شەریف هەژاری : هۆکار و کاریگەرییەکانی بردنەوەی ئەردۆغان و کەمبوونەوەی دەنگەکانی هەدەپە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پێنج مانگ بەر لە ئێستاوە ، بە نووسینی سێ بابەت کە ئاراستەی پەکەکە -هەدەپەم کردبوو ، هوشیاریم دابوو لە ئەگەری دابەزینی دەنگەکانیان و چەندین ڕۆژنامە و وێبسایتیش بڵاویان کردەوە لە کاتی خۆیدا ، ئێستاش وەک خۆی لە فەیسبووکەکەم هەر سێ بابەتەکم داناوەتەوە. بەهەرحاڵ ، دەتوانین هۆکارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بردنەوەیەکی ‘ زۆر ‘ کاریگەری ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێ دا بەکورتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا ئاماژە پێ بکەین کە هەندێکیان پێشتر لەو سێ بابەتەی پێشوودا زەنگە مەترسیدارەکانیانم خستبووە ڕوو .
١- لە یەکەم شەوی دوای هەڵبژاردنەکانی پێشوو، کە دەمیرتاش وتاری دا و عاتیفەی سەرکەوتن گرتیی و، هەندێ لە قسەکانی لە دەرەوەی خانەی لۆژیکی سیاسییەوە و بوون و ڕایگەیاند: بەشداری هیچ حکوومەتێک ناکەن لەگەڵ ئاکەپە دا ، ئەم قسانەی دەمیرتاش ئینگلیز ووتەنی : لە شیکارکردنی سیاسیدا پێی ئەوترێت: “Overestimate” – زیاتر خەمڵاندن – قەبەکردنی مەزەندەکردنی ڕووداوێک- بە کوردیەکەی شتێک لە ئاست قاڵبی خۆیدا زۆر گەورەتری بکەی !!”. هەربۆیە ڕامگەیاند : سیاسەتکردن قین -قینانی دەورانی مناڵیی نییە ، پێویستە دەمیرتاش سەرکەوتنەکە بە لاڕێیدا نەبات !! بەڵکو واقیع بین بێ . هەروەها هەر لەو ووتارەدا ڕامگەیاندبوو کە : پارتە تورکییەکانی دیکە زۆر لە ئاکەپە ڕەیسیست ترن ! بۆیە دەمیرتاش و پەکەکە دەبوو واقیعیتر هەنگاویان بنایە ، کە بە داخەوە ئێمەی کورد زوو سۆز و عاتیفە دەمانگرێ و بە سەرکەوتنێ شاگەشکە ئەبین!! لە کاتێکا کورد گەر خەباتی مەدەنیی- سەرشەقامی ئەکا ئەوا نە لە ‘ تورکیا – ئیران – عیراق و سوریا ‘ ئەو ژمارەیە نییە کە خۆی بە تەنها لە پەرلەماندا یاسا و مافەکان بۆ خۆی بچەسپێنێ ، بەڵکو پێوستی بەهاوپەیمانێتیی مەرجدارە .
٢-هەڵگیرسانەوەی جەنگی ناوخۆیی لە تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە کاریگەری هەبوو لە بە میلیتاریزەکردنی شارودێهاتەکانی باکوری کوردستان و گرتنی هەزاران چالاکی مەدەنی کورد . ئەمەش وایکرد : ڕێژەیەکی کاریگەری کوردی باکور دەنگ نەدەن یان نەوێرن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، کە دیارە وەک پێشتر وریاییم دابوو کە : پەکەکە نەدەبوو بە فشارە شەڕخوازییەکانی ئەردۆغان جوولانەوەی چەکداری لەو چەند هەفتەیەی پێشوو هەڵبگیرساندبایەوە ، ئەو کارەی پەکەکە بیانووی دایە دەست ئەردۆغان کە ناوچەکانی باکوری کوردستان میلیتاریزە بکات .
٣-بە هەڵگیرسانەوەی شەڕ ، ئەردۆغان توانیی سۆزی دەنگ پێدانی زۆرینەی تورکە فاشیستەکان و بنەماڵەی کوژراوە تورکەکانی سی ساڵی رابردوو بەلای پارتەکەیدا ڕاکێشێت ، دەشمان دی لە پڕوپاگەندەکانی ئەم هەڵبژاردنەدا چ ئەردۆغان و چ ئۆغلۆ دووپاتیان ئەکردەوە لە شەڕ دژ بە تیرۆر ، کە دیارە مەبەستیشیان هەر پەکەکە بوو، بەردەوام دەبن .

٤-پێموایە ‘ ئەکرێ هەڵە بم !!’ کە پارتیی و یەکگرتوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە ڕێکەوتنی نهێنییان لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدانی تورکیا دا هەبوو ، بەجۆرێک کە ئەو پارتانەی لە ‘ پارتیی و یەکگرتوو ‘ وەوە نزیکن ، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ڕایانگەیاند کە : هیچ کاندیدێکی حیزبییان نابێت !! وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا ، کە دیارە ئەمەش پێشووەخت پلانداڕێژراو بوو !! کە دەگونجێ دەنگەکانیان هەمووی بۆ پارتیی دادی سوڵتان ئەردۆغان ڕۆشتبێ !!

٥-پەکەکە زۆر زوو دەکەوێتە ژێر ئاراستە سیاسییە فەرمان پێدراوەکانی ئێرانەوە ، یان ئەتوانرێ بوترێ ‘ ئایدۆلۆژییەکەیان ‘ وادەکا کە پەکەکە ئاراستەی سیاسەتی ڕووس -ئیران وەرگرێ !! وەک هەمووان دەزانین ئێران دوژمنی سوننەیە ، ئەردۆغانیش خۆی وەک خەلیفەی سوننە دائەنێ !! هەربۆیە ئێران ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە بەلاڕێدا بردنی پەکەکە ، تەنانەت وەک لە وتارێکیاندا ئاماژەم پێدابوو کە : دورنییە دەزگای ئیتلاعاتی ئێران و میتی تورکی ڕێکنەکەوتبن بۆ لەخشتە بردنی پەکەکە !! بەجۆرێ ئەگونجێ کە ئێران لە ژێر ناوی دۆستایەتیی پەکەکە دا ئەوا بە ڕێنوێنییەکانی پەکەکەی لە خشتە بەرێت !! چونکە هەمیشە داگیرکارانی ‘ تورک و فارس و عەرەب ‘، چەندێک دژی یەکتریش بن ، ئەوا لە خاپورکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا ‘ بە ئاشکرا یان بە نهێنیی ‘ ڕێکەوتنیان سازکردووە ، باشترین نموونەش ؛ ڕێکەوتنی جەزائیری نێوان حەمە ڕەزا شای ئێران ‘ ئاڵاهەڵگری فارسە فاشیستەکان ‘ و ‘ سەدام حسێنی جێگری سەرۆککۆماری عەرەبە شۆڤێننە عەفلەقییەکانی عێراق ‘ ە و ، چەندان نموونەی دیکەی ناو مێژووشمان سەلماندنی ئەو ڕاستییەن کە داگیرکەرە فاشیستەکانی ‘ تورک و فارس و عەرەب ‘ چەنێک دژی یەکتریش بن ، ئەوا لە راماڵینی کورد دا بۆ ‘ ئەو ئامانجە فاشیستییە ‘ دەبنە دۆست و هاوپەیمان .

٦-یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی دەنگی هەدەپە ، ئەوەیە کە : هەدەپە لە کۆمەڵگایەکا باسی پێشڕەویکردنی خەباتی ‘ چەپ و مارکسیزم ‘ دەکا کە باوەڕیی ‘ ئیسلامیەت ‘ پاشخانێکی درێژ خایەنی لە هزری تاکەکانیدا هەیە ، بەتایبەت وەک مێژووی پاشخانی عوسمانییەکان . کەوابوو کۆمەڵگای کوردی باکوریش زۆرینەیان مسووڵمانن . هەدەپە – پەکەکە دەبوو خوێندنەوەیان بۆ کۆمەڵناسیی سیاسیی کوردەواریی هەبایە ، بۆ ئەمەش تەنها یەک نموونەتان بۆ دێنمەوە : بیرمەندی ‘سۆسیالیزمی دیموکراتیک’ی جیهانیی ‘قاسملووی کورد’ لە وتارێکی دا دەڵێ: “باشە پرسیار ئەوەیە : بۆ کادرێکی کۆمەڵە بەوپەڕی خوێنەوارییەوە ئەچێتە گوندێکی خۆرهەڵاتی کوردستان چەند کەسێکی زۆر کەم گوێی لێ ئەگرن !! بەلام کادرێکی دیموکرات بەوپەڕی نەخوێنەواریشەوە ئەچێتە هەمان گوند و زۆرینەی خەڵکەکە گوێی بۆ شلەکەن !!؟”، ئەم قسەیەی بیرمەند قاسملوو بەو مانایەیە کادرە خوێنەوارە پێسکەوتووەکەی کۆمەڵە ئەچێتە گوندەکە و باسی فەلسەفەی مارکسیزم و کارەکانی لینین – ستالین ئەکا و کۆمەڵگای کوردیی و ئەو فەلسەفا ناسەرکەوتووانە کوجا مەرحەبا !! بەمپێیە : پەکەکە – هەدەپە کە لە باکور خۆیان کردۆتە ئاڵاهەڵگری مارکسیزم و کۆمەڵەش بەهەمان شێوەن لە خۆرهەڵاتی کوردستان دا ، دەبوو ئەو حەقیقەتە قەت لە یاد نەکەن کە مارکسیزم لە سۆڤیەت و چین سەرنەکەوت ئێستا لە قەندیل و زڕگوێزەڵە چۆن سەرئەخرێ بۆ باکور و خۆرهەڵاتی کوردستان !؟ لە کاتێکا کۆمەڵگای ئێمە زۆرینە ئیسلامن ، بۆیە دەبوو سود لە ‘ دیموکرات ، گۆڕان ، یەکێتیی و تەنانەت پارتی ‘ ش لەم ڕوەوە وەرگرن !!

٧-هاتنەناوەوەی ڕووسیا بۆ جەنگی سوریا و کوشتوبڕی سونەکانی ئۆپۆزسیۆن وایکرد زۆرێک لە لایەنگرانی فەتحووڵا گولەنی ئیسلامیی و کەسایەتییە ئیسلامییە سونەکانی دیکەی نا – ئەردۆغانی دەنگ بدەن بە پارتەکەی ئەردۆغان ، چونکە هەم کوشتوبڕی سونە لە سوریا بەدەست ‘ ڕووس- ئێران – ئەسەد ‘ و هەم لە میسر بەدەست مورسی ، کاریگەری تەواوی هەبوو کە شەقامی ئیسلامی سونە وەک فریاد ڕەسی سوننەکان لە بردنەوەی ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا بڕوانن .

ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری هەیە بۆ : بەهێزکردنەوەی تەواوی پارتە ئیسلامییە سونەگەراکانی سەر بە دادوگەشەپێدان بە یەکگرتووی ئیسلامیشەوە ! کاریگەریشی هەیە بۆ ئیلهامبەخشین بە پارتیی ، هەروەها بەلاوازکردنی ‘ ئیرادییانە ‘ ی ئەجێنداکانی ئێران لە ناوچەکە دا و ، زیاتر لەمانەش ، سەرکەوتنی زیاتری هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و پرۆژەکانیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا و ، چەندان کاریگەری دیکە گەر بە ووردی لێی ڕامێنین !!
بۆ پەکەکە – هەدەپەش ، پێویستە بە ووردی بە خۆیاندا بچنەوە ، پەکەکە دەبێت ئیتر نەکەونە ژێر کاریگەریی ئێران روسەوە و ، گەرواش نەکەن !! خۆیان زەرەمەند دەبن ، ‘ ئایدۆلۆژیای پەکەکە ‘ لە دنیای فرەیی و دیموکراسیی دا شوێنی نابێتەوە ، هەربۆیە دەبێت خۆیان لە شەقامدا بکەنە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی گشتگیریی فرەیی نا –ئایدۆلۆژیی !! پەکەکە هەردەبێت بروا بە فرەیی بێنێت چونکە گەر پەکەکە ڕێی بدایە پارتی دیکە لە باکور هەبێ و ، سەرکردەکانیانی نەکووشتبان ، ئەوا هیچ نەبێ هەندێ دەنگی دیکەی شەقامی کوردی باکور بۆ ئەو پارتە کوردییانە دەچوو !! پەکەکە دەبێت لە خۆراواش ڕێگا بە فرەیی بدا ، ئەگەر نا زەرەرمەندی دیکەی بەدوادادێت ، ئێستا ئەمریکا و ڕووس ئیشیان پێی هەیە ، بەڵام لە ستراتیژدا واقیعگەرایی و واقیعبینیی مەسەلەکان یەکلایی دەکاتەوە !!

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت