Anwar-Qadir

ئەنوەر قادر ڕەشید : قەڵەمەکەت جوانە … نووسەری دەربار .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەمتوانی دەستەواژە باوەکە لەپاش ( قەڵەمەکەت جوانە … ) بنووسم لەبەر ئەوەی هەستی ( گ… ) کان بریندار نەکەم و ئەو غەدرەیان لێ نەکەم بە تۆ و هاوشێوەی تۆیان بچوێنم ، بەهەرحاڵ رەنگە قەڵەمەکەت لەزێڕ دروست کرابێ ، چونکە تۆش پشکت هەیە لە پاروی دزراوی دەمی مناڵانی برسی و بە هەردوو دەست ئەو پارە ژەهراویە وەر ئەگریت و بە دەستی قەڵەم و دەستی مەسینەکەت بەردەوامیت لە وەرگرتنی و بە هەردوو دەست ئەیانئاخنیتە گیرفانی قووڵی بێ بنت . مەرج نیە قەڵەمی زێڕ، زێڕ بنوسێ ، قەڵەمی تۆ ئەگەر لە زێڕیش دروست کرابێت ، هەر زێراب ئەنوسێت ، نازم حیکمەت لە تاریکیی زیندانەوە بە قەڵەمێکی شکاو زێڕی ئەنوسی ، بۆیە ئەبێ کاراکتەری خاوەن قەڵەمەکە زێڕ بێ ، ئەبێ خاوەن قەڵەمەکە کەرامەتی هەبێ و لەبەرەی هەژارانی نەتەوەکەی بێ ، نەک زوڕنا بۆ خۆفرۆشە ملهوڕەکان بژەنێ ، من هەمووجار لەخۆم ئەپرسم ، ئایا تۆی کۆیلە ، چاو لە ئاستی راستیەکان ئەنوقێنی یان هەر لە بنەڕەتا نایانبینیت ؟ تۆ بڵێی هەستت بەوە کردبێ کە قەڵەمەکەت خوێنی لێ ئەتکێ و شانازیشی پێوە ئەکەیت ؟ بەردەوام لە بەرەی ناهەقیت ، ئەتەوێ بەناوی یاساوە ، یاسا ئەتک بکەیت ؟ تۆ کە قەڵەمێکی بەربادی وەک خۆت بەدڕەوشت و بێ کەرامەتت هەیە و وا ئەزانی خەڵکی بە دەهۆڵت هەڵئەپەڕن ، ئەوە جارێکی تریش بە هەڵەدا چوویت ، چونکە ئەو مەسینە بە دەستانەی دەستخۆشیشت لێ ئەکەن لە ناخیانا ئەزانن کە خۆت و قەڵەمت بێ بەهان و لە پێناوی سەرکردە خوێنڕێژە بێ مۆراڵەکەتدا رەش ئەکەن بە سپی و سپی ئەکەن بە رەش ، بەڵام ئەوانیش ناچارن چەپڵەت بۆ لێدەن چونکە وەک خۆت بێ کەرامەتن .
رەنگە پێت ناخۆش بێ ئەگەر یەکێک بە ناهەق پێت بڵێ کەرامەتی خۆتت فرۆشتووە ، تۆ هەقتە پێت ناخۆش بێ و بە ناهەقی بزانیت ، منیش ئەو قسەیە بە ناهەق ئەزانم ، چونکە کەرامەت نافرۆشرێ ، مرۆڤ یان کەرامەتی هەیە یان نیەتی ، شتێکیش کە نەبێت نافرۆشرێ ، رەنگە لە قۆناغێکدا دەرفەتی نەبووبێ نەبوونی خۆی بسەلمێنێ ، بەڵام لەگەڵ یەکەمین فرسەتدا ئەو راستیە چارە رەشە وەک چزوی دوپشکێک دەرئەکەوێت .
لە دنیادا زۆر کەسی دەرباری وەک ئێوە هەبوون کە مێژوویان لە کۆشکی خوێنڕێژانا نووسیوە و ئارایشتی چارەی ناشیرینی دوژمنکارانەی خاوەن کۆشک و زۆرداری ناو کۆشکی بە کەللـەسەر بنیادنراویان کردووە ، بەڵام زۆر کەمیان توانیویانە بەشێک لە راستیەکان بشارنەوە ، چونکە خەڵکانی تر دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە بنووسن و بیگەێننە دەست نەوەکانی دوای خۆیان ، بەڵام ئێستا تۆی زەمەنی گڵۆباڵیزم ئەتەوێ راستیەکان ئاوەژوو بکەیت و تیا سەرکەوتوو بیت ؟ تۆ بڵێی تا ئەو رادەیە دەبەنگ بیت وا بزانی ئەتوانی راستیەکان حەشار بەیت و سەرکردە بێ مۆراڵەکەت بخەیتە مێژووەوە و بیکەیتە پاڵەوان ، لە کاتێکدا لە ئینتەرنێت کەناڵە تیڤیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا رۆژانە پەردە لەسەر جەستەی بۆگەنی خیانەتکاران دا ئەماڵرێ و تۆش ئەتەوێ لەم رۆژگارەدا بڵێی جلەکانی خاوەن شکۆ بێهاوتایە ؟ نەخێر ئێستا لە هەر چواردەوارەوە هاوار ئەکرێ پاشا روتوقووتە و هیچی لەبەرا نیە بۆیە لێرەوە دڵنیات ئەکەمەوە کە سەرکردەکەت ئەچێتە مێژووەوە ، بەڵام بەشی زبڵدانەکەی ، کە تۆ و قەڵەمە زێڕینەکەت لەو زبڵدانەشا جێتان نابێتەوە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت