Hoshang-Shex-Muhamad

نامەیەکى یوسف عزەدین ، بۆ دانەرى رۆمانى ماڵى رێحان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاک هۆشەنگ شێخ محەمەد

ئێستاتان شاد

راستییەکەى ساڵانێکە ، بەتەواوى عەوداڵى خوێندنەوەى تێکستە ئەدەبى و مەعریفییە نەخوێندراو و کەنارخراوەکانى بوارى سۆفیزم و میستیکم .. ئەمەش لاى من سەرپێى و سادەو ساکار نەبوو ە، دوور و نزیک هەوڵمداوە پەنهان و نهێنییەکانى زۆرێک لەرێچکە و رێبازە سۆفیستییەکانى کۆن و نوێى دنیا پەى پێبەرم .. تەنانەت هێندەى پێشم کرابێت ، لێرە و لەوێ میوانى هەندێک لەپەرستش و کەشە سۆفیستییە جوداکانى ئایینە جیاوازەکان بووم و لەوانەش کەشى ئایینى ” جەمى عەلەوییەکان ” بوو ، کەرەنگە هەرگیز دەنگى ساز و سەداى بەیتە خۆشەکانیم لەیاد نەچێت .. ئەمە جگە لەهەموو ئەو کەشە رۆحییە یەکجار سەیر و ناوازەیەى کەسەرسامى کردم .
جا سەیر لەوەدا بوو هەموو ئەم هەوڵ و مەراقى گەڕانە ، منى لەخاکێکى وشک و برنگ و دێمەوە ، بردە سەر خاکێکى تەڕ و پاراو و بەراوەوە .. کە تائێستا شتێکى ئەوتۆم لەبارەیەوە نەگوتووەو نەنووسیوە ” مەگەر لەرۆمانى : ویڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان ـدا ، شتێکم ورووژاندبێت “، واتە هێشتاکە هەموو ئەوەى کەپێى گەیشتووم قەتیسى ناخێکى بێدەنگە .
جا ساغکردنەوەى هەموو ئەو جۆرە بگرەو بەردە دەروونى و رۆحیانەى کەپەیوەستە بەیەقین و نایەقینمان سەبارەت بەمەوجودییەتى ئێمەیەکى راگوزەر بەدنیادا و موعەمماى گەردوونێکى بەتەمەن هێجگار پیر و هەموو ئەوەى لەنێویدا رادەگوزەرێ ، کارێکى هێجگار سەختەو تەنها دەبەنگ و ئیدیۆلۆژباز و سیاسەتباز و هاوتوخمەکانیان ، دەتوانن وەڵام بۆ هەموو نەزانراوەکان دابتاشن ، چونکە ئەساسەن هیچ نەزانراوێ لاى ئەوان وجودى نییە ؟!
برا شیرینەکەم
رۆمانەکەتان هەر لەسەرەتاوە جیاوازە لەکۆمەڵێک لەو بەناو رۆمانانەى کە لەپاش راپەڕینەوە ، هەندێک لەنووسەران نووسیوویانە : لەرووى درێژدادڕى وەسفى و زمانى موتڵەقى شیعرى و … تاد ، بەمەبەستى پەردەپۆشکردنى نابووتى سەلیقەو توانستى نووسینیان .
بۆ نموونە دەشێت کورترین چیرۆکى بۆرخیس ، ببێتە مایەى دروستکردنى دنیایەک پرسیار و ورووژاندنى کۆمەڵێک ئەندێشەو خەیاڵاتى بێکۆتا ، کەچى ئەو چەند سەد لاپەڕەیەى ئەوان هەر پاش تەواوبوونت لەخوێندنەوەیان ، تەنها پەشیمانى ئێخەت پێدەگرێت ، ئەمەجگە لەو هەستە نامۆیەى کەدەبێتە مایەى ئەو پرسیارەى : کەتۆ بڵێى نووسەرى تێکستەکە ، گشت خوێنەرێکى هێندە پێ دەبەنگ بێت و لەئاست خۆیدا بیبینێتەوە ، کەوا تەسەوور بکات ، ئەم هەلەق و مەلەقە بەناو ئەدەبییەى ئەوى لێببێتە ئەو شاکارەى کەپێشوەخت ریکلامە میدیاتیکییەکان بەشان و شەوکەتیدا هەڵیانداوە ، یان بەناو رەخنەگرە ” سمێڵ قەیتانی” یەکەى لاى خۆمان ، دانی بەعەزەمتیدا ناوە .
ئاخر ناکرێت دواى ئەم هەموو هەڵڵا ریکلامى و میدیاتیکییەى بۆ ئەو چەشنە رۆمانانەو نووسەرانى دەکرێت ، بگەیتە ئەوەى کەنەک نووسەرەکانیان ئەدیب و دانەر و رۆماننووس نین ، بەڵکو هێشتاکە بەئاستەم دەزانن بەکوردییەکى سەقەتى داتاشراوى تێکەڵ و پێکەڵ بنووسن .. جا تۆ واز لەدزینى ئەسڵى پێکهاتە کیمیاییەکانى بابەتەکەو خەیاڵات و فانتازیاو شتەکانى دیکەش بهێنە کەبەچەشنێک هێناویانەو وا شەیتانانە تێکەڵیان کردووە ، باوەڕ ناکەم نەک هەر خوێنەرى ئاسایى بەڵکو خوێنەرى تاڕادەیەک باشیش ، ئاستەمە چەشن و چۆنیەتى دزین و هێنان و بردنەکەى بەئاسانى پێ بدۆزرێتەوە !
خۆ ئیدى لاى ئێمەش کایەیەکى رەخنەیى سەربەخۆ نییە ، وەک شوێنانى دیکەو بەشى ئەوە رەخنەگرى دۆزەرەوەى تێدا بێت ، تا ئەوەى لەژێر بەڕەدایە بیهێنێتە سەر بەڕەو بەرچاو روونییەکمان سەبارەت بەفڕوفێڵ و حیلەبازى و ئایین و ئۆینى نووسەرەکە پێ بڵێن .. جا سوبحانەڵڵا زۆربەى ئەوانەى بەناوى رەخنەشەوە بابەتیان دەرحەق بەتێکستە هەزیلەکان نووسیووە ، هەر کتومت دروستکراوى دەستى نووسەرەکە و کەسانێکى دەوورى ئەو و دواتر شوێن و جێگەیەکى بەناو رۆشنبیرى یان هاوشێوەکانى تەبەننایان دەکات و بۆ مەبەست و چەندین مەرامى تایبەت گەورەیان دەکات. هەروەک لەدیمانەیەکمداو لەوەڵامى پرسیارێکدا گوتوومە : هەندێک نووسەر هەن ئەو بۆشاییە رەخنەییە بەهێنانە ناوەوەى کەس و کەسانى بێتوانا پڕدەکەنەوە ، بەمەرجێک قایل بن ناویان بەکار بێت بۆ بەرزکردنەوەى ، ئەو نووسەرەى کەئەو جۆرە رەخنەگرە دروست دەکات .. خۆى لەراستیدا گەمەیەکى سەیر و تاڕادەیەکیش تایبەتە بەدنیاى بەناو ئەدەبیى کوردییەوە ، بۆ نموونە کەسێکى گەوجى هیچ نەزانى بوودەڵە لێرەو لەوێ پەیدا دەکرێت ” کەزیاتریش خزم و ناسیاو یان خەڵکى یەک گوند یان شوێن و گەڕەک و … تاد ـ ى نووسەرەکە ، یان دەوور و بەرى نووسەرەکەن ” ، سەرەتا کۆمەڵێک بابەتى رەخنەیى سەبارەت بەکۆمەڵێک تێکست بەناوى ئەوەوە بڵاودەکرێتەوە ، باشتریشە لەسەر بابەتگەلێکى جیهانى بێت ، تا بزانرێت ئەم رەخنەگرە تازە پێگەیشتووە ” سمێڵ قەیتانییە “، زادەى خوێندنەوەیەکى قووڵى ئەدەبیاتى جیهانییەو سەربارى ئەوەى بەم شێوەیە گومانیشى لێناکرێت . دواتر هێدى هێدى دەکەوێتە بەباش لەسەر نووسینى هەندێک نووسەرى خراپى نێوەندەکە ، کەناو هێنان و بەرزکردنەوەى کارەکانیان نابێتە مەترسى و هیچ لەشان و شەوکەتى نووسەرەکەى خاوەنى کەم ناکاتەوە ، ئینجا پاش ئەوە دەکەوێتە لێدانێکى زیرەکانەى کۆمەڵێک ناوى جیدى ، بۆ نموونە ڕەنگە تا کۆتایى وتارێکى بەناو رەخنەیى ، بەباش باسى کۆمەڵە چیرۆک یان رۆمانێک بکات ، کەچى لەکۆتایدا دەڵێت : بەڵام زمانەکەیم بەدڵ نەبوو ، یان چێژم لەخوێندنەوەى نەبینى و شتى لەو چەشنە ، ئیدى ئەم رەخنەگرە وەهمییەى کەخودى خۆى کەسێکى بێ دەسەڵاتى هەزیل و هەزەلى و لەڕووى سایکۆلۆژییەوە نەخۆشە . بەم چەشنە دەکرێتە ” ناو ” و لەڕۆژى خۆیدا بەنموونەیەکى کەم تازۆر هاوشێوەى ئەوەى کەلەخوارەوەڕا ئاماژەى پێدەدەم ، دێت و دیراسەیەک لەسەر ئەو نووسەرە گەورەو گرنگەى کە لەبنەڕەتدا ئەو ” یان ئەوانەى لەپشت نووسەرەکەوەن ” دروستیانکردووە ، دەنووسێت ، واباشتریشە لەپێشەکیدا بڵێت : کەگوایە ئەم پێشتر تێکستەکانى ئەو نووسەرەى نەبینیوەو بەڕێکەوت و لەپڕ تێکستێکى ئەوى خوێندۆتەوە ، ئیدى حاڵى لێبڕاوەو تف لەزارى وشک بووەو بەچەشنى پێداهەڵدانى گەورە پیاوێک ، لەسەرسامیدا دەستى کردووە بەبالۆرە گوتن و پێداهەڵدانى عەزەمەتى تێکستەکە . بۆ نموونە ئەگەر مەبەست بوو . ناوێکى خراپ نووس ، وەک باشترین نووسەر باسبکرێت ، ئەوە ئەو کەسەى کەرەخنەگرەکەى دروست کردووە بەناوى ئەوەوە دەنووسێت :
* هەرچەندە کۆمەڵێک نووسەریى بۆ نموونە ” هەشتاکان ” یان ” نەوەدەکان ” هەن و ناویان ” ..،..،..،..،و … تاد ” و بەنەفەسێکى ترو بەخەون و خولیایەکى جیاوازەوە لەنێو دنیاى نووسیندا دەرکەوتن ، بەڵام لەناو هەموویاندا … ناوێک هەیە ، کەویستى دنیایەکى بێ هاوتاى زۆر گرنگى تایبەت بەخۆى بنیات بنێت ، دنیایەک کەبەئاسانى خۆى بەدەستەوە نەدات .. بۆیە من پێم وایە لەئایندەیەکى نزیکدا هەموو نووسەرانى پێش خۆى بەرەو لەیادچوونەوەو سڕینەوە دەبات .. ئاستەمیشە نووسەرى ئاوا بەئاسانى لەناو مێژووى نووسینى کوریدا دروست بێتەوە ، چونکە ئەو جیاوازە لەهەمووان و زەحمەتیشە لەئایندەدا کەس زات بکات ، تەنانەت بیریش لەجێگە گرتنەوەى بکاتەوە … ئەو …. نووسەرێکە کەرۆژ لەدواى رۆژ و چیرۆک لەدواى چیرۆک و رۆمان لەدواى رۆمان ، سەرسام و سەرخۆشم دەکات و شاگەشکەم لەنێو سەڵتەنەتى بەهارى خەیاڵات و باڵادەستى زەبرى شمشێرى وشەکانیدا ، لەمەملەکەتى عەزەمەتى داهێنانەکانیدا کۆیلەو ئەڵقەلەگوێى بەردەرکەى کۆشکى مەعریفەى ئەوى بێ هاوتا بم و … تاد-ى بالۆرەکە .
ئیدى چۆن سەرجەم کایە و بوارەکانمان سەقەت و ئیفلیج و ماڵوێرانى دەستى خەڵکانى ناشى و کارنەزانە ، ئاواش ئەم بوار و کایە فەرهەنگى و ئەدەبى و هونەرییەى ئێستاى کورد ، کەسەرجەم هۆکارەکانى خستنەڕوو و هێنانەکایەى لەبەردەستدایە ، کەچى ئەوەى کەدەیڵێت و دەیڕێسێت ، جا ناوى هەرچییەکى لێ بنێت ، لەخۆى و ئەوانەى دەورى زیاتر کەسى پێهەڵناخەڵەتێ ، چونکە دواهەمین قسە ئایندەیەکى دوور و خوێنەرە جدییەکانى دەیکات ، واتە ئەوە ئێمەین لەئێستادا دەتوانین راڤەى جدییەت و ناجدییەتى ئەدەبیات و مەعریفە و فەرهەنگى پێشترى هەرشوێن و جێگەیەک بکەین کەمەبەستمان بێت و بمانەوێت .
هەر بۆ نموونە ئەو چەشنە عەشق و عەوداڵبوونە هێجگار قووڵە ئیگۆییانەى ” غەزالى ” لەسەردەمى خۆیدا ، ئەوە نەبووە کەئێمە ئێستا لەپێناو رۆچوونە نێو دنیا تایبەتەکەى ئەوەوە ، سەوداسەر و عاشقى دەبین و ساڵانێکى تەمەنمان تەنها لەخوێندنەوەى کتێبەکانیدا دەبەینەسەر … زەمەنێک زۆربەى کتێبەکانى ئەم زاتە بەناوى کوفرەوە سووتێنراوەو تا ئێستاش ئەوانەى دژایەتى دەکەن ، هێجگار زۆرن .
جا گەڕانە حەقیقییەکى ” غەزالى ” لەپاش تەمەنى کامڵبوونەوە دەست پێدەکات .. وەک مەعلومە لاتان ، ئەو خەتیب و خاوەن مەدرەسەو کەسێکى ناسراوى بەغدا بووە ، کەچى ناتوانێت بەو هەموو گومانەوە چیتر بهێڵێت خەڵک وەک ئیماندارێکى گەیشتووە یەقین بیبینن .. ئیدى سەفەرى دوور و درێژى گەڕانى .. بەتەنهایى تەیکردنى چیاکان و قووڵایى دۆڵەکان و بێکۆتایى بیابانەکان و نەترسانى لەنەزانراوەکانى رێگەوبانە سامناکەکانى سەردەمەکەى ، شایەتى راستگۆیى بیروباوەڕ و تێفکرینە قووڵەکانى دەدەن ، کە بەکتێبى :
” فریادڕەس لەگومڕایى ” دێتەوە نێو دنیاى نووسین و هەر لەو کتێبەیدا سەربارى خۆپاراستنى لەنەگوتنى نهێنییەکانى دنیاى سۆفییان و عارفە راستەقینەکان ، بەڵام ئاماژە بەڕاستگۆیى و قووڵى خوداپەرستن و هەندێک شتى دیکەی زۆر گرنگ دەدات ، کەپەیوەستە بەتواناى نائاسایى و قودرەتە غەیبییەکانیانەوە .
جا هەرچەندە حەز دەکەم زیاتر باس و خواسى ئەو دنیا پڕ نهێنى و سەیر و سەمەرەیەى عارف و سۆفییە حەقیقییەکانت بۆ بگێڕمەوە ، بەڵام سنوورى نامەکەو کاتى هەردووکمان رێنادات و هەر بۆیە دەگەڕێمەوە سەر رۆمانەکەتان ، کەتوانیویەتى خۆى لەکوشتنى حەللاج و سەهروەردى و هێنانەناوەوەى دنیایەک پرسیارى شاراوە بدات ، گەر لەرووشدا ورووژاندنى ئەم جۆرە پرسیارانە ، لەکایەیەکى ئیلحادیدا هەڵبسووڕێت ، یان وابێتە پێشچاو ، بەڵام لەحەقیقەتدا ئیمانێکى خەفى لەپشت دێڕەکانى رۆمانەکەتەوە خۆى حەشار دەدات ، هەروەک دەڵێن : هیچ شتێک هێندەى کوفر و ئیمان نزیک نییە ، یان با بڵێین زۆر لەوانەى کەپێیان وابووە ، لەنێو ئیماندان ، بەدەر لەویست و زانینى خۆیان ، نغرۆى خمخۆرکى کوفربوون و بەپێچەوانەشەوە ، حەللاجێک کەدەڵێت : لاانا الا انا .
یەکێک لەسۆفییە ناسراوەکان ، پێى وایە ئەم گوتەی ە، ئەوپەڕى یەکتاپەرستى و ئیمانە .
ئەم جۆرە کارکردنە رۆحییە تەسەوفییەى نێو رۆمانەکەتان ، توانیویەتى تێکستەکە لە سەتحییەتى نووسین دوور بخاتەوە و رادەستى چینەکانى دیکەى رۆچوونە نێو قووڵایى بکات . ئەمە جگە لەوەى بەخوێندنەوەى رۆمانەکە هەست بەبوونى دانەرێکى وریا و موتابیعى زۆرێک لەتێکستە جیهانییەکان دەکەیت ، واتە بەئاگایی و وریاییەوە کار لەرۆمانەکەدا کراوەو زۆر وریایانە خوێنەر کەمەندکێشى رووداوەکان دەکەیت و بێ جڵەو لەدەستدان ، یان درێژدادڕیى ، یاخود پەلەپروزێ ، توانیووتانە لەکۆمەڵێک لاپەڕەى دیاریکراودا، رۆمانێک جێ بکەنەوە .
رۆمانێک کەدەکرێت ببێتە مایەى وروژاندنى کۆمەڵێک پرسیارى گرنگى ئەنتۆلۆژى و میستیکى و سۆفیستى ، سەربارى سادەیى زمان و توانستى داڕشتن و هەندێک شتى تایبەتى دیکە .. شادمان بووم بەخوێندنەوەى یەکێک لەو رۆمانانەى کەخۆشبەختانە شانبەشانى هاوشێوەکانى ، دەچێتە ریزى پۆلێک لەو هەوڵدانە باشانەى دنیاى نووسینى رۆمان کەبەزمانى کوردى و شێوەزارى سۆرانى نووسراوە .
سمێڵ قەیتانى : کەسایەتییەکە زیاتر شێوەو ئاکارى لەدەڵاڵە تەڵەکەبازەکانى بازاڕى گۆشتى سپى دەچێت و هەر کاروکردەوە بەناو ڕەخنەگرییەکانیشى جۆرێکە لەجامبازیى دەڵاڵانە و پێدەچێت ئەم کەسایەتییە تەنها لەخەیاڵى خۆمدا هەبێت و بەمەزەندەى ئەقڵى و تەسەووراتێکى کاریکاتێرى کەدەرحەقی هەمە ، رەنگە سمێڵێکى قەیتانى بهێڵێتەوەو لەوانەشە لەم ماوەیەدا تاشیبێتى و ئیدى ئەم کەسایەتییە دەشێت بۆ ئێکسسوار چاویلکەیەک لەچاو بکات و لێرەو لەوێ فۆتۆى خۆى لەپۆزلێدانێکى جدییانەدا بڵاوبکاتەوە ، هەر لەخۆمەوە وادێت بەئەقڵمدا ئەم بەناو دەڵاڵە رەخنەگرە سمێڵ قەیتانییە ، عاشقى ئەو ساتە وەختەى وێنەکانى خۆى بێت ، کەنووشتاوەتەوە بەسەر دەفتەرێکداو بەپێنووسێک بەحیساب تێبینییە زۆر گرنگەکانى خۆى لەسەر تۆمار دەکات و دەشێت ئەم رەخنەگرە سمێڵ قەیتانییە لەبەر باوەڕى ئایینى ، یان عادەتى عەشائیرى و عەیبە ، یان لەبەر حاڵەتێکى دەروونى تایبەت نەخواتەوە ، بەڵام بۆئەوەى پێى نەڵێن رەخنەگرێکى دواکەوتووەو نەبادا هەلەق و مەلەقە رەنگاوڕەنگە عەمبەروەرید ئاسا رەخنەییەکانى نەخوێندرێتەوە .. لەسەر هەموو مێزێکى خواردنەوە ئامادەیەو رێوى ئاسا متەق لەخۆى دەبڕێت و لەپەنادا خۆى خەریکى مەزە خواردن دەکات – بەکوردییەکەى مەزەگێیە – و لەجێى مەشروباتیش سۆدەو شەربەت و ئاو و خواردنەوە غەیرە کحولییەکان یەک لەدواى یەک ، بەدەستوورى مەشروب خۆران و تێکەڵ بەنمایشێکى سەرخۆشانە نۆش دەکات ، ئیدى حیکایەتى ئەم کەسایەتییە هەزەلییە قەزەم ئاسایەى کەخۆشیى بەماجەراى تێکستە جدییەکانى ئەو نووسەرانە نایەت کەخۆى و ئەوانەى پێیاندا هەڵدەدا ، ناگەنە ئەژنۆیان .. زۆر لەوە دوور و درێژترە لێرەدا جێى بێتەوە.

دەستان خۆش

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت