شێرزاد شێخانی : بانگەوازێک بۆ خەڵکی سلێمانی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرێزان بەرپرسانی پێگەو سایتە کوردیەکان ، بەتکایەکی گەرمەوە ئەم بابەتە گرنگە بڵاو بکەنەوە بۆ ئەوەی بگاتە هەموو لایەکەوە ــ لەگەل رێزو خۆشەویستیم .

برادەرێکی هەولێری دانیشتوى شاری سلێمانی خۆشەویست چیرۆکێکی دڵتەزینی خۆی بۆم گێڕایەوە کە پێویست ئەکات هەمومان هەڵوەستەیەکی لەبەرامبەردا بکەین ، بەتایبەتیش لەم هەلومەرجە دژوارو نەهاتەی ئەمرۆدا کە ریزەکانی میللەتەکەمان تادێت پەرتەوازەتر ئەبێتو ، سنوری وەهمی لەنێوان خاکی یەک نیشتماندا بە حوکمی ململانێی سیاسی ئەکێشرێت .
با درێژەی پێنەدەم گوێ لەم چیرۆکە خەمناکەی ئەم برادەرە بگرن :
لەدوای خیانەتە گەورەکەی مەسعود بارزانی و حزبەکەی لە 31 ئای 1996دا وەکو یەکێک لەو هەزاران هەزار نیشتمانپەروەرانەی کە هەڵویستیان وەرگرت بەرامبەر بەم خیانەتە منیش نەمویست خزم و خێزانەکەشم بکەوێنە ژێر پۆستاڵی بەعسەوە ، بۆیە شارە خۆشەویستەکەی خۆمان بەجێهێشت و رومان لەشاری سلێمانی کرد وەکو پەناگەیەک بۆ خێزانەکەم .. ساڵانێکی درێژ لەم شارەدا ژیانمان بەسەربرد ، خوای گەورەش کورێکی پێبەخشین کە هەر لەوشارەدا لەدایک بو .. برادەرەکەم دەڵێ : لەساڵی 2005 دا گەڕامەوە شارەکەی خۆمان و دوای ماوەیەکی کەم کاتێک هەستمکرد دەسەڵاتەکەمان بەرەو گەندەڵی و ناعەدالەتی لەحوکمدا هەنگاو دەنێت رەخنەی زۆرم لەو دەسەڵاتە گەندەڵە گرت ، تا دواجار کاتێک دڵنیابوم لەوەی پارتی و سەرۆکەکەی دەستبەرداری دەسەڵاتە مافیاکەیان نابن و ، وڵاتەکەم بەرەو دیکتاتۆرییەت ئەبەن ، زانیم جێگام لەشارەکەی خۆمدا نەماوە جارێکی تر هانام بۆ سلێمانی هێنا کەشاری ئازادی و سەقامگییری ، و خەڵکەکەشی خاوەن هەڵویستی نیشتمانپەروەرانەو دلێرانەن ، ئیستاش مێوانی ئەم شارە بەرێزەم ..
چیرۆکە دڵتەزێنەکەی ئەم برادەرە لێرەوە دەست پێ ئەکات ، کاتێک کوڕە بچکۆلانە سلێمانییەکەی لەمەکتەبێکی هەولێرەوە ئەگوازێتەوە یەکێک لەمەکتەبەکانی سلێمانی بۆ ئەوەی لەخوێندن دوا نەکەوێت ، سەرباری ئەوەی کوڕەکەی لەدایکبوی سلێمانیە ئەگەر وەکو وڵاتانی دونیا مامەڵەی لەگەڵ بکرایە ئێستا مافی رەگەزنامەی ئەم شارەشی پێئەدرا . بەڵام وەکو باوکی ئەڵی ” دوای تەنها مانگێگ لەخوێندن ئەم کوڕەمیان بێزار کرد .. بەخەمێکی قوڵەوە رۆژێ هاتەلام و داوای کرد ئەگەر بەتەنهاش بێت بیگەرێنمەوە هەولێر ، بەبیانوی ئەوەی گوایە هاوەڵەکانی لەمەکتەب رۆژانە دەیان و سەدان جار گاڵتە بەزمانەکەی ئەکەن و پێی رائەبوێرن .
کاتێک شکاتم بردە لای بەرێز بەرێوەبەری مەکتەبەکە زۆر بەرێزەوە هەوڵیدا کەوا ئەم خوێندکارانە دەمکوت بکات کە سوکایەتیان بەکوڕەکەم ئەکرد ، ئەمەش ئەنجامێکی باشی هەبو ، بەڵام هەر ئەم بەرێوەبەرە قسەیەکی کرد کە زۆر کاریگەری هەبو بەسەرمەوە ، ئەو وتی : ئەوەی لەسەر ئێمە بێت لێرە ئەو تەلەبانەی خۆمان وشیار بکەینەوە ، بەڵام ئەرکی سەرەکی ئەکەوێتە ئەستوی خودی خێزانەکانەوە کە ئەبێ کۆتایی بەم گاڵتەجاڕییە بێنن و رێز لەمیوانەکانیان بگرن . بەڵی راستە خوێندنگا بنچیینەی پێگەیاندنی مرۆڤە ، بەواتایەکی تر ئەتوانم بڵێم مەڵبەندی دروستکردنی کەسێتی مرۆڤە ، بەڵام هێشتا خێزان رۆڵی سەرەکی هەیە لەتەربیەتدان وهوشیارکردنەوەی تاکەکان ، چونکە لێرەدا خێزان کاریگەری زیاترە .
چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی هات بە گێرانەوەی برادەرەکەم ..
سەیرم پێدێت بەرێزان خەڵکی ئەم شارە پڕ رۆشنبیرەو پایتەختی رۆشنبیری کوردستان ، کەمیوانداری ملیۆنێک عەرەب ئەکەن ، بەڵام رۆژێ لەرۆژان نەمانزانی گاڵتە بەزمانیان بکرێت .. تورکمانیش کەیەنە ئێرە رێزیان ئەگیرێت ، بەڵام کە هەولێریەک بێتە ئێرە وەکو نێچیرێکیان دەست کەوتبێت ئەکەونە سوکایەتی پێکردنی ..
با واز لەوە بێنین کەوا خەڵکی ئەم سلێمانییە یەک ملیۆن نوکتەیان بەهەقو ناهەق بەسەر هەولێرییان دروست کردوە ، با باسی ئەو زمانەی هەولێریان بکەین کە هەمیشە گاڵتەی پێئەکرێت ، خۆ ئەویش زمانی کوردییە بە شێوەزارێکی جیاوە وەکو هەمو شێوەزارەکانی تری وەکو هەورامی و خانەقینی و بادینانی و تەنانەت کەرکوکیش ، بۆچی ئەبێت تەنها شێوەزاری هەولێری گاڵتەی پێبکرێت ؟. رەنگە لەقاموسی زمانی کوردیدا زۆر وشەی لەناو هەولێریان باوە لەشێوەکانی تر رەسەنتر بێت ..
بەرێزان : ئێمەی میللەتی کورد کە گیرۆدەی چەندین هێزو حیزبی سیاسیین و دوای دەیان ساڵ لەخەباتی شاخ و شار قوربانیمانداوە بۆ سەربەخۆییو سەرخستنی میللەتەکەمان ، یەکێک لەگەورەترین کێشەی نەبونی دەوڵەتی سەربەخۆشمان ئەگەرێتەوە بۆ یەکنەبونمان ، ئیدی تاکەی لەسەر شێوەی قسەکردنێک میللەتەکەمان لەوە زیاتر پەرتەوازە بکەین و ریزەکانی تێکبدەین ، بەس نیە لەو ململانێی سیاسییە ناسروشتییەی ئێستادا دابەشبونی هەریمەکەمان بەسەر دو زۆنی سەوزو زەردو دابڕاندنی ناوچەکانی بادینان لەناوچەکانی سۆران ببێتە ئەمری واقیعێکی تاڵ ، هەر ئەوە ماوە واقیعێکی تاڵ تر بسەپینین بەسەر ئەم ناوچەیەماندا بە جیاکردنەوەی خەڵکی هەولێر لەخەڵکی سلێمانی ، ئەگەر کار وابروات دور نیە گەڕەکەکانیشمان دابەش بکرین و ئیتر بۆ هەتا هەتا جارێکیتر بیر لەیەکگرتویی نەکەینەوە . . بەڵی ئەمەش بونی هەبوە ، چۆن لەهەولێر هەمیشە ململانێ لەنێوان گەڕەکە شارنشین و لادێیەکاندا هەبووە ، لێرەش لەسلێمانی وەکو بیستومە ململانێ لەنێوان گەرەکی عەقاریو گەڕەکەکانی تردا هەبوە ..
دوا وتەم وەکو تکایەک لەهەمو خەڵکی سلێمانی بەرێز داواتان لێئەگەم ئیتر بەسە ئەم گاڵتەکردنە،بەسە پەرتەوازەبونو لێکترازاندن ، بابەیەکەوە هەوڵی سڕینەوەی ئەم کلتورە قێزەونە بدەین ئەگەر وەکو کوردیش رێز لەیەکتر ناگرین ، با وەکو مرۆڤێک مامەڵە لەگەلڕ یەکتردا بکەین .
تکاتان لێئەکەم حەمەی کوڕی ئەم برادەرەم بگرنە ئامێزی خۆتانەوە ..

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت