ سوودو حەزو تەماحى خۆیان ، بونەتە پاشخان و هۆکارەکانی ئەم قەیرانە ئابوری ، سیاسی وە ئاسایشیەى ئەمڕۆی کوردستان .
لەکاتی ئێستادا لەسایەی ئەم قەیرانانەى کە هەیە بە لەبەرچاوگرتنی واقعى قەیرانەکان و هۆکارەکانی ئەم چەند راستیە بۆ هەموو کەس و گروپێ ئاشکراو بەلگە نەویستە :
1 – ئەم دەزگایەی کە هەیە بەناوی حکومەتى هەرێم نەک هەر تا ئیستا نەى توانیوە وە ناتوانێ قەیرانەکان چارەسەر بکات بەڵکو بۆ خۆی بۆتە قەیران وە هۆکار بۆ قەیرانەکان . زەقترین نمونە قەیرانی دارایی و موچەیە کەوا سێ ساڵە بەردەوامى هەیە و ڕۆژانە ژیان و گوزەران و دەرون و ژینگەی ژیانى تاک ، کۆمەل وە خێزان ترۆر دەکات ، بە ناو حکومەت نەک هەر چارەسەری بۆ قەیرانەکانى پێ نیە بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ قەیرانەکان فراوانتر و دژوارتر ئەبن کە دووبارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری فکری سیاسی و ئابوری لای دەسەڵات داران وە نەبونی هیچ خەون و روانگەیەکی نیشتمانی لاى دەسەلاتدارانى میلیشیا یی .
4 – لەگەل بەردەوام بونی قەیران و مانگرتنەکان هەموو دامەزراوەکانى حکومەت وە کەرتەکانی ئابوری بەرەو هەڵوەشاندنەوە و دارمان دەچن ، لەمەش تراجیدی تر ئەوەیە بەناو حکومەت داران بەتەواوی دۆش داماو ، بێ دەسەڵات وە دەستەوەستان ماون . ئەمرۆ هیچ کەسێ ، حگومەتێ وە یان دامەزراوەیێ نیە خۆی بکات بەبەرپرسی قەیرانەکان و نەخشە ڕێگای چارەسەر پێ بێ ، کە بەراستی ئەمە ئەوە نیشان ئەدات کە ئەم وڵاتە کەس خۆی بە خاوەنى نازانێ جگە لە هەژارو بێ دەسەلاتەکان بۆ ئەمانیش حکومەت هەبێ و نەبێ وەکو یەکە بەڵکو نەبونی ئەم جۆرە حکومەتە میلیشیاییە بۆ ئەوان لە زۆر رووەوە زۆر باشترە لە بوونى . دروست بوونى ئەم حالە بەڵگەیە کە حکومەت دارانى میلیشیایی لە چ قەیرانێکی گەورەى فکری ، سیاسی ، ویژدانى وە بەهاکانا ئەژین .
3 – بەخوێندنەوە بۆ روداوەکانی سیاسی ئەمرۆ ، بەرژوەندیەکانى ئابوری ، کێشە مێژووییەکان ، کێشە جیۆ پۆلیتیک / ستراتیجى ، شەرى نفوزی ناوچە سیاسی / ئابووریەکان وە سەربازی ناوچەو جیهان ، مەگەر تەنها معجیزەیەک رێ گر بێ ئەگەر نا هەرێمی ئێمە ئامانجە کە ببێتە چەقی ناکۆکیە ناوچەیی و جیهانیەکان کە وێناکردنی تراژیدیاکان هێندە بەئازارە کە ناتوانرێ بیری لێبکرێتەوە ( پانۆراماى سیناریۆ رەشەکان ،21 -8-2014 رۆزنامەى هاولاتى ) لە پال ئە مەشا دەبینین کە چارەنوسی گەل و وڵات بەدەست قەدەرێکی رەش و نادیار سپێردراوە بە هۆى نەبوونى هیچ دامەزراوەیەکى کاراى ئابورى ، سیاسى ، نیشتیمانى وە مسئول .
لەماوەی 24 ساڵ حکومەتی میلیشیایی هەرێم لە هیچ بوارێکدا سەرمایە گوزاری نەکراوە کە خەڵک بتوانێ لەکاتی شەڕو کێشە گەورەکاندا توانای مانەوەی لەژیاندا هەبێت و بەرگری بکات ، بۆنمونە ئاسایشی خۆراک ، تەندروستی وە کۆمەڵایەتی بونی نیە .وە ئاسایشی سیاسیش کراوەتە قوربانی حەزی میلیشیای بازرگانی کە لە تاڵان کردنی هەرچی زیاترى سامانەکانی وڵات بێ ویژدانانە ، نا مرۆڤانە وە نا کوردانە دا خۆی دەبینێتەوە . دووبارە ئەوەی بەڵگە نەویستە ئەمەیە ، تا چارەسەرى قەیرانەکانى ئەمرۆى وەلات بسپێردرێ بە کەسان و گروپێ کە تا ئێستا خۆیان بەشێک بون لە قەیران ئەوا چارەسەری قەیرانەکان سەراب و خەونە و خەڵک دەبێت چاوەڕێی قەیران و تراژیدیای زیاتر بکات . بۆ نمونە دەزگاى بەناو حکومەت تا ئێستا خەم ساردو بێ باک بووە لە ژیان و ئازارەکانی خەڵک لەسایەی ئەم قەیرانانەوە کە خۆى بە سەر خەلکى هێناوە ، وە کۆمەلانى خەلکیش ڕۆژانە بە ناچارى بە بەهای تەمەن ، ئاسودەیی وە ژیانی خۆیان دەست و پەنجەیان لەگەڵ قەیران و مەینەتیەکانا نەرم دەکەن . لە بەر ئەمە داواکراوە لەوانەى کە ئەمرۆ لە سەر شەقامەکان مان دەگرن ، حکومەتی شەقام دابمەرزێنن کە گوزارشت لە ئازارەکانیان بکات ئە گەر حکومەت هەروا بەردەوام بێ خەم بێ لە ئازارو خەمى خەلک ، حکومەتی شەقام تەنها چارەسەرى راستەقینەیە بۆ قەیرانەکان چونکە حکومەتى سەرکەوتوو رەشید تەنها ئەبێ لەناو خەڵکەوە بێ وە بۆ خەڵک بێ .
دامەزراندنی حکومەتی شەقام نەک تەنها وەڵامە بۆ هیوا ، خواست وە ئازارەکانی خەڵک بەلکو دەرگایەکی گەورەشە بۆ برەو گەشەى بیری سیاسی ، فەرهەنگی سیاسی ، شارستانى ، مەددەنى وە داهاتویەکی تەواو جیاواز لەمەی کەتا ئێستا هەیە ، وە پاش دامەزراندنی حکومەتی شەقام هەنگاوەکانی تر لە بەیاسایی / دەستوری وە دامەزراوە کردنی دەولەت و کۆمەڵگا لەسەر بنەمای سەروەری تاک ، ئەرک ، ماف ، مافى مرۆیی وە پاراستنی بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان بە بەشدارى هەموان ئەببێتە ئەرکى هەموان . مۆدیلى شەقام وە حکومەتى شەقام لە سالانى داهاتودا ئەبێ ئەبێتە مۆدێلێکى جیهانى بۆ چارەسەرى قەیرانەکان بە دیارى کراوى قەیرانى ئابوورى لە زۆر شوێنى جیهان ئەگەر لە هەموو جیهانیش نا بە تایبەت لەم شوێنانە کە دەسەلات و دەولەتى شکست و نامسئول هەبێ . ئیتر لەمەودوا لە سەر ئاستى هەموو جیهان شەقام وە حکومەتى شەقام ئەبنە شوێنى یەک لا کەرەوەى کێشە بنەرەتیەکان .*
* ئابورى ناسى جیهانى David Harvey لە ( سمینارێ لە زانکۆى لوندى سوید لە 2014 ) لاى وابوو نەک هەر دەولەتەکان بەلکو ئۆپۆسزێونە چەپە کانیش ناتوانن چارەى قەیرانە ئابووریەکان بکەن بۆیە دواجار ئەبێ شەقام ئامادە بێ بۆ چارەى قەیرانەکان .

 

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت