Paris

هەورامان عەلی : تاوانەکەی پاریس .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دەیەی دوەمی سەدەی رابردودا ، دوای جەنگی جیهانی یەکەم ، دوو ئیمپراتۆریەت لەم جەنگەدا شکستی گەورەیان خوارد . ئیمپراتۆریەتی نەمسا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان .
هەریەکە لەو دوو کۆمەلگایانەی لە چوارچێوەی قەلەمرەوی دەسەلاتی ئەو دوو ئیمپراتۆریەتەدا بون ، کاردانەوەی خۆیان هەبوو بەرامبەر بەم شکستە مێژووییە . لە ئەلمانیا نازیزم و لە ئیتالیا فاشیزم و لە مسر بزوتنەوەی برایان ” اخوان موسلیمین ” و لە پاکستان بزوتنەوەی مەولودی .
کاروکردەوە و تێگەیشتنەکانی نازی و فاشیەکان بۆ مرۆڤ و ئەرك و مافەکانی ، ئەوروپا و جیهانی توشی کارەساتێکی گەورەکرد . لەسەرەتادا هێزە سیاسی و کۆمەلاتی و بزوتنەوە جیاوازەکانی ئەوروپا ، مەترسیەکانی نازیزم و فاشیزمیان بۆ سەر مرۆڤ و ئایندەی مرۆڤایەتی لەبەرچاو نەگرت. یەکگرتنی فاشیەکانی ئیتالیا و نازیەکانی ئەلمانیا رێگەی خۆشکرد بۆ جەنگی جیهانی دوەم و بەمشێوەیە ئەوروپا بە وێران بونی شار و دێهاتەکانی و بە نرخی گیانی زیاتر لە پەنجا ملیۆن مرۆڤ باجەکەی دا .
لە کۆتایی دەیەی حەفتاکانی سەدەی رابردوەوە ، هەردوو باڵەکەی ئیسلامگەراکان لە جیهادی ئەفگانستاندا یەکیانگرتەوە و لێرەوە ئەو چیرۆکە خوێناویەی خۆرهەلات دەستی پێکرد کە تا ئەمرۆ چەندین ولات و کۆمەلگای وێرانکردوە . هەرلە ئەفگانستان و پاکستانەوە بگرە تا عێراق و سوریا . هەرلە سۆماڵەوە بگرە تا یەمەن و دەیان وڵاتی تریش بەڕێوەن .
ئیسلامگەراکان پرۆژەیەکن بۆ مردن و وێرانی ، ئەوان لە پێناو بەدەست هێنانی بەهەشتی خەیاڵی خۆیاندا ، ئامادەن دۆزەخێکی واقعی لەسەر زەمین سازبکەن ! هەم تاوانەکانی ئەم دارودەستانە و هەم ئامانجەکانیشیان لەکەس شاراوە نیە . رۆڵی دەولەتە زلهێزەکانی دنیا بە چاوپۆشیکردن لە تاوانەکانیان و کۆمەكکردنی ئەم رەوت و تاقمانە لە پێناو بەرژەوەندە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیاندا ، لە هەندێ بڕگەی مێژووی گەشەکردنیاندا ، زۆرئاشکرا و ڕۆشنە .
ئەمرۆ پاش روبارە خوێنەکانی ئەفگانستان، عێراق ، سوریا ، سۆماڵ ، یەمەن و … هتد ، پاش تاوانەکانی واشنتۆن ، مەدرید ، مۆسکۆ ، لەندەن ، بالی و ئەوەی ئەمرۆی پاریس . کاتی ئەوە هاتوە مرۆڤایەتی ئازادیخواز کادانەوەیەکی توند نیشان بدات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر . کاتی ئەوە هاتوە سەرچاوە فکری و ماڵیەکانی ئەم ترۆریزمە کوێرە هەوسار پچراوە ، بنە بڕکات . رێکخراو دەستەو تاقمەکانی هەلوەشێنێتەوە و بە یاسا چالاکی و هەڵسوڕانیان یاساخکات . جیهان بە پانتایی خۆیی پێویستی بە ستراتیجیەتێکی یەکگرتوو ڕۆش هەیە بۆ ڕوبەروبونەوەی ئەم دەستە و تاقمانە . هەرجۆرە کەمتەرخەمیەك لەم بوارەدا ، هەڵەکانی سەرەتایی سەدەی رابردوو ، دوبارە دەکەینەوە و سەرەنجام مرۆڤایەتی باجی قورسی خۆیی دەدات .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت