عیماد عەلی : خاوەن هۆشیاریە ساختەکانی کوردستان کێن ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە قوتابخانەی فرانکفۆرت و لە بەرهەمهێنانی چەند کتێبێک وەک سەرچاوەی سەرەکی لەسەر هۆشیاری ساختە، بە جوانی لەسەر ئەم بابەتە دواون و، بۆ نمونە لە کتێبی ( کەسایەتی خۆسەپێن ) دا زۆر جار باس لەو چەمکە دەکات کە بە هۆشیاریەکی ساختەکاریەوە چۆن دەتوانیت خەڵک بخەڵەتێنیت و چەواشەی بکەیت ، بێ ئەوەی کەس ئاگای لە راستیەکان بێت ، باس لە کەسایەتیە رۆشنبیرە هەمەجۆرە ساختەچیەکان دەکات ، کە چۆن رۆڵی چەواشەکاری بۆ مەبەستێک یان ئامانجێک یان بەرژەوەندیەکی تەسک دەگێرن .
خاوەن هۆشیاری ساختە ؛ ئەوانەن کە تەنها بۆ مەبەستێک دوور لە راستی و جەوهەریدا بە شان و باڵی بابەتێکی ناراست و ساختە و زیانبەخشدا هەڵدەدەن و رەواجی پێدەدەن . وەک ئەوانەی لە مێژوودا دەرکەوتن ، لە رۆشنبیرانی لایەنگری فاشیەت و شۆفینیەت و دیکاتۆریەت و هەندێک بیروبۆچونی فەلسەفی ساختەی سەردەمەکانیان . ئەمانەش زۆر خەڵکی کارای خاوەن کارو پیشەی لە خۆگرتبوو ، لە پێشەوەشیاندا کە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر رەوتی مێژوو، رۆشنبیرە ساختەچیەکان بوون . بەڵام خاوەن هۆشیاریە راستەقینەکان ، تەنها لە ناوەرۆکی بابەتە کە و ئەوەی لە قازانجی مرۆڤدا بێت و بە قەناعەتێکی خودیەوە دوور لە هەر بەرژەوەندیەکی ژیانی تاکە کەس ، مامەڵە لەگەڵ بابەتەکاندا دەکەن . وەک خەڵکە عەلمانیە راستەقینەکان و میانرەوە ئایدیۆلۆجیەکان و ئاکادیمی و زانستخواز و ، خۆبەختکردوانی ژیانی دروست بۆ خەڵک و باوەربون بە گۆرانکاری بەردەەوام و دوورکەوتنەوە لە دۆگما .
ئەم ساختەچیانە هەموو رێگەیەک دەگرنە بەر بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و پاڵنەری مادی و عەقڵی و درۆ و دەلەسە لە پێناو رازیکردنی زۆرینەی خەڵک بە بیروبۆچونەکانیان و ، لە پێناو ؛ جگە لە شتی تایبەت بە خۆیان وەک پشت بەستن بە نەرجسیەت و زاڵبونی خۆ ویستن و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندی و بیرو راو بۆچونی ئەویتر ، هیچ شتێکی تر لە ئارادا نیە ، بەڵام ئەمانە ئیدعای بیرباوەریش دەکەن . ئەم سیفەتانەش یان لە کەسێک یان رێکخراوێک یان حزبێک یان هەر کۆمەڵەیەکدا کۆدەبێتەوە ، کە بە ساختەکاریەوە بەرژەوەندیەکانی دابین دەکات لەسەر حسابی بۆچونی راستەقینە و رێگەی راست ، یان بە خۆیان، کۆمەڵە و رێکخراوی مەدەنی یان سیاسی دروست دەکەن . بۆ ئەو مەبەستەش، ساختەچیەکان پێش هەموو کەس هاوڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن و جادە دەجوڵێنن و لە هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین هەڵخەڵەتاون بۆ رەواج پێدانی چەواشەکاریەکانیان لە لایەکەوە و، لەلایەکی ترەوە هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەر بۆ وەلانان و لەناوبردنی خەڵکە راستگۆ و ناخ پاک و بیر و رەفتار راستەقینەکە . ئەمانە قەت ناتوانن لەگەڵ گۆرانکاریەکانی سەردەمی خۆیاندا رابێن و خۆیان بگونجێنن، بۆیە رقیان لەوانی تر دەبێتەوە و ، لە پێناو مانەوەی سەرکەوتنی کاتی خۆیان، جگە لە پارێزگاری لە دابو نەریتی کۆنی بەسەرچوو ، بەهەموو شێوەیەک بەرگری لە چەواشەکاریەکانیان دەکەن چەندین بارەی دەکەنەوە بۆ ئەوەی قەناعەت بە خەڵک بکەن و ، بەوشێوەیە دژایەتی خاوەن بیرو سەردەمخواز و گۆرانخوازی هەمەچەشنی سەرجەم کۆمەڵگا دەکەن نەک ، دژی رێکخراوێک یان کۆمەڵەیەک یان حزبێکی دیاریکراو بن ، خاوەن کەسایەتی رۆشنبیری راستەقینەی وا بن کە بیروبۆچونیان لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنخوازی سروشتی ژیانی خەڵکدا بگونجێت ، هیچ چەکێکی تریان نیە بۆ رەواجیدان بە کاڵا ساختەکاری و چەواشەکاریەکانیان .
بۆیە لە کوردستانی خۆماندا زۆرێک لە خەڵکی هۆشیار دەبینین بەهەمان شێوەی ئەو خاوەن بیروبۆچون و دەتوانم بڵێم هۆشیاریە چەواشاکاریانەوە دەقوقێنن، یان لە نەزانینانە یان لە بەرژەندخوازیەوەیە . بۆیە چارەسەری ریشەیی بۆ ئەم تەگەرەی قورسەی بەردەم پێشکەوتنی ژیانی خەڵکە بە گشتی ، لە گۆرینی هۆشیاری ئەو کۆمەڵە خەڵکەدایە کە بە خاوەن هۆشیاری ساختە لەقەڵەم دەدرێن و، لەوێشدا پێویستە رۆشنبیرانی ساختەچی و راستەقینە لەیەک جیابکرێتەوە کە دوو نمونەی زەقی ئەم بابەتەن .
چەند رۆشنبیری کوردستانمان بینیوە ، کە قوتابخانەکەی فرانکفۆرت بەم شێوەیە بەجوانی باسی کردون و ناخی دەرخستون و وەک ئەوەی نوێنەریان لە کوردستانی ئیستادا هەبوبێت، پێناسەی کردون .
بۆیە ؛ ئێستا لە کوردستاندا کۆمەڵێک خەڵکی هۆشیار لە نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەکتەر و ئەکادیمی لە سنفی ساختەچیەکاندان . دەبێت رێگەیەکی راست بۆ دەرهێنانیان لەو زەلکاوە لەلایەن خەڵکی دڵسۆز و راستگۆوە بگیرێتە بەر . ئەمەش بە هاوکاری و کارکردنی زۆر و راستگۆیانەی خاوەن هۆشیاریە راستەقینەکان مەیسەردەبێت . لەم بارەشەوە چەندین پەنجەرە هەن، بۆ چوونە ژوورەوە و جێبەجێ کردنی ئەرکەکان و دەبێت بە مکور بون و گفتوگۆی بەردەوام بکرێت و خەڵکە خاوەن بۆچون و بیرە راستەقینەکە رۆڵی گەورەی تێدا ببینن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت