Hafiz

دانیال لادنسکى : لەحزوورى حافزى شیرازیدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەتورکییەوە : یوسف عزەدین

ئەو بابەتەى کەکردوومانەتە کوردى .. بریتییە لە پێشەکییەکى – دانیال لادنسکى و دوو نموونەى شیعرى و چەند بەشێکى ئەو بابەتەى کە هنرى س . میندلین لەکۆتایى دیوانى ( گوێم لەقاقاى یەزدان بوو -Heard God Laughing ) ى حافزى شیرازی دا سەبارەت بەژیانى بڵاوی کردۆتەوە .
ڕەنگە بکەوینە هەڵەوە ، ئەگەر بڵێین : ( دانیال لادنسکى ) ، وەرگێڕى دیوانەکەیە ، چونکە هەروەک خۆى ، لەپێشەکى دیوانەکەدا ئاماژەى بۆ دەکات : شیعرەکانى حافزى لەئینگلیزییەوە کردۆتە ئینگلیزى . هەر بۆیە دەشێت بڵێین دایڕشتۆتەوە .
ڕەنگە ئەزموونیکى لەو چەشنە، سەیر و سەمەرە بێتە پێش چاومان !؟ بەڵام کاتێک کەپێشەکییەکەى لادنسکى- دەخوێنینەوە.. دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى ، کەئەو عاشقێکى عەوداڵى ، دنیاى ڕەهاو جوانى حافزەو ئیدى هێندەى پێى کرابێت و بەو چەشنە هەوڵى خستنەڕووى ئەو دنیایەى داوە . وەرگێڕ

ئازاکردنى ڕۆحى حافز

بەیانییەکى زوو ، لەکاتێکدا لەناوچەى مەهرازادى نێوەڕاستى هندستاندا ، پیاسەم دەکردو بەنێو ڕێگەیەکى هەردوو لاتەنراو بەدار و درەختدا ، گوزرەم دەکرد. بڕیارم دا کەبکەومە کارکردن ، لەسەر خودى حافز و تێکستەکانى .
ناوچەى مەهرازاد ، دەکەوێتە قەراغ شارى ئەهماد دانگەر . شایانى باسیشە ، کە ” ئاواتار مەهربابا ” ى ، ڕێبەرى ڕۆحى هیندییەکان ، تا دواهەناسەى ژیانى ، لەناوچەى مەهرازاد ـدا، ژیانى بردە سەر .
ئەو بەیانییە ، لەگەڵ یەکێک لەموریدەکانى” ئاواتار” دا ، کەوتمە گفتوگۆ و باسکردنى ” مەولانا جەلالاددینى ڕومى ” شاعیر . کەدیارە یەکێک بووە لەو شاعیرە فارسانەى ، کەدەمێک ساڵ لەمەو پێش ژیاوە .
بەپێى ئەو پرۆگرامە زۆر جوان و ناوازەیەى ، کەپێشتر پێکەوە ، دەرحەق بەشیعرەکانى ” رومى” بینیبوومان . شیعرە وەرگێڕدراوەکانى ” رومى ” ، زۆر لەوانى حافز تۆکمەتر و جوانتر دەهاتنە پێش چاوم .
گوتم : بۆ دەبێت ئاواتار مەهرباب شیعرەکانى حافزى لەشیعرەکانى رومى ، پێ جوانتر و مەزنتر بێت ، لەکاتێکدا شیعرە وەرگێڕدراوەکانى رومى – بۆ سەر زمانى ئینگلیزى ، زۆر لەو شیعرانەى حافز جوانتر دێتە پێش چاو ، کەکراوەتە ئینگلیزى .
هاوڕێکەم لەوەڵامدا گوتى :
مەهربابا ، پێى وایە کە تا ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە ، بەجوانى شیعرەکانى حافز وەربگێڕێت .
هەر کە هاوڕێکەم واى گوت ، بەشێوەیەک کەبۆ خۆشم سەرسام بووم ، گوتم : دەتوانم وەک پێویست ، وەریان بگێڕم .
گەرچى نە ئەو کاتە فارسیم دەزانى و نەئێستاش ، بەڵام هەر چۆنێک بوو ، کەوتمە وێزەى هەموو ئەو شیعرانەى حافز ، کەپێشتر کرابوونە ئینگلیزى ، هەر لەوانیشەوە ئەوەى ئێستام هەڵهێنجا.
خوێنەرى زمانى ئینگلیزى سەدان ساڵە بەعەزرەتى چێژ وەرگرتنە لەشیعرەکانى حافز : بەڵام بەحوکمى ئەو وەرگێڕانە حەرفییەى کەبۆ شیعرەکانى کراوە ، ناکرێت خوێنەر چێژیان لێ وەربگرێت . شایانى باسیشە ، کەوەک فارسییەکەى ، وەزن و قافیەشى بۆ دانراوە ، هەربۆیە لەپێناو پاراستنى فۆرمالیتەى شیعرەکان ، وەرگێڕەکان ، ڕۆحى شیعرى حافزیان ، مەحکومى مەرگ و لەناوچوون کردووە .
لەکاتێکدا ، ڕۆحى شیعرى شیعرەکانى ، لێوانلێوە لەبەزەیى و جومبوش و زەوق و قاقاى پێکەنین ، پڕە لەخۆشەویستییەکى عاشقانەى گڕگرتوو .
حافز بەچاوێکى پڕ سەرسامى و تەعەجووبەوە ، دەڕوانێتە یەزدانى خوڵقێنەرى کەون و کائینات و شیعرەکانى پڕن لەو چەشن و تەرزە تێڕوانینە .
هەر بۆیە ، ویستم بەپێى پێودانگەکان و مەوداکانى زمانى ئینگلیزى ، کار لەسەر ڕەهاکردنى ئەو ڕۆحە شیعرییە بکەم .
زیاتر شیعرەکانى حافز ، سۆناتاى کورتن . سەبارەت بەژمارەى شیعرەکانیشى ، کەلەلایەن پسپۆڕانەوە ساغ کراوەتەوە ، نزیکەى (800) شیعرێکە ، گەرچى هێشتاکە ناکۆکى لەنێوانیاندا هەیە ، دەرحەق بەژمارەى شیعرەکانى .
بەو پێیە دەبینین کەشیعرەکانى زۆر کەمن ، بەتایبەت ئەگەر بەراوردیان بکەین ، لەگەڵ شیعرەکانى رومى .
ئاشکرایە کەزمانى فارسى ، زمانێکى لاستیکى و شیاو بەگۆڕانە ، لەڕووى ماناوە . هەر بۆیە بۆ هەر شیعرێکى حافز ، دەکرێت چەند خوێنەوەیەکى بۆ بکرێت و لەزۆر ڕووەوە تاوتوو بکرێت .
هەروەک هاوڕێ فارسى زانەکانم دەڵێن ، زۆر لەو وشانەى کەحافز لەشیعرەکانیدا بەکارى هێناون ، زیاد لەحەوت هەشت واتایان هەیە . هەربۆیە دەکرێت ، هەمان کۆپلە شیعرێکى دیاریکراو ، بەچەند شێوەیەکى لەیەکتر جیا ، وەربگێڕدرێت و هەر وەرگێڕانێکیشى بەڕاست بزانرێت .
پاش خوێندنەوەى سەرجەم وەرگێڕانە جیاجیاکانى شیعرەکانى حافز . هەمان شتم بینییەوە . هەر کۆپلەیەک لەشیعرەکانى حافز ، چەندان شیعرى سەربەخۆى لێ هەڵدەهێنجرێت . کە هەر یەکێکیان ڕەنگدانەوەى ، تاکە واتایەکى کۆپلەکەیە .
هەربۆیە دەکرێت ، بەپێى وەرگێڕانە جیاجیاکان ، شیعرەکانى تاوتوو و شیکارى بکەین . تاوتووکردنى دەقێکى ئەدەبى ، چ بەواتاى سوود و کەڵک لێ وەرگرتن و خستنەگەڕ و زیندووکردنەوەى دێت . چ بەواتاى تەسلیم بوونمان دێت ، کەدیارە لەو کاتەدا ، دەکرێت هەست بەڕۆحى شیعرەکە بکەین و خۆمان بدەینە دەم پێشەنگى شەپۆلەکانى .
ئەو شیعرانەى کەلێرەدا وەرم گێڕاون ، گەر وشە بەوشەو دەقاو دەق لەگەڵ ئەسڵى شیعرەکانى حافزدا بەراوردبکرێ . ناکرێت بڵێم وەرمگێڕاوە ، پێشم وایە لەڕووى تەکنیکى و زانستیشەوە ، شیاو و ڕاست وەرنەگێڕدراوبێت . گەرچى حەز دەکەم بەڕاستى وەرم گێڕابێت ، بەڵام هێندە دەزانم ، کەڕاستگۆ بووم ، دەرحەق بەبەرجەستەکردن و خستەڕووى ڕۆحى ئیلاهیانەى شیعرەکان .
ئەو دەقەى کەبەشێوەیەکى سەرەکى لەوەرگێڕانى شیعرەکانى حافزدا ، پشتم پێ بەست . وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەى ( وێڵبێرفۆرس کلارک ) بوو . کەلەساڵى 1891دا چاپى کردووە .
ئەمە جگە لەسوود وەرگرتن ، لەدوا چاپى نوێى شیعرەکانى حافز ، کەلەدوو توێى کتێبێکى(1011) لاپەڕەدا ، لەئێران چاپ کراوە . کەم تا زۆریش سوودم لەوەرگێڕانەکانى دیکەش وەرگرتووە .
شایانى باسیشە ، کەبەبێ هاریکارى و کۆمەکى ئوستادم ( مەهربابا ) ، مەحاڵ بوو ، بتوانم کارێکى ئاوا بەجێ بهێنم .
دەکرێت بڵێم ، هەموو ئەو جوانى و قاقا و جازبییەت و ڕاستییانەى کەلەوەرگێڕانەکەدا ، دەکەوێتە پێش چاوتان و هەستى پێ دەکەن ، دیارییەکى زاتى ئەوە بۆ من .

کەمێک وە ئاگا بەوە

کەمێک وە ئاگا بەوە
هەتا هەتایە ،
پێویست ناکات .
تەنها ، ئەئێستا.
یەک هەنگاو ، بەنێو دامێنى کراسە نەرمەکەى ئاسماندا
نەک هەر بەسە ، بەڵکو زۆریشە.
حافز ،
کەمێک وەئاگابەوە
ئەڤینى ڕاستەقینە ، تەنها یەک دەقیقە دەخایەنێ
نەک هەر بەسە ، بەڵکو بەشى ڕۆژانێکیش دەکات.
جێ بهێڵە ،
هەموو ئەو ڕێچکە فێڵاوییانەى
کەلەپێناو ناسینى ئەودا ، چێت کردووە .
چونکە هەریەکەیان ،
بەلقە دارێکى بەهار دەچن .
کەبەستبێتى .
زۆر ،
زۆر لە دوور دەمێنننەوە .
دوور لەتیشکى یەزدانیى هاوین .
وەئاگا بەوە گیانم ،
بەبەزەیى بە .
وەئاگا بەوە ، بەرانبەر دڵت .
هەڵیگرەو بیبەرە نێو دەغڵە فراوانەکانى تیشک .
جێ بهێڵە ، هەناسە بدات
بڵێ :
ئەڤین
هەمدیسان باڵەکانم بەرەوەو
هەڵمسێنە .
لەنزیکەوە هەڵیسێنە .
بڵێ ، بەمانگ و خۆر .
بڵێ ، بەدۆستە خۆشەویستەکەمان:
خۆشەویستم ، هەر ئێستا هەڵت دەسێنم
وەک بەڵێنم پێ داى
بۆ ئەو سەما جوانە) .

ئەو شتەى کەبەچاو نابینرێت

جارێکیان ، لەئوستادەکەى خۆمم پرسى :
چییە ، فەرقى نێوان .
من و تۆ ؟
گوتى :
حافز تەنها هێندەیە :
گەر ڕەوێک حەیوانى کێوى
بێتە نێو ماڵى تۆ و
خۆیان بدەن ، لەکاسە بەتاڵەکانى دەرۆزەییمان
ناڕژێت ، تەنها یەک دڵۆپیش
لەکاسەى تۆ .
ئەوەى کەبەچاویش نابینرێت ،
ئەوەیە کەیەزدان لەکاسەکەى منى ناوە .
کەر بڕژێت ، کاسەم
دەبات هەموو دنیا
سێڵاوى ئاو ) .

ژیانى حافز
نوسینی : هنرى س . میندلین

هەرچەندە حافز ، یەکێکە لەشاعیرە ناسراوەکانى ڕۆژهەڵات ، بەڵام سەبارەت بەسەرگوزشتەى ژیانى ، زانیارییەکى ڕاست و دروستمان لەبەر دەستدا نییە ، تەنانەت بەتەواویش ڕۆژى لەدایک بوون و مردنى ، ساغ نەکراوەتەوە . ڕەنگە لەساڵى 1330ز ، لەدایک بووبێت و لەساڵى 1388دا ، کۆچى دوایى کردبێت . کە لەساڵى لەدایک بوون و مردنى ( جۆفێرى چاوسێر ) ەوە نزیکە کەدیارە جۆفێرى ، بەیەکەمین کەڵەشاعیرێک دەناسرێت ، کەبەزمانى ئینگلیزى شیعرى نووسیوە .
حافز ، ناوى ( شەمسەدین محەمەد ) ە و هەر کە دەستى داوەتە شیعر نووسین ، نازناوى ( حافز ) ى بەکارهێناوە . پێ دەچێت ، پاش خەتم کردن و ئەزبەرەکردنى قورئان ، ئەو نازناوەى بەخۆ ڕەوا بینیبێت .
پاش ڕووخانى دەسەڵاتى مەغۆل و تەتەرەکان .. لە شارى شیراز ، چاوى بەدنیا هەڵهێناوە و زۆربەى ژیانى ، لەو شارە پڕ لەباخچەیەدا ، بردۆتە سەر .
حافز لەدەستپێکى ژیانیدا ، ژیانێکى ئاسوودەو ساناى بردۆتە سەر . یەکێک بووە ، لەسێ کوڕى خانەوادەیەکى و هەژار و نەدار . بابى حافز خەڵووز فرۆش بووە . حافز هەر بەمنداڵى و پاش مردنى باوکى ، ناچار بووە کە لەفڕنێکدا ، دەست بەکارکردن بکات ، بەڵام کۆڵى نەداوەو بەبەشێک لەو پارەیەى کەچنگى کەوتووە .. چۆتە مەدرەسەو وانەى قورئان و تیۆلۆژیک و گرامەر و ماتماتیک و ئاسترۆنۆمى خوێندووە . جگە لەفێربوونى خەت خۆشى ، کەلەو سەردەمەدا ، بەهۆى نەبوونى چاپخانەوە ، ڕۆڵێکى زۆر گەورەى بینیوە .
خەت خۆشى لەو سەردەمەد ا، زیاتر وەک پەیامێکى یەزدانى سەیرکراوە ، بۆ نووسینەوەى قورئان . بەو حوکمەى ، کەبەپێى یاساو دەستوورە ئاینییەکان ، وێنەکێشان قەدەغە بووە ، هەموو جۆرە وردەکارى و هونەرێک لەخەت خۆشیدا ، بەکارهێنراوەو تابڵێى برەوى پێدراوە ، شایانى باسیشە ، کەپێویستە بزانین ، حافز لەخەت خۆشیدا ، تا بڵێى بەسەلیقەو پرۆفیشناڵ بووە .
لەئێراندا شیعر وەک وەک چۆن ئۆپێراى ئیتاڵى ، لەئیتالیادا پێگەو دنگەى میللى هەیە . ئاوا پێگەو پایەى هەیە . لەئێراندا مرۆکانى هەرچین و توێژێک ، دەرحەق بەو شیعر و شاعیرانەى ، کەدەیانەوێت ، گفتوگۆ و دەمەتەقێى لەسەر ساز دەکەن . هەمیشە لەئاخافتنەکانى ڕۆژانەشیاندا ، ئاماژەیان پێدەدەن و بەنموونە دەیانهێننەوە .
لەو سەردەمەدا ، کەحافز تێیدا دەژیا .. زۆر گرنگى بەشیعر دەدرا . بەڕادەیەک کەهەردەم بۆ نێو مەجلیسى میر و شازادەو دەسەڵاتداران ، گاز دەکران . ئەگەر یەکێک لەدەسەڵاتداران ، سەرسامى خۆى بەشیعرى شاعیرێک دەربڕى بایەو پێى جوان بایە .. فەرمانى دەکرد ، کەهێندەى کێشى شاعیرەکە ، زێڕى پێ ببەخشرێت و خەڵات بکرێت .
حافز هەر لەمنداڵییەوە خولیاى شیعر بووە و تابڵێى بەهرەمەند بووە ، دەرحەق بەهەر بابەتێک کەویستباى بینووسێت . هەر ئەمەشە بۆتە هۆى ئەوەى ، کەلەتەمەنى بیست ساڵیدا ، لەسەرپاکى شیرازدا بناسرێت . ئیدى لەو تەمەنەوە ، بووە یەکێک لەو شاعیرانەى کەهەردەم لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ، بانگ دەکرایە نێو مەجلیسان . بەپشتگیرى ئەوانیش توانى مەدرەسەیەک بکاتەوەو خۆشى وەک ئوستادێک ، وانەى تێدا بڵێتەوە.
بەڵام دیارە بەو پێیەى ، کەشیعرەکانى لەگەلڕ قەناعەت و ڕەوتى ئایینى ئەو دەمەدا نەدەگونجا . جار جارە دەبووە مایەى دەردەسەرى بۆى و ناوى دەخرایە لیستى ڕەشەوە . زۆر جار لەمەدرەسەکەى دوور دەخرایەوەو ڕێگەى پێ نەدەدرا کەلەمەجلیسى نێو کۆشکى دەسەڵاتداراندا ئامادە بێت .
لەو کاتەدا ناچار دەبوو ، کەکار بکات . تابژێوى خۆى خێزانەکەى دابین بکات . شایانى باسیشە ، تەنیا کارێک کەبەو دەکرا . بەکارهێنانى تواناو سەلیقەى هونەرییانەى بوو ، لەخەت خۆشیدا .
بەدرێژایى ژیانیشى تەنیا یەک جار لەشیراز ، شار بەدەرکرا . پاش گۆڕانى دەسەڵات لەشیرازداو هاتنە سەر حوکمى دەسەڵاتدارێکى نوێ ، توانى بگەڕێتەوە .
کەتەمەنى گەیشتە چل ساڵ ، سەرەتا کوڕەکەى و دواتر ژنەکەى ، کۆچى دواییان کر د. ئیدى لەو کاتەوە ، بەتەنیا ژیانى بردەسەر و زۆرێک لەشیعرە پڕ حەسرەتەکان ى، ڕەنگدانەوەى مەرگى ئەوانى پێوە دیارە .
لەتەمەنى شەست ساڵیدا ، هەر بەتەواوى ناو و ناوبانگى ، لەزۆر شوێندا دەنگى دایەوەو لەهەموو لایەکەوە موریدانى ڕوویان تێ کرد ، کەهەردەم وانەى پێ دەگوتنەوەو ڕێنمایى دەکردن .
لەحەفتا ساڵیدا ، بەبێدەنگى سەرى نایەوەو دنیاى جێ هێشت . موریدەکانى لەژێر ئەو درەختەدا ناشتیان ، کەبەدەستى خۆى و لەنێو جوانترین باخچەیەکدا ، دڵى پێى دەکرایەوە، ڕوواندبووى .
پاش مەرگى و بەدرێژایى پێنج سەد ساڵ .. شوێن و مەزارى حافز و سێبەرى درەختەکەى ، بووە جێگەى حەسانەوەى هەزاران کەس ، کەبەردەوام دەچوونە زیارەتى .
بەڵام بەداخەوە ، لەسەرەتاى چاخى بیستەمدا.. تەنیا شوێنەوارى گۆڕەکەى مابۆوە .. ئەوەبوو لەساڵى 1925دا ، حکومەتى ئێران ڕێستۆرەى گۆڕەکەى حافزى کردو باخچەکەشى چاک و نوێ کردەوە . دیارە پارەى چاککردن و هەڵبەستنى گۆڕەکە و نوێ کردنەوەى باخچەکە .. لەلایەنى ” مەهربابا ” ى ڕێبەرى ڕۆحى هیندییەکانەوە ، درایە حکومەتى ئێرانى .
مەهربابا ” زۆرجار ، بەدێڕە شیعرییەکانى حافز .. قسە و ئاخافتنەکانى خۆى تۆکمەو پتەوتر دەکردو دەیکردە مایەى ڕوونکردنەوەى ئەوەى کەدەیویست . ” مەهربابا ” دەیگوت : ( شیعرەکانى حافز ، دەچنە سەر ئەو ڕێگەیەى کەڕۆحگەرایى پێدا گوزەر دەکات ، بەسەرجەم نهێنى و پەنهانییەکانەوە ) . ئاشکرایە کەهەموو گوتارە مەعنەوییەکان ، بناغەو بنەمایان عیشقە .
حافز ، هەر لەگەنجییەوە بۆتە موریدى یەکێک لە مەدرەسەکانى سۆفیگەرێتى و میستیک ، تا دواتر بۆ خۆیشى بۆتە ئوستادى ئەو ڕێچکەیە ، شیعرەکانى ڕەنگدانەوەیەکى کلاسیکییانەى سۆفیزمە ، کە لەسەر بناغەى تاکڕەوانەى ، وابەستەگى خودو یەزدان دامەزراوە .
بەشێوەیەگى گشتى ، لەڕۆژئاوادا .. مستیک و سۆفیگەرێتى ، بەباڵێکى ئایینى ئیسلام دەزانرێت . کەبەپێى شوێن و جێگا جیاجیاکان ، ناو و شێوەى جودا لەخۆى دەگرێت ، بەڵام ئاشکرایە هەر لە سەردەمى گریکەکانەوە ، چەشن و شێوەى مستیک و سۆفێتى .. لەئارادا بووە. کەوابەستەى مەدرەسەى( سۆفیا-Sophia-) بووەو بە ( پیتاگۆر -Pitaegor- ) و ( پلاتۆ- Plato ) ناسراون .
لە سەردەمى عیساشدا ، بەئەسەنى و گنۆستیکەکان ناوبراون .
سۆفیزم ، لە ئیسلامدا بەواتاى بێگەردى و پاکى ڕۆح و دەروون دێت . موریدەکانى( سوف ) یان لەبەر کردووە و هەر لەوەشەوە ، سۆفییان پێ گوتراوە.
لەنێوان ساڵانى (800-1400ز ) سەدان مەدرەسەى سۆفیگەرێتى کراوەتەوە . هەر بۆ نموونەش ، دەکرێت ئاماژە بەمەدرەسەکانى( ڕۆمى و ئیبن عەرەبى ) بدەین ، وەک پێشەنگى مەدرەسەکانى سۆفیگەرێتى .
ئاشکرایە کەجیاوازى لەنێوان مەدرەسە و ڕێبازەکانى سۆفیگەرێتیدا ، بەڕاشکاوى دەبینرێت. لەکاتێکدا ڕێبازێکیان ، گرنگى بە ( میدیتاسیۆن ) دەدات لەسۆفیزمدا. ئەوە ڕێبازێکى دیکەیان ، کارکردن و خزمەتکردنى بێ بەرانبەر دەخاتە ڕوو . واتە دەبێت لەم دنیایەدا بێ هیچ داواکارى و تەڵەبێک ، خزمەت بکەین .
هەندێکیشیان ، خواپەرستى و عیبادەت دەکەنە بەردى بناغەى سۆفیگەرێتى و لەڕێى سەما و گۆرانى و شیعرەوە .. دەیانەوێت ، عیشقى ئیلاهى باڵا بەرجەستە بکەن .
بەو پێیەى کەشیعرەکانى حافز ، لەم بوارەدا پێشەنگە . موریدانى ئەم تەریقەتە ، گرنگییەکى تایبەت بە شیعرەکانى حافز دەدەن .
تێبینى :
( دانیاڵ لادنسکى – لەساڵى 1948 لە ” میسۆرى وڵاتە یەگرتووەکانى ئەمریکا ” چاوى بەدنیا هەڵهێناوە . هەر لەهەڕەتى گەنجێتییەوە ، عەوداڵى گەڕان و سەفەرکردن بووە … ئەو بۆشاییە ڕۆحییەى کەلەنێو خۆیدا هەستى پێکردووە .. لەهیندستاندا پڕبۆتەوەو هەر ئەمەش واى لێکردووە ، کەشەش ساڵى تەمەنى لەوێدا بەرێتە سەر .
لەوێ بۆتە هاوڕێى ماندیلى ، کەیەکێک بووە لەموریدانى مەهربابا و لەئەنجامى مانەوەشى لەگەڵ ماندیلی دا زانیارى دەربارەى حافزى شیرازى وەچنگ کەوتووە . کەدیارە یەکێک بووە لەو شاعیرانەى کە مەهربابا زۆر پێى سەرسام بووە . لادنسکى ، لەو دەمەوە دەستى داوەتە ، تۆژینەوەو شیکارکردنى شیعرەکانى حافز . لەئێستاشدا لەباشوورى کارۆلینا نیشتەجێیەو هەر بەردەوامیشە لەتوێژینەوەو لێکۆڵینەوە سەبارەت بەدنیاى ڕۆحى خودى حافز ز شیعرەکانى .
ژێدەر : Tanrı”nın Kahkahasnı Duydum- Hafiz-ten Aşk Şiirler- Danil Ladinsky- 2005*Mia yayinları İstanbul

سەرنج : ( گوێم لەقاقاى یەزدان بوو – ى حافزى شیرازى . بەسەرپەرشتى ( پانتا نیرڤانۆ ) و لەلایەن ( ئایشە گوڕۆڵ ) ەوە لەئینگلیزییەوە ، کراوەتە تورکى . دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى Mia ، ساڵى 2005 چاپ و بڵاوى کردۆتەوە .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت