بورهان شێخ ڕەئوف : ڕوسیاو کورد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەر بنەماى ئەو وتەیەى کە ئایندە لە سەر ڕابردوو بنیات دەنرێت ناکرێت باسى پەیوەندى ڕووسیاو کورد بکەین و ئاوڕێک بۆ ڕابردوو نەدەینەوەو چاوێک بە پانووراماى ئەو پەیووەندیانەدا نەخشێنین ئەگەر بە کورتیش بێت .
هەروەکو سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەیان پێداوە ڕووسەکان لە دێر زەمانەوە کورد بووەتە جێگەى سەرنج و گرنگى پێدانیان بۆ فراوانکردنى سنوورى قەڵەمڕەو دەسەڵاتیان بۆ پشتى قەفقازو و شوێنەکانى تر و هەمیشە کوردیان بە جەنگاوەرى ئازاو دلێر و متمانە پێکراو زانیوەو بۆ کاتى جەنگ و ململانێ .
بۆیە ڕووسیاى قەیسەرى لەڕابردوودا لە جەنگ و ململانێکانى دا لە گەڵ ئیمبراتۆریەتەکانى عوسمانى و فارسیدا هەوڵى ئەوەى داوە کورد بەلاى خۆیدا ڕابکێشێت بەرامبەر بەوەى پاڵپشتیان بکا بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ بەڵام دواتر هیوا ئاواتەکانى ئەوانى کردووە بە قوربانى بەرژەوندیەکانى خۆى .
لە مێژووى تازەیەشدا ڕووسیاى قەیسەرى هەمان ئەزموونى ڕابردوویان دووبارەکردۆتەوە لە پێش شەڕى جیهانى یەکەم زۆر بەڵینیان بە کوردى باکوورو ڕۆژهەڵات دا کە یارمەتیان بدەن بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆ بەڵام لە دواى ڕووخانى دەوڵەتى عوسمانى لە ساڵى 1923 و دەرکەوتنى مستەفا کەمال ئەتاتورک لە هەموو بەڵێنەکانیان پەشیمان بوونەوە و هاوپەیمانەتیەکیان لە گەڵ ئەتاتورک گرێدا کە ماوەى فەرمانڕەوایەتیەکەى خوێناویترین سەردەم بوو دەرهەق بە کوردو مافە ڕەواکانیان .
لە دواى جەنگى جیهانى دووەمیش لەکاتى دامەزراندنى کۆمارى مهاباد کە بە پشتیوانى ڕاستەوخۆى سۆڤیەت ڕاگەینرا بوو لە کۆتاییدا ئەو ئەزموونە ى کوردیش کرا بە قوربانى ساتو سەوادو سازشى ڕووسەکان لە گەڵ شاى ئێران و قازى موحومەد ى سەرۆکى کۆمارەکەو هاوەڵەکانى لە سێدارەدران .
لە کوردستانى باشووریش لە کاتى گفتوگۆکانى نێوان شۆرشى کوردو حکومەتى عێراق لە پاش بەیانى 11 ى ئازارى ساڵى 1970 یفگینى بریماکۆف سەرۆک وەزایرانى پێشووى ڕووسیاو پێش ئەوەى ببێتە وەزیرى دەرەوە ى ڕووسیا کاتى خۆى ناوبژیوانى نێوان سەرکردایەتى شۆڕشى کورد و حکومەتى عێراق بوو لە هەموو خوولەکانى وتووێژدا بەرژەوەندیەکانى وڵاتەکەى لامەبەست تر بوو لە ئامانجەکانى کورد .
تەنها لاپەڕەیەکى پرشنگدارو درەوشاوەى پەیوەندیەکانى کوردو ڕووس ئەو هەموو سەنتەرو ناوەندە ئەکادیمى و ڕۆشنبیرى و کوردلۆجیە بوو کە بۆ مێژوو کەلتوورو ئەدەبى کورد لە زۆر شوێن گرنگى ئەو وڵاتە کرانەوە .
ئەوەى گرنگە ئێستا لەم قۆناغەدا لەدواى هاتنە ناوەوەى هێزەکانى ڕووسیا ڕاستەوخۆ بۆ سووریا لە مانگى ئەیلولى ڕابردووەوە ڕووسەکان مەیل و ئارەزوویان بۆ دۆستایەتى کردن لە گەڵ کوردەکانى ڕۆژئاوا نەشاردۆتەوەو چەندین مەسج و ئاماژەى ئەرێنیان پیشانداوە بەرامبەریان ، بە تایبەتى دواى سەرکەوتنە یەک لە دواى یەکەکانى کورد چ لە شەڕى کۆبانێ و شوێنەکانى تریش .
بۆیە ڕووسیا هەستى بەو کاریگەرییەى کورد کردووە لە سووریا بۆ بەگژاچوونەوەى داعش و بۆ یەکلاکردنەوەى یەکجارى قەیرانى سووریا بە گشتى کە زۆر مەبەستیەتى و بۆ ئەوەى دوا پێگەى خۆى بپارێزێت لە سەر ئاوە گەرمەکان و لە هەمان کاتیشدا وەکو فاکتەرێکى بەهێز بەکاریبهێنێت لە ململانێ ئیقلیمیەکانى ناوچەکەدا بە تایبەتى دژى تورکیا کە زۆر جار ڕایگەیاندووە دژى دروستکردنى قەورایەکى کوردیە لە ناوچەکەدا .
بەڵام ڕاستیەکى تر هەیە ئەوەیە کە شاراوە نیە ئەمریکیەکان پێش ڕووسەکان کەوتوون بۆ دامەزراندنى پەیوەندى و هەماهەنگى لە گەڵ پارتى یەکێتى دیموکراتى کە بە باڵى سورى pkk ناسراوە کە یارمەتیەکانى ئەمریکا خۆى لە پڕچەککردن و ڕاوێژ و ڕاهێنان و پاڵپشتى ئاسمانى بۆ ئۆپەراسیۆنەکانى شەڕڤانانى یەپەگە دەبینێتەوە لە یەک ساڵى ڕابردوودا کە هەموو ئەمانە ئارەزووەکانى مۆسکۆ بۆ ئاوا هاوپەیمانیەتیەک ئاسان نابێت سەرەڕاى ئەوەى مۆسکۆ زۆر ئاماژەو کردارى واى پیشانداوە بەرامبەریان چ بە کردنەوەى نووسینگەى پەیوەندى پارتى یەکیتى دیموکراتى لە مۆسکۆ و هەروەها باس لە کردنەوەى نووسینگەى نوێنەرایەتى ڕووسیاش لە کانتۆنەکان دەکرێت و پێشوازیکردن لە چەند شاندێکى کورد لە مۆسکۆ دواتریان وتەکانى فلادیمیر پۆتین بوو لە پەراوێزى کۆبوونەوەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکانن سەبارەت بە قارەمانى و خۆڕاگرى شەڕڤانانى یەپەگە .
هەرلە بەردەوامى و درێژەى ململانێکانى نێوان ڕووسیاو تورکیا ڕووسەکان دۆسیەى کورد بە بەهێزترین دۆسیە دەزانن بۆ جوڵاندن و بەگژاچوونەوەى ڕکابەرەکەیان تورکیا لە هەڵوێستێکى ڕاگەیەنراودا ئەوان پارتى pkk بە هێزێکى تیرۆریست نازانن وەکو ئەو ریزبەندییەى کە وڵاتانى ترى وەکو ئەمریکاو ئەوروپیەکان و تورکیا ناوى لێدەنێن تیرۆریست .
لەلایەکى ترەوە بۆ یەکەم جار پەرلەمانى ڕووسیا بە فەرمى باسى پڕچەککردنى pkk ومافى کورد لە تورکیا دەکاویارمەتیدانى پارتى یەکێتى دیموکراتى لە ڕۆژئاوا بە بڵاوى لە ڕۆژنامەکانیاندا باسکرا .
ئێستا دەکرێت بپرسین ڕووسیا مەبەستى چیە لەم هەنگاوانە بەرامبەر بە کورد ؟ دەیەوێت چى بکات و چى بڵێت ؟
بە بۆچوونى من ڕووسیا دەیەوێت یەکینەکانى پارستنى گەل و هێزەکانى سوپاى سوریا لەو هاو پەیمانێتیە دا کۆ بکاتەوە و بە سەرکردایەتى خۆى بۆ بەدیهێنانى چەند ئامانجێک لەوانە یەکلاکردنەوەى شەڕى باکوورى سووریا و حەلەب و لەبەرئەوەى کورد پێگەیەکى جوگرافى گرنگى هەیە دەتوانن ڕیگەى ئیستراتیجى حەلەب _ تورکیا ببڕن و دواتر ناوچەکانى عەفرین و کۆبانى و ئیعزاز بە یەک بگەیەنن ، بە دیهاتنى ئەمەش واتە شکستهێنانى ئامانجەکەى تورکیا لە دامەزراندنى ناوچەى ئارام و ئاسایش و دژەفڕین کە لە مێژەوە دەهۆڵى بۆ دەکووتن لە هەمان کاتیشدا بە یەککەوە گرێدانى کانتۆنەکانى کۆبانى و عەفرین ە ئەمەش تەواو کردنى ئەو هێڵەیە کە لە قەندیلەوە دەست پێدەکات تاوەکو دەریاى سپى ناوەڕاست کە ئەو قەوارە کوردیەیە لەسەر سنوورى باشوورى تورکیاکە زۆر نیگەران و تەنگەتاوە پێ ى .
بێگومان هەموو ئەو پێشوە چونانە بە بێ رەزامەندى سەرکردایەتى pkk لە قەندیل ناکرێت کە ئەوەش ڕووبدات واتە سەرەتاى پڕچەککردنى pkk کە ئەمەش گورزێکى گورچکبڕە بۆ تورکیا و ڕووسیاش دەبێتە هێزێکى خاوەن بڕیارو چارەنووسساز لە سووریا دا .
لە بەرامبەریشدا تورکیا دەستەوەستان ناوەستێت بەرامبەر ئەو پێشوەچوونانە ئەویش کارتى فشارو زۆر دۆسیەى لە بندەستایە زۆر جار ڕووسیاى لەوە ئاگادار کردۆتەوە کە یارى بە ئاگر نەکات و دەتوانێت لە کاتى گونجاودا بەکاریان بهێنێت جگە لە پڕچەککردنى تاقم و گروهە چەکدارەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریاى سەربە خۆى بە پێشکەوتووترین جۆرى چەک کە بتوانن دۆزەخێک بۆ هێزەکانى ڕووسیا دابخەن لە سووریا وەکو ئەوەى لە ئەفغانستان لە کۆتایى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا تووشى هات لە هەمان کاتدا داخستنى دەرگاى تەنگەى بسفۆر بە ڕووى هاتوچۆى دەریایى ڕووسیادا یەکێکى ترە لە ئەگەرەکان .
ئیستا کورد بووەتە خاڵى گرنگ و جێگە ى سەرنجى ئەمریکا و ڕووسیاش هەردوو هێزەکە لە هەوڵى ئەوەدان کورد بەرەو لاى خۆیان ڕابکێشن ئایا کوردیش دەتوانێت خۆى لە فاکتەرى ئەمنى و هێزى جەنگاوەرەوە بگۆڕێت بۆ جێگیرکردنى خواست و ئامانجە سیاسى و مێژووییەکانى .
لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە خۆى قووت دەکاتەوە ئایا کورد دەتوانێت دەوڵەتێکى سەربەخۆ ڕابگەیەنێت ئەگەر ڕووسیا بتوانێت گورزێکى بەهێز ئاڕاستى تورکیا بکات یان جارێکى تر هەمان وانەکانى مێژوو ى کورد خۆیان دووبارە دەکەنەوە و کورد دەبێت بە قۆچى قوربانى و سەرکەوتنەکانى دەکرێت بە قوربانى بەرژەوندییەکانى وڵاتانى تر لەسەر مێزى دان و سان .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت