نەوزادی موهەندیس : گەوجایەتی ئەردۆگان .. توركیا و ناوچەكە بەرەو كوێ‌ دەبات ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەرەتای مێژووی مرۆڤایەتیەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی پڕ كێشە و ململانێی ئاینی و سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی بوە و هیچ كات ناوچەیەكی ئارام و دوور لەشەڕ و توندوتیژی نەبوە ، لەلایەك بەهۆی دواكەوتوی و هەژاری كۆمەڵگا و دەسەڵاتەكانی و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی بوونی سەرچاوەكانی وزە لەنەوت و غازی سروشتی كە ناوچەكە پێی دەوڵەمەندە و هەر لە مێژەوە بۆتە هۆكاری چاوتێبڕین و ململانێی زلهێز و داگیركارەكانی دونیا.ئیدی ئەم ناوچەیە بۆتە كوانوی ململانێ‌ ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان و هەموو كات بۆتە گۆڕەپانی سەرەكی شەڕ و جەنگەكان . و لە ئەنجامی جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم و جەنگی ساردیشەوە ئەم ناوچەیە دووچاری دابەشبوون و داگیركاری و وێرانكاری زۆر بۆتەوە .
لە ئێستاشدا و لەدوای ساڵی 2001 وە و دوای ڕووداوی 11ی سێپتەمبەری ڕەشی ئەمریكا كە ڕێكخراوی ئەلقاعیدە و ئوسامە بن لادن هەستان بەتەقاندنەوەی هەردوو تاوەری بازرگانی لە نیویۆرك و واشنتۆنی ئەمریكا ئیدی دونیا بەگشتی و ئەم ناوچەیە كەوتنە جەنگێگی گەرم لەنێوان بەرەی تیرۆر و دژە تیرۆردا و دواتر ڕووداوەكانی ڕووخاندنی هەردوو دەسەڵاتدارانی ئیسلامی سەلەفی و بەعس لە ئەفغانستان و عێراق و سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ڕەوت و بزوتنەوە سەلەفیە توندڕەوە ئییسلامیەكان هێندەی تر ململانێكانیان گەرمتر كردەوە و سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەریەكانی وڵاتانی عەرەبیش لەساڵی 2011 وە هێندەی تر دۆخە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانی شڵەژاند و كۆمەڵێك گۆڕانكاریان هێنایە ئاراوە كە تا ئێستاش ناوچەكە هێور و ئارام نەبۆتەوە و هێشتاش ژانی لەدایكبونێكی نوێ‌ نەڕەویوەتەوە وئایندەش ڕوون نیە .
لەم سەروبەندەدا جارێكی تر بزوتنەوە ئیسلامیەكان هەموانیان پێكەوە و لەژێر ناونیشانی جیاوازدا كەوتنە خۆ بۆ بەگژدا چونەوەی بەرژەوەندیەكانی زلهێزەكان بەگشتی و ئەمریكا و ڕۆژئاوا بەتایبەتی ، هەر قۆناغە و ڕەوتێك یان باڵێكی بزوتنەوە ئیسلامیە توندڕەوەكان بەهێز دەبون و دەردەكەوتن وەك ئەلقاعیدە و بەرەی نوسرە و ئێستاش داعش كە هەموانیان چاوگ و سەرچاوەكەیان یەكە و بە دەستی دەزگا جاسوسیەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە و ڕۆژئاوا دروست بون و بە خەرجی و پارەی وڵاتانی ئیسلامی سونە مەزهەبی كەنداو درێژە بە ژیان و مانیان دەدەن لەبەرامبەر گەشەسەندن و بەهێزبوونی مەزهەبی شیعەی سەر بەئێراندا .
وڵاتانی ناوچەكەش هەریەكەیان ڕۆڵ و كاریگەری و لەهەمان كاتیشدا بەرژەوەندیان هەیە لەم دۆخەدا و هەریەكەیان لەهەوڵی گەشەكردن و پانوپۆڕكردنی نفوز و دەسەڵاتی خۆیدایە و درێژە بەململانێ‌ مێژوویەكانیان دەدەن بەتایبەتیش توركیا و ئێران و میسر و سعودیە و ئیسڕائیلكە ئەم 5 وڵاتە خۆیان بە جەمسەر و دەمڕاستی بەشێك لە ملامنێكان دەزانن و هەریەكەیان گەرەكێتی ڕابەرایەتی ناوچەكە بۆ خۆی بپچڕێت و ببێتە جەمسەرێكی نێودەوڵەتی و حسابی بۆ بكرێت ، بەڵام خۆشبەختانەش هیچ كامیان لەگەڵ ئەویتریاندا كۆك و جۆر نین و ڕێكناكەون . و هەریەكەیان گەرەكێتی كە ببێتە پلە یەك و دەمڕاستی هەموان .
ئەوەی مەبەستە توركیایە كەلەم دۆخەدا ڕۆڵێكی كارا و نێگەتیف دەبێنێت لە هەڵكشان و توندبوونی زیاتری دۆخەكەدا ، هەموو ئەمانەش بەپاڵنەری بیرۆكەی ئیسلامی ئیخوانچێتی ئەردۆگان و حیزبی ئاكپارتیەوەیە كە وڵاتێكی 80 ملیۆنی موسوڵمانی زۆرینە سونە مەزهەبە كە لەگەڵ سعودیە و قەتەردا یەكدەگرنەوە بۆ دژایەتی دەسەڵاتدارانی سوریا و عێراقی شیعە مەزهەبی خولاوە لە خولگەی ئێراندا .
كە لەئێستاشدا و دوای درێژە كێشانی ناجێگیری دۆخی سیاسی سوریا و مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر حوكم ناوچەكە بەتەواوەتی بۆتە جێگەی یەكلاكردنەوەی ململانێی زلهێزەكان و ماوەی مانگێكە ڕوسیا بەهێزەوە هاتۆتە ناو مەسەلەكە و ناوچەكە و ڕۆڵەكەی خۆی گۆڕیوە و لەڕیزی دواوە هاتۆتە پێشەوە و سەر شانۆكە و گەرەكێتی لەم ڕووداوانەدا جێگە پەنجە و بڕیاری ئەویشی تیادا بێت ، و لەبەرامبەر ڕیزبەندی ئەمریكا و ڕۆژئاوا و توركیا و وڵاتانی كەنداودا ئەویش ڕیزبەندیەكی بۆخۆی پێكەوە ناوە لە سوریا و عێراق و ئێران و كۆریای باكور و چین كە هەموانیشیان وڵاتانی بەهێزن لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوریشەوە .
توركیا وەكو سەرەنێزەی هاوپەیمانی ناتۆ لەناوچەكەدا و دراوسێ‌ گەورەكەی سوریا و عێراق و خاوەن هێز و سوپایەكی گەورە و پڕ چەكی پێشكەوتوو و لەهەمان كاتدا خاوەنی خەونی زیندووكردنەوەی دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی لەساڵی 2023 دا لەیادی ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتدا لەلایەن ئەتاتوركەوە . گەرەكێتی ببێتە بڕیاردەر و یەكلاكەرەوەی زۆرێك لە كێشەكان . ئەوەتا بەئاشكرا پشتیوانی مادی و مەعنەوی داعش دەكات دژی سوریا و بەشار ئەسەد و لەهەمان كاتدا دژایەتی هێزەی كوردیەكان دەكات لە ڕۆژئاوای كوردستان لە پەیەدە و ڕێگە نادات پێشڕەوی زیاتر بكات و لە عێراقیشدا بەهەمان شێوە یارمەتی و هاوكاری داعش دەكات و دژایەتی پەكەكە دەكات و لەناوخۆی توركیاشدا كەوتۆتە تێكدانی پڕۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ كوردا . ئەردۆگان و حیزبەكەی لەدوای سەركەوتنە ساختەكەیان لەهەڵبژاردنی 1 نۆڤەمبێردا سەرمەستی سەركەوتنەكانیان بونە و غرور گرتونی و سێبەری خۆیان لێگەورەبوە و تاكڕەوانە و دیكتاتۆریانە مامەڵە دەكات ، دوای شكستە بەرچاوەكەی 7 حوزیران و لە ئێستادا كەوتۆتە تۆڵە كردنەوە لە هەموو هێز وپارت و سەركردە و چالاكوانی مەدەنی و سیاسی و میدیا سەربەخۆكان و دەستیداوەتەوە تیرۆر و تۆقاندن . و بەمەش گەوجایەتی خۆی دەنوێنێت و تەمەنی خۆی لە كۆتایی نزیكتر دەخاتەوە .
لەسەر ئاستی سەربازیش لە 23 /11 دا فڕۆكەیەكی سەربازی ڕوسیای خستە خوارەوە و بەبیانوی بەزاندنی سنورەكانی توركیاو كوشتنی فڕۆكەوانەكەی و بەردەوام بونی لەسەر هەڕەشە و گوڕەشە لە ڕوسیا و هاوپەیمانەكانی ، بۆیە بەم كردارەی ئەردۆگان و توركیا گەوجاندنێكی بێوێنەیان كردو خوێنی خۆیان كردە كاسەوە و ڕوسیا و ورچە سپیەكەیان لەخۆیان هار كرد ، ئاشكرایە ڕووسیا میراتگری یەكێتی سۆڤێتی جارانە كە نزیكەی 45 ساڵی تەواو ڕابەرایەتی بلۆكی سۆسیالیستی و دژایەتی ئەمریكاو ڕۆژئاوایی كرد و میراتگری هەموو سەروەت و سامان و هێزی ئەتۆمی و سەربازی و تەكنەلۆجیای هاوپەیمانی وارشۆی كۆنە و خاوەنی زیاد لە 200 ملیۆن كەس و دەوڵمەنترینی وڵاتە بەنەوت و غازی سروشتی و خۆی بەخاوەن شكۆ و كەرامەت دەزانێت لەسەر ئاستی دەسەڵات و تاكبەتاكی هاوڵاتیانی و ئەم كردارو گەوجایەتیەی توركیایان بە ئاسانی پێقبوڵ ناكرێت و ڕاستە یەكێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 وە هەڵوەشاوەتەوە و ڕوسیا بۆ ماوەی دەیە ساڵێك بێهێز وسەرقاڵی كێشە و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی خۆی بوو ، بەڵام لەساڵی 2000 وە و هاتنە سەر دەسەڵاتی ڤلادیمێر پۆتینەوە ڕوسیا بەگوڕ و تین و هێزێكی نوێوە هەستاوەتەوە و ڕۆڵی كاراش دەبینێت لە سەر ئاستی ناوچەكە و دونیاشدا بۆتە بەرگریكارێكی سەرسەختیش بۆ ئەمریكا و لە ئێستادا دونیا نەتاك جەمسەر و نە دوو جەمسەرە و بەڵكو كاراكتەری نوێش پەیدابوە هەر لە چین و یابان و ئەڵمانیا و بەراِزیل و … هتد .
بۆیە ڕوسیا و وەڵام و هەڵوێستە توندەكانی بەرامبەر ئەم گەوجایەتیەی توركیاو ئەردۆگان بە ئارامی تێپەڕ نابێت سەرەڕای پەیشیمانی و نەرمی نواندنی ئەردۆگان و توركیا ، ڕووسیا بەهێز و تەكنەلۆژیای سەربازیەوە هاتۆتە ناوچەكە و نیازیشی نیە بەجێبهێلێت و تەنانەت ئەمریكاش پشتی كردۆتە توركیا و فشار دەكات كە چیدی سنورەكانی واڵانەكات بۆ داعش و یارمەتیان نەدات و واز لەو گەمە قێزەونە بێنێت ، ڕوسیا و هەڵوێستەكانی پۆتین ڕێك هاوشێوەی هەڵوێستەكەی لینینی سەركردە و ڕابەری شۆڕشی ئۆكتۆبەری ساڵی 1917 و 1918 كاتێك لە هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و جەنگی یەكەمی جیهانی كشایەوە و هەموو ڕێكەوتنەكانی ئاشكرا كرد لە ڕێكەوتنامەی سایكسبیكۆ و بەمەش خۆی ڕزگاركرد لەهەڵە و ئەركێكی مێژوویی و ئەخلاقی بەرامبەر چارەنوسی گەلانی ناوچەكە و دونیاش ، ئێستاش پۆتین و هاتنەكایەوەی ڕوسیا بۆ ناوچەكە بوە هۆكاری ئاشكراكردنی دەستی ئەمریكا و توركیا و 40 وڵاتی تر كە پشتیوانی داعش دەكەن و ئەم هەنگاوەی پۆتین وایكرد كە هەموان بەجدی بیر لە لێدان و فەوتاندنی كۆتایی داعش بكەنەوە . بەڵام توركیا و ئەردۆگان گەرەكیانە درێژە بەم پیلانە قێزەونە بدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سیاسی و سەربازی و ئابوری خۆیان كە لەنەوتی تاڵانكراوی عێراق و سوریاوە توركیا یەكەم سوودمەندبوە و گەرەكێتی ڕۆژانی خەلافەت زیندوو بكاتەوە بەڵام لەبیری چۆتەوە كە ڕۆژانی جەنگی جیهانی یەكەم و دووەمیش توركیای خەلافەت و ئەتاتوركیش هەر لەبەرەی دۆڕاوی جەنگەكەدا بون و كارەساتیان بەسەر توركیاو ناوچەكەشدا هێناو تازە بەتازە گەرەكێتی پیاوە نەخۆشەكە زیندوو بەهێز بكاتەوە و نازانێت توركیا چەندە گەورەو بهێز بێت ناگاتە توانای ڕوسیا و تەنها وەك كارت و داشی دامەیەك بەكاردەهێنرێت .. و بەم گەوجایەتیەی توركیاو ناوچەكەش ڕووبەڕووی كارەساتێكی گەورەتر و خوێناویتر دەكاتەوە .
كوردیش لەهەموو هەڵە و گەوجایەتیەكی توركیا سوود وەردەگرێت بەوەی مەسەلەی كورد لە ئێستادا لەسەر ئاستی دونیا و زلهێزەكان بەگەرمەوە باس دەكرێت و تەنانەت پشتیوانیەكی گەرمیشی بۆ پەیدابوە ئەمەش لە ئەنجامی شەڕ و بەرگریكاری كورد و هێزەكانی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانانەوە هاتە ئاراوە دژی چەتەكانی داعش لە ڕۆژئاوا و باشوری كوردستان . هەربۆیە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و ڕوسیاش پشتیوانی لە كورد و مەسەلەكەی دەكەن و وەكو كارتێكی فشاریش بەرزیان كردۆتەوە بەرەو ڕووی توركیا و ئەردۆگان كە دەوڵەتی كوردی دروست دەكەین و بیست ملیۆنكوردی توركیا و باشور و ڕۆژئاوا دەكەینە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ لە ناوجەرگە و چەقی توركیاو ڕۆژهەڵاتی ناویندا ، ئەوەی كەماوتەوە لە ئەستۆی كورد خۆیدایە كە ئەم گەرموگوڕیە و سۆز و پشتیوانیە نێودەوڵەتیە لەدەست نەدات و بەملاملانێی ناوخۆییەوە خۆی خەریك نەكات و هەلەكە بقۆزێتەوە بەوەی كە ڕێكەوتننامەی سایكسبیكۆی ساڵی 1916 هەڵبوەشێنێتەوە و ئەم جارە و لەم قۆناغەدا كورد ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ، چونكە بۆ هەموو دونیای سەلماند كە هێز و توانای خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی هەیە و بنەماو ژێرخانی ئابوریەكی بەهێزیشی هەیە لەنەوت و غازی سروشتی . بۆیە ئوێد و ئاسۆكانی ئایندەی كورد ڕۆشنە گەر خۆمان لەخۆمانی تێكنەدەین .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت