عیماد عەلی : بۆچی بە پێی بەرژەوەندی شەخسی دەنوسن ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گاڵتەجاریەوە پێی وت : خوا بتگرێت بۆچی بە پێی بەرژەوەندیە تەسکەکانت و ، نزیکی و دووریت لە پارتیەوە شت دەنوسیت و ، تەنانەت گوێ بە بەرژەوەندیەکانی حزبەکشت نادەیت ؟
وتی : من لە سەرکردە زل و زەبەلاحەکانی ئەم کوردستانە و تەنانەت عیراق و جیهانیش باشتر نیم و ، کاکەبرا منیش خۆمم خۆشدەوێت .
وتی : بۆ دەنوسیت ، ناتوانیت سیاسەت بکەیت بە بێ نوسین .
وتی نوسیەنەکانیشم بۆ سیاسەتە ، جا تۆ چۆن دەیخوێنیتەوە ئەوە کەیفی خۆتە برا .
وتی : کاکە ئەوانەی وەک تۆ ناوناوبانگی نوسەرانی ڕاستگۆش تێکدەدەن .
هەروەها وتی : تێگەیشتم لەم دواییە کە یەکلایی بویتەوە و زانیت ئەو پلەیەی مرخت لێخۆش کردبوو و هەوڵت بۆ دا ، وەریناگریت ، وا ئێستا بەر است و چەپدا خۆت لێداوە و دەنوسیت ، چونکو دوبارە گەرایتەوە جێگە کۆنەکەی خۆت و، بێ ئومید بویت لە مانۆر و سیاسەت و نزیکایەتی و خۆ بردنە پێشەوەی فڵانە حزب و فیسارە بەرپرس و هەوڵی ئەملا و ئەولا بۆ پلە و پایە .
وتی : کاکە نانی ئەم کاتە لە قورگی شێردایە و ، منیش پلەیەکم بریوە و نامەوێت بکوژێمەوە ، بە راشکاوی ، چونکە هەلی زیاترم پێ نەدرا لەلایەن حزبەکەی خۆمەوە ئەگینا تموحی زیاترم هەبوو .
ئەمە گفتوگۆی نێوان دوو نوسەری وڵاتەکەم بوو . بێ رتوش و ئەملاو ئەولا ، ئەمەیە رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی مەبدەئی وڵاتەکەم .
ئەمەیە ، سیاسەتی کادران و نوسەرانی حزب وەک پێشەنگی رۆشنبیرانی کوردستان . چۆن باسی بنەما پیرۆزەکانی حزب و کەسایەتی و پابەندبون بە قودسیەتی فکر و بیرو بۆچون و ئایدیۆلۆجیەت گۆراوە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ وەزعی سیاسی و پەیوەندیەکانی حزبەکان و دوور و نزیکیان لە یەکتر و لێکردنەوەی لەتە نانێک ، بۆ تێرکردنی بەچکەکان لەلایەن خەڵکە حزبیە خۆ بە نوسەر و سیاسەتمەدارەکانەوە .
ئەگەر ئەمە حاڵی خۆ بەکەڵە نوسەر و ردایکاڵ و گۆرانخواز و رۆشنبیری پلە یەک بێت ، ئەی بۆ گلەیی لە نوسەرانی بەرژوەندخواز بکەین کە دوور لە هیچ بەهایەک دەستیان داوەتە قەڵەم و تەنها بۆ بەرێوەبردنی باری قورسی ژیان کاردەکەن و بە خۆیان لە رۆژێکدا سەت و هشتا پلە دەگۆرێن . بۆ حەق بە سیاسەتمەداران نەدەین هەزار و یەک فرتوفێل بکەن بۆ کورسیەکانیان و ، دوا شت ئەوەی بیری لێبکەنەوە بەرژەوەندی باڵای میلەت بێت .
تۆ بڵێیت لە بنەرەتدا ، وەک زۆرێک لە نوسەران ئیدعای دەکەن ، تەنانەت نوسین لە پێناو بەرژوەندی شەخسیدا داهێنرابێت و بۆ راستکردنەوەی باری لاری ژیانی نوسەران خۆیان بوبیت ، نەک بۆ دەرخستنی راستیەکان داهاتبێت ، وەک بەهانەیەکیش دەڵێن : نوسین لە بەرماڵی دەسەلاتدا داهێراوە و تا ئێستا ئەوەی لەبەرژەوەندی و قازانجی دەسەڵاتدارانی مێژوو نەبێت نەگواسرتاوەتەوە بۆ نەوەکان . ئەی ئەگەر ئەمە راست بێت ، ئەو هەموو راستیانەی کە لە دەستی نوسەرانی مەبدەئی و حەقبێژ وەرگیراون و بۆمان گوازراوەتەوە و تا ئێستاش دەیخوێنینەوە و پشت بە زانیاریەکانیان دەبەستین چۆن هەڵیان سەنگێنین .
نوسەری بەناو رۆشنبیری سیاسی دەبێت چۆن خۆی لە نەرجسیەت و خۆویستی بپارێزیت و نەبێتە نوسەرێکی دکتاتۆر وەک سیاسیەکان ، ئەمە بۆ نوسەران بەجێدەهێڵم و لەوبارەوە بە خۆم هیچی لێ نازانم .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت