میران محەمەد : حکومه‌تی ته‌رهیم .

کۆتایی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشو کاتێ رژێمه‌که‌ی صدام گرۆڵه‌ی به‌ره‌و لێژی ده‌چو . باری ئابوری عراق ورده‌ ورده روی له‌ دابه‌زین بو . له‌ بازاڕه‌کاندا کاڵاکان ورده‌ ورده‌ ده‌گمه‌ن یان ون ده‌بون . جا چ به‌ هۆی کزبونی به‌رهه‌مهێنای ناوخۆوه ، لاوزبونی جوڵه‌ی هاورده‌کردنه‌وه‌ یان شرادنه‌وه‌یان بوبێت له‌ لایه‌ن بازرگانه‌ چاوچنۆکه‌کانه‌وه‌ ، که‌ صدام ژماره‌یه‌کیشی لێ له‌ سێداره‌ دان . پارچه‌ی ئۆتمۆبیل و ماکینه‌ی کارگه‌ بچکۆله‌کانیش هه‌ر زو له‌ بازاڕه‌کاندا ئه‌وه‌ی مابوش له‌به‌ر چاوان هه‌ڵگیراو نرخه‌کانیان به‌ راده‌یه‌کی خه‌یاڵی به‌رز بونه‌وه .‌
وه‌ستا و فیته‌ره‌کانیش له‌ لایه‌که‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ستانی کار و مه‌عیشه‌تی خۆیان و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ بۆ یارمه‌تی شۆفێران و خاوه‌ن کارگه‌کان به‌ هه‌ر چۆن بگونجایه‌ سه‌ری گایان ئه‌کرد به‌ قونی که‌ردا بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ماشێن و مه‌کائنی کارگه‌‌کان . ئیر پارچه‌ی ئه‌م ‌ بۆ ئه‌و داده‌تاشرا ، به‌ بڕین‌، سمارته‌کردن، له‌حیمکردن، کورتکردن، درێژکردن، پانکردن یان هه‌ر فێڵێکی تر بوایه. خه‌ڵکی له‌و ‌سه‌رده‌مه‌دا ، ئه‌م کاره‌یان ناونا ته‌رهیمکردن . بۆ نمونه‌ گه‌ر که‌سێك له‌به‌ر ده‌سنه‌که‌وتنی پارچه‌یه‌ك ، ماوه‌یه‌ك ئۆتمۆبیله‌که‌ی له‌کار بکه‌وتایه‌و له‌ ناکاو هاوڕێکانی بیانبینیایه‌ ‌ئۆتمۆبیل ده‌هاژوێت و لێیان بپرسیایه‌ ئه‌وه له‌ کوێ پارچه‌کانت ده‌سکه‌وت ، یه‌کسه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌ ده‌بو : نه‌وه‌ڵا کوره ده‌سکه‌وتنی چی ، وه‌ڵا فڵان وه‌ستا ماڵی ئاوا بێ بۆ ته‌رهیم کردم !
ئێستا منیش هه‌ر وا سه‌رم سوڕماوه‌! ئه‌وه‌ بۆ سێ مانگ ده‌چێت له‌ کوردستان :
ــ به‌ گوێره‌ ده‌ستور و یاسا هه‌رێمه‌که‌مان بێ سه‌رۆکه !‌
ــ په‌ڕله‌مان قاپیه‌که‌ی داخراوه‌! ئه‌ندامه‌‌کانی له‌ سه‌ر شاشه‌ی تیڤیه‌کانه‌وه نه‌بێت یه‌کتر نابین . ئیتر کۆببنه‌وه‌ی چی‌! بۆ موچه‌کانیشیان بوختانم پێمه‌که‌ن ، زانیاریم نیه !‌
ــ ئه‌وه‌ی ناویان نابو حکومه‌تی بنکه‌ فراوان ، بنکه‌که‌ی به‌جۆرێك ته‌سكبۆته‌وه‌ تا راده‌ی قوچه‌کی ! ره‌نگه‌ له‌ ترسی ئه‌وه‌ش بێت هه‌نوکه‌ به‌ده‌گمه‌ن کۆده‌بنه‌وه‌ بۆ دانیشتن و شتی له‌و بابه‌تانه‌ ، نه‌با خوا نه‌ خواسته حکومه‌ته‌ بێ بنه‌که‌یان به‌م لاولادا بکه‌وێت !
زۆر سه‌یره‌ و له‌ معجیزه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌وه‌ پاشه‌ڵی حکومه‌ت بێت ، که‌چی هه‌رچی کاروباری هه‌رێم و به‌ره‌کانی شه‌ڕ و حه‌شاماته‌که‌شیه‌تی به‌ هه‌‌ر چۆن و شێوه‌یه‌ك بوه‌ به‌ له‌قه‌له‌ق و هه‌نگه‌شه‌لێ مه‌یسه‌ر ده‌کرێت و خشه‌شیان لێوه‌ نایه‌ت !
له‌ قاموسی مێژوی سیاسه‌ت و حکومداریدا زۆر گه‌ڕام ‌ به‌ دوای ناوێکی گونجاودا بۆ ئه‌م حکومه‌تی حاڵی حازریه‌ی‌ هه‌رێم ، نه‌ گه‌یشتمه‌ هیچ ئاکامێك و هیچم نه‌ دۆزییه‌وه ‌! به‌ گوێره‌ی پێناسه‌کان ، حکومه‌تی وه‌ته‌نی ، حکومه‌تی ثوری، حکومه‌تی ده‌ستوری ، حکومه‌تی انقلانی، حکومه‌تی ئه‌قه‌لیه‌ت ، حکومه‌تی موه‌قه‌ت ، حکومه‌تی انتقالی ، حکومه‌تی ئه‌زه‌مات و … هتاد ، ئه‌وانه‌ هیچیان له‌گه‌ڵ ئه‌م حکومه‌تی ئێستای هه‌رێمدا نه‌ ده‌هاتنه‌وه ! بۆیه وه‌ك به‌ساڵاچویه‌ك که‌ زه‌مانی ته‌رهیـمکردنه‌کانی له یاده‌ ، گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی گونجاوترین ئه‌وه‌یه‌ : ناوی بنێم ( حکومه‌تی ته‌رهیم ) . هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ تکا له‌ براده‌رانی یاسا و مێژوناسان ده‌که‌م ئه‌م جۆره‌ش له‌ شێوه‌ی حکومه‌ت به‌و ناوه‌ تازه ته‌رهیـمکراوه‌وه‌ بخه‌نه‌ قاموسه‌کانیانه‌وه‌.

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies