عیماد عەلی : ئایا کورد دەتوانێت خۆی بە هیچ لایەکدا یەکلانەکاتەوە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ چەندین جارە دەبیستین کە داوادەکرێت کورد خۆی بە هیچ لایەکی ئەو دوو جەمسەرەی لەم ناوچەیە دروست بووە یەکلانەکاتەوە . ئەمەش وەک دوایەکی رەوا و عاتفی و بۆ دوارۆژی کورد قازانجێکی یەکجار گەورەی هەیە . بەڵام بەم وەزعەی کورد و کارەکتەر و سیاسەت و پێکهاتەی سەرکردایەتی و بیرکردنەوە و رەفتار و هاوکێشە ئاڵۆزەکان و ناکۆکیە هەمەحۆرەکانی نێوخۆوە ، ئەم داخوازییە هەستکرۆژە دێتە دیی ، یان داوایەکی دڵسۆزانەی دوور لە واقعی کوردستانە .
جارێک خودی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کرداری و ، لە گۆشەنیگای پەیوەندیەکانی لایەنەکان و مامەڵەیان و جموجوڵەکانیان لەسەر ئەرزی واقیع ، بەسەر هەردوو جەمسەرەکەی روسیا و هاوپەیمانەکانی و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دابەشبون و ، تەنانەت لە چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان و کۆبونەوەکانیشیاندا ، لەسە ئەو ریتمە دەرۆن و لەو ئاوازە دەرناچن . پەیوەندی زۆنی سەوز لەگەڵ بەغدا و بەشەکانی تری کوردستان ، پەیوەندی زۆنی زەرد لەگەڵ تورکیا و بەشەکانی تری کوردستان، مامەڵە و موزایەدەکانی هەردوولا لەسەر پرسە کوردستانیەکان و ئامانجەکانی کورد لەم ئانوساتانەدا ، ئەو راستیەکمان بۆ دەردەخەن .
ئەگەر کورد بەخۆی لە نێو خۆی خۆیدا بەم جۆرە بێت و ، نەتوانێت تەنانەت هەنگاوێک لەیەک نزیک بێتەوە ، لە کاتێکدا کە هەماهەنگی و یەکێتی پێویستیەکی لەرادەبەدەری قازانجبەخشی ئایندەیەکی نزیکمان بێت و ، لە هیچ کاتێکدا ئەوەندە پێویستمان بە یەکگرتوویی و هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن و هەنگاو نان لەمەر گۆرانکاریە چاوەروانکراوەکان نەبێت . کەچی بە رۆژی نیوەرۆ دەبینین کە ئاش لە بارێکدایە و ئاشەوان لە خەیاڵێک . بۆیە گەر هەڵوێستی سەرجەم لایەنەکان بخوێنینەوە ، هیچیان لەو پێگەدا نین کە متامنەیان پێ بکرێت ، بتوانن رەوشەکە بە ئاراستەیەکدا ببەن ، پێوێستیە هەنوکەییەکانی ئەم ئانوساتە مەیسەر بکەن و ، سەرەرای ئەم هەموو قوربانیدانە لە دواجاردا دەستمان لە بن هەنبانەکەوە دەرنەچێت . کێشەکە لەوەدایە کە هەر لایەک لە روانگەی پێویستی حزبەکەی و کەسە دەسترۆیشتوەکانی رەفتار دەکات و هیچ بەرژەوەندیەکی گشتی لەبەر چاو ناگرێت و لەو نێوەشدا هیچ خەتێکی سوریان بۆ بۆچون و سیاسەت و رەفتارەکانیان دانەناوە .
تۆیەک کە لە ئێستاوە خۆت بەسەر جەمسەرەکاندا دابەش کردبێت و لایەنگیریت بە زەقی پێوەدیار بێت ، پیش ئەوەی خاڵی یەکلاکەرەوەت لێ دیار بێت ، ئەی چۆن لە کاتی یەکلاکەوتنی هاوکێشەکان چۆن دەتوانێت خۆت بەلایەکدا راست بکەیتەوە کە لەقازانجدا بێت . تۆیەک کە ئێستا هەنگاوەکانت لە قازانج و بە ئاراستەی جەمسەرێک بێت ، چۆن دەتوانین داوات لێبکەین : لە یەکلایی بونت بەسەر دووجەمسەرەکەدا خۆت بپارێزە . بۆیە داواکردن لە سەرکردایەتی کورد لە جێبەجێ کردنی ئامانجێکی ئاوها کە لەئەمرۆوە خۆی یەکلا کردۆتەوە ، داوایەکی خەیاڵی و لەجێی خۆیدا نیە و ، جگە قسە کردنی دوور لە واقع و سیاسەت و ، نەناسینی لایەنە کوردسیەکان هیچی تری نابینم .
ئەوەی دەتوانرێت بکرێت ، ئەگەر سەرکردایەتی کورد تۆزێک لە ئاستی باڵادا بیر لە کورد بکاتەوە ، دەشێت لە باشترین ئەگەردا ، لە هەماهەنگیەکی نهێنی و هاوکاری یەکتردا ، لە دابەشکردنی هەڵوێستەکانیان و ئاراستەی هەنگاوەکان لە نێوان خۆیاندا بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ جەمسەرەکان ، رۆڵ دابەش بکەن ، ئەمەش بە حکومەتێکی یەکگرتوو دەکرێت کە نیمانە . ئەم ئاواتەش بە هۆی ناکۆکی و نەبونی هەماهەنگی پێشوەخت لە ئاستی نێوخۆ و بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە نێوخۆییەکان ، لە سەر ئاستی ناوچەکەش زۆر جێگەی بروا نیە کە کاری وابکرێت . بۆیە لە باشترین ئەگەردا ئەوەی هەر لایەک لە جەمسەرەکەی وەک ئیستا زیاتر نزیک بێتەوە و ، کام جەمسەر سەرکەوتو بوو لە ململانێکە داشی ئەو لایەنە کوردیە سەردەکەوێت و ، لەوێدا ئەرکەکانی تر دابەش بکرێت . بەڵام لەم حاڵەتەشدا ئەوەمان لەبەرچاو بێت ، کەدوولەت بونی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و وەزعەکە چەق دەبەستێت و چارەسەری قەیرانەکانی دوادەکەوێت ، یان دابەشبون کۆتایی تاکە ئەگەری دوا ئەنجام دەبێت . بۆیە ، قەت نە عەقڵ و نەش بیری باش و هەڵسەنگاندنی زانستی رێگە نادەن کە وا بزانین ئەم لایەنانەی کوردستان ئەوەندە خەمی گەل و نیشتمان و بەرژەوەندیەکانیان لە مێشکدایە ، کە تۆزێک لە بەرژەوەندیە تەسکەکانی خۆیان خۆش بن . دەبێت هەر لە ئیستاشەوە بە یەقینی لەو باوەرەدا بین کە کورد دابەشبووە بەسەر جەمسەرەکاندا و لە کاتی یەکلابونەوەی هاوکێشەکان ئەگەر زەرەریش نەکات ، قازانج و زرەرەی لەیەک دەدەرێت و سەری بنمایەکەی دەخوات .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت