عیماد عەلی : رۆڵی رۆشنبیرە بێلایەنەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانی کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیارە زۆر کەسی بێ لایەن واتە ناحزبی ئەمرۆ بە وریایی و ترسەوە ، ڕاو و بۆچونی خۆی دەردەبرێت نەوەکو لە دەرئەنجامی تێنەگەیشتنی قسەکانی بکەوێتە سەنگەری لایەنێکەوە و خەڵک لەسەر ئەم یان ئەو حسابی بۆ بکەن ، ئەو ئاڵۆزیەی کوردستانی باشوری تێکەوتووە وا خۆی دەسەپێنیت بەسەر هەمواندا ، بێ لایەنەکان پێش هەر کەسێکی تر ، ئەگەر بە هەر شێوەیەک رێگەچارە و بۆچونی راست و پلان بخەنە بەر دەستی جەماوەر ، بە گوێرەی توانا و شارەزایی خۆیان ، ئەوا خزمەتێکی باش بەم ڕەوتە سیاسیەی کوردستان دەکەن و ، تا رادەیەک یارمەتی قوتاربوونی کوردستان لەم زەلکاوە دەدەن .
لەدونیادا ، هیچ رۆشنبیرێک بێلایەنی فکری و فەلسەفی و تەنانەت سیاسی نیە ، بەڵام بێ لایەنی حزبی و دووری لە ئینتیما بوون بۆ حزب زۆرن ، ئەگینا عەقڵیەت و بۆچونی راست ، هەمیشە دەکەوێتە لایەکی ململانێ هەمەچەشنەکانەوە . لێرەدا نامەوێت رۆشنبیران لەسەر هەڵوێست و فکر و فەلسەفەیان پۆلێن بکەم ، بەڵام رۆشنبیری شۆرشگێر لە بەرامبەر رۆشنبیری هێمن و بێوەییش هەیە ، کە تەنها بەرژەوەندی هەمەجۆر لەبەرچاو دەگرێت و ئاشتیخوازە و چاوەروانی گۆرانکاریەکان دەکات ، نەک بەشداری تێدا بکات .
بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا رۆشنبیران دوور لە دڵەراوکێ و حساباتی تایبەت و کاریگەریە سلبیەکانی ئاڵۆزی بارودۆخەکە رۆڵێکی یەکجار کارا لە چارەسەرەکان ببینن ، بۆ ئەمەش وا پێویستە دەرگاکان بکەنەوە ، چۆن ؟
1 – هەڵسەنگاندنی رەوشەکە کاری مەبدەئی هەموو لایەکە بە سەرجەم بێ لایەنەکان و لە پێشەوەشیاندا رۆشنبیران ، لەو نێوەندەشدا دیاریکردنی رەفتاریی یاسا شکێنی لە بەرامبەر ناساندنی ڕێرەوی راستی ژیانی خەڵک و چۆنێتی مامەڵە کردنیان لەگەڵ رووداوەکان بۆ هەمو لایەک روون بکرێتەوە و ، دیاریکردنی رێگریەکان و لایەنی بەربەست و چۆنێتی رەفتارکردن لەگەڵیدا لەهەموو بوارەکاندا ، رێگە چارەی قەیرانە هەمەجۆرەکان دەکات ، کە ئەرکی سەرەکی هەمووانە .
2 – دەربرینی هەر هەڵوێستێک بێ ترس لەوەی بکەوێتە قازانجی هەر لایەنێکی کوردستانەوە لە مەهامەکانی رۆشنبیرانە بۆ ئاشناکردنی جەماوەری کوردستان بە هەڵە و راستەکان بێ سڵەمینەوە لە زبری و چاوسورکردنەوەی لایەنی خەتابار .
3 – چاوپۆشی نەکردن لە هەڵە و کەموکوری سەرجەم لایەنەکان ، بەمەرجی ئەوەی هەمویان نەخرێنە تای تەرازویەکەوە ، لەبەر ئەوەی هەریەکە و بە گوێرەی هەڵە و کەموکورتی و بەرپرسیارێتیەکانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ، تاوانەکانی دیاری بکرێت لە گەیاندنی دۆخەکە بەم حاڵە ، بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆی بگات و یاسا سەروەر بێت .
4 – دانانی بەرنامە و پلانی راست و دروست و دیاریکردنی رێگە چارەسەر ی گونجاو لەلایەن رۆشنبیرانی بێ لایەنەوە زیاتر متامنەپێکراوتر دەبێت و ، لەسەر هیچ لایەنێک حسابی بۆ ناکرێت . دیارە خەڵک بە خۆی دەزانێت مەیلی هەر کەسێک بۆ چ لایەنێکە بەڵام خەڵکی بێ لایەن لەدوورەوە دیارن کە زۆر نین ، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە رۆشنبیرە حزبیەکان هەڵوێستی راستیان نابێت .
5 – بەگەرخستنی سەرجەم دام و دەزگا پەیوەندیدراەکانی بەردەست و بەکارهێنانی رێگە هەمە چەشنەکان لە راگەیاندنی ئەرێنی و خستنە رووی راستیەکان و دیاریکردنی لایەنی سەرپێچیکار لە لایەن بێ لایەنەکانەوە هەڵوێستێکی متمانە پێکراو تر دەبێت و ، خەڵک بروای زیاتر بە گفت و بۆچونی ئەوانە زیاتر لە خەڵکە حزبیەکەی سەرجەم لایەنەکان .
6 – رۆڵی یەکجار کارای دەزگا راگەیاندنە بێ لایەنەکان ، ئەوانەی کە تا ئێستاش متمانەیان ماوە لای رێژەیەکی زۆری خەڵک ، لەم کاتەدا پێویستیەکی گەورەی قۆناغەکەیە ، بۆ دەرخستنی راو و بۆچونی رۆشنبیرانی کوردستان بە سەرجەم جۆرەکانیانەوە .
7 – هەوڵی رۆشنبیران لە ڕێکخستنی پانێڵ و کۆر و کۆبونەوەی تایبەت دوور لە حزبەکان کاریگەری راستەوخۆی خۆی دەبێت لەسەر پرسەکەی ئەمرۆی کوردستان .
8 – پەیوەندیکردن بە دەزگا و ناوەندە سیاسی و رۆشنبیریەکانی جیهان و رۆشنکردنەوەی رەوشەکە و دیاریکردنی خەتارباری راستەقینە بۆیان و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بە هاوکاری ئەوان و هەواڵدان بۆ رازیکدرنی لایەنی جێ متمانە و خاوەن قورسایی جیهانی و دڵسۆزی گەلی کوردستان ، لە لایەن رۆشنبیرانی بێ لایەنەوە بۆ یارمەتیدانمان رۆڵی یەکجار کاریگەری دەبێت و لە چارەسەری راست و دروست نزیکمان دەکاتەوە . نەک کۆر و کۆبونەوەی حزبی .
9 – جەختکردن لە هەوڵە هەمەجۆرەکان و پەنا بردن بۆ هەموو رێگە راستەکان بۆ سەپاندنی رای راست و یاسایی و چارەسەری بێ بەرژەوەندخوازی و دوور لە حزبەکان و فەرزکردنی بەسەر حزبەکاندا ، بە هەموو شێوەیەکی ئاشتیانە ئەرکێکی قورس بەڵام مومکینی خەڵکانی رۆشنبیرە بەڵام دوور لە نایەکگرتوویی و خود پەرستی و هەلپەرستی هەندێک کە لە چالاکیەکانی پێشوودا تاقیکراونەتەوە .
10 – پەنا بردن بۆ رێگەی دیموکراسی و ئاشتیخوازیەکان و هاندانی خەڵک و بەشداریکردنی رۆشنبیران بە رێژەیەکی گەورە لە هەر چالاکیەک وەک پێشەنگێکی باوەرپێکراو ، باوەربونی خەڵکیش بە چارەسەری رەوشەکە زیاتر دەکات .
لەم بارە قورسەی کوردستان کە بە ملهوری سیاسی و حزبی و بەرژەوەندخوازی تەسک ، بەم حاڵە گەیشتوین ، جگە لە ڕاشکاوی لە هەڵوێست و قسەکردن و دیاریکردنی لایەنی تۆمەتبار و راستکردنەوەی تێروانینی هەڵەی دەسەڵات ، هیچ رێگەیەکی تری تێدا نابینیتەوە . ئەمەش ئەرکی رۆشنبیرانی بێ لایەنی نیشتمان پەروەرە رۆڵی خۆیان تێدا بگێرن و مێژوو بۆ خۆیان تۆمار بکەن . دەیکەن ؟

 

تەنها بە کلیکێک لەسەر ئەو سمبولانەی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنیرە بۆ هاوڕیکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت