عیماد عەلی : سەرۆک عەشیرەتێکی باشووری عیراق و سەرکردایەتی ئێمە !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی پێویستە لێرەدا باسی بکەم ، بۆ بەراورد لەگەڵ دەرئەنجامەکانی رزگارکردنی شەنگال و لێکەوتەکانی . لە شەرێکی بچوکی نێوان داگیرکەرانی ئەوسای ئیستعماری بەریتانی و شەرفانانی عەشیرەتێکی عیراقی ، لە دێیەکدا لە خواروی پارێزگای واست . پاش سەرکەوتنیان و پەکخستنی پێشکەوتنەکانی بەریتانیەکان، سەرۆک عەشیرەتێکی بیریار کە عەشیرەتەکەی ناکۆکی لەگەڵ عەشیرەتێکی تری ناوچەکەیدا دەبێت و ، لەو کاتەدا چەند میوانێکی لەو عەشیرەتە نەیارەی لا دەبێت بۆ هەوڵدان بۆ نەهیشتنی شەرو کوشتار و ناکۆکیەکانی نێوانیان ، پاش شەرەکە و هێوربونەوەی بارودۆخەکە، هەموو خەڵک کۆدەکاتەوە و پییان دەڵێت ، دەبێت پێش ئێوە سوپاسی عەشیرەتی شوجەیریەی نەیارمان بکەم ، کە ئەوان ئەم خەڵکەیان ( لەراستیدا میوان دەبن بۆ مەبەستی هاوکاری نەهاتبون ) ناردووە بۆ بەرگری لێکردنمان وەک برا بەرامبەر دوژمنان و ، سوپاس بۆ خوا پێویستمان پێیان نەبوو ، بە خۆمان چۆکمان بە دوژمن دا ، بەڵام دەبێت ئێمە لەم کاتەدا برۆین سەردانیان بکەین بۆ سوپاسگوزاری . لەوێدا پاش سەردانیکردن و میوانیکردنی پر خۆشی ، هەردوو عەشیرەت بەیەک شاد دەبنەوە و ناکۆکیەکانیان نامێنێت و سەرکەوتنەکەیان دەبێت بە دوو .
پاش دەستپێکردنی پرۆسەی رزگارکردنی شەنگال ، خەڵکانێک لەو بروایەدابون، کە هیچ نەبێت ، کردەوەیەک و پرۆسەیەکی لەم جۆرەی ئاوها لەم کاتەدا ، جگە لە قازانجی سیاسی و عەسکەری، دەرفەتێک دەبێت بۆ هەڵوێستی جوان و لێکنزیک بونەوە و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نێوخۆی کوردستان و ، یارمەتیدەر دەبێت بۆ نەهێشتنی ناکۆکی نێوان لایەنەکان و ، هەلێکی باش دەبێت بۆ نزیکبونەوە لە رێگەی دڵپاکی و دانایی سەرکردەکان و خۆ قوتارکردن لە قین و رق و دوبەرەکی زیاتری لایەنەکان و ، هەر نەبێت هەنگاوێکی دڵخۆشکەر دەبێت بۆ دایکی شەهیدان . کەچی هەر لە یەکەم لێدوانی بەرزانی لە شاری شەنگال و وەک مەبەستێکی حزبی تەسک، قسەیەکی وای کرد ، کە تام و چێژی رزگارکردنەکەی بە تەواوی نەهێشت و بۆ هەموان روون بووەوە، کە بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەکان چەند زاڵن بەسەر عەقڵ و بیرکردنەوەی ئەم سەرکردە بێ ستراتیجانەدا . هەمومان غەم دایگرتین و تروسکاییەکی بچوک لەو ئاواتەمان نەما، پاش ئەوەی لە نێو لێدوانەکاندا، کە تەنها باس لە هێزی پێشمەرگە و لەوێشدا حەتمەن و بە پێی دابەشبونی هێزی پێشمەرگە لە نیوان ناوچەکان و یەکنەگرتنیان ، تەنها هێزەکانی پارتی دەگرێتەوە کە شەنگالی رزگار کردبێت و ، ئەمەش زۆر شتی بۆ خەڵک رونکردەوە، کە کێ تەنها لەخەمی خۆیدایە نەک خەڵکی کوردستان و ، تەنانەت رزگاکردنی شەنگال و ناوچەکانی تریش بە پێی بیری تەسک و بۆ قازانجە حزبیەکان جێبەجێ دەکات ، لەکاتێکدا کە شەنگاڵ داگیرکرا و ئەو هێزانە رایان کرد ، هیچ شتێکیان نەخستە ئەستۆی خۆیان .
ئەمرۆش هەموو هیلاکی و بەرخودان و بەرگریەکانی خەڵکی تر دیسان خرانە هەگبەی بیرتەسکی بەرژەوەندیە شەخسی وحزبیە تەسکەکانەوە و ، لەجیاتی ئەوەی رزگارکردنی شەنگال یەکێتی و یەکبونی کورد نزیکبکاتەوە، بەو رەفتارە ، دەلاقەکان زیاتر دەبن و هاوکاریەکانی لایەنەکانی تر پەکدەخات .
ئەوەی لە مێژوودا دەیبینین کە زۆرجار خەڵکانی عاقڵمەند هەن لایەنی ئیجابی کردەوەیەک بۆ زیاتر قازانجی هەمەلایەنەی گشتگیر بەکار دێنن ، نەک بە ئامانجی تەسک قازانجەکان کورت بکەنەوە و ، کاریگەری بۆ کۆی گشتی پرۆسەکە نەهێڵن . مەعقولە بیر و ژیری سەرکردەکانی لای ئێمە بەقەد سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەبی باشوری عیراقی سەرەتاکانی سەدەی رابوردوو نەبێت .
دەبوایە رزگارکردنی شەنگال بکرێتە هەوێنی یەکبونی هەڵویستەکان و وەلانانی ناکۆکیەکان و قازانجی هەمەگیری بۆ کۆی گشتی پرۆسەی سیاسی کوردستان هەبوایە، بەڵام . ؟

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت