Turkey_Iran

شەریف هەژاریی : ململانێی ناوچەیی تورکیا و ئێران بە کوێ ئەگات!؟، ئەم هەڵسەنگاندنە لە یاد مەکەن !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرنگە هەوڵدەیت سۆز لە دەرەوەی هەڵسەنگاندنی سیاسەتەوە بێ . لە ناو ئێمەی کورد نەک هەر سۆز ! بگرە زۆرجار بە پێی بەرژەوەندی ڕۆژ تەنانەت هەڵسەنگاندنی زانستییش ئەنجام دەدرێ !

هەنێک لە ڕاوێژکارە گەورەکانی گۆڕان و تەنانەت لە کەسێکی سەرو مەکتەب سیاسیی یەکێتیش پێیانوابوو و پێیانوایە بە پێی نووسین و لێکدانەوە و بلۆکبەندییەکان ئەوایە :  سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکەدا چەند ساڵێکە بەهۆی ئەردۆگانەوە شکست دوای شکست تۆمار دەکا و ئێرانیش بەپێچەوانەوە کاریگەریی ناوچەیی خۆی بەهێزتر دەبێت .

بەدرێژایی سێ ساڵی ڕابردوو ، بەپێی دەیان بابەتم ، ئەمە ڕوانینم بووە : ئەمریکا ئەیەوێت هێزی ‘ ئابوری – سیاسی و سەربازیی ئێران ‘ لە شەڕی ناوخۆی سوریا -یەمەن – لوبنان و عێراقەوە بگلێنێت و لەو ڕێگەیەشەوە بیپڕوخێنێت . ئێرانیش کەوتووەتە شەڕەکەوە و دەربازبوونی نابێت . کەواتە هەر بەپێی بابەتەکانم هاوکێشەکە ئاوهای لێ دێت : پڕووکانی ئەجێندای ئێران بەتایبەت لە سوریا و یەمەن ئەوا داڕوخانی ئەجێنداکانی لە عێراق دا بەدوادادێت و ڕاستەوخۆش ئەم خاپوربوونە دەرەکییەی سیاسەتیی – ستراتیژیی ئێران وادەکات ناوخۆی ئێران کڵپە بسەنێت !

دیسانەوە ئەیڵێمەوە ، ئەمریکا بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ویستی هەم گوتاری دوژمنکارانەی سەرکردەکانی ئێران لە بەشەیتان ناساندنی ئەمریکا بەدرۆبخاتەوە – کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبوو لە نەمانی سیقە و متمانەی سیاسییەکانی ئێران بەتایبەت ڕێبەرەکەی دونیای شیعە  ‘ خامنەیی ‘ لە ناخۆی ئێران و دەرەوەدا و ، هەروەهاش گروپە توندوتیژەکانی شیعە لە سوریا – عێراق و ناوچەکە وا لێ بکات کە هەندێ کاردانەوە نەنوێنن ڕووەو ئامانجەکانی ئەمریکا ، یان لانی کەم ئەمریکا وەک مەترسییە سەرەکییەکەی زەمانی پێش ڕێکەوتنی ئەتۆمی سەیرنەکەن .

کورتوپوخت : ئەمریکا کاتی بە ئێران کووشت ئەمە لە لایەک !! لە لایەکی دیکەش هەر خودی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران فەزای دەنگی خەڵک و بروابوونی کڵپەپێدانی جوولانەوەی جەماوەریی لە ناو هزری تاکتاکی گەلانی ئێران لە ناوخۆی ئێران ئاوەڵاتر دەکا و ، خاوەندارێتیی کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئێران لە دەست فەرماندەکانی سوپای پاسداران دەردێنێت و دەیکاتە بازرگانیی نیمچە – ئازاد ، کە دیسانەوە ئەمەش تەنگە ڕێیەکی دیکەیە بۆ پیتاندنی ئەجێندای ڕووخانی ئێران و زەمینەی دەستخستنە ناوەوەی و ڕواندنی گروپی دژبەر زیاتر دەکات !

تەواو بە پێچەوانەی دوو ڕاوێژکاری گەورەی گۆران و بەرپرسەکەی سەرو مەکتەب سیاسیی یەکێتییەوە . پێموایە : لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا سیاسەتی دەرەوەی تورکیا نەک شکست دوای شکستی تۆماریی نەکردووە !! بگرە ئەردۆگان حیللەبازانە و مێژووزانانە توانیویەتی لە ژێر ئایدیای نوێی عوماسمانییدا  ” پان ئیسلامیزم ” ئەوا گروپە سونەگەراکان بەلای خۆیدا ڕاکێش بکا و سەرپەرشتی جیهانی سونەکە بکا و سعودییەی تەواو دەولەمەندیش هاوکاری ڕاستەوخۆیەتیی و توانیوویانە : دەست بخەنە کاروباری عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنانەوە و ، نەک هەر هێژموونی شیعەگەراکانی دەسەڵاتی ئێرانیان لەو ناوچانە لاوازکردووە بگرە ڕووەو پڕوکانیشی دەبەن و لەمەش دا ئەمریکاش پرۆژەی خۆی هەیە و دەشی هێنێتە دی .

بە جۆرێکی دیکە : هەمان ئەو گوتارانەی دەورانی سەرۆک وەزیرانی مالیکی کە دژ بە تورکیا دەیدا و دەیووت : ” نابێت تورکیا دەستخاتە کاروباری ناوخۆی عێراقەوە ” ، و ئەردۆگانیش لە بەرامبەردا ڕایدەگەیاند : ” بۆ ئێران و ئەمریکا بۆیان هەبێ دەست لە ناوخۆی عێراق وەربدەن بەڵام تورکیا بۆی نەبێت کارێکی وا بکات لە کاتێکدا تورکیا هەم مێژوو و هەم بوونیەتی ڕەگەزی تورکمان لە عێراق دا و هەم دراوسێەتی لەگەڵیدا کۆیان دەکاتەوە !”.

نوری مالیکی وای دەزانی : ئێران تا دونیاماوە توانای هێژموونی تەواوەتیی هەیە بەسەر عێراقدا لە ڕێگەی شیعە و حیزبە گرێدراوەکانییەوە !! کەچی هەمان مالیکی درکی بەوە نەدەکرد : مەبەستەکانی ئەردۆگان لە مێژوودا ، ئەوا سیاسەتی پان – ئیسلامیزمی عوسمانییەکانە !! بەمەش ئەردۆگان بەئاسانیی و بەماوەیەکی کورت توانیی ” بنەماڵەی ئوسامە نوجێفیی و براکانیی و ، تاریق هاشمیی و ، حیزبی ئیسلامیی عیراقیی و ، تورکمانەکان و ، پارتیی و ، یەکگرتوو ” ڕووەو خۆی ڕاکێشێت و ، ببنە ژمارەیەکی کاریگەر لە عێراقدا و ،  بە ئاشکراش ئێستا ڕۆڵی ئەم هێزانە دەبینرێت لە عێراقدا ، کە ناتوانرێ بە پێی دیدگای پێشووی مالیکی – ئێران ئەوا لە سیاسەت دا پشتگوێ خرێن !! ئەردۆگان ئەمەی کردە دیفاکتۆ و هەموو ئەو دوژمنایەتییەش لە نێوان سونەکان کە شۆڤێنیستن و پارتی و یەکگرتووش کە هەبوون ، خامۆشی کرد !

ئەردۆگان بەهۆی دەست تێوەردانی لە سوریا و عێراق ” لە ڕێی داعشەوە بێ یان سوپای سوریای ئازاد یان سونەکانی عیراق ، یان تورکمانەکانی عێراق – سوریا ، یان پارتیی و یەکگرتووی باشوری کوردستان ” ئەوا سیادەی عێراق و سوریای هەر لەسەر کاغەز هێشتووەتەوە .

یەمەنیش عەرەبستانی تێ بەرداوە و حووسیەکان نەک هەر لە کۆنترۆڵی یەمەن داڕوخان بگرە ئێستا قانعن کە بەشداری دەسەڵاتیشیان پێ بکەن .

بەهۆی شەڕی عێراق – سوریا و یەمەنیشەوە ، حیزبووڵا و سوپای پاسداران پڕوکاون و کەفوکوڵی جارانیان نەماوە !!

کەوابوو لەم پوختە ڕووداوانەی سەرەوە ویستم چی بە ڕاوێژکارە گەورەکەی سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسە بالاکەی یەکێتیی بڵێم !؟ ویستم پێیان بڵێم : ئێوە هەڵەن گەر وا بزانن ئەم چەند ساڵەی دوایی کە تورکیا لە سایەی ئەردۆگاندا گوتاری ڕووەو ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا دا کزبووبێت ئەوا مەبەست لاوازبوونی سیاسەتی دەرەکیی ئەردۆگانە ، وەک ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت : مەبەست شکست دوای شکستە کە ئەردۆگان لە سیاسەتی دەرەوەیدا بەردەوام دەیکات !! بەڵکو ڕاستییەکەی ئەمەیە : ئەردۆگان کە سیاسەتیی ” پان – ئیسلامیزم ” ی خەلافەتی عوسمانی کردۆتە ئەجێندای ئەوا هێندە گرنگی بە کارکردنی کردەیی لەسەر سیاسەتی پان – ئیسلامیزم دەکا نیو هێندە کار ناکات بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا .

بە جۆرێکی دیکە : ئەردۆگان ستراتیژێکی جیاوازی هەیە کە ڕێبەرایەتیی جیهانی سونەی دەورانی عوسمانییەکانە ! ئەشتوانم ئەوەش بڵێم : تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لە زیندووکردنەوەی گرووپە سونییەکان و ، تەنگ هەڵچنینەکانیشی بە پرۆژەکانی ئێران لە ‘ لوبنان ، یەمەن ، سوریا و ، عێراق ‘ ئەو ڕاستییانە ئەسەلمێنێت .

ئێستا : نە شیعە ئەتوانێ وەک جاران لە سوریا باڵادەست بێ و حوکم بکات . نە حوسییەکان دەتوانن یەمەن کۆنترۆڵ بکەن . نە دەوڵەتی شیعەی ئێران دەتوانێ حوکمی تەواوی ناوچەکانی عیراق بکات بەئاسانیی و ، نە حیزبوڵاش دەتوانێ وەک جاران پەرلەمان و حکوومەتی لوبنان پەک بخات !

 بەڵکو ئەوەی دەیبینین ئەردۆگان بە ئاشکرا فڕۆکەی ڕوسیا ئەخاتەخوارەوە !! ڕوسیایەک کە دووەم زلهێزی جیهانە ! ئەردۆگان هێز دێنێتە عێراق ، ئەردۆگان ئەیەوێت ناوچەی ئارام لە سوریا پێک بێنێت ، ئەردۆگان هاوکاری سعودیە ئەکات بۆ پروکانی حوسییەکان ، هەر ئەردۆگانیشە هاوکاری ڕاستەوخۆی پێکهێنانی بەرەی تازەی وڵاتانی ئیسلامییە ، کە ئێران زەندەقیی لێی چووە .

 بۆیە من پێچەوانەی دەبینم و ، ئەمەتان پێ دەڵێم تکایە لە یادی مەکەن : بە درێژایی مێژوو هەرکاتێک ئێران ویستبێتیی حوکمی عێراق بکات ئەوا ڕووخانی خۆشی بەدوادا هاتووە ، باشترین نموونەش : دوای شەڕی چاڵدێرانە کە تەورێزی پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکەشی بەدواداهات .

لەبەر هەموو ئەمانە : ئێران توانای بەڕێوەبردنی ” سیاسیی – سەربازیی و ئابوریی ” دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتانەی نییە ! بۆیە بابزانین شیکارییەکانم ڕاست دەردەچن کە کۆتایی ئەم مەوجە ئاگراوییە ئێرانیش ئەگرێتەوە یاخود نا !! با چاوەڕوان بین !

بەڵام مرۆڤی ستراتیژبین ئەو کەسەیە کە داهاتوو لە واقیعی ئێستاوە بە پشت بەستن بە لۆژیک دەخوێنێتەوە !! لە یادیشتان نەچێت ڕوسیا چەندە بەهێز بێت مادەم پشتیوانی هێزە دیکتاتۆرە بێزراوەکانی ” ئێران – سوریا – عێراق – حوسییەکان و حیزبووڵا ” یە ئەوا تازە ناتوانێت دۆخەکە لە قازانجی ئەم بەرەیەدا بە کۆتا بگەیەنێت ! ئەیڵێمەوە : با چاوەڕوان بین !

بۆیە تکایە دۆخەکە بە هەڵە بۆ کۆمەڵگا مەخوێننەوە !! گرنگە کورد ستراتیژیی خۆی هەبێ و گۆڵ بکات ، گرنگە چیتر کورد لە یاری پێکراوەوە خۆی ببێتە یاریکەرە سەرەکییەکە لە سەر خاکەکەیدا .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، دەتوانیت ئەم بابەتە بنێریت بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت